دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عوثمان (ئەبووبەكری صدیق) (رضي الله عنه) - بەشی حەوتەم

ماوەى خیلافەتى ئەبووبەكر

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و بەیعەت درا بە ئەبووبەكرى صدیق، ئەبووبەكر لە ماڵی حەبیبەى ژنى بوو كە لە ناوچەى سونح بوو و دوور بوو لە مزگەوتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو ماوەى شەش مانگ لە خیلافەتى رۆژانە بە پێ یان هەندێ جار بە سوارێك دەچوو بۆ ناو مەدینە بۆ لاى مزگەوت و دواتر دەگەڕایەوە بۆ ماڵی ئوممو حەبیبە.[1]

پرسی ئالوبەیت

پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتدان بە ئەبووبەكری صدیق، فاتیمەى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عەبباسی مامى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چوون بۆ لاى ئەبووبەكرو داواى میراتییان كرد، ئەبووبەكریش پێی راگەیاندن كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى دواى خۆی میراتى جێناهێڵێت و هەرچی جێهێشت ئەوە صەدەقەیە.[2]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فاطيمه داواى كرد لە ئەبووبەكر تا لە بەجێماوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتى پێ بدات، ئەبووبەكر پێی وت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى(چی بە میرات جێبهێڵین صەدەقەیە)، فاطيمه بەوە تووڕە بوو و دەنگى لە ئەبووبەكر وەرگرت و تا مرد هەروا بوو.[3]

چەند شەوێكی كەم بەسەر وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تێپەڕ بووبوو، ئەبووبەكرى صدیق نوێژی عەسری كرد بۆ موسڵمانان، كە لێبوونەوە هاتەدەرەوەو عەلیش لەگەڵیدا بوو دەرۆیشتن بە رێدا، ئەبووبەكر حەسەنى بینی كە لەگەڵ چەند منداڵێك یاری دەكرد، ئەبووبەكر حەسەنى گرتە قەلادۆشكان و دەیوت لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچێت نەك لە عەلى، عەلیش پێدەكەنى.[4]

  عەلى كوڕی ئەبووطالیب بەیعەتى دا بە ئەبووبەكری صدیق، زۆریش لێی رازى بوو، عەلى دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری پێشخست بۆ بەرنوێژی لەكاتێكدا من ئامادەو لەشساغیش بووم، ئەگەر بیویستایە منى پێشدەخست، بۆیە ئەو كەسەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ دینەكەمان پێی رازى بوو، ئێمەش بۆ دنیاكەمان پێی رازى بووین،[5] هەروەها دەیوت چاكترینی ئەم ئوممەتە دواى پێغەمبەرەكەى ئەبووبەكرو عومەرن.[6]

فەرموودەیەك بە صەحیحی هاتووە كە مشتومڕێك لەسەر روانینی عەلى بۆ میراتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەخاتەڕوو، ئەمەش دەقی فەرموودەكەیە:

مالیكی كوڕی ئەوس دەڵێت عومەرى كوڕی خەططاب ناردى بە شوێن مندا، منیش چووم بۆ لاى و ئەوكات خۆر لە بەرزایی ئاسمان بوو، دەبینم لە ماڵەوە دانیشتووەو لەسەر پشتیەكى پێستە پاڵى داوەتەوە، پێی وتم ئەی مال-ناوەكەى كورت كردوەتەوە- خەڵكێ لە هۆزەكەت هاتن و منیش بەخششێكی كەمم كردن، بڕۆ لە نێوانیاندا دابەشی بكە، منیش وتم بریا كەسێكی ترت لەبری من راسپاردایە، ئەویش وتى مالیك لێنەوە، ئینجا یەرفە ْ پەردەدارەكەى عومەر- هات و وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەت دەدەیت عوثمان و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و زوبەیر و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص بێنە ژوورەوە؟ عومەر وتى بەڵێ، ئەویش مۆڵەتى پێدان و هاتنە ژوورەوە، ئینجا یەرفە ْ هاتەوەو وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەتى عەبباس و عەلى دەدەیت بێنە ژوورەوە؟ وتى بەڵێ، مۆڵەتى دا و ئەوانیش هاتنە ژوورەوە، عەبباس وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران لەنێوان من و ئەم درۆزنە تاوانبارە ناپاكە خیانەتكارەدا دادوەری بكە-مەبەستى عەلى بوو-، ئەوانەى لەوێ ئامادە بوون وتیان بەڵێ ئەی ئەمیری باوەڕداران دادوەری نێوانیان بكەو رەحم بەرامبەریان بنوێنە، -مالیك دەڵێت وام هاتە پێش چاو ئەو چوارەش بۆ هەمان شت هاتبوون بۆ لاى عومەر-، عومەر وتى لەسەرخۆ بن، دواتر روویكردەوە ئەو دەستەیە و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، ئینجا تەماشای عەلى و عەبباسی كرد و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى دەى خوا تایبەتمەندیەكى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەخشیوە كە بە هیچ كەسی تری نەبەخشیوە، خوا دەفەرموێت (وَمَا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَى رَسُولِهِ مِنْهُمْ فَمَا أَوْجَفْتُمْ عَلَيْهِ مِنْ خَيْلٍ وَلَا رِكَابٍ وَلَكِنَّ اللَّهَ يُسَلِّطُ رُسُلَهُ عَلَى مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ)، لەوەش ئەوەى بەنو نەضير بوو، دەى بەخوا تایبەتى نەكرد بە خۆی و بێبەشی نەكردن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەرجى ساڵێك یان خەرجى ساڵێكی خۆی و خێزانەكانى لێ هەڵدەگرت و ئەوەى دەمایەوە لە رێی خوادا دەیبەخشی، ئینجا عومەر روویكردە ئەو چوارەى تر و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەوە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، ئینجا لایكرد بە لاى عەلى و عەبباسدا و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەم دوانەشتان ئەمە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد ئەبووبەكر وتى من دۆست و وەلى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم)، تۆ-عەبباسى دەدواند- و ئەمە-واتە عەلى- چوون بۆ لاى ئەبووبەكر، تۆ میراتى برازاكەتت داوا دەكرد-واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- ئەمیش میراتى ژنەكەى-واتە فاطيمه- لە باوكیەوە –واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- داوا دەكرد، ئەبووبەكر وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى(میراتى جێناهێڵین، ئەوەى جێی دەهێڵین صەدەقەیە)، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى درۆ دەكات و تاوانبار و ناپاكە، خواش دەزانێت راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو بوو و شوێن حەق كەوتبوو، ئەوەبوو دەسەلآتى گرتەدەست، دواتر كە ئەبووبەكر وەفاتى كرد من وتم من دۆست و وەلى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دۆست و وەلى ئەبووبەكرم، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى من درۆ دەكەم و تاوانبار و ناپاك و خیانەتكارم، خواش زانایە كە من راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو و شوێنكەوتەى حەقم، ئەوەبوو دەسەلآتم گرتەدەست، ئینجا ئێستا تۆ و ئەمە و هەموو ئێوەش هاتون و قسەتان یەكەو لەو بارەوە پرسیار لە من دەكەن-واتە بارى دەسەلآت-، منیش دەڵێم ئەگەر ئەم دوانەتان دەتانەوێت ئەوە بدەمە ئێوەو بەرامبەر بەوە بەڵێنی خواتان لەسەر بێت كە بەو جۆرەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری بوو لەسەری بڕۆن، لەسەر ئەوە لە منى وەربگرن و دواتر بێن بۆ لام و داوا بكەن بە بارێكی تر-جیا لەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەرۆیشت- دادوەری نێوانتان بكەم؟! نا بەخوا تا رۆژی دوایی جگە لەوە-كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەچوو- دادوەرى نێوانتان ناكەم، ئەگەریش دەرەقەتى ئەوە نایەن ئەوە بیدەنەوە دەست خۆم.[7]

