دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عوثمان (ئەبووبەكری صدیق) (رضي الله عنه) - بەشی سێیەم

بەشدارى لە غەزاكاندا

ئەبووبەكری صدیق لە هەموو غەزاكاندا بەشدارى كرد و لە تاكە غەزایەكیشدا دوانەكەوت، تا ئەو كاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد بەردەوام لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و دەست و دەم و دڵی بۆ ئیسلام خستبوویە كار.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوو بۆ بەدر، پێش غەزاكە راى خەڵكی وەرگرت و فەرمووى راتان چیە؟ ئەبووبەكرى صدیق وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بیستوومانە ئەوان-قوڕەیش- لە فلآنە شوێنن، هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە خەڵكەكەى فەرموو راتان چیە؟ ئەمجار عومەرى كوڕی خەططاب هەمان قسەی ئەبووبەكری كرد، هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)راى هاوەڵانى وەردەگرت و فەرمووى راتان چیە؟ ئینجا سەعدى كوڕی موعاذ قسەی كرد و وتى: (مەبەسەتت ئێمەیە، سوێند بەوەى رێزدارى كردویت و قورئانى بۆ دابەزاندویت، من رێی وام هەرگیز نەگرتوەتەبەر و شارەزاییم لێی نیە، بەڵام ئەگەر بڕۆی تا بیركولغیماد لە یەمەن هاودەم بە تۆ دێین، ئێمە وەك ئەو بەنوئیسرائیلیانە نین كە بە مووسایان وت (اذهب أنت و ربك فقاتلا إنا هاهنا قاعدون) (خۆت و خواكەت بڕۆن بجەنگن، ئێمە لێرە دانیشتوین)، بەڵكو دەڵێین بڕۆ خۆت و پەروەردگارت بجەنگن و ئێمەش لەگەڵتاندا شوێنت دەكەوین، لەوانەیە تۆ بۆ شتێك دەرچووبیت و خواش شتێكی تری هێنابێتە ڕێت، بزانە ئەوەى خوا بۆی داناویت كامەیە ئەوە بگرەبەر، چ پەتێكت دەوێت بیگەیەنەو چ پەتێكت دەوێت بیپچڕێنە، لەگەڵ كێ دەتەوێت ئاشتی بكەو دژایەتى كێت دەوێت بیكە، چەندەت دەوێت لە سامانمان بیبە).[1]

عەلى كوڕی ئەبووطالیب دەڵێت لە غەزاى بەدردا عەریشێكمان –چادر یان كەپرێ- بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دروست كرد، وتمان كێ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)دەبێت بۆ ئەوەى كەس نزیكی نەكەوێت، كەس نەچوو، تەنها ئەبووبەكر نەبێت كە شمشێری هەڵكرد و لەلاى پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) وەستاو پاسەوانى دەكرد.[2]

دواتر لە جەنگەكەشدا لە كەنار پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كرد، كە دواتر موسڵمانان سەركەوتن و نزیكەی حەفتا كەسیان بەدیل گرت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راى ئەبووبەكر و عومەرى وەرگرت سەبارەت بە دیلەكان، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوانە لە هۆزى خۆت و ئامۆزایانى خۆتن، پێم وایە بە فیدیە ئازادیان بكەیت، بەوە ئەو دەستكەوتە دەبێت بە هێز بۆ ئێمە دژ بە بێباوەڕان، بەڵكو خواى گەورەش رێنموونیان بكات بۆ ئیسلام، عومەر وتى نابەخوا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، من راكەى ئەبووبەكرم نیەو پێم وایە بدەین لە گەردنیان، عەلى عەقیل بگرێت و بدات لە گەردنى، منیش فلآنە خزمى خۆم بگرم و بدەم لە گەردنى، ئەوانە رێبەرانى كوفرن، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راكەى ئەبووبەكری بەدڵ بوو، بۆ بەیانیەكەى عومەر چوو دەبینێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر دانیشتون و دەگرین، عومەر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی دەگرین؟ با ئەگەر كرا منیش بگریم و ئەگەریش گریانم بۆ نەهات بۆ گریانەكەى ئێوە بگریم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(بۆ ئەوە دەگریم كە هاوەڵەكانت وتیان با فیدیە وەربگرین لێیان، لە خوارووى ئەو درەختەوە-درەختێكی نزیك لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو- سزاى ئەوانەم بۆ خرایەڕوو-) ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە(ما كان لنبی أن یكون لە أسرى...).[3]

لە غەزاى ئوحودیشدا ئەبووبەكر بەشدارى كرد و یەكێك بوو لەوانەى لە كاتى ناڕەحەتى و بلآوەكردنى موسڵماناندا لە دەورى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) مایەوە.

