دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی قەیس(ئەبوو مووساى ئەشعەرى) (رضي الله عنه) - بەشی دووەم

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان بوو بە خەلیفە، عوثمان ئەبوو مووساى لە پۆستەكەى هێشتەوە، دواتر لایبرد و ئیبن عامیری لە شوێنیدا دانا، ئەبوو مووسایش لە بەصرەوە چوو بۆ كووفەو لەوێ مایەوە تا ئەوەى خەڵكی كووفە سەعیدی كوڕی عاصیان دەركرد و داوایان كرد لە خەلیفە عوثمان تا ئەبوو مووساى ئەشعەری بكات بە والییان، ئەویش ئەبوو مووساى كرد بە والییان، ئەبوو مووسا بەردەوام والى كووفە بوو تا ئەو كاتەى عوثمانى كوڕی عەففان كوژرا، كە عەلى كوڕی ئەبوو تالیب بوو بە خەلیفە ئەبوو مووساى لە والیەتى كووفە لابرد.[1]

كاتێك عەلى كوڕی ئەبووطالیب و موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان رێككەوتن لەسەر دانانى دوو دادوەر بۆ چارەسەری كێشەی نێوانیان و پێدانى دەسەلآتى تەواو پێیان تا بڕیاری كۆتایی بدەن، موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان عەمرى كوڕی عاصی راسپارد، عەلى كوڕی ئەبووطالیبیش ئەبوو مووساى ئەشعەرى راسپارد، هەرچەندە داواى لێكرا كە ئیبن  عەبباس بكات بە دادوەر، بەڵام لەلایەكەوە لەبەر فشارى یەمانیەكان و لە لایەكی تریشەوە لەبەر زانینی پلەوپایەى ئەبوو مووسا خەلیفە عەلى كوڕی ئەبووطالیب ئەبوو مووساى بۆ ئەو ئەركە راسپارد، خەلیفە بە ئەبوو مووسا و عەمرى كوڕی عاصیشی وت لەسەر بنەماى قورئان حوكم بدەن، قورئانیش پشتیوانى منە، ئەگەر بەپێی قورئان حوكم نەدەن بڕیارتان بۆ نیە.[2]

لێرەدا گێڕانەوەیەكى باو و بلآو سەبارەت بە دادوەریەكە هەیە كە زۆرێك لە سەرچاوەكان هێناویانەو كردوویانە بە بەڵگەیەك بۆ تانەدان لە  هەریەك لە ئەبوو مووساى ئەشعەرى و عەمرى كوڕی عاص، دەستەیەكیش وەڵامى ئەو گێڕانەوەیان داوەتەوە، بە كورتى هەردوو راكە دەخەینەڕوو:

