دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڕەحمانى كوڕی صەخر (ئەبوو هورەیرە) (رضي الله عنه) - بەشی دووەم

پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەبووبەكر بوو بە خەلیفە، ئەبووهورەیرە بەیعەتى پێدا و لە جەنگى هەڵگەڕاوەكانیشدا بەشدارى كرد.[1]

ئەبووهورەیرە لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا لەلایەن خەلیفەوە كرا بە بەرپرسی بەحرەین، پاش ماوەیەك خەلیفە لەو پۆستەی لایبرد، دواتر خەلیفە ویستی ئەركی تری پێ بسپێرێت، بەڵام ئەبووهورەیرە ئامادە نەبوو پۆست وەربگرێت، لە مەدینە مایەوەو سەرقاڵی بلآوكردنەوەى زانست بوو.[2]

ئەبووهورەیرە دەڵێت كە لە بەحرەینەوە هاتمەوە، عومەر وتى ئەی ئەبووهورەیرە دەسەلآت چۆن بوو؟ وتم كە منت نارد حەزم پێ نەبوو، كە لاتبردم حەزم پێی بوو، ئینجا ئەبووهورەیرە چوارسەد هەزار درهەمى لە بەحرەینەوە هێنا، خەلیفە وتى هیچت بە ناحەق وەرنەگرتووە؟ وتى نا، وتى ئەی خۆت چەندت هەیە؟ وتى بیست هەزار، عومەر وتى لەكوێت بوو؟ ئەبووهورەیرە وتى بازرگانیم دەكرد، عومەر وتى سەرمایە و بەشەكەى خۆت هەڵبگرەوەو ئەوی تری بخەرە بەیتولمالەوە.[3]

لەو كاتەى عوثمانى كوڕی عەففان گەمارۆ درا، عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر هاودەم بە ئیبن عومەر و حەسەن و حوسەین و مەڕوان و ئەبووهورەیرە و ژمارەیەكى تر وەستان تا بەرگری بكەن لە خەلیفە، خەلیفەش سوێندی دان وازبهێنن و بچنەوە ماڵەوە،[4] بەڵام عەبدوڵا و حەسەنى كوڕی عەلى و مەڕوانى كوڕی حەكەم نەچوونەوەو بەرگرییان كرد، عەبدوڵا چەندین شمشێر و تیری بەركەوت و زۆر بریندار بوو، هەروەها حەسەنى كوڕی عەلی و مەروِانیش بریندار بوون.[5]

كاتێك حەسەنى كوڕی عەلى وەفاتى كرد، لەسەر وەسیەتى خۆی حوسەین چوو بۆ لاى عائیشەو داواى لێكردەوە كە حەسەنى براى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێت، ئەویش رازى بوو و وتى باشە، بەڵام مەڕوان كە ئەمەى بیست وتى سوێند بەخوا نابێت حەسەن لەوێ ئەسپەردە بكرێت، نەیانهێشت عوثمان لەوێ ئەسپەردە بكرێت و ئێستا ئەمان دەیانەوێت حەسەن لەوێ ئەسپەردە بكەن؟ كە حوسەینیش ئەم قسەی بیست بە چەكەوە هاودەم بە چەندێكی تر چوو، مەڕوانیش خۆی ئامادە كرد، كە ئەبووهورەیرە بیستى بارەكە گەیشتوەتە ئەوە وتى سوێند بەخوا ئەوە ستەمێكە لە حەسەن دەكرێت، دەبێت رێ بدرێت لەگەڵ باوكیدا (واتە مەبەستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو) كفن بكرێت، ئەو كچەزاى پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم)، ئینجا چوو بۆ لاى حوسەین و قسەی لەگەڵ كرد و سوێندى دا وازبهێنێت، وتى مەگەر براكەت نەیوت ئەگەر زانیت جەنگى لێدەكەوێتەوە ئەوا بمبەنەوە بۆ گۆڕستانى موسڵمانان؟ بۆیە زۆر لێی پاڕایەوە تا حوسەین رازى بوو و حەسەنیان برد لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردەی بكەن، حوسەین حەزى دەكرد خۆی نوێژی مردوو لەسەر تەرمى حەسەنى براى بكات، بەڵام سەعیدى كوڕی عاصی والى مەدینەى پێش خست و وتى ئەگەر سوننەت نەبوایە تۆم رانەدەسپارد بۆ ئەو بەرنوێژیە، سەعیدی كوڕی عاصیش كە ئەمیری مەدینە بوو ئامادەى مەراسیمى نوێژ و ئەسپەردەكردنى تەرمى حەسەن بوو، هەروەها خالیدی كوڕی وەلیدیش ئامادەى مەراسیمى ئەسپەردەكردنەكەى بوو، گۆڕەكەى حەسەن لەپاڵ گۆڕی فاطيمهى دایكیدا بوو.[6]