ئەبووبەكرى صدیق دەڵێت كە خەڵكی لە ئوحوددا لە دەورى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بلآوەیان كردبوو، یەكەم كەس من بووم چووم بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، دەبینم كەسێك لە دەورى بەرگری لێدەكات، وتم دەى ئەوە طهلحە بێت بە دایك و باوكمەوە بەقوربانى بم، دواتر بینیم لە دوایشەوە كەسێك دەتوت باڵندەیەو دەفڕێت هات، خێرا خۆی گەیاندە من، دەبینم ئەبووعوبەیدەیە، خێرا پێكەوە چووین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و طهلحەش لەبەردەم پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كەوتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى فریاى براكەتان بكەون، تیرێك بەر تەوێڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و تیرێكیش بەر رومەتى كەوتبوو، ئەبووعوبەیدە وتى ئەی ئەبووبەكر سوێندت دەدەم بە خوا بهێڵە من لایبەرم، ئەوەبوو بە دەمى-ددانى-تیرەكەى گرت و هێواش هێواش دەریدەكرد و حەزى نەدەكرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازارى پێ بگات، دواتر ویستم من ئەو تیرەكەى تر دەربكەم، كەچی هەمدى ئەبووعوبەیدە سوێندى دام و بەهەمان شێوە ئەوی دیكەشی دەركرد.[4]

هەروەها ئەبووبەكر لە غەزاكانى بەنى نەضير و بەنیلموصطهلەق و خەندەقیشدا بەشدارى كرد.

لە غەزاى خەندەقدا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لاى سەعد، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باوەشی پێدا كرد و خوێن بەسەر پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەچۆڕا، كە ئەبووبەكر هات و ئەوەی بینی وتى وەى پشتی شكاوم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى وس ئەی ئەبووبەكر، دواتر عومەر هات كە ئەو حاڵەى بینی وتى إنا لله و إنا إلیە راجعون.[5]

ئەبووبەكر لە رێككەوتنى حودەیبیەشدا بەشدارى كرد و رۆڵێكى كاراى هەبوو، بەتایبەت لە دەمكوتكردنى عوروەدا كاتێك وتەى نەشیاوى بەرامبەر بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وت.[6]

كاتێك قوڕەیشیەكان پەیمانیان شكاند و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیاریدا هێرش بباتە سەر مەككە و فەتحى بكات، ئەبووسوفیان هات تا رێككەوتنەكە درێژ بكاتەوە، كە چووە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدایەوە، بۆیە چوو تكاى لە ئەبووبەكر و عومەر و عەلى كرد تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآى بۆ بكەن.[7]

كاتێك فەتحى مەككە كرا، ئەبووبەكر چوو باوكى هێنا بۆ مزگەوت، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بینی، فەرمووى با وازت لەو پیرە بهێنایە لە ماڵ بوایە تا من بچوومایە بۆ لاى، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو شیاوترە بێت بۆ لات نەك تۆ بچیت بۆ لاى، ئەوەبوو باوكى لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دانیشاند، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى هێنا بەسەر سنگیداو پێی فەرمو موسڵمان بە، ئەویش موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد رەنگى سپی سەری ئەبووقوحافە بگۆڕن.[8]

ئەبووبەكر لە غەزاكانى حونەین و طائیفدا بەشدارى كرد، ئەوەى جێی گومان نیە ئەوەیە كە ئەبووبەكر تا كاتى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو غەزاكاندا بەشدار بووە.



[1] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 35978.

[2] -  البداية والنهاية لابن كثر، ج3، ص 331.

[3] - صحيح مسلم، الرقم 3396.

[4] - صحيح ابن حبان، الرقم 7090و اللفظ له، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[5] - فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 1449.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 2601.

[7] - تاريخ الطبري، ج2، ص 154.

[8] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4309، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26353، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20096، حسنه شعيب الأرناؤوط.

 1247
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.