دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەلقەمە) بووە

عەلقەمەى كوڕی جونادە(رضي الله عنه)

ناوى عەلقەمەى كوڕی جونادەى ئەزدیەو دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا تا لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد، لە ساڵی پەنجاو نۆی كۆچیدا وەفاتى كرد.[1]

عەلقەمەى كوڕی خالید(رضي الله عنه)

ناوى عەلقەمەى كوڕی خالیدى ئەسلەمیەو كونیەكەى ئەبوو ئەوفایەو زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان،[2] كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەى زۆری لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، عەبدوڵا دەڵێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەكاتى هۆزێكی بۆ بهاتایە دەیفەرموو (اللهم صل على ال فلان)، جا كە باوكم زەكاتى هێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اللهم صل على ال أبی أوفى).[3]

عەلقەمەى كوڕی ريمثه(رضي الله عنه)

ناوى عەلقەمەى كوڕی ريمثهى بەلویە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، عەلقەمە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی عاصی نارد بۆ بەحرەین و دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی دەرچوو و ئێمەش لەگەڵی دەرچووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەنەوزێك گرتى و دواتر هەستا و فەرمووى رەحمەتى خوا لە عەمر، ئێمەش هەر كەس ناوى عەمر بوایە دەهات بە بیرماندا، هەمدى وەنەوزێكی كرد و هەستاو هەمان شتی فەرموو، بۆ جاری سێیەم وتمان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مەبەستت كام عەمرە؟ فەرمووى عەمری كوڕی عاص، لاى خوا بۆ عەمرى كوڕی عاص خێرێكی زۆر هەیە.[4]

عەلقەمەى كوڕی طهلحە(رضي الله عنه)

ناوى عەلقەمەى كوڕی طهلحەی عەبدەریەو یەكێكە لەو هاوەڵانەى لە جەنگى یەرمووكدا بەشدارییان كرد و تیایدا شەهید بوو.[5]

عەلقەمەى كوڕی عولاثه(رضي الله عنه)

ناوى عەلقەمەى كوڕی عولاثهیەو لە فەرموودەى صەحیحدا باسی هاتووە.

كاتێ عەلى كوڕی ئەبووطاليب زێڕی یەمەنى نارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش دابەشی كرد بەسەر چوار كەسدا، یەكێك لەو چوار كەسە عەلقەمەى كوڕی عولاثه بوو.[6]

جارێك عەلقەمەى كوڕی عولاثه لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، بیلالى حەبەشی هات تا بانگ بدات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لەسەرخۆبە بیلال، عەلقەمە پارشێو دەكات).[7]

دواتر عەلقەمە پاشگەز بوویەوە لە ئیسلام، بەڵام ژن و منداڵەكەى پاشگەز نەبوونەوە، لە سەردەمى خیلافەتى عومەردا موسڵمان بوویەوەو گەڕایەوە بۆ لاى ژنەكەى.[8]

بەڵام ئەم گێڕانەوەیە جێی قبووڵ نیە، چونكە ئەگەر عەلقەمە هەڵگەڕابێتەوە ئەوە چۆن تا خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططاب ماوەتەوەو نەكوژراوە، لەكاتێكدا ئەوانەى هەڵگەڕابوونەوە لە خیلافەتى ئەبووبەكردا یان تەوبەیان كرد یان كوژران، بۆیە ئەو گێڕانەوەیە وەرگیراو نیە، بەڵكو بە گێڕانەوەى تر هاتووە رایكردووە بۆ شام و دواتر موسڵمان بووەو گەڕاوەتەوە بۆ لاى ئەبووبەكر،[9] دواتریش عومەر كردوویەتى بە بەرپرسی حوران.[10]

عەلقەمەى كوڕی یەزید(رضي الله عنه)

ناوى عەلقەمەى كوڕی یەزیدی كوڕی عەمرە، خەڵكی یەمەن بوو، هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ یەمەن، دواتر هاتووەتەوە مەدینەو لەوێ