دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عائیشەی كچی ئەبووبەكر (رضي الله عنها) - بەشی پێنجەم

لە خیلافەتى عوثماندا

لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا عائیشە هەر لە مەدینە بوو و زانستی دەبەخشیەوە، بەڵام لە كاتى فیتنەى شەهیدكردنى عوثماندا، ئاشووبگێڕان سوودیان وەرگرت لەناوبانگى عائیشە تا دژ بە خەلیفە عوثمان بەكارى بهێنن.

كاتێك عوثمان گەمارۆ درابوو، عائیشە لە مەككە بوو، ئەوەبوو بەرەو مەدینە كەوتەوە ڕێ، بەڵام لە رێدا هەواڵی كوژرانى عوثمانى بیست، بۆیە گەڕایەوە بۆ مەككە و وتى بەخوا عوثمان بە بێتاوانى كوژرا و دەبێت داواى خوێنی بكەم.[1]

    مەسرووق دەڵێت بە عائیشەم وت: سەیری ئەو كارەت، نامەت بۆ خەڵك نووسیوەو داوات لێكردن تا دژ بە عوثمان راپەڕن، عائیشەش وتى سوێند بەوەى باوەرداران باوەڕیان پێ هێناوەو بێباوەڕان باوەڕیان پێ نەهێناوە من رەشیەكم لەسەر پەڕەی سپی بۆ نەنووسیون-واتە من هیچم بۆ نەنووسیون، ئەعمەش دەڵێت ئەو خەڵكە وایان دەزانى ئەو نامەیە لەسەر زارى عائیشەوە نووسراوە.[2]

لە خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا

كاتێك عوثمان شەهید كرا دواى ئەوە بەیعەتى خیلافەت درا بە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، بەڵام كێشەكە لەوەدا بوو بەیعەتەكە هەموو موسڵمانانى لەخۆنەگرت، بەڵكو بەهۆی راجیایی سەبارەت بە خوێنی عوثمان فیتنەیەك لەنێوان هاوەڵاندا روویدا، ئەویش بوویە هۆی روودانى هەردوو جەنگى جەمەل و صفین، دواجاریش كێشەكە هەر بەو بارەیەوە مایەوە تا لەسەر دەستى حەسەنى كوڕی عەلى فیتنەكە كوژایەوە.

بەو بەیعەتدانە موعاویە لە شام و خەڵكی شام مانەوەو بەیعەتیان نەدا بە عەلى، جگە لەوەى تەلحەو زوبەیرو دایكى باوەڕداران عائیشەش ئیجتیهادیان وابوو دەبێت بكوژانى عوثمان یەكسەر بكوژرێنەوە، بەڵام عەلى كوڕی ئەبووطاليب راى وابوو پەلە نەكرێت لە كوشتنەوەیان چونكە ئەوان لەناو مەدینەدان و سەربازانى دەوڵەتى ئیسلامیش لە دەرەوەن و ئەگەر هەیە خێرا بكرێت لە لێدانیان بتوانن مەدینە بگرن.

بەهەرحاڵ ئەمە بوویە هۆى كەوتنەوەى فیتنەیەكى گەورە كە ئەنجامێكی دڵتەزێنی هەبوو بۆ موسڵمانان و تا ئەمڕۆش ئاهى داخى ئەو فیتنەیە لاى موسڵمانان گەرمەو هێشتا خەفەتیان بەو فیتنەیە دانەمركاوەتەوەو بووە بە چەكێك بەدەست دوژمنانى ئیسلام و مێژووى ئیسلامی و هاوەڵانەوە تا داخى دڵی خۆیان بڕژن.