كاتێك مەڕوانى كوڕی حەكەم والى مەدینە بوو، كە دەچوو بۆ مەككە یان بۆ شوێنێكی دی، ئەبووهورەیرەی دەكرد بە بەرپرسی مەدینە تا خۆی دەگەڕایەوە.[7]

ئەبووهورەیرە نەخۆشكەوت و لە جێگەدا بوو، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف هات بۆ لاى، عەبدوڕەحمان دەڵێت وتم خوایە شیفاى ئەبوو هورەیرە بدەیت، ئەبووهورەیرە وتى خوایە نزاكەى وەرنەگریت، پاشان وتى ئەی ئەبووسەلەمە ئەگەر دەتوانیت بمریت بمرە، وتم ئەی ئەبووهورەیرە ئێمە حەزمان بە ژیانە، وتى سوێند بەوەى گیانى ئەبووهورەیرەى بەدەستە سەردەمێ دێت بەسەر زانایاندا مەرگ لایان لە زێڕی سوور خۆشەویستتر دەبێت، دەدەن بە لاى گۆڕی براكەتاندا و دەڵێن خۆزگە من لە شوێنی ئەودا بوومایە.[8]

خەڵكی دەچوون بۆ سەردانى ئەبووهورەیرە، جارێك ئەبووهورەیرە دەستی كرد بە گریان، خەڵكەكە وتیان بۆچی دەگریت؟ ئەویش وتى بۆ ئەم دنیایەى ئێوە ناگریم، بەڵكو بۆ دوورى رێ و كەمى توێشووى خۆم دەگریم، وا ئێوارە دێت و منیش لە دووڕیانى بەهەشت و دۆزەخدام و نازانم كامیان دەمبات.[9]

دواتر كە ئەبووهورەیرە سەرەمەرگى نزیك بوویەوە، وتى هیچ لەسەر گۆڕەكەم هەڵمەدەن و بە ئاگرەوە مەكەونە دوام، ئەگەر منتان برد بەرەو گۆڕستان خێرا بمبەن، با ئەگەر چاكەكار بووبم زوو بمگەیەننەوە بە پەروەردگارم، ئەگەریش وانەبووم بارێكی سەر گەردنتان سوك دەكەن و فڕێی دەدەن.[10]

ئینجا مەڕوانى كوڕی حەكەم چوو بۆ لاى و بینی حاڵی ئەبووهورەیرە زۆر سەختە، وتى خوایە شیفا ئەبووهورەیرە بدەیت، ئەویش سەرێكی بەرز كردەوەو وتى خوایە من حەزم بە دیدارى تۆیە دەی تۆیش حەز بە دیدارم بكە، هێندەى نەبرد ئەبووهورەیرە وەفاتى كرد.[11]

سەبارەت بە كاتى وەفاتى ئەبووهورەیرە چەند ساڵێك هاتووە، لەوانە ساڵی پەنجاو حەوتى كۆچی یان پەنجاو هەشتی كۆچی یان پەنجا و نۆی كۆچی، لەكاتى وەفاتیشیدا تەمەنى نزیكەی حەفتاو هەشت ساڵ بوو، دەوترێت لە ناوچەی عەقیق وەفاتى كردووەو تەرمەكەى براوە بۆ مەدینە، لەوێ والى ئەوكاتى مەدینە كە وەلیدی كوڕی عوتبە بوو نوێژی لەسەر كرد.[12]

