دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عەمرى خەزرەجی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەمری كوڕی حەرامە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەو یەكێكە لە دوانزە نەقیبەكە.[1]

عەبدوڵا ژنێكی هەبوو بە ناوى ئەنیسەى كچی عەنمەى كوڕی عەددی كە كوڕێكی لێی بوو بە ناوى جابیر كە ئەویش هاوەڵێكی ناسراوى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم).[2]

عەبدوڵا كە یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەى دووەم هاودەم بە خۆی جابیری كوڕیشی برد.[3]

جابیر دەڵێت جارێك باوكم فەرمانى كرد خواردنى (خەزیزە) ئامادە كرا، ئینجا بە مندا ناردى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش بردم بۆى و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی خۆی بوو، فەرمووى (ئەى جابیر ئەوە چیە؟ ئایا گۆشتە؟) وتم نا بەڵكو خواردنى (خەزیزە)یە، ئەویش فەرمانى كرد و خواردنەكەیان لەدەست گرتم، كاتێك گەڕامەوە بۆ لاى باوكم وتى ئایا پێغەمبەرى خوات (صلى الله عليه وسلم) بینی؟ وتم بەڵێ، وتى ئایا هیچی وت؟ وتم بەڵێ فەرمووى (ئەى جابیر ئەوە چیە؟ ئایا گۆشتە؟) باوكم وتى لەوانەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاسەی گۆشتى كردبێت، چوو گێسكێكی سەربڕی و چاك برژێنرا، ئینجا پێی وتم بیبە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش كە گەیشتمە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر لەو شوێنەى خۆی بوو، فەرمووى (ئەوە چیە ئەى جابیر) وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گەڕامەوە بۆ لاى باوكم و تى ئایا پێغەمبەرى خوات (صلى الله عليه وسلم) بینی؟ وتم بەڵێ، وتى ئایا هیچی فەرموو؟ وتم بەڵێ واى فەرموو، باوكیشم وتى لەوانەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاسەی گۆشتى كردبێت، بۆیە چوو گێسكێكی سەربڕی و چاك برژێنرا، ئینجا پێی وتم بیبە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (جزى الله الأنصار عنا خيرا، و لا سيما عبدالله بن عمرو بن حرام و سعد بن عبادة[4] (خواى گەورە لە بری ئێمە پاداشتى خێری پشتیوانان بداتەوە بەتایبەت عەبدوڵاى كوڕی عەمرى كوڕی حەرام و سەعدى كوڕى عوبادە).

كاتێك بڕیار بوو غەزاى ئوحود رووبدات، عەبدوڵا جابیرى كوڕی بانگ كرد و وتى –كوڕم- هیوام وایە سبەینێ یەكەم كەس بم بپێكرێم، جا وەسیەتت بۆ دەكەم لەگەڵ كچەكانى عەبدوڵا-خوشكەكانت- باش بە، جابیر دەڵێت ئەوەبوو بەیانى باوكم كوژرا و دوو دوو تەرمەكان دەخرانە یەك گۆڕەوە، باوكیشم لەگەڵ كەسێكی تر خرایە یەك گۆڕەوە، شەش مانگ وابوو، دواتر دڵم ئۆقرەى نەگرت تا بڕیارم دا بە جیا لەیەك گۆڕدا بیخەمە ژێر خاك، تەرمەكەیم دەرهێنایەوە، بینیم خۆڵ و زەویەكە هیچى بە جەستەى نەكردبوو تەنها تۆزێكی نەرمایی گوێی نەبێت.[5]

عەبدوڵاى باوكى جابیر لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و لەو غەزایەشدا شەهید بوو، دواتریش كە تەرمەكان خرانە ژێر خاك هەریەك لە عەبدوڵاى كوڕی عەمر و عەمرى كوڕی جەمووح خرانە یەك گۆڕەوە.[6]

جابیر دەڵێت تەرمى باوكم شێوێنرابوو، تەرمەكەى هێنرا و لەبەردەم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دانرا و بە جلێكیش داپۆشرابوو.[7]

جابیر دەڵێت كاتێك تەرمى باوكم دانرابوو پۆشاكەكەى سەر دەموچاویم لادەبرد و سەیرم دەكرد و دەگریام، هاوەڵانى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رێگرییان لێدەكردم، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگری لێ نەدەكردم،[8] ویستم هەمتر پۆشاكەكەى سەر دەموچاوى لابەرم بەڵام هاوەڵان نەیانهێشت، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی لایبرد-یان فەرمانى كرد لابرا- كە دەموچاوى دەركەوت دەنگى گریانێك بەرزبوویەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوە كێیە؟ وتیان كچی عەمرە،[9] فاطيمهى كچی عەمری پوورم لەسەر تەرمى باوكم دەگریا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (تبكين أو لا تبكين ما زالت الملائكة تظله بأجنحتها حتى رفعتموه)،[10] (بگریت بۆی یان نەگریت بەردەوام فریشتەكان بە باڵەكانیان سێبەری بۆ دەكەن تا تەرمەكەى هەڵدەگرن).

عەبدوڵا یەكێك بوو لە شەهیدانى غەزاى ئوحود، دواتریش لە سەردەمى دەسەلآتى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا كە موعاویە جۆگایەكى بەلاى گۆڕی شەهیدانى ئوحوددا راكێشا تەرمى عەبدوڵاى باوكى جابیر دەركەوت، ئەوەبوو پاش ماوەیەكى زۆر جابیر سەرلەنوێ جەستەى باوكى خۆی بینی و تەماشاى كرد جەستەى هیچ تێكنەچووبوو.[11]

لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا موعاویە فەرمانى كرد جۆگایەك رابكێشرێت، ئەوانەى ئیشەكەیان دەكرد نامەیان نووسی بۆ موعاویە كە هەر دەبێت ئەو جۆگەیە بەناو گۆڕستانى ئوحوددا بڕوات، ئەویش نامەى نووسی بۆیان گۆڕەكان هەڵدەنەوە، جابیر دەڵێت تەرمى شەهیدەكانم دەدى بەسەر شانى ئەو خەڵكەوە بوون دەتوت خەوتون، پاچێك بەر لایەكى قاچی حەمزەى كوڕی عەبدولموتەلیب كەوت، خوێن لە قاچی هات.[12]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 189.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 561.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 377.

[4] - صحيح ابن حبان، الرقم 7130، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7162، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2024، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 5621، صححه الذهبي في تعليقاته على المستدرك، كما صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 461.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 563.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 44.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 1245.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 1199.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 4621.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 1199، صحيح مسلم، الرقم 4622، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13903.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 190.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 11.

 1274
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.