دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی جەحش (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی جەحشی كوڕی ریابە، یەكێكە لە دەستەى یەكەمى موسڵمان بوان.

عەبدوڵا ژنێكی هەبوو بە ناوى زەینەبى كچی خوزەیمە، بەڵام عەبدوڵا كە لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوو، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی بەهاوسەرگرت.[1]

عەبدوڵا یەكێك بوو لە كۆچەرانى حەبەشە، دواتریش گەڕایەوە مەككەو لەوێوە كۆچی كرد بۆ مەدینە، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عەبدوڵا و عاصمى كوڕی ثابتەوە.[2]

سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك سریەیەك ئێمەی نارد و فەرمووى كەسێك دەكەم بە ئەمیرتان كە لە هەمووتان زیاتر خۆڕاگرە بۆ برسێتی و تینوێتی، ئەوەبوو عەبدوڵاى كوڕی جەحشی كرد بە ئەمیرمان، ئەویش یەكەم ئەمیری ناو ئیسلام بوو.[3]

عەبدوڵاى كوڕی جەحش لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە بەندكراوانى بەدر راوێژی بە چەند كەسێك كرد، یەكێك لەوانە عەبدوڵاى كوڕی جەحش بوو.[4]

عەبدوڵا یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص دەڵێت لە رۆژی ئوحوددا عەبدوڵاى كوڕی جەحش پێی وتم وەرە با لە خوا بپاڕێینەوە، ئەوەبوو چووینە سووچێكەوە، من نزام كرد وتم خوایە سبەی بگەم بە كابرایەكى زۆر بەهێز و لەپێناو تۆدا لەگەڵی بجەنگم و دواتر بەسەریدا سەربكەوم تا بیكوژم و شمەكەكەى بە دەستكەوت بەرم، عەبدوڵاى كوڕی جەحشیش وتى خوایە سبەینێ توشم بێت بە تووشی كابرایەكى زۆر بەهێزەوەو لەپێناو تۆدا لەگەڵی بجەنگم، بمكوژێت و گوێ و لووتم ببڕێت، كە رۆژی دوایی گەیشتمەوە بە تۆ بفەرموویت ئەی عەبدوڵا بۆچی گوێ و لووتت بڕاوە؟ منیش بڵێم لەپێناو تۆ و پێغەمبەرەكەتدا، تۆیش بفەرموویت راست دەكەیت، سەعد دەڵێت: نزاكەى عەبدوڵا لەوەى من باشتر بوو، كۆتایى رۆژى ئوحود تەرمەكەیم بینی گوێ و لووتى كرابوون بە دەزوویەكەوە.[5]

لە كاتى شەهیدبوونیدا تەمەنى عەبدوڵا سەروو چل ساڵان بوو، دواتریش تەرمى عەبدوڵا و حەمزەى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە یەك گۆڕدا ئەسپەردە كرا.[6]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 672.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 35.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 35.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 35-36.

[5] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2349، صححه الذهبي في التلخيص.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 36.

 1181
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.