دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عوثمان (ئەبووبەكری صدیق) (رضي الله عنه) - بەشی دووەم

كۆچكردن بۆ مەدینە

دواى ئەوەى كۆچی موسڵمانان بەرەو مەدینە بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی پێكردو ئەبووبەكریش خۆی ئامادە كرد تا كۆچ بكات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (پەلە مەكە، هیوام وایە مۆڵەتى منیش بدرێت)، ئەبووبەكر وتى بەباوكمەوە بەقوربانت بم هیواى ئەوە هەیە؟ فەرمووى بەڵێ، بۆیە ئەبووبەكر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە تا هاودەمى بكات، بەردەوام دو سوارى بەستبوویەوەو ماوەى چوار مانگ خزمەتى ئەو سوارانەى دەكرد تا ئامادە بن بۆ كۆچكردنى هەردووكیان.[1]

رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرەو ماڵی ئەبووبەكر هات و كاتەكەى جیا بوو لە هاتنى رۆژانى تری، هاتە ژوورەوەو بە ئەبووبەكری فەرموو (ئەی ئەبووبەكر ئەوانەى لەلاتن بیانكەرە دەرەوە)، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوانە كەسانى تۆن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(مۆڵەتم پێدراوە) واتە بۆ كۆچكردن، ئەبووبەكریش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە باوكمەوە بەقوربانت بم یانى من هاودەمت دەبم؟ فەرمووى بەڵێ، ئەبووبەكر وتى دەى یەكێك لەو دوو سوارە بۆ تۆ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(بە پارە دەیبەم)، ئەوەبوو هەردوو سوارەكەیان چاك ئامادە كردن و ئەسمائیش پشتێنەكەى كرد بە دوو بەشەوە بۆ بەستنەوەى توێشووەكانیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر چوونە ئەشكەوتى ثهور و لەوێ سێ شەو مانەوە، عەبدوڵاى كوڕی ئەبووبەكریش كە گەنجێك بوو بەیانیان زوو دەچوو بۆ لایان و دەگەڕایەوە بۆ مەككە هێشتا خەڵكی لەخەو هەڵنەسابوون، عامیری كوڕی فوهەیرەش بە بڕێك مەڕومالآتەوە دەیدا بە لایاندا و شیری پێدەدان،[2] كاتێك لە ئەشكەوتەكە دەمانەوە ئەبووبەكر شوێنێكی ئامادە كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا لەوێدا بخەوێت،[3] ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر كابرایەكى بەنی دیلیان بە كرێ گرتبوو تا بیانبات بۆ مەدینە، سوارەكانیان دابوو بەو و وادەیان بوو دواى سێ شەو لاى ئەشكەوتەكە یەك ببینن، ئەوەبوو لە وادەى خۆیدا هات و هەرسێیان هاودەم بە عامیری كوڕی فوهەیرە رێی كەنار دەریایان گرتەبەر. [4]

كاتێك لە ئەشكەوتەكەدا بوو، بێباوەڕان بە دوایاندا دەگەڕان و هاتبوونە بەردەم ئەشكەوتەكە، ئەبووبەكر وتى جا ئەگەر یەكێكیان تەماشای بەرپێی خۆی بكات دەمانبینێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ئەى ئەبووبەكر گومانت بە دوان چیە كە سێیەمیان خودایە).[5]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكری صدیق كۆچیان كرد بۆ مەدینە، عامیر هاوكاریان بوو، دەچوو بەدواى ئەواندا مەڕومالآتى دەلەوەڕاند تا شوێن پێیان دیار نەبێت، هەروەها شیری مەڕەكانى بۆ دەبردن،[6] ئەمەش لەو ماوەدا بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر لە ئەشكەوتى ثهور بوون.[7]