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان كوژرا، دایكانى باوەڕداران (هاوسەرەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)) چووبوون بۆ حەج بۆ مەككە تا لەدەست ئەو فیتنەى مەدینەى گرتووەتەوە رزگار بن، كاتێك ویستیان بگەڕێنەوە مەككە، هەواڵیان پێگەیشت كە عوثمان كوژراوە، بۆیە لە مەككە مانەوە تا بزانن بارەكە بە چی دەگات، ئەوەبوو بێ پێشنیازى خۆی عەلى كوڕی ئەبوو طالیب بەیعەتى پێدرا، بەتایبەت كە خەواریجەكان زۆریان لە عەلى كرد هەرچەندە عەلى خۆی رقی بوو لێیان، بەڵام هیواى وابوو دەرفەتێكی بۆ بگونجێت تا لەناویان بەرێت، ئەوەبوو كە ئەو فشارە بینرا ژمارەیەك لە خزمانى عوثمان لە بەنوئومەییە دەرچوون بۆ مەككە، هەریەك لە زوبەیر و طهلحەش داواى مۆڵەتیان كرد تا بچن بۆ مەككەو عەلیش مۆڵەتى پێدان و ئەوانیش چوون بۆ مەككە، خەڵكێكی زۆریش شوێنیان كەوت، لە بەصرەو مەدینەو یەمەن و چەند شوێنی ترەوە خەڵكێكی زۆر روویكردە مەككەو لەوێ ژمارەیەكى زۆری هاوەڵان و دایكانى باوەڕداران و جەماوەرێك كۆبوونەوەو داواى خوێنی عوثمانیان دەكرد، عائیشەی دایكی باوەڕدارانیش جڵەوى مەسەلەكەى گرتبوویەدەست.[3]

لە مەككە سێ راى جیاواز دروست بوو، دەستەیەك وتیان با بچین بۆ لاى موعاویە بۆ شام و لەوێوە بێین تۆڵە بكەینەوە، دەستەی دووەم وتیان بەڵكو با بچین بۆ مەدینە بۆ لاى عەلى و داواى تۆڵەی عوثمان بكەینەوە، دەستەى سێیەم وتیان بەڵكو دەچین بۆ بەصرەو لەوێ خۆمان بەهێز دەكەین و هەر لەوێوە دەكەوینە لەناوبردنى بكوژانى عوثمان، ئەوەبوو لەسەر ئەم رایە رێككەوتن.[4]

(سەبارەت بە چوونى –هاوەڵانى عائیشەو طهلحەو زوبەیر- بەرەو بەصرە راستەو هیچ كێشەیەكی لەسەر نیە، بەڵام بۆچی دەرچوون؟ لەمەدا گێڕانەوەیەكى لەسەر نیەو متمانە بە هیچ گێرانەوەیەكیان ناكرێت چونكە كەسی جێمتمانە نەیگێڕوانەتەوە، قسەى كەسی هەوادار وەرناگیرێت، حەزى تانەدان لە ئیسلام و بەكەمدانانى هاوەڵان چووەتە ناخى كەسى هەوادار و دەمارگیر.

لەوانەیە بۆ ئەوە دەرچووبن تا لەبەر شتێك كە بۆیان دەركەوتووە ویستبێتیان عەلى –لە خیلافەت- لاببەن، بۆیەش بەیعەتیان دابێت تا شۆڕشگێڕەكان هێور ببنەوە، دواتر كەوتبنە داواى حەق.

لەوانەشە بۆیە چووبنە دەرەوە تا بكوژانى عوثمان لەناوبەرن.

لەوانەشە بە چەند دەستەیەكى موسڵمانانەوە دەرچووبن تا بیانگێڕنەوە بۆ یەك قانوون تا بەریەكنەكەون و دژ بەیەك نەجەنگن، ئەمەش دروستە نەك شتی تر، هەواڵی راستیش بەم جۆرە هاتووە.

سەبارەت بە گێڕانەوەكانى بەشەكانى یەكەم هەموویان پووچ و لاوازن.

سەبارەت بەوەى ئەوان بە زۆر و ناچارى بەیعەتیان دابێت ئەوە بێبنەما و پووچەو پێشتریش روونمان كردوەتەوە.

سەبارەت بەوەى ویستبێتیان عەلى لە خیلافەت لاببەن ئەمەش بێ بنەما و پووچە، چونكە لابردن بە راو روانینی هەموان دەبێت، دەكرێت یەك یان دوو كەس لە دەسەلآتدا بن، بەڵام لابردن تەنها دواى سەلماندن و روونكردنەوە دەبێت.

سەبارەت بەوەش كە لەوانەیە بۆ كوشتنى بكوژانى عوثمان دەرچووبن، پێش ئەمە كارەكە بنەرەتەكەى بۆ یەكدەنگى بووە، دەشكرێت هەردوو مەسەلەكە پێكەوە بن.