ئەبوو موخنەف دەڵێت ئەبووجونابی كەلبی بۆی گێڕامەوە كاتێك عەمر و ئەبوو مووسا لە دەومەتولجەندەل كۆبوونەوە، عەمر پێش ئەبوو مووسا قسەی كرد و وتى تۆ هاوەڵی پێغەمبەرى خوایت و لە من بەتەمەنتریت، تۆ قسە بكەو منیش دواتر قسە دەكەم، لە هەموو شتێكدا عەمر ئەبوو مووساى پێشدەخست و بەوە خەڵەتاندى تا پێشتر ئەو عەلى كەنار بخات، عەمر دواتر ویستی موعاویە بهێڵێتەوە، بەڵام ئەبوو مووسا رازى نەبوو، ئینجا ویستی كوڕەكەى خۆی دابنێت، بەڵام رازى نەبوو، ئەبوو مووسایش ویستی عەبدوڵاى كوڕی عومەر دابنێن، بەڵام عەمر رازى نەبوو، عەمر وتى راى خۆتم پێ بڵێ، ئەبوو مووسا وتى رام وایە ئەم دوو پیاوە(عەلى و موعاویە) لا ببەین و مەسەلەكە بكەین بە شووراى نێوان موسڵمانان و موسڵمانان خۆیان بە حەزى خۆیان كەسێك هەڵبژێرن، عەمر وتى منیش هاوڕاى تۆم، ئەوەبوو چوون بۆ لاى خەڵكەكەو ئەبوو مووسا پێشتر قسەی كرد و وتى راى من و عەمر لەسەر یەك شتە كە هیوامان وایە خواى گەورە بەو هۆیەوە بارى ئەم ئوممەتە رێك بخات، عەمر وتى ئەبوو مووسا راست دەڵێت، ئەبوومووساى پێشخست، ئیبن عەبباس بە ئەبوومووساى وتماڵوێران وادەزانم لەخشتەت دەبات، ئەگەر ئێوە لەسەر شتێك رێككەوتون دەى تۆ ئەو پێش بخە با ئەو قسەكەى بكات ئینجا تۆ قسە بكە، چونكە عەمر كەسێكی ناپاكە...ئەبوومووسا سادە بوو و پێی وت ئێمە رێككەوتویننبۆیە پێشكەوت و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر وتى ئەی خەڵكینە ئێمە تەماشای بارى ئەم ئوممەتەمان كرد و باشترین شت بۆ ئەوە كە راى من و عەمری لەسەرە ئەوەیە عەلى و موعاویە لابەرین و ئەم ئوممەتە رووبكەنە مەسەلەكەو خۆیان بە حەزى خۆیان كەسێك بكەنە ئەمیر، وا من عەلی و موعاویەشم لابرد و ئێوە خۆتان كەسێك بكەن بە ئەمیر كە بە باشی دەزانن، دواتر ئەبوو مووسا كەنارى گرت و عەمرى كوڕی عاص هەستا و هاتە شوێنەكەى و سوپاس و ستایشی خواى كرد و وتى قسەكانى ئەوتان بیست كە هاوەڵەكەى خۆی لابرد، منیش وەك ئەو هاوەڵەكەى خۆی لادەبەم و موعاویەی هاوەڵم دەهێڵمەوە، چونكە ئەو وەلى عوثمانى كوڕی عەففانەو داواكارى خوێنی ئەوە و شیاوترین كەسە بە شوێنەكەى، ئەبوو مووسا وتى چیتە خوا مۆفەقت نەكات ناپاكیت نواند و لاتدا، نموونەى تۆ وەك سەگ وایە، عەمریش وتى نموونەى تۆیش وەك كەر وایە، جا شورەیحی كوڕی هانی ْ هەڵیكوتایە سەر عەمر و بە قامچی لێیدا، كوڕێكى عەمریش هەڵیكوتایە سەر شورەیح و بە قامچی لێیدا، خەڵكی هەستان و جیایان كردنەوە، جا شورەیح دواتر دەیوت پەشیمانم لەوەى لە بری قامچیەكەم بە شمشێر نەمدا لە عەمر...ئیبن عەبباسیش دەیوت خوا ئەبوو مووسا بێزراو بكات خۆ من هۆشیارم كردەوە كەچی وەرینەگرت... جا عەمر و شامیەكان گەڕانەوە بۆ لاى موعاویەو خیلافەتیان پێ سپارد و ئیبن عەبباس و شورەیحیش گەڕانەوە بۆ لاى عەلى، جا كە نوێژی بەیانى دەكرد لە قنووتدا نزاى دەكرد خوایە نەفرینت بنێرە بۆ موعاویەو عەمر و ئەبولئەعوەرى سولەمی و حەبیب و عەبدوڕەحمانى كوڕی خالید و ضهححاكى كوڕی قەیس و وەلید، موعاویەش كە ئەوەی بیست لە هەموو قنووتێكدا دەستی دەكرد بە نەفرین كردنى عەلى و ئیبن عەبباس و ئەشتەر و حەسەن و حوسەین.[3]

ئەم گێڕانەوەیە هی ئەبوو موخنەفە كە یەكێكە لەو شیعانەى زۆرترین گێڕانەوەى دژ بە هاوەڵان و ئەهلى سوننە تۆمار كردووە، ناوەڕۆكی گێڕانەوەكەشی زۆر جێی گومانە و ئەم تۆمەتانەى لێدەكەوێتەوە:

یەكەم: بە گەمژەو نەفام دانانى ئەبوو مووساى ئەشعەرى لە كاتێكدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى نارد بۆ یەمەن و بەرپرسیارێتی پێ سپارد، هەر لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) یەكێك بوو لەو چوار كەسەی كە فتواى دەدا، لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططاب و عوثمانى كوڕی عەففانیشدا والى و بەرپرس بوو.