جارێك ئەبووهورەیرە خەڵكێكى لە دەور بوو، پیاوێك كە ناوى شوفەى بوو وتى ئەرێ ئەو كەسە كێیە؟ وتیان ئەبووهورەیرەیە، شوفەى دەڵێت منیش لێ نزیك بوومەوە تا لە خزمەتیدا دانیشتم، ئەویش فەرموودەى دەگێڕایەوە بۆ خەڵك، كاتێك بێدەنگ بوو و خەڵكی چواردەوریان چۆڵ كرد، پێم وت داوات لێدەكەم بە حەقی خۆم تا فەرموودەیەكم بۆ بگێڕیتەوە كە لە پێغەمبەرت (صلى الله عليه وسلم) بیستووەو بە جوانى وەرتگرتووەو دەیزانیت، ئەبووهورەیرەش وتى باشە، فەرموودەیەكت بۆ دەگێڕمەوە كە لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووەو باش لێی تێگەیشتووم و دەیزانم، ئینجا حاڵی ئەبوهورەیرە وا تێكچوو خەریك بوو ببورێتەوە، ماوەیەك مایەوە تا چاك هۆشی هاتەوە، ئینجا وتى فەرموودەیەكت بۆ دەگێڕمەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى و گوێم لێ بوو و من و ئەو لەو ماڵەدا بووین و كەسی تر جگە لە من و ئەو لەوێ نەبوو، دووبارە حاڵی تێكچوو و نیمچە بورانەوەیەكى تووش بوو، ماوەیەك وەستا تا چاك هۆشی هاتەوە، ئینجا دەموچاوى خۆی سڕی و وتى فەرموودەیەكت بۆ دەگێڕمەوە لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) كە تەنها من و ئەو لەم ماڵە بووین و لێم بیست، جارێكی تر حاڵی تێكچوو و نیمچە بورانەوەى تووش بوو و ماوەیەكى زۆر وەستا تا چاك هاتەوە هۆشى خۆی، ئینجا فەرموودەكەى بۆ گێڕامەوە،[13] ئەبووهورەیرە وتى لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست كە دەیفەرموو (إن أول الناس يقضى يوم القيامة عليه رجل استشهد، فأتي به فعرفه نعمه فعرفها، قال: فما عملت فيها؟ قال: قاتلت فيك حتى استشهدت، قال: كذبت، ولكنك قاتلت لأن يقال: جريء، فقد قيل، ثم أمر به فسحب على وجهه حتى ألقي في النار، ورجل تعلم العلم، وعلمه وقرأ القرآن، فأتي به فعرفه نعمه فعرفها، قال: فما عملت فيها؟ قال: تعلمت العلم، وعلمته وقرأت فيك القرآن، قال: كذبت، ولكنك تعلمت العلم ليقال: عالم، وقرأت القرآن ليقال: هو قارئ، فقد قيل، ثم أمر به فسحب على وجهه حتى ألقي في النار، ورجل وسع الله عليه، وأعطاه من أصناف المال كله، فأتي به فعرفه نعمه فعرفها، قال: فما عملت فيها؟ قال: ما تركت من سبيل تحب أن ينفق فيها إلا أنفقت فيها لك، قال: كذبت، ولكنك فعلت ليقال: هو جواد، فقد قيل، ثم أمر به فسحب على وجهه، ثم ألقي في النار[14] (یەكەم كەس لە ڕۆژی دواییدا دادگایی دەكرێت كەسێكە كە شەهید بووە، دەهێنرێت و خواى گەورەش بەخششەكانى خۆی بەسەریەوە بۆ باس دەكات، ئەویش دان دەنێت بەو بەخششانەدا، ئینجا خوا دەفەرموێت ئەی چۆن كارت كرد بەوانە؟ ئەویش دەڵێت لە پێناو تۆدا جەنگام تا شەهید بووم، خواش دەفەرموێت درۆت كرد، بەڵكو جەنگایت تا بوترێت كەسێكی دلێر و نەبەرد بوو، جا ئەوەش وترا، ئینجا فەرمان دەكرێت بەسەر دەموچاودا ڕادەكێشرێت تا فڕێ دەدرێتە ناو دۆزەخ، هەروەها كەسێك كە زانست فێر بووەو فێری خەڵكی كردووەو قورئانى خوێندووە، دەهێنرێت و خواى گەورەش بەخششەكانى خۆی بەسەریەوە بۆ باس دەكات، ئەویش دان دەنێت بەو بەخششانەدا، ئینجا خوا دەفەرموێت ئەی چۆن كارت كرد بەوانە؟ ئەویش دەڵێت زانست فێر بووم و خەڵكم فێری ئەو زانستە كرد و لە پێناو تۆدا قورئانم خوێند، خواش دەفەرموێت درۆت كرد، بەڵكو تۆ زانست فێر بوویت تا بوترێت زانایە، قورئانیشت خوێند تا بوترێت قورئان خوێنە، دەى ئەوەش وترا، بۆیە فەرمان دەكرێت لەسەر دەموچاوى ڕادەكێشرێت تا فڕێ دەدرێتە ناو دۆزەخ، هەروەها كەسێك كە خواى گەورە سامانى زۆری پێ بەخشیوە و لە هەموو جۆرەكانى سامانى پێ بەخشیوە، دەهێنرێت و خواى گەورەش بەخششەكانى خۆی بەسەریەوە بۆ باس دەكات، ئەویش دان دەنێت بەو بەخششانەدا، ئینجا خوا دەفەرموێت ئەی چۆن كارت كرد بەوانە؟ ئەویش دەڵێت چی رێگەیەكم بینیبێت كە تۆ پێت خۆش بووبێت سامانم بەخشیوە تیایدا لە پێناو تۆدا، خوا دەفەرموێت درۆت كرد، بەڵكو واتكرد تا بوترێت ئەو بەخشندە و بەسەخاوەتە، ئەوەش وترا، ئینجا فەرمان دەكرێت و لەسەر دەموچاوى ڕادەكێشرێت تا فڕێ دەدرێتە ناو دۆزەخ).

