دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبدوڵا) بووە - بەشی دووەم

عەبدوڵاى كوڕی جابیر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی جابیرە، لە پشتیوانانە، عەبدوڵا دەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئاو دەڕژا، وتم سەلامت لێ بێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، وەڵامى نەدامەوە، دووبارەم كردەوەو سەلامى نەدامەوە، تا سێ جار، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەوتەڕێ و منیش لە دوایەوە چووم تا چوویە ژوورەوەو منیش چوومە مزگەوت و بە دڵتەنگى دانیشتبوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوەو خۆی شۆردبوو و سێ جار فەرمووى و علیك السلام و رحمة الله، پاشان فەرمووى(ئەی عەبدوڵاى كوڕی جابیر خێرترین سوورەتى قورئانت پێ بڵێم؟ وتم بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى(الحمد لله رب العالمین بخوێنە تا تەواوى دەكەیت.[1]

عەبدوڵاى كوڕی جابیری عەبدى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی جابیری عەبدیەو وەك ئەندامێكی وەفدى عەبدولقەیس هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[2]

عەبدوڵاى كوڕی جەد(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵا كوڕی جەدى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[3]

عەبدوڵاى كوڕی جەراد(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی جەرادە، دواتر لە طائیف نیشتەجێ بوو.[4]

عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێك نوێژە بارانەى دەكرد دەیفەرموو (اللهم اسقنا غيثا مغيثا مريا، توسع به لعبادك، تغرز به الضرع، وتحيي به الزرع).[5]

عەبدوڵاى كوڕی جەعفەر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی جەعفەى كوڕی ئەبووطالیبە، ئامۆزازاى پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم) و كونیەكەى بە ئەبووموحەممەدو ئەبووجەعفەریش و ئەبووهاشمیش هاتووە، دایكی ناوى ئەسمائی كچی عومەیسە.[6]

دایك و باوكى عەبدوڵا كۆچیان كرد بۆ حەبەشە، لەوێ عەبدوڵا لەدایك بوو، یەكەم منداڵی موسڵمان بوو لە حەبەشە لەدایك بوو، لە كاتى غەزاى خەیبەردا جەعفەر هاودەم بە ژن و منداڵ و هاوەڵانى موسڵمانى هاتنەوە بۆ مەدینە.

عەبدوڵا دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دواى خۆیەوە سوارى وشترەكەى كردم، فەرموودەیەكى پێ فەرمووم كە هەرگیز بە كەسی ناڵێم.[7]

عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لە سەفەر دەهاتەوە، مندالآنى بنەماڵەكەى دەگرتە كۆش، جارێك پێشتر من برام بۆ لاى و لە بەردەم خۆیدا سوارى كردم، دواتر منداڵێكی فاطيمهش هێنرا بۆی و لە دواى خۆیەوە سوارى كرد، ئیتر هەرسێكمان بەسەر سوارەكەوە بووین تا چووینە ناو مەدینە.[8]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد تەمەنى عەبدوڵا نزیكەى دە ساڵان دەبوو.

عەبدوڵا لە سەردەمى خیلافەتى عەلیدا لەناو سوپاى عەلیدا بوو و لە جەنگى صفیندا سەركردەیەكى سەربازى ناو سوپاكە بوو.

دواجار عەبدوڵا لە ساڵی هەشتاى كۆچیدا وەفاتى كرد و ئەبانى كوڕی عوثمان كە ئەوكات ئەمیری مەدینە بوو نوێژی لەسەر كرد، رایەكیش دەڵێت لە ساڵی هەشتاو دوو یان هەشتا و چوارى كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو تەمەنى نەوەد ساڵ بوو و لە ساڵی نەوەدى كۆچیدا وەفاتى كرد.[9]

 

عەبدوڵاى كوڕی جوبەیر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی جوبەیری كوڕی نوعمانە، لە پشتیوانانەو براى خەواتى كوڕی جوبەیرە،[10] یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە، لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد.[11]

لە غەزاى ئوحودیشدا بەشدار بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی كردبوو بە بەرپرسی تیرهاوێژەكانو فەرمانى كردبوو تا خۆی هەواڵ نەنێرێت بە شكان و سەركەوتنى موسڵمانان ئەوان شوێنی خۆیان جێنەهێڵن، بەڵام كاتێك تیرهاوێژەكان بینییان موسڵمانان سەركەوتن، شوێنی خۆیان جێهێشت، عەبدوڵا داواى كرد وانەكەن، وتى مەگەر فەرمایشتی پێغەمبەری خواتان (صلى الله عليه وسلم) لەبیر كرد، بەڵام بەگوێیان نەكردو چوون،[12] كەمتر لە دە كەس لە دەورى مانەوە، عەبدوڵاش خۆی چی تیری پێ بوو هەمووى هاویشت، دواتر بە شمشێریش جەنگا تا شەهید بوو، بێباوەڕان كە دڵنیابوون لەوەى كوژراوە كەوتنە راكێشانى تەرمەكەى و تەرمەكەیان شێواند، رمیان دەكرد بە سكیدا.[13]

عەبدوڵاى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حارثى كوڕی جەزئی زوبەیدیە، سەرەتا ناوى عاصی بوو، بەڵام كە هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە عەبدوڵا، تا فەتحى میصر ژیاو دواتر چوو لەوێ نیشتەجێ بوو.[14]