دووەم: بە ناپاك دانانى عەمرى كوڕی عاص كە هاوەڵێكی ناسراوى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و پێدانى سیفەتى ناپاكى پێی.

سێیەم: زمانى ئەبوو مووسا هى قسەوتنى وا ناشیرین نەبوو، زمانى عەمریش هەروا، هاوكات زمانى عەلى كوڕی ئەبووطالیب زمانى ئەو هەموو نەفرینە نیە لەو هەموو كەسە، ئەویش لەكاتى نوێژی بەیانیدا، هەروەك زمانى موعاویەش ئەو زمانە نەبوو.

چوارەم: ئەگەریش وابێت، خۆ مەرجى رازیبوون ئەوەیە هەردوولا لەسەر یەك وتە رێككەوتبن، خۆ ئەبوو مووسا وتى وا رێككەوتوین هەردووكیان لابەرین و وا من عەلى و موعاویەشم لابرد، بۆیە ئەگەریش عەمر وایكردبێت، ئەوە كارەكەى سەركەوتوو نەبووە.

بۆیە ئەم گێڕانەوەیە زیاتر دەمارگیری توندى مەزهەبی شیعەى پێوە دیارەو زۆر دووبارەبوونەوەشی لە سەرچاوەكاندا تەنها لەم بنەڕەتەوەیە كە گێڕەرەوەكەى ئەبوو موخنەفی شیعەیە، خواش زاناترە بە راستیەكان.

سەبارەت بە گێڕانەوەى دووەم دەقی نووسینەكەى ئیبنولعەرەبی لە كتێبی (الصواصم من القواصم) دادەنێین سەبارەت بە مەسەلەى تەحكیم (دادوەری):