لەم فەرموودەدا بۆمان دەردەكەوێت لەلایەكەوە هەموو ئەو هاوەڵانە دانیان بەوەدا ناوە كە بیستوویانە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتێ جێناهێڵێت و لەوەدا ئەبووبەكر لەسەر حەق بوو كە میراتى نەبەخشی بە فاطيمه، هەروەها بەڵگەیە لەسەر بوونى كێشەى نێوان هاوەڵان و هەوڵدانیان بۆ چارەسەركردنى، هەروەها عومەر لە هەڵوێستی عەلى و عەبباسەوە روانینی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستەیان نیشانداوە كە لەوانەیە ئەوان ئەویش و ئەبووبەكریش بە درۆزن و ناپاك تەماشا بكەن، لەكاتێكدا بەپێی گێڕانەوەى تر كە باسمان كردووە ئەو گومانە نەبووە، بەڵام ئەم دەربڕینە هاوشێوەی ئەوەیە كەسێك كە بەرامبەرەكەى دەدوێنێت بۆ زیاتر سەلماندنى حەقبوونى دەڵێت هەرچەندە تۆ وادەزانیت من ئاواو ئاوەهام، لەلایەكەوە تا ئەگەر ناخى بەرامبەر شتێكی تێدا بێت رێی بۆ بكاتەوە تا ئاشكراى بكات، لەلایەكی تریشەوە تا پێی بڵێت من رام وایە تۆ وا بیر دەكەیتەوە.