سوراقە دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكری صدیق كۆچیان كرد، نێردراوانى قوڕەیش هاتن بۆ لامان و وتیان هەركەس پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان ئەبووبەكر بكوژێت یان بەدیل بگرێت ئەوە پاداشت دەكرێت و پاداشتەكەشی هێندەى خوێن باییەكە، منیش لە كۆڕێكی بەنى مودلیجدا دانیشتبووم كە كابرایەكى مودلیجی هات و وتى ئەی سوڕاقە كەمێك پێش ئێستا دوو تارماییم لە كەناراوەوە بینی، سوراقە وتى زانیم ئەوانن، وتم ئەوە ئەوان نین، ئەوە فلآن و فلآن بون كە تۆ بینیوتن، دوایی كەمێك لە كۆڕەكەدا مامەوەو دواتر چوومەوە ماڵەوەو فەرمانم كرد بە كەنیزەكەكەم تا ئەسپەكەم بۆ ئامادە بكات، رمەكەمم هەڵگرت و سوار وشترەكەم بووم، چووم تا نزیك بوومەوە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەر، لەوێ ئەسپەكەم منى خست، هەستامەوەو دەستم برد بۆ كیفى تیرەكانم و تیرێكم دەركرد و كردم بە دوو لەتەوە كەچی بەدڵی خۆم بۆ دەرنەچوو،[8] سوارى ئەسپەكەم بوومەوەو نزیك بوومەوە لێیان، گوێم لێبوو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) قورئانى دەخوێند و لاى نەدەكردەوە، بەڵام ئەبووبەكر زۆر لای دەكردەوە، ئەوكات دوو دەستی ئەسپەكەم رۆچوون بەناو زەویداو تا نیوەی لە زەویدا بوو، لەسەر ئەسپەكەم كەوتمە خوارەوە، تێم خوڕی و ئەسپەكەم هەستایەوە، بەڵام دەستەكانى نەدەهاتنە دەرەوە،كە رێك وەستایە سەرپێ بینیم دووكەڵێك لە ئاسمانەوە دیارە، هەمدى تیرێكم دەركرد و لەتم كرد كەچی خراپەكەم بۆ دەرچوو، داواى پەنام كرد لێیان، ئەوانیش وەستان، سوارى ئەسپەكەم بووم تا چوومە لایان، كە بینیم ئاوام بەسەرهات وتم بە دڵنیاییەوە دواڕۆژ بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەبێت، پێم وت هۆزەكەت پاداشتی خوێن باییەكیان داناوە بۆ گرتن یان كوشتنت، ئینجا هەواڵ و باس چی هەبوو بۆم باسكردن، دواتر پێم وتن شمەك و پێویستی چییان دەوێت با لاى من بیبەن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنها داواى لێكردم زانیارییان بشارمەوەو نەهێڵم خەڵك پێیان بزانێت، منیش داوام لێكرد نامەیەكى پەنام بۆ بنووسێت، ئەویش فەرمانى كرد بە عامیری كوڕی فوهەیرەو ئەویش لە پارچە پێستەیەكدا بۆی نووسیم، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو،[9] ئینجا سوراقە ئەو نووسینەى هەڵگرت تا ئەو كاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە طائیفەوە گەڕایەوە سوراقە چوو بۆ لاى و ئەو نامەى پێ نیشان دا، ئەوكات لە جەعرانە بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموى نزیك بەرەوە، ئەویش نزیك بوویەوەو موسڵمان بوو.[10]