دەگێردرێتەوە لە كاتى ئامادەنەبوونی- طهلحە و زوبەیر و عائیشە لە مەدینەدا- ئاژاوەى نێوان خەڵك نەما، طهلحە و زوبەیر و عائیشەش دایكی باوەڕدارانیش بەو هیوایە چوونەدەرەوە تا خەڵكى بگەڕێنەوە بۆ لاى دایكیان و رەچاوى حورمەتى پێغەمبەرەكەیان بكەن).[5]

كە گەیشتنە بەصرە بەرپرسى ئەوێ نوێنەرى نارد تا بزانێت بۆچی هاتون، چوونە لاى عائیشە وتیان بۆچی هاتویت؟ وتى بۆ داواى خوێنی عوثمان هاتوین، چوونە لاى طهلحە ، ئەویش هەمان شتی وت، چوونە لاى زوبەیریش ئەویش هەمان شتی وت.[6]

بەڵام سوپاكەى عوثمانى كوڕی حنیف بەوە رازى نەبوون و هەوڵیاندەدا لەگەڵ سوپاى عائیشە بجەنگن، عائیشەش فەرمانى كرد كەس جەنگ نەكات، رۆژێك خۆیان پاراست، بەڵام لە رۆژی دووەمدا جەنگ روویدا و ژمارەیەك لە هاوەڵان و كەسانى تر كوژران.[7]

دواتر بڕیاریان دا هەواڵ وەربگرن ئەگەر طهلحەو زوبەیر بە ناچارى بەیعەتیان دابوو ئەوە عوثمان بەصرەیان بۆ چۆڵ بكات، ئەگەریش بە ویستى خۆیان بووبێت ئەوە ئەو دوانە دەبێت بەصرە چۆڵ بكەن، نوێنەریان ناردە مەدینەو نوێنەر هەواڵی پرسی، كەس وەڵامى نەدەدایەوە جگە لە ئوسامەى كوڕی زەید كە وتى بەخوا بە ناچارى بەیعەتیان دا، كەچی خەڵكانێك هەڵمەتیان بۆ برد، چەند هاوەڵێك رزگاریان كرد، بارەكە نەگەیشتە ئەنجام.[8]

لە بەصرە جەنگ روویداو ژمارەیەكى تر كوژران و عوثمان بەدیل گیرا و برا بۆ لاى عائیشە، ئەویش داواى كرد ئازاد بكرێت، بەڵام شار كەوتە دەست سوپاى عائیشە.[9]

عەلى كوڕی ئەبوو طالیب كە ئەمەی بیست بڕیاریدا بچێت بەرەو بەصرە، خەڵكێكى كەمى مەدینەی لەگەڵ بوو، ژمارەیەك لە هاوەڵانى بەشداربووى غەزاى بەدرى لەگەڵدا بوو، ژمارەى سوپاكەى عەلى تەنها نۆسەد كەس بوو، حەسەنى كوڕی داواى لێكرد نەچێت، عەبدوڵاى كوڕی سەلامیش هەمان داواى لێكرد، بەڵام عەلى رازى نەبوو، ئینجا هەواڵى نارد بۆ كووفە تا بدەنە پاڵی، بەرەبەرە سوپاكەى عەلى روى لە زیاد بوون بوو.[10]

عەلى كە عوثمانى كوڕی حنیفی بینی و هەواڵی كارەكانى طهلحەو زوبەیری بیست، نزاى كرد خوایە طهلحەو زوبەیر بەرامبەر بەو هەڵەی كردوویانە بێدار بكەیتەوە.[11]

كاتێك زوبەیر لە بەصرە بوو كەسێك هات بۆ لاى و وتى ئەرێ بچم عەلى بكوژم؟ ئەویش وتى چۆن دەیكوژیت لەكاتێكدا سەربازى زۆری لەگەڵدایە؟ ئەویش وتى دەچمە ناو سوپاكەى و خۆمی لێ نزیك دەكەمەوەو دواتر دەرفەتى لێ دێنم، زوبەیر وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(الإيمان قيد الفتك، لا يفتك مؤمن[12] (ئیمان نامەردكوژی كۆت كردووە، باوەڕدار نامەردكوژی ناكات).