عەبدوڵا دەڵێت جارێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گۆشتێكی برژاومان خوارد و لە مزگەوتدا بووین كە قامەت كرا بۆ نوێژ، تەنها دەستمان بە وردەچەو سڕی و تەواو.[15]

 

عەبدوڵاى كوڕی حارثه(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حارثهى كوڕی نوعمانە، باوكى یەكێكە لە هاوەڵانى ناسراوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێشتر لە پیتی (ح) دا باسمان كردووە، عەبدوڵا كوڕێكی هەبوو بە ناوى ئیبراهیم كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[16]

عەبدوڵاى كوڕی حارثى سەهمى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حارثى كوڕی قەیسی قوڕەیشی سەهمیە، زوو لە مەككە موسڵمان بوو و یەكێك بوو لە كۆچەرانى حەبەشە، دواتریش كە گەڕایەوە مەدینە بەشدارى غەزاكانى كرد و لە غەزاى طائیفیشدا بەشدار بوو، رایەك دەڵێت لەو غەزایەدا شەهید بوو، رایەكى تر دەڵێت لە جەنگى یەمامەدا تیایدا شەهید بوو، رایەكیش دەڵێت هەر لە حەبەشە كۆچی دوایی كرد.[17]

عەبدوڵاى كوڕی حارثى عەدوى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حارثى عەدویەو زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە كە ئەبووریفاعەیە، دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو، دواتر چووە بۆ كابول و لە ساڵی چل وچوارى كۆچی لەوێ كوژرا، رایەكیش دەڵێت گۆڕەكەى لە بەیهەقە.[18]

ئەبووریفاعە دەڵێت گەیشتمە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە وتارى دەدا، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەسێكی غەریبە هاتووە سەبارەت بە ئایینەكەى پرسیارت لێدەكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) روویكردە من و وازى لە وتارەكەى هێناو هات بۆ لام و كورسیەك هێنرا وابزانم پایەكانى لە ئاسن بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دانیشت و فێری ئیسلامى دەكردم، دواتر چوو وتارەكەى تەواو كرد.[19]

 

عەبدوڵاى كوڕی حارثى غامیدى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حارثى كوڕی كەثيری غامیدیە، سەرەتا ناوى عەبدشەمس بوو، بەڵام كە هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە عەبدوڵا و نامەیەكیشی بۆ نووسی، عەبدوڵا تا دواى وەفاتى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگ و فتووحاتەكاندا بەشدارى دەكرد و لە جەنگى قادسیەدا ئالآهەڵگری هۆزەكەى بوو.[20]

عەبدوڵاى كوڕی حارثى هاشمی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حارثى كوڕی عەبدولموطهلیبی هاشمیە، ئامۆزاى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) سەرەتا ناوى عەبدشەمس بوو، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا عەبدوڵا، پێش ئەوەى فەتحى مەككە بكرێت، عەبدوڵا كۆچى كرد بەرەو مەدینەو دواتریش لە غەزایەكدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوو و لە رێدا وەفاتى كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە جلێكی خۆیدا كفنى كرد.[21]

عەبدوڵاى كوڕی حارثى ئەنصارى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حارثى كوڕی هیشەیەو لە پشتیوانانەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود.[22]

عەبدوڵاى كوڕی حەفص(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حەفصى كوڕی غانمى قوڕەیشیە، یەكێك بووە لە هاوەڵە كۆچەرەكان و لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و ئالآى كۆچەرانى بە دەستەوەو بوو و لە جەنگەكەشدا شەهید بوو.[23]

عەبدوڵاى كوڕی حەكیم (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حەكیمی كوڕی حیزامە، خۆی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون و پێشتر لە پیتی (ح)دا باسی باوكیمان كردووە، ئەم هاوەڵە لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، دواتریش ژیا تا لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لەناو سوپاى عائیشەدا بەشدارى جەنگى جەمەلى كرد و كوژرا.[24]

عەبدوڵاى كوڕی حەنطهب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی حەنطهبی قوڕەیشیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى موطهلیب كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[25]

عەبدوڵا دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە تەماشایەكى ئەبووبەكر و عومەرى كرد و فەرمووى(ئەو دوانە چاو و گوێن).[26]



[1] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 17261، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 34.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 37.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 39.

[5] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6051،

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 40.

[7] - صحيح مسلم، الرقم 543.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 4559.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 42.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 35.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 475.

[12] - صحيح البخاري، الرقم 2895، صحيح ابن حبان، الرقم 4811، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10635، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18223.

[13] -الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 476.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 46.

[15] - سنن ابن ماجة، الرقم 3308، مسند رأحمد بن حنبل، الرقم 17365، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1506، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة الرقم 3311و قال دون مسح الأيدي.

[16] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5389.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 49.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 139.

[19] - صحيح مسلم، الرقم 1497، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1688، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 9488، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 5430، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20224.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 50.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 47.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 51.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 61.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 62.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 64.

[26] - سنن الترمذي، الرقم 3691، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4380، فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 654، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2091، حسنه الذهبي في التلخيص، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3671.

 1379
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.