خەڵكی سەبارەت بە تەحكیم حوكمیان داوەو شتانێكیان وتووە كە خوا پێی رازى نیە، ئەگەر جیا لە ئایینداریش بە چاوى پیاوەتى تەماشاى بكەیت، تێدەگەیت لە نووسینەكاندا بێماناییەك هەیە كە زیاتر بێدینیەو كەمترین شت بیڵێین دەڵێین نەفامیەكى روونە، ئەوەى لەو بارەوە راستە ئەوەیە كە پێشەوایانى وەك خەلیفە ئیبن خەییاط و دارەقوطنى گێڕاویانەتەوە كە كاتێك دەستەى عێراقی بە سەد هەزار و دەستەى شامى بە حەفتا یان نەوەد هەزارەوە دەرچوون و لە صفین لاى فورات دابەزین و لە رۆژی سێ شەممەو  لە بەرەبەیانەوە جەنگان و خەڵكی عێراق سەركەوتن بەسەریاندا، دواتر رۆژی چوارشەممە لە حەوتى صەفەرى ساڵی سی و حەوت هەمدى جەنگان تا ئەو كاتەى دوو كەس لە هەردوو لابڕیارى دادوەرییان پێدرا، لە بەرەی عەلیەوە پێنج شەممەو رۆژی هەینی و شەوی شەممە بوو، خەڵكی شام قورئانەكانیان بەرز كردنەوەو داواى رێككەوتنیان كرد و هەموان بلآوەیان لێكرد و لەسەر ئەوە رێككەوتن هەر دەستەیەك باری خۆی بداتە دەست كەسێك، ئەبوو مووسا لە بەرەى عەلى و عەمرى كوڕی عاص لە بەرەی موعاویەوە، ئەبوو مووسا كەسێكی زۆر خواناس و زانا و فیقهناس بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە موعاذ ناردبووى بۆ یەمەن و عومەر پایەی پێدابوو و وەسفی تێگەیشتوویی كردووە، ئەو دەستە زبرە مێژووییە وتەى ناراستە كە ئەبوو مووسا بە گەمژەو ڕا لاواز و هەڵخەڵەتاو لە قسەدا وەسف دەكات و ئیبنولعاصیش بە زیرەك و لێزانى وا وەسف دەكات كە بە نموونە باسكراوە و جەخت دەكەنەوە لەو ویستی خراپەی هەیبووەو هەندێ نەفامیش شوێن ئەو رایە كەوتوون و چیرۆك و شتانێكی وایان سەبارەت بە ئەو و هاوەڵانى تریش نووسیوە.. دەڵێن كاتێك ئەوان لە ئەذرەح لە دەومەتولجەندەل كۆبوونەوە و دانووستانیان كرد و ریككەوتن لەسەر ئەوەی هەردوو لا بەرپرسانیان لاببەن، عەمر بە ئەبوومووساى وتووە تۆ پێشتر قسە بكە، ئەویش پێشكەوت و وتى من لە مەسەلەكە ورد بوومەوەو عەلیم لە پۆستەكەى لابرد و با موسڵمانان لەنێو خۆیاندا بڕیار بدەن وەك چۆن شمشێرەكەشم لە گەردنم لابرد، ئەوەبوو لایبرد و لەسەر زەوى داینا، عەمریش هەستا و شمشێرەكەى خستە سەر زەوى و وتى من لە مەسەلەكە رامام  و موعاویەم لە مەسەلەكەدا هێشتەوە و ئەم شمشێرەشم لە گەرنمدا دەهێڵمەوە، ئەبوو مووسا بەوە نارازى بوو و سەركۆنەى كرد و عەمریش وتى وا رێككەوتین، خەڵكەكە بەو بارى ناكۆكیە بلاوەیان لێكرد، ئەمە درۆیەكى راشكاوەو یەك پیتیشی لە راستیدا رووینەداوەو داهێنەران و مێژوونووسانى پاشایان ئەمەیان داناوەو خەڵكێ كە بە ئاشكرا لە فەرمانى خوا دەردەچن و بیدعە دەنوێنن بە میراتى ئەو وتانەیان وەرگرتووە، ئەوەى چەسپاوەو زانایانى راستبێژ گێڕاویانەتەوە ئەوەیە كاتێك ئەو دوانە كۆبوونەوە تا لە مەسەلەكە رامێنن و دەستەیەكى رێزدارى خەڵكیش ئامادە بوون لەوانە ئیبن عومەر و هاوچەشنانى، عەمریش موعاویەی كەنار خستووە، دارەقوطنى بە سەنەدى خۆی لە حوصەینی كوری مونذیرەوە هێناویەتى كاتێك عەمر موعاویەی كەنارخست، حوصەین چوو لە نزیك چادرەكەى موعاویەوە چادرى هەڵدا، موعاویە كە هەواڵی بیست ناردى بە شوێنیدا و وتى بیستوومە عەمر ئاواو ئاواى وتووەو كردووە، جا بڕۆ بزانە ئەوە چیە من لە بارەیەوە بیستوومە، حوصەین دەڵێت منیش چووم بۆ لاى و وتم باسی ئەو كارەم بۆ بكە كە تۆ و ئەبو ومووسا بۆی راسپێردراون چیتان كرد، ئەویش وتى خەڵكی قسەی خۆیان لەو بارەوە كرد، بەخوا بارەكە وەك ئەوەى ئەوان نەبوو، بەڵكو من بە ئەبوو مووسام وت رات لەم بارەیەوە چیە، ئەویش وتى من پێم وایە دەسەلآت بۆ یەكێك لەو كەسانە بێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و لێیان رازى بوو، منیش وتم ئەی من و موعاویە چی لێدەكەیت؟ وتى پشتتان پێ ببەستێت چونكە ئێوە پشتیوانیتان لەدەست دێت، حوصەین چوویەوە بۆ لاى موعاویەو بەسەرهاتەكەى وەك خۆی بۆ گێڕایەوە، ئەویش ناردى بۆ لاى ئەبیلئەعوەرى ذەكوانى و بە سوارەكانیەوە ناردى، ئەویش چوو سوارى ئەسپەكەى بووو غارى دەدا و دەیوت كوا دوژمنى خوا؟ كوا ئەو فاسقە؟ عەمر چوو بۆ لاى ئەسپێكی لەژێر چادرەكەیدا و بێ زین هێنایە دەرەوەو بەرەو لاى چادرەكەى موعاویە غارى دەدا و دەیوت (إن الضجور قد تحتلب العلبة يا معاوية إن الضجور قد تحتلب العلبة) جار هەیە وشترى شیردەر سەتڵی شیرەكە پڕ دەكات ئەی موعاویە جار هەیە وشترى شیردەر سەتڵی شیرەكە پڕ دەكات.[4]