دواجار قەعقاع كەوتە نێوانەوە، چوویە بەصرەو طهلحەو زوبەیری بانگهێشت كرد بۆ یەكڕیزی و دوورگرتن لە دووبەرەكى، سەرەتا لەگەڵ عائیشە قسەی كرد و وتى دایە گیان بۆچی هاتوویتەتە ئێرە؟ ئەویش وتى كوڕی شیرینم بۆ رێككردنى بارى نێوان خەڵك، ئینجا قەعقاع داواى كرد طهلحەو زوبەیریش بانگ بكات، ئەوانیش هاتن قەعقاع وتى دایكی باوەڕداران دەڵێت بۆ صولح هاتوم، ئەوانیش وتیان ئێمەش بەس بۆ ئەوە هاتوین، ئەویش وتى دەی پێم بڵێن ئەو صولحەتان لە چ روانگەیەكەوەیە؟ ئەگەر بە رەوامان زانى شوێنتان دەكەوین، ئەگەریش بە رەوامان نەزانى ئیتر هیچ، ئەوانیش وتیان بكوژانى عوثمانمان دەوێن لەناوببرێن، قەعقاع وتى خۆ ئێوە بكوژانى ئەوتان لە بەصرە كوشت، شەش سەد كەستان كوشت شەش هەزار كەس چوونە ریزی ئەوانەوەو دژتان وەستان، داواى تەنها كەسێكتان كرد كە حرقووص بوو شەش هەزار كەس بوونە پارێزەرى، ئەمەى ئێوە داواى دەكەن بۆ چاكەیە، بەڵام خراپەیەكی زۆر گەورەى لێدەكەوێتەوە، عائیشە وتى ئەی تۆ چ چارەسەرێكت پێیە؟ قەعقاع وتى من پێم وایە دەرمانى ئەم دەردە ئارامگرتنە تا بارەكە هێور دەبێتەوە، ئەمە بكەن خێر و رەحمەت دێت، ئەگەریش رازى نەبن باری خراپە زیاتر دەبێت بۆ هەردوو لامان، ئەوانیش وتینا دەى بۆچوونەكەت زۆ دروستە، بڕۆ ئەگەر عەلیش هەمان راى هەبوو رازی دەبین، ئەویش چوویەوە بینی عەلى هەمان راى هەیە، ئیتر هەردوولا رێككەوتن، عائیشەش نوێنەرى نارد بۆ لاى عەلی تا پێی بڵێت ئەو تەنها بۆ صولح هاتووە، هەردوولا دڵخۆش بوون و عەلیش وتارێكی پێشكەش كرد بۆ خەڵكەكە كە تیایدا باسی خراپەی دووبەرەكى كرد و نیازى رێككەوتنەكەى خستەڕوو.[13]

 

جەنگى جەمەل

كاتێك لە وتارەكەى عەلیەوە دەستەى ئاژاوەگێڕان زانییان خەریكە رێكدەكەون، كەوتنە خۆ، لەوانە ئەشتەری نەخەعى و عەبدوڵاى كوڕی سەبە ْ و شریح و سالم و چەندێكی تر كە هیچ هاوەڵێكیان تێدا نەبوو نزیكەی دوو هەزار و پێنج سەد كەسێك دەبوون كەوتنەخۆ و وتیان ئەم رێككەوتنە دژ بە ئێمەیەو ژمارەشمان كەمە و رێككەوتنى ئەوان تەنها لەسەر خوێنی ئێمەیە، بۆیە دەبێت عەلیش وەك عوثمان لێبكەین، خەڵكەكەش رازى بوون، بەڵام عەبدوڵاى كوڕی سەبە ْ وتى راكەتان زۆر خراپە، چونكە ئەوكات هەردوولا دەبنە دوژمن و لێتان دەدەن، بەڵكو دەبێت جەنگ لەنێوان ئەم دوو دەستەیەدا هەڵگیرسێنین، كاتێك زوبەیر و طهلحە چوون بۆ لاى عەلى تا رێكبكەون، دەستەی سەبەئیەكان خۆیان بەشكرد بەسەر هەردوولادا و جەنگیان هەڵگیرساند، هەردوولا وایانزانى بەرامبەر ناپاكى نواندووە، بۆیە كەوتنە هێرش، سوپای عەلى نزیكەى بیست هەزار كەس و سوپاى عائیشەش نیكەى سی هەزار كەس دەبوون، جەنگێكی قورس روویدا، عەلى هاوارى دەكرد دەست هەڵگرن، بەڵام كەس نەیدەبیست، لەولاشەوە عائیشە بە سوارى وشترێكەوە بۆ هەمان نیاز هات، عەلى هێندە بێزار بوو بە حەسەنى كوڕی دەوت كوڕم خۆزگە باوكت بیست ساڵ لەمەوبەر دەمرد، عەلى چو تا زوبەیر  و طهلحە بدوێنێت، وتى ئەم سوپایەتان ئامادە كردووە، بیانووشتان بۆ قیامەتتان ئامادە كردووە؟ دەى لەخوا بترسن، من خوێنی ئێوەم حەلآڵ نەكردووە، ئێوە هیچ بەڵگەیەكتان پێیە بۆ رەوایی خوێنی من؟[14]

عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر كە خوشكەزاى عائیشە بوو، جڵەوى وشترەكەى عائیشەی پووری گرتبوو و ئاگادارى پووری بوو و هیچ قسەیەكیشی نەدەكرد، لەو كاتەدا ئەشتەرى نەخەعی هەڵمەتى بۆ برد و یەكتریان بریندار كرد، عەبدوڵا هێندە بریندار بوو كە دەوترێت نزیكەی سی و حەوت برینی پێوە بووە.[15]

بەردەوام سوپاى عەلى هەوڵیان دەدا وشترەكەى عائیشە بخەن تا بەوە سەركەوتن رابگەیەنن، ئەوەبوو كوشتارێكی زۆر كرا تا دواجار توانییان وشترەكە بپێكن و بیخەن و عائیشەش لە كەژاوەكەى كەوتە خوارەوە، عەلى فەرمانى كرد خێرا كەژاوەكەى عائیشە ببەنە دەرەوەو فەرمانى كرد موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكر و عەممار خیوەتێكیان بۆ هەڵدا، موحەممەدى براى عائیشە لەناو سوپاى عەلیدا بوو، ئینجا عەلى هات بۆ لاى عائیشە و وتى دایەگیان چۆنیت؟ وتى باشم، عەلى وتى خوا لێت خۆش بێت، ئینجا یەك یەك سەركردەو كەسایەتیەكان دەهاتن سەلامیان دەكرد لە عائیشە، دواتر كە شەو داهات عائیشە هاودەم بە موحەممەدى براى چوونەوە بەصرە، ئینجا عەلى پاش سێ رۆژ فەرمانى كرد چی كەلوپەلێ گیراوە ببرێتە بەصرەو هەوادارانى عائیشە بێن چییان هەبووە بیبەنەوە، خەڵكێ گلەییان كرد كە بۆچی خوێنیان رەوا بێت كەچی سامانیان رەوا نەبێت، با بیبەین، عەلیش بە تووڕەییەوە وەك تانەیەك بۆیان وتى كامتان پێی خۆشە دایكی باوەڕداران ببات بۆ خۆی؟ هەمووان بێدەنگ بوون، دواتر عائیشە بڕیاری دا بەصرە جێبهێڵێت، عەلى هەموو پێداویستیەكى بۆ ئامادە كرد و مۆڵەتى دا هەركەسیش لە سوپاكەى رزگار بووە لەگەڵی بگەڕێتەوە، ئینجا چل ئافرەتى بەصرەی هەڵبژارد تا لەگەڵ عائیشە بچنەوە، موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكریشی لەگەڵ ناردەوە، ئەو رۆژەى بڕیار بوو عائیشە بڕوات، عەلى هاتە بەردەگاو عائیشەش بە كەژاوەكەوە هێنرایە دەرەوەو ماڵئاوایی لە خەڵك دەكرد، عائیشە وتى كوڕە شیرینەكانم، كەستان لەسەر ئەم بارە سەركۆنەمان نەكات، بەخوا نێوانى من و عەلى تەنها وەك ئافرەت و پارێزەرانى وایە و ئەو لاى من لە كەسە هەرە چاكەكانە، عەلیش وتى بەخوا راست دەكات نێوانمان وایە و ئەو هاوسەرى پێغەمبەرەكەتانە لە دنیا و ئاخیرەتدا، ئینجا عەلى چەند كیلۆمەترێك لەگەڵ عائیشە چوو و بەڕێی كرد، عائیشەش چوو بەرەو مەككەو لەوێ حەجى ئەو ساڵەى كرد و دواتر گەڕایەوە بۆ مەدینە.[16]

هەر لەو كاتەى عائیشە لە بەصرە بوو، عەلى كوڕی ئەبووطالیب گلەیی لە عائیشە دەكرد كە بۆچی وایكرد، عائیشەش زۆر پەشیمان بوو، دواتر عەلى كاروانى ئامادە كرد و عائیشەی بەرەو مەدینە ناردەوەو دوانزە هەزاریشی پێدا.[17]

عائیشە دواى جەنگى جەمەل زۆرپەشیمان بوو كە چووبوو بەرەو بەصرەو لە جەمەلدا بەشدارى كردبوو، پێشتریش واینەدەزانى بارەكە دەگاتە ئەوە، بۆیە دواى جەنگى جەمەل هەركات ئەو ئایەتە بخوێنرایە(وقرن فی بیوتكن)(ئەی ئافرەتان لە ماڵەكانتاندا ئۆقرە بگرن)، عائیشە هێندە دەگریا تا كوڵمەكانى تەڕ دەبوون.[18]

