دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەبیەضى كوڕی ئەسوەد(رضي الله عنه)

ئەمە یەكێك بوو لەو كەسانەى كە چوون بۆ كوشتنى ئیبن ئەبولحوقەیق.[1]

ئیبن ئەبولحوقەیق كە ناوى سەلام بوو و بە ئەبوو رافع ناسرابوو، یەكێك بوو لەوانەى خەڵكی هاندەدا تا دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆببنەوە بۆ جەنگى ئەحزاب، موسڵمانان حەزیان دەكرد لەناوى ببەن، پێشتر ئەوسیەكان بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەعبی كوڕی ئەشرەفیان كوشتبوو، بۆیە خەزرەجیەكانیش حەزیان دەكرد بگەنەوە بە برا ئەوسیەكانیاندا، ئەمەیان بە دەرفەت زانى و دواى جەنگى خەندەق داوایان كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا مۆڵەتیان بدات بچن بۆ كوشتنى ئیبن ئەبولحوقەیق كە لە خەیبەر دادەنیشت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێدان.[2]

لە سەرچاوەكاندا ناوى پێنج كەس هاتووە كە چووبن، ئەوانیش (عەبدوڵاى كوڕی عەتیك، مەسعوودى كوڕی سینان، عەبدوڵاى كوڕی ئونەیس، ئەبوو قەتادە حارثى كوڕی ریبعى، خوزاعى كوڕی ئەسوەد) [3] بەڵام لاى ئیبن سەعد[4] و ئیبن شەببە[5] بە ئەسوەدى كوڕی خوزاعى هاتووە.

هەروەها لە بڕێ لە سەرچاوەكانى فەرموودەدا تەنها ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەتیك هاتووە كە ئەمیریان بووە و ناوى كەسەكانى تر نەهاتووە، بەڵكو دەڵێن دەستەیەك لە هاوەڵان، وەك (البخاری، الرقم3843 و 3844، مصنف عبدالرزاق الصنعانى، 5226).

ناوى ئەم هاوەڵەش لە كتێبەكانى ژیانى هاوەڵاندا تەنها لاى ئیبن حەجەر هاتووە.

جا لەوانەیە جگە لەو پێنج كەسە كەسانێكى تریش چووبن، چونكە رەویانى پێی وایە دە كەس بوون چوون.[6]

لەبەرئەوەى ئیبن حەجەر كاتێ ناوى دێنێت هیچ گومانێك لە هاوەڵبوونى ناهێنێت و دەڵێت بەشدارى ئەو هێرشە بووە، هەروەها كتێبەكانى فەرموودەش بە گشتى ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەتیك دەهێنن لەگەڵ دەستەیەك لە پشتیوانان، ئەو فەرموودەى موسنەدی رەویانیش هەیە كە دەڵێت دە كەس بون، بۆیە بەرپەرچدانەوەى راكەى ئیبن حەجەر شتێكى یەكلا نیە.

ذەهەبی لە كتێبی (تاریخ الإسلام) دا ناوى حارثى كوڕی ئەبیەضى كوڕی ئەسوەد دەهێنێت، ئیتر نازانین مەبەستى بەم هاوەڵەیە یان نا، بەڵام بەپێی مردنەكەى بێت گومان زۆرە كە كوڕی ئەم هاوەڵە بێت، چونكە حارث لە ساڵی حەفتاو شەشى كۆچی مردووە.[7]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص23.

[2] - السيرة النبوية لإبن إسحاق، ج2ص431، البداية والنهاية، ج4ص137.

[3] -  السيرة النبوية لإبن إسحاق، ج2ص432، تأريخ الطبري، ج2ص56،  البداية والنهاية، ج4ص137.

[4] - الطبقات الكبرى لإبن سعد، ج2ص91.

[5] -  تأريخ المدينة، الرقم 760.

[6] - مسند الرويانى، الرقم 298.

[7] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج20ص330.

 2121
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.