یەكێك لەو گومانانەى ئاراستەى ئەبووهورەیرە دەكرێت دەڵێت زانستی شاردوەتەوەو هەمووى ئاشكرا نەكردووە، ئەبووهورەیرە خۆی لە وتەیەكیدا دەڵێت ئەگەر هەموو ئەوەى دەیزانم پێتان بڵێم ئەوە خەڵكی گۆزەشیان تێدەگرتم و دەیانوت ئەبووهورەیرە شێتە،[15] ئەم دەقە بە چەند شێوەى تر هاتووە.

ئەوەى ئەبووهورەیرە باسی نەكردووەو شاردوویەتیەوە پەیوەست نەبووە بە مەسەلەى حەلآڵ و حەرامەوە، بەڵكو پەیوەست بووە بە مەسەلەى فیتنەو رووداوەكانى دواترەوە كە دێن یان شتانێك كە لەو سەردەمەدا نەبون، بۆیە دەڵێت ئەگەر بیانڵێم بە شێتم دەزانن، ماوەیەكى كەم بەسەر ئەو وتەیدا تێپەڕ بووبوو كە حەسەن دەیوت بەخواراستی فەرموو ئەگەر پێی بوتینایە ماڵی خوا دەڕووخێنرێت یان دەسووتێنرێت خەڵكی بڕوایان پێ نەدەكرد.[16]

لە گێڕانەوەیەكى تردا ئەبووهورەیرە دەڵێت لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) دوو كووپ زانستم وەرگرتووە كە یەكێكیانم لەناو خەڵكدا بلآوكردوەتەوەو ئەوی تریان نا، چونكە ئەگەر بلآوی بكەمەوە ئەم  قوڕقوراگە دەبڕن.[17]

ئیبن كەثير دەڵێت ئەو كووپە زانیاریەى ئەبوهورەیرە شاردیەوەو نەیوت هەمان باسی ئەو فیتنانە بوو كە روویاندا و دواتریش روودەدەن و ئەگەر پێش روودانیان بە خەڵك بوترایە بڕوایان پێ نەدەكرد و بە درۆیان دەخستەوەو بەرپەرچی ئەو دەقە حەقەیان دەدایەوە.[18]

گومانێكی تر كە سەبارەت بە ئەبووهورەیرە هاتووە ئەوەیە دەوترێت بەرامبەر بە ئالوبەیت گێڕانەوەى دژایەتى و شكاندنى ئالوبەیتی هێناوە، ئەمەش لە راستیەوە دوورەو فەرموودەى صەحیح لە ئەبووهورەیرەوە نەهاتووە سەبارەت بە ئالوبەیت مەگەر لە وەسف و پیاهەڵدانیاندا نەبێت وەك چۆن پێشتر چەند نموونەیەكمان خستەڕوو كە باسی فەزڵی حەسەن و حوسەین دەكات، هەروەها هەڵوێستی ئەومان باسكرد لەكاتى ئەسپەردەكردنى تەرمى حەسەنى كوڕی عەلیدا.



[1] -السنن الكبرى للنسائي، الرقم 3317، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 68، صححه أحمد شاكر، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 3971.

[2] - أسد الغابة، ج6، ص 339.

[3] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج، ص 336.

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 181.

[5] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 188.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 392.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 336.

[8] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 8664، صححه الذهبي في التلخيص.

[9] - الزهد لاحمد بن حنبل، الرقم 838، شعب الايمان للبيهقي، الرقم 10247، المحتضرين لابن ابي الدنيا، الرقم 168.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 338.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 339.

[12] - أسد الغابة، ج6، ص 339.

[13] - صحيح ابن حبان، الرقم 409، صحيح ابن خزيمة، الرقم 2311، سنن الترمذي، الرقم 2362، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2382.

[14] - صحيح مسلم، الرقم 3618.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 331.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 331.

[17] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 106.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 106.

 1650
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.