دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عوثمان (ئەبووبەكری صدیق) (رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عوثمانى كوڕی عامیری كوڕی عەمری قوڕەیشی تەیمیە، كونیەكەى ئەبووبەكرەو بە صدیق ناسراوە، نزیكترین و ئازیزترین هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و یەكێكە لە موژدەپێدراوانى بەهەشت و یەكەم خەلیفەى راشیدینە،[1] ئەبووبەكر بە هەریەك لە عەتیق و صدیق ناسرابوو.[2]

ئەبووبەكر دوو ساڵ و نیو پاش ساڵی فیل لەدایك بوو.[3]

ئەبووبەكر كەسێكی لەڕی بالآبەرزی سپی پێست بوو، دەموچاوى قەڵەو نەبوو، خەنەوسمەى بەكاردەهێنا.[4]

بنەماڵەكەى

باوكى ناوى عوثمانەو بە ئەبووقوحافە ناسراوە،  لە فەتحى مەككەدا ئەبووبەكر باوكى برد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بینی، فەرمووى با وازت بهێنایە لەو پیرە لە ماڵ خۆی بوایە من دەهاتم بۆ لاى، ئەوەبوو ئەبووقوحافە موسڵمان بوو، دواتر لە ساڵی چواردەى كۆچی و لە تەمەنى نەوەدو حەوت ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.[5]

دایكی ناوى سەلماى كچی صەخرى قوڕەیشیە، زیاتر بە ئوممولخەیر ناسراوە،[6] ئەم ئافرەتە زۆر زوو موسڵمان بوو، لە مەككە بون كە ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە دایكمەو تۆیش پیرۆزیت، نزاى بۆ بكە و بانگى بكە بۆ ئیسلام، بەڵكو خوا بە هۆی تۆوە لە دۆزەخ رزگارى بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازى دایكی كرد، ئەویش موسڵمان بوو،[7] ئوممولخەیر ژیا تا مەرگى ئەبووبەكری كوڕی بینی و لە میراتى ئەبووبەكریشی بەركەوت، رایەكیش دەڵێت بەڵكو پێش مەرگى ئەبووبەكری كوڕی وەفاتى كرد.[8]

هاوسەرەكانى:

قوتەیلەى كچی عەبدولعوززا كە دایكی عەبدوڵا و ئەسمائی كچی ئەبووبەكر بوو، ئوممورومان كە دایكی عائیشەو عەبدوڕەحمان بوو، ئەسمائی كچی عومەیس كە دایكی موحەممەد بوو،[9] حەبیبەى كچی خاریجە كە باوكى مارەى كرد لە ئەبووبەكرى صدیق، ئەبووبەكریش لەم ئافرەتە منداڵێكی بوو بە ناوى ئومموكلثوم،[10] ئەبووبەكر لە سەرەمەرگدا بوو كە حەبیبەى كچی خاریجە سكی هەبوو بەو كچەیەوە.[11]

منداڵەكانى

كوڕێكی ناوى عەبدوڵا بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر كۆچیان كرد بەرەو مەدینە، عەبدوڵا دەچوو هەواڵی قوڕەیشیەكانى دەبرد بۆیان، ئەوكات گەنجێك بوو، عەبدوڵا لە غەزاكانى فەتحى مەككەو حونەین و طائیفدا بەشدارى كرد و برینداریش بوو، ئەو برینەى مایەوە تا لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا لە مانگى شەووالى ساڵی یانزەى كۆچیدا وەفاتى كرد.[12]

كوڕێكی تری ناوى عەبدوڕەحمان بوو، ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و موحەممەدى كوڕیشی هاوەڵ بوو، عەبدوڕەحمان بە بێباوەڕی بەشدارى بەدرو ئوحودى كرد، دواتر لە حودەیبیەدا موسڵمان بوو، لە سەردەمى خیلافەتى باوكیدا بەشدارى جەنگى یەمامەى كرد و حەوت گەورە سەركردەى بێباوەڕانى كوشت، پاشان بەشدارى فتووحات بوو، لە جەنگى جەمەلدا هاوشانى عائیشەی خوشكی بەشدار بوو، دواجار لە ساڵی پەنجاو سێ دا كۆچی دوایی كرد.[13]

كوڕێكى تری ناوى موحەممەد بوو، ئەم منداڵەى لە حەجى ماڵئاواییدا لەدایك بوو، موحەممەد یەكێك بوو لە هێرش بەرانى سەر خەلیفە عوثمانى كوڕی عەففان، دواتریش كە میصری گرتە دەست لەگەڵ عەمرى كوڕی عاص جەنگا و سوپاكەى موحەممەد شكا و دواتر كوژرا و سووتێنرا.[14]