سەبارەت بە كاتى وەفاتى ئەبوو مووساى ئەشعەری چەند رایەك هاتووە، دەوترێت لە كووفەو لە ساڵی چل و دووى كۆچی وەفاتى كردووە، یان ساڵى چل و چوارى كۆچی و لە تەمەنى شەست و سێ ساڵیدا، یان ساڵی چل و نۆ یان پەنجا یان پەنجا و دوو یان پەنجا و سێی كۆچی،[5] ذەهەبی دەڵێت راى دروست ئەوەیە كە لە مانگى ذیلحیججەى ساڵی چل و چوارى كۆچیدا وەفاتى كردووە.[6]

ئەبوو موساى ئەشعەرى كەسێكى زۆر بەشەرم بوو، ئەوەتا خۆی دەڵێت لەتاو شەرمم لە خوا لە شوێنی تاریكدا خۆم دەشۆم و لەكاتى خۆشۆردنیشدا خۆم دەچەمێنمەوە.[7]

ئەبوو مووساى ئەشعەری یەكێكە لەو هاوەڵانەى كە فەرموودەى زۆری لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.

ئەبوو مووسا دەڵێت كابرایەكى ئەعرابی بە پێغەمبەرى خواى وت كەسی وا هەیە لەبەر دەستكەوت دەجەنگێت، كەسی وا هەیە بۆ ئەوەى باس بكرێت دەجەنگێت، كەس هەیە بۆ ئەوەی پێگەى دیار بێت دەجەنگێت، كامیان لە رێی خوادایە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (من قاتل لتكون كلمة الله هي العليا فهو في سبيل الله[8] (هەركەس بجەنگێت لە پێناو ئەوەى وتەى خوا بالآ بێت ئەوە لە رێی خوادایە).

ئەبوو مووساى ئەشعەری دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (أطعموا الجائع و عودوا المريض و فكوا العاني[9] (نان بدەن بە برسی و سەردانى نەخۆش بكەن و كەسی دیل –یان گیرۆدە-ئازاد –رزگار- بكەن).

ئەبوو مووسا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە كاربەدەستانى خۆی دەنارد بۆ شوێنێك دەیفەرموو (بشروا ولا تنفروا و یسروا ولا تعسروا)،[10] (موژدەبەخش بن و خەڵكی وا لێ مەكەن دوور بگرن، ئاسانكارى بكەن و بارگرانى مەكەن).



[1] - أسد الغابة، 3، ص 377.

[2] - أسد الغابة، ج3، ص 377.

[3] - تأريخ الطبري، ج3، ص 113.

[4] - العواصم من القواصم لابن العربي،  178-181.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 377.

[6] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص 398.

[7] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 113-114.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 2975، صحيح مسلم، الرقم 3615، سنن أبي داود، الرم 2169، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4213، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17245، مسندأحمد بن حنبل، الرقم 19157، مسند الطيالسي، الرقم 483، مسند الروياني، الرقم 512.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 5063، صحيح ابن حبان، الرقم 3383، سنن أبي داود، الرقم 2715، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8392، السنن الكبرى للبيهقي، الرم 6187، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19082، مسند الطيالسي، الرقم 485، مسندأبي يعلى الموصلي، الرقم 7159، المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 2642.

[10] - صحيح مسلم، الرقم 3349، سنن أبي داود، الرقم 4216، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19137.

 1843
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.