ئەبووبەكر دەڵێت كاتێك سوراقە گەیشت پێمان وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە گەیشت پێمان، فەرمووى خەفەت مەخۆ خوامان لەگەڵە، كە تەواو نزیك بوویەوەو نزیكەی چەند رمێك دوور بوو لێمانەوە دەستم كرد بە گریان و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وا گەیشت پێمان، فەرمووى بۆچی دەگریت؟ وتم بەخوا بۆ خۆم ناگریم، بەڵكو بۆ تۆ دەگریم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خوایە بەو جۆرەى خۆت دەتەوێت دوورى بخەرەوە لێمان، ئەوەبوو ئەسپەكەى تا لاى سكی چوو بەناخى زەویدا و سوراقەش كەوتە خوارەوە، سوراقە وتى ئەی موحەممەد ئەزانم ئەمە كارى تۆیە، نزا بكە خوا رزگارم بكات، بەخوا مەرج بێت رێ لەوانەى دواى خۆم ون بكەم تا نەگەڕێن بەدواتدا، ئەوەش تیرەكانم تیرێكیان ببە، دەزانم دەدەیت بە لاى وشتر و رانە مەڕەكانمدا لە فلآنە شوێن، لەوێ چەندت پێویستە بیبە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى هیچ پێویستیمان نیە بە وشترەكانت، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كرد و سوراقەش گەڕایەوە بۆ لاى هاوەڵەكانى خۆی.[11]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی كۆچ بكات بۆ مەدینە، طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا لە شامەوە جلی سپی ناوازەى هێنابوو، دوو جلی بە دیارى نارد بۆ ئەبووبەكر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوانیش ئەو جلانەیان پۆشی و بەو جلانەوە چوونە ناو مەدینە.[12]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكری صدیق بەرەو مەدینە كۆچیان دەكرد ئەوسى كوڕی عەبدوڵایان بینی، ئەویش كۆیلەیەكى هەبوو بە ناوى مەسعوود، پێغەمبەرى خوا و ئەبووبەكرى صدیقی سوارى وشترەكەى خۆی كرد و مەسعوودى نارد لەگەڵیاندا و داواى كرد بیانگەیەنێتە مەدینەو تا ئەو شوێنە لێیان جیا نەبێتەوە, ئەویش تا مەدینە هاودەمى كردن و دواتر گەڕایەوە.[13]

كاتێك ئەبووبەكرى صدیق چوویە مەدینە، لاى خاریجەى كوڕی زەید دابەزى و لەوێ مایەوە.[14]

كاتێك هاوەڵان كۆچیان كرد بۆ مەدینەو لەوێ مانەوە، هەریەك لە بیلال و ئەبووبەكرى صدیق تووشی تا بوون، دەیوت نەفرینی خوا لە شەیبەى كوڕی رەبیعەو عوتبەى كوڕی رەبیعەو ئومەییەى كوڕی خەلەف چۆن لە خاكى خۆمانەوە دەریانكردین بۆ خاكى دەرد و نەخۆشی، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(اللهم حبب إلينا المدينة كحبنا مكة أو أشد اللهم بارك لنا في صاعنا وفي مدنا وصححها لنا وانقل حماها إلى الجحفة[15] (خوایە مەدینەمان لا خۆشەویست بكە وەك خۆشەویستیمان بۆ مەككە یان زیاتر لەوەش، خوایە بەرەكەت بخەرە رزق و رۆزیمانەوە و تەندروستی بكە بۆمان، تاى مەدینەش بگوازەرەوە بۆ جوحفە).



[1] - صحيح البخاري، الرقم 2197،

[2] - صحيح البخاري، الرقم 3714.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 3439.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 3714.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 3474 و 4394، صحيح مسلم، الرقم 4492،  صحيح ابن حبان، الرقم 6369، سنن الترمذي، الرقم 3104، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 11.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 3714.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 6370.

[8] - لە سەردەمى نەفامیدا ئەو عادەتە هەبوو تیریان دەكرد بە دوو بەشەوە بۆ تاقیكردنەوەی بەختیان.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3714.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 185.

[11] - صحيح ابن حبان، الرقم 6372، صححه شعيب الأرناؤوط، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 3، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 366.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 173.

[13] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 610، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 929.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 174.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 1799،  صحيح مسلم، الرقم 2522، موطأ مالك، الرقم 1600، صحيح ابن حبان، الرقم 3784، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7271، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6205، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23804.

 1284
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.