كچێكی ناوى ئەسما ْ بوو، هەر زۆر زوو لە مەككە موسڵمان بوو و هاوسەری زوبەیری كوڕی عەووام بوو، كۆچی كرد بۆ مەدینەو سكی هەبوو بە عەبدوڵاى كوڕی زوبەیرەوە، بە خاوەن دوو پشتێنەكە ناسراوە، تەمەنێكی زۆری كرد تا لە سەردەمى ئومەویدا دەسەلآتى عەبدوڵاى لە حیجاز بینی و مەرگى عەبدوڵاى كوڕی بینی و پاش ماوەیەكى كەم لەو رووداوە وەفاتى كرد،[15] لە پیتی (أ) دا باسی ژیانەكەیمان كردووە.

كچێكی تری ناوى عائیشە بوو كە بە دایكی باوەڕداران ناسراوەو خۆشەویستترین خێزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو دواى وەفاتى خەدیجەو یەكێك بوو لە هاوسەرە زۆر شارەزاكانى، لە پیتی (ع) دا باسی ژیانەكەیمان كردووە.

كچێكی تری ناوى ئومموكلثوم بوو، ئەبووبەكر لە سەرەمەرگدا بوو كە حەبیبەى كچی خاریجە سكی هەبوو بەو كچەیەوە.[16]

ئەبووبەكر لە سەردەمى نەفامیدا

ئەبووبەكر لە سەردەمى نەفامیدا یەكێك بوو لە كەسایەتیە دیارەكان، سەركردەیەكى ناو قوڕەیشیەكان بوو، بڕیاردەرى قوڕەیشیەكان بوو، یەكێك بوو لەوانەى مەى لەسەر خۆی حەرام كردبوو و نەیدەخواردەوە، راوێژی زۆری پێ دەكرا.[17]

ئەبووبەكر لە سەردەمى نەفامیشدا هاوەڵێكی نزیك و دۆستی هەمیشەیی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[18]

خەڵكی مەككە زۆر تێكەڵی ئەبووبەكر دەبوون و لە دەورى بوون، چ لەبەر خۆشی كۆڕەكانى وقسەكردنى، چ لەبەر سەرقاڵبوونى بە كارى بازرگانى، چ لەبەر ئەو زانستەى كە هەیبوو.[19]

موسڵمانبووونى

ئەبووبەكری صدیق یەكەم كەس بوو موسڵمان بوو و یەكەم كەسیش بوو لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی كرد.[20]

ئەبووبەكرى صدیق یەكێك بوو لەو حەوت كەسە یەكەمەى كە لە مەككە ئیمانى خۆیان ئاشكراكرد، ئەوانیش بریتی بوون لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و بیلال و صوهەیب و خەبباب و عەممار و سومەییە.[21]

 

بانگەواز لە مەككەدا

كاتێك ئەبووبەكر موسڵمان بوو یەكەم هەنگاوى ئەوەبوو چوو بۆ لاى عوثمانى كوڕی عەففان و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا و زوبەیری كوڕی عەووام و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و باسی ئیسلامى كرد بۆیان و بانگهێشتی كردن بۆ ئیسلام، هەموو ئەوانە موسڵمان بوون.[22]

زوبەیرى كوڕی عەوام لەسەر دەستى ئەبووبەكرى صدیق موسڵمان بوو، چونكە ئەو پێشنیازى موسڵمان بوونى بۆ كرد و وردەكارى بانگەوازەكەى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) بۆ خستەڕوو، زوبەیریش چوو بەدەم داواكەیەوەو موسڵمان بوو.[23]