لە خیلافەتى حەسەنى كوڕی عەلیدا

عائیشە لەو ماوەیەدا لە مەدینە مابوویەوەو كەنارى گرتبوو و لە مەسەلە سیاسیەكاندا هیچ قسەو كردارێكی نەبوو، پەیوەندیشی لەگەڵ حەسەندا زۆر چاك بوو، تەنانەت دواى ئەوەش كە وازى هێنا لە خیلافەت، حەسەنى كوڕی عەلى لە سەرەمەرگیدا حوسەینی براى بانگ كرد و وەسیەتى بۆ كرد، تیایدا وتى: داوام لە عائیشە كردووە ئەگەر مردم مۆڵەتم بدات لە ماڵەكەى ئەودا لەلاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێم، ئەویش رازی بووە، دەڵێم لەوانەیە لە شەرمدا وتبێتی بەڵێ و رازى بووبێت، بۆیە ئەگەر مردم بڕۆ بۆ لاى و داواى هەمان شتى لێ بكەرەوە، ئەگەر پێی خۆش بوو ئەوە لە ماڵەكەى ئەودا ئەسپەردەم بكە، گومانم زۆرە خەڵكێك نەهێڵن ئەوە بكەیت، جا ئەگەر رێگرییان لێكردیت لەسەر ئەوە لێیان مەپاڕێرەوەو لەسەرى مەڕۆ و لە بەقیع ئەسپەردەم بكە، چونكە لەوێش كەسانى پێشەنگى لێیە).[19]

كاتێك حەسەنى كوڕی عەلى وەفاتى كرد، لەسەر وەسیەتى خۆی حوسەینى براى چوو بۆ لاى عائیشەو داواى لێكردەوە كە حەسەنى براى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێت، ئەویش رازى بوو و وتى باشە، بەڵام مەڕوان كە ئەمەى بیست وتى سوێند بەخوا نابێت حەسەن لەوێ ئەسپەردە بكرێت، نەیانهێشت عوثمان لەوێ ئەسپەردە بكرێت و ئێستا ئەمان دەیانەوێت حەسەن لەوێ ئەسپەردە بكەن؟ ئەوەبوو رێی نەدا و لە بەقیع ئەسپەردە كرا.[20]

جارێك موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان سەد هەزار درهەمى نارد بۆ عائیشە، عائیشەش لە پەسا كەوتە بەخشینەوەى تا هیچی نەما، خزمەتكارەكەى وتى جا با بە درهەمێكی كەمێ گۆشتت بۆ ئێمەش بكڕیایە، عائیشە وتى جا با قسەت بكردایە.[21]

كاتێك موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیان بەیعەتى بۆ یەزیدی كوڕی وەرگرت، حوسەینی كوڕی عەلى و چەندێكی دی نارازی بوون، جا عائیشە وای بیست كە موعاویە هەڕەشەی لەوانە كردووە ئەگەر بەیعەت نەدەن دەیانكوژێت، بۆیە ئامۆژگارى موعاویەی كرد و پێی وت بیستوومە هەڕەشەی كوشتنت لەوانە كردووە! موعاویە وتى ئەی دایكی باوەڕداران ئەوانە زۆر لەوە شكۆدارترن كە هەڕەشەی كوشتنیان لێ بكەم، بەڵام من بەیعەتم بۆ یەزید وەرگرتووەو خەڵكی جگە لەوان بەیعەتیان داوە، جا رات وایە دواى ئەو هەمووە بەیعەتەكەى لەكار بخەم؟ عائیشە وتى دەی بەرامبەریان نەرمونیان بە، ئەگەر خوا بیەوێت دێنە سەر راكەت، موعاویەش وتى وادەكەم.[22]



[1] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 100.

[2] - العواصم من القواصم.

[3] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 230 – 231.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 231.

[5] - العوصم من القواصم لابن العربي.

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 232.

[7] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 233.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 233.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 233.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 234 – 235.

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 235.

[12] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36752، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1375، صححه شعيب الأرناؤوط.

[13] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 237.

[14] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 238 – 241.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 244.

[16] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 240247.

[17] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 178.

[18] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 177.

[19] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 391-392.

[20] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 392.

[21] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 187.

[22] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 353.

 1473
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.