كاتێ ئەبووبەكر وەفاتى كرد بە بەرگێ دایانپۆشی و گریان مەدینەى گرتەوەو خەڵكى شڵەژان چەشنى ئەو رۆژەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد، عەلى كوڕی ئەبووطالیب خێرا بە گریانەوە گەڕایەوەو دەیفەرموو (ئەمڕۆ خیلافەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابڕا)، ئینجا هات تا گەیشتە بەردەرگاى ئەو ماڵەى ئەبووبەكری تێدا بوو، وەستا و وتى: (بەر رەحمەتى خوا كەویت ئەی ئەبووبەكر، تۆ یەكەم كەس بوویت موسڵمان بوویت، لەهەمووان پوختتر و دڵسۆزانەتر باوەڕت هێنا، دڵنیایی و بێگومانیت لە هەموان زیاتر بوو، لە هەموان لەخواترس تر و دەوڵەمەندتر بوویت و لە هەموان زیاتر لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت... پلەوپایەت لە هەموویان بەرزتر بوو، پێشرەوى هەموویان بوویت، پلەت لەهەموویان بەرزتر بوو، لە هەموویان زیاتر لە پێغەمبەرى خواوە نزیك بوویت، لەرووى رەوشت و هەڵوێستەوە لە هەموان زیاتر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوویت، لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموویان جێ متمانەتر و پایەبەرزتر بوویت و بەڕێزتریان بوویت لە خزمەتیدا، دەى خواى گەورە لەسەر ئیسلام و پێغەمبەرەكەى و موسڵمانان پاداشتى خێرت بداتەوە، كاتێ خەڵكى پێغەمبەرى خوایان بە درۆزن دەزانى تۆ بەراستت دەزانى، بۆیە خواى گەورە لە كتێبەكەى خۆیدا بە صدیق ناوى هێنایت (و الذي جاء بالصدق)، كاتێ خەڵكى بەرامبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پیسكە بوون، تۆ شوێنكەوتە و دڵنەواكەرى بوویت، كاتێ خەڵكى دانیشتن و لەگەڵی نەچوون تۆ لەگەڵیدا راوەستایت، لەكاتى سەختیدا بە جوانترین شێوە هاوەڵی ئەوت كرد، سوكناییت بۆ دەهێنا و هاوڕێی كۆچ و باروحاڵی نارەحەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت، دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەجوانترین شێوە خیلافەتت كرد بۆ ئوممەتەكەى، كاتێ خەڵكى لە ئیسلام هەڵگەرانەوە بەجۆرێك ئایینی خوات بەجێگەیاند كە خەلیفەى هیچ پێغەمبەرێكى پێشتر وا بەجێی نەگەیاندووە، كاتى لاوازى هاوەڵانت بەهێز بوویت، كاتى ترسی ئەوان سەرپێ راوەستایت، وێڕاى پێ ناخۆشبوونى دووروان و بێزارى و توورەیی بێباوەران دەستت گرتبوو بە  رێباز و بەرنامەى پێغەمبەرى خواوە، كاتێ دەوروبەرت شكستیان خوارد بە رووناكى خوا خیلافەتت گرتەدەست، لەسەروو هەموویانەوە بویت و لەهەموشیان كەمتر قسەت دەكرد و لە هەموان زیاتر راستیت دەپێكا و لە هەموان زیاتر بێدەنگ دەبوویت، رەوانبێژی و بڕیاردروستی و دلێری و دڵنیایی و كرداری چاك و شارەزاییت بە كارەكان لە هەموان زیاتر بوو، بۆ ئیسلام  سەرگەورەیەك بوویت و بۆ باوەڕدارانیش باوكێكى میهرەبان، كاتێ بە خاوخێزانەوە دەهاتنە لات بارى قورسی لاوازى ئەوانت دەگرتە ئەستۆ، چییان لەدەست دەدا تۆ دەتپاراست، چییان پشتگوێ بخستایە تۆ ئاگادارى دەبوویت، كاتى كەمصەبری ئەوان خۆڕاگر بوویت، ئەوەى ئەوان هەوڵیان بۆ دەدا تۆ پێی گەیشتیت، بەهۆی تۆوە گەیشتن بەوەى كە چاوەڕێ نەبوون دەستیان بكەوێ، بۆ بێباوەران سزایەك بوویت و دەرژایت بەسەریاندا، بۆ باوەردارانیش بارانى رەحمەت و بەرەكەت بوویت، بارانى دەوڵەمەندى و سوكنایی و پارێزگارى بوویت... وەك شاخێ وابوویت كە رەشەبا نایجووڵێنێت و شكێنەرەكان لەناوى نابەن... كەسی لاواز و زەلیل لاى تۆ بەهێز بوو تا مافت بۆ وەردەگرتەوە، كەسی بەهێز و بە دەسە{تیش لاى تۆ زەلیل و لاواز بوو تا كاتێ مافت لێ وەردەگرتەوە، لەوەشدا دوور و نزیك لاى تۆ وەك یەك بوون...  بەخوا پێشڕەیو زۆرت كردو ئەوەى دواى تۆ دێت چاك ماندووی دەكەیت ... رازین بە قەزاى خودا و ملكەچی كارو فەرمانى دەبین، دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) موسڵمانان بە هیچ شتێ هێندەى مەرگى تۆ موصیبەتبار نابن... خواى گەورە بتگەیەنێتەوە بە پێغەمبەرەكەت و ئێمەش لە پاداشتت بێ بەش نەكات و دواى تۆ گومڕامان نەكات) خەڵكى بێدەنگ بووبوون تا وتەكانى تەواو بوون، دواتر هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گریان و وتیان راستت فەرموو ئەى ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[8]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 186.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 315.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2943.

[4] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 43 و اللفظ له، صحيح البخاري، الرقم 3370، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 33، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2464، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 239،

[5] - فضائل الخلفاء الراشدين لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 190، الشريعة للآجري، الرقم 1775.

[6] -  ناية الإرب للنويري، ج19، ص 29.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 2944، صحيح مسلم، الرقم 3389 و اللفظ له، صحيح ابن حبان، الرقم 6712، سنن أبي داود، الرقم 2589، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6127،

[8] -  البحر الزخار مسند البزار، الرقم 831، الشريعة للآجري، الرقم 1781، السنة لأبي بكر بن الخلال، الرقم 346، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 841.

 1251
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.