كاتێك ئەبووبەكر موسڵمان بوو، كەوتە بانگەواز كردن بۆ ئیسلام، بێباوەڕان لەسەر ئەوە زۆر لێیان دا، عوتبەی كوڕی رەبیعە بە نەعلەكانى دەیدا لە دەموچاوى و دەچووە سەر سكی ئەبووبەكر، ئیتر واى لێهاتبوو دەموچاوى ئەبووبەكر نەدەناسرایەوە، بەنوتیم هاتن و ئەبووبەكریان خستە ناو بەرگێكەوەو بردیانەوە ماڵەوە و بڕوایان وابوو بە دڵنیایەوە دەمرێت، باوكى ئەبووبەكر و بەنوتیم دەیاندواند و ئەویش وەڵامى دەدانەوە، دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی لێ هات؟ ئەوانیش بە زمان هێرشیان دەكردە سەری و جێیاندەهێشت،[24] ئینجا بە ئوممولخەیریان وت بزانە شتێكی نادەیتێ بیخوات، كەچی ئەبووبەكر بە دایكیشی هەمان شتی دەوت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی لێهات، ئەویش دەیوت بەخوا هەواڵى هاوەڵەكەتم نیە، ئەبووبەكر وتى بڕۆ بۆ لاى ئومموجەمیلى كچی خەططاب و لاى ئەو پرسیاری پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بۆ بكە، ئوممولخەیر چوو بۆ لاى ئومموجەمیلو وتى ئەبووبەكر داواى هەواڵی موحەممەدى كوڕی عەبدوڵات لێ دەكات، ئەویش وتى من ئەبووبەكر و موحەممەد ناناسم، ئەگەریش حەز دەكەیت لەگەڵت دێم بۆ لاى كوڕەكەت، وتى بەڵێ، ئەوەبوو لەگەڵ ئوممولخەیر چوو بۆ ماڵی ئەبووبەكر و بینی لە چ بارێكدایە، ئومموجەمیل دەستی كرد بە شیوەن و وتى بەخوا ئەوانەى وایان كردووە بە تۆ، فاسق و بێباوەڕن و داوام لە خوایە تۆڵەت لەوان بكاتەوە، ئەبووبەكر وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی لێهات؟ ئومموجەمیل وتى ئەوە دایكتە، قسەكانمان دەبیستێت، ئەبووبەكر وتى ترست نەبێت لەو، ئومموجەمیل وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چاكەو سەلامەتە، ئەبووبەكر وتى لە كوێیە؟ وتى لە ماڵی ئیبنولئەرقەمە، ئەبووبەكر وتى دەی خوا ئاگادارە تا نەچم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نە نان دەخۆم و نە ئاو دەخۆمەوە، ئومموجەمیل و ئوممولخەیر وەستان تا خەڵكی بلآوەیان كرد، ئینجا نەوینە ژێر باڵی و بردیان بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[25] كە گەیشتن بە یەكدى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی دا بەسەر ئەبووبەكردا و ماچی دەكرد و دڵی بۆی دەسووتا، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە دایكمەو تۆیش پیرۆزیت، نزاى بۆ بكە و بانگى بكە بۆ ئیسلام، بەڵكو خوا بە هۆی تۆوە لە دۆزەخ رزگارى بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازى دایكی كرد، ئەویش موسڵمان بوو.[26]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە پاڵ كەعبەدا نوێژی دەكرد كە عوقبە هات و جلەكەى خستە گەردنى و توندى كرد لە گەردنى، ئەبووبەكر هات و پشتی ملى گرت و لایبرد و پێى وت (أتقتلون رجلا أن یقول ربی الله) (پیاوێك دەكوژن كە دەڵێت خوا پەروەردگارمە).[27]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رۆژانە بەیانى و ئێوارە سەردانى ماڵی ئەبووبەكری صدیقی دەكرد، جا كە موسڵمانان تووشی نارەحەتى بوون، ئەبووبەكر ویستی كۆچ بكات بۆ حەبەشە، لە نیوەڕێدا بوو كە ئیبنودوغنە پێی گەیشت و وتى ئەی ئەبووبەكر بۆ كوێ دەچیت؟ وتى قەومەكەم دەریانكردوم و دەمەوێت بڕۆمە شوێنێ پەرستشی پەروەردگارى خۆم بكەم، ئەویش وتى كەسی وەك تۆ نابێت نە بچێت و نە دەربكرێت، تۆ پاڵپشتى نەبووان و خزم دۆست و میواندۆستیت، من دەبم بە پەنادەرت و بگەڕێرەوە لە شوێنی خۆت پەروەردگارى خۆت بپەرستە، ئەوەبوو ئەبووبەكر لەگەڵ ئیبنودوغنە گەڕایەوەو لە پاڵ كەعبەدا ئیبنودوغنە بە هەموانى راگەیاند كە پەناى ئەبوبەكری داوە، ئەبووبەكریش لەپاڵ ماڵی خۆیدا مزگەوتێكی دروست كرد و پەرستشی دەكرد و قورئانى دەخوێند و نوێژی تێدا دەكرد، ئافرەت و مندالآنى قوڕەیش دەهاتن و گوێیان لێدەگرت و تەماشایان دەكرد، ئەمەش قوڕەیشیەكانى ترساند، بۆیە ناردیان بۆ لاى ئیبنودوغنەو داوایان لێكرد ئەو مزگەوتە بە ئەبووبەكر لاببات، ئەویش چوو و پێی وت یان پەرستشەكەت لە ماڵ بكەو یان پەناكەم بۆ بگێڕەوە، ئەبووبەكریش وتى بەڵكو پەناكەت بۆ دەگێڕمەوە و بە پەناى خوا و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رازى دەبم، دواى ئەوە كۆچی موسڵمانان بەرەو مەدینە بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی پێكردو ئەبووبەكریش خۆی ئامادە كرد تا كۆچ بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (پەلە مەكە، من هیوام وایە مۆڵەتى منیش بدرێت)، ئەبووبەكر وتى بەباوكمەوە بەقوربانت بم هیواى ئەوە هەیە؟ فەرمووى بەڵێ، بۆیە ئەبووبەكر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە تا هاودەمى بكات، بەردەوام دو سوارى بەستبوویەوەو ماوەى چوار مانگ خزمەتى ئەو سوارانەى دەكرد تا ئامادە بن بۆ كۆچكردنى هەردووكیان.[28]

