دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەتتاب) بووە

عەتتابی كوڕی سولەیم (رضي الله عنه)

ناوى عەتتابی كوڕی سولەیمى كوڕی قەیسى قوڕەیشی تەیمیە، لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[1]

عەتتابی كوڕی شومەیر (رضي الله عنه)

ناوى عەتتابی كوڕی شومەیرە، عەتتاب دەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من باوكێكی پیر و مامێكم هەیە، دەچم بۆ لایان بەڵكو موسڵمان بن و بیانهێنم بۆ لات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەگەر موسڵمان بوون ئەوە چاكە بۆیان، ئەگەریش موسڵمان نەبوون ئەوە ئیسلام پان و فراوانە).[2]

عەتتابی كوڕی ئەسید(رضي الله عنه)

ناوى عەتتابی كوڕی ئەسیدی كوڕی ئەبیلعیصى كوڕی ئومەییەی ئومەویە، كونیەكەی ئەبووعەبدوڕەحمان یان ئەبووموحەممەدە، یەكێكە لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككە،[3] كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بەرەو حونەین عەتتابی وەك بەرپرسی مەككە دانا، رایەكیش دەڵێت بەڵكو پاش گەڕانەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە طائیف عەتتابی وەك بەرپرسی مەككە دانا و تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد هەر والى ئەوێ بوو، لەو كاتەى ئەو پۆستەى وەرگرت تەمەنى بیستو ئەوەندە ساڵ دەبوو، دواتر كە ئەبووبەكری صدیق بوو بە خەلیفە، ئەوی لە پۆستەكەى هێشتەوە تا ئەبووبەكریش وەفاتى كرد، دواتریش تا ساڵی بیست و دووى كۆچی لەو پۆستەی مایەوە و لەو  ساڵەدا وەفاتى كرد.[4]

عەططاب دەیوت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى كرد بە بەرپرس تەنها دوو جلم دەستكەوتووە، كەستان نەڵێت عەططاب فلآنە شتی بردووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ هەر رۆژێك دوو درهەمى بۆ بڕیومەتەوە، جا خوا سكێك تێر نەكات ئەگەر رۆژی بە دوو درهەم تێر نەبێت.[5]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 576.

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 14274، مسند ابن أبي شيبة، الرقم 676، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4979.

[3] - أسد الغابة، ج3، ص 575.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 429-430.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 576.

 1324
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.