دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) - بەشی سێیەم

پاش فەتحى مەككە

عەبباس پاش فەتحى مەككە لە نزیكی پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) زۆر رێزی لە عەبباس دەنا و سەردانى دەكرد،[1] لە غەزاى حونەیندا بەشدارى كرد و لاى مایەوەو ئەو كاتەى موسڵمانان شكان و بلآوەیان كرد لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عەبباس یەكێك بوو لەوانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوەو بەرگری لێدەكرد.[2]

جارێك عەبباس بەوپەڕی تووڕەییەوە چوو بۆ لاى پێغەمبەر، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى چی تووڕەی كردویت؟ عەبباس وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) قوڕەیش چیانە؟ كە بە یەكتر دەگەن بەیەكەوە روویان خۆشە، كەچی كە بە ئێمە دەگەن دەموچاویان جۆرێكی ترە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تووڕە بوو تا ئەوەی دەموچاوى سوور هەڵگەڕاو دواتر فەرمووى (سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە ئیمان ناچێتە دڵی كەسێكەوە تا ئێوەى لەبەر خواو پێغەمبەرەكەى خۆش نەوێت) پاشان فەرمووى (ئەى خەڵكێنە هەركەس ئازارى مامم بدات ئەوە ئازارى منى داوە، چونكە مامى هەر كەسێك هاوتاى باوكیەتى).[3]

عەبباس دەڵێت لە رۆژی حونەیندا لەگەڵ ئەبووسوفیان لە دەورى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووین و لێی جودا نەدەبووینەوە، كە جەنگەكە روویداو موسڵمانان رایانكرد، من جڵەوى هێسترەكەى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) گرت بۆ ئەوەی غار نەدات، ئەبووسوفیانیش هاوكارم بوو و مابوویەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی عەبباس هاوار بكە لە هاوەڵانى سەمورە-جۆرێك دارە-، منیش كەسێكی دەنگ بەرز بووم، تا توانیم هاوارم كرد هاوەڵانى سەمورە كوان؟ هەركە دەنگى منیان بیست خێرا هاتن بەدەم بانگەوازەكەمەوەو وتیان بەڵێ، هاتن و لەگەڵ بێباوەڕان جەنگان تا سەركەوتین.[4]

جارێك رەبیعە هاودەم بە عەبباسی مامى پێكەوە قسەیان دەكرد، وتیان خۆزگە ئەم دوو كوڕەی خۆمان دەنارد، واتە (عەبدوڵاى كوڕی عەبباس و عەبدولموطهلیبی كوڕی رەبیعە) بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا سەرپەرشتى كۆكردنەوەى ئەو زەكاتەی بسپاردایە بەوان، ئیتر خەڵكی چی دەستكەوتایە ئەوانیش دەستیان دەكەوت و خەڵكی چی ببەخشیایە ئەوانیش دەیانبەخشی لەو كاتەدا عەلى كوڕی ئەبوو طالیب هات و ئەوانیش مەسەلەكەیان بۆ باس كرد، عەلى وتى شتى وا مەكەن چونكە سوێند بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوە ناكات، بەڵام رەبیعە كەنارى گرت لێی و پێی وت بەخوا لە حەسوودیتەوەیە وا دەڵێیت، تۆ بوویت بە زاواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە حەسوودیمان پێ نەبردیت، عەلى وتى دەى بیاننێرن، ئینجا عەلى راكشا، ئەوەبوو ئەو دوانە چوون، دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی نیوەڕۆی كرد عەبباس و هاوڕێكەى چوون بۆ ژوورەكەى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەوەى لە ناختاندایە دەریبڕن)، ئەوكات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی زەینەبی كچی جەحش بوو، عەبدولموطهلیب دەڵێت: هەریەكەمان چاوەڕێ بووین ئەوی ترمان قسە بكات، دواجار یەكێكمان قسەی كرد و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ چاكترین و خزم دۆستترین كەسیت، بیستوومانە هاوسەرگیریت كردووە، جا هاتوین تا هەندێ لە كۆكردنەوەى زەكات بسپێریتە دەستمان، ئیتر ئێمەش وەك ئەو خەڵكە ماف و ئەركەكان بەجێ دەگەیەنین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماوەیەكى زۆر بێدەنگ بوو و لەولاشەوە زەینەبی خێزانى بە ئاماژەى چاو پێی دەوتین هیچی پێ مەڵێنەوە، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (إن الصدقة لا تنبغي لآل محمد إنما هي اوساخ الناس[5] (زەكات بۆ بنەماڵەى موحەممەد رەوا نیە، بەڵكو زەكات پاشماوەى چڵكى دەستى خەڵكە).

عەبباس لە كاتى نەخۆشی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت، خەڵكی بە عەلى كوڕی ئەبووطالیبیان وت ئەرێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حاڵی چۆنە؟ وتى سوپاس بۆ خوا باشەو چاك دەبێتەوە، عەبباس دەستى عەلى گرت و وتى مەگەر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نابینیت؟ بەخوا واى دەبینم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم نەخۆشیەیدا كۆچی دوایی دەكات، با بچین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیاری لێ بكەین بزانین كارو بەرپرسیاریەتى دواتر بۆ كێ دەبێت، ئەگەر بۆ ئێمەیە با بیزانین، ئەگەریش بۆ ئێمە نیە پێی دەڵێین و وەسیەتمان بۆ دەكات، عەلى وتى بەخوا ئەگەر لەو بارەوە پرسیار لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكەین -داواى بكەین- و رازى نەبێت پێمان ببەخشێت، ئیتر هەرگیز خەڵكی پێمان نابەخشێت، منیش هەرگیز ئەو پرسیارە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناكەم.[6]

عەبباس یەكێك بوو لەوانەى كە تەرمى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) شۆرد،[7] دواتریش پێش هەموان نوێژی لەسەر تەرمەكەى كرد،[8] كە تەرمەكەشی خرایە ناو گۆڕەكەى، عەبباس یەكێك بوو لەوانەى دابەزیە ناو گۆڕەكەی.[9]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 164.

[2] - أسد الغابة، ج3، ص 164.

[3] - سنن الترمذي، الرقم 3777، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7906، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3758.

[4] - صحيح مسلم، الرقم 3411، صحيح ابن حبان، الرقم 7158، السنن الكبرى للنسائي،  الرقم 8379.

[5] - صحيح مسلم، الرقم 1849.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 5919، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2285.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 278.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 290.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 291.

 1239
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.