ئەبووبەكری صدیق سامانێكی زۆری هەبوو، بەڵام هەمووى بۆ سەرخستنى بانگەوازى ئیسلامى خەرج كرد.[29]

طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا دەڵێت جارێك لە بازاڕی بوصرا بووم كە راهیبێك لە پەرستگاكەى خۆیدا بوو، وتى پرسیار بكەن لەم خەڵكە بزانن كەسیان تێدایە خەڵكی حەرەم بێت؟ منیش وتم بەڵێ من، وتى ئایا هێشتا ئەحمەد دەرنەكەوتووە؟ وتم ئەحمەد كێیە؟ وتى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی عەبدولموطهلیب، ئەوە شارەكەیەتى كە تیایدا دەردەچێت و كۆتاى پێغەمبەرانە و لە حەرەم دەردەكەوێت و كۆچ دەكات بۆ شارى دارخورما، وریابە زوو خۆتى پێ بگەیەنە، منیش قسەكانى چوویە دڵمەوەو خێرا گەڕامەوە بۆ مەككەو وتم هیچ روویداوە؟ وتیان موحەممەدى كوڕی عەبدوڵا باسی پێغەمبەرایەتى دەكات و ئەبووبەكریش شوێنی كەوتووە، منیش چوم تا خۆم گەیاند بە ئەبووبەكر و وتم ئایا شوێنی ئەو پیاوە كەوتویت؟ وتى بەڵێ، تۆیش بڕۆ شوێنی بكەوە چونكە بانگەواز بۆ حەق دەكات، منیش بەسەرهاتەكەم بۆ باسكرد، ئەبووبەكریش لەگەڵم هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ موسڵمان بووم و بەسەرهاتەكەشم بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گێڕایەوەو ئەویش بەوە دڵخۆش بوو.[30]

ئەبووبەكر لە پێناو خوادا ژمارەیەك كۆیلەى ئازاد كرد، لەوانە بیلالى حەبەشی و عامری كوڕی فوهەیرەو زیننیرەو نهدیەو كچەكەى و كەنیزەیەكی بەنى نەوفەل و ئومموعوبەیس.[31]

زیننیرە كەنیزەیەكى رۆمی بوو لاى قوڕەیشیەكان كاتێك بانگەوازى ئیسلامى بیست زۆر زوو موسڵمان بوو، ئیتر ئەبووجەهل زۆر سزاى دەدا، زیننیرەش خۆڕاگر بوو و وزاى نەدەهێنا لە ئیسلام، دواجار خواى گەورە ئەبووبەكری صدیقی كردە هۆكار و ئەبووبەكر زیننیرەی كڕیەوەو رزگارى كرد.[32]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 315.

[2] -نهاية الإرب للنويري، ج19، ص 8-9.

[3] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 169.

[4] - نهاية الإرب للنويري، ج19، ص 24.

[5] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 453.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص 353.

[7] - أسد الغابة، ج7، ص 354.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص354.

[9] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 169.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 169.

[11] - أسد الغابة، ج2، ص 105.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 27-28.

[13] - أسد الغابة، ج3، ص 481-483.

[14] - أسد الغابة، ج5، ص 106.

[15] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 487.

[16] - أسد الغابة، ج2، ص 105.

[17] - نهاية الإرب للنويري، ج19، ص 10.

[18] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 169.

[19] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 171.

[20] -نهاية الإرب للنويري، ج19، ص 11.

[21] - أسد الغابة، ج3، ص 40.

[22] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 30.

[23] - الكامل في التأريخ، ج1، ص 583.

[24] - أسد الغابة، ج7، ص 353.

[25] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 30.

[26] - أسد الغابة، ج7، ص 354.

[27] - صحيح البخاري، الرقم 3665، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 6727.

[28] - صحيح البخاري، الرقم 2197،

[29] -  نهاية الإرب للنويري، ج19، ص 13.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 214-215.

[31] - ناية الإرب للنويري، ج19، ص 13.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 664.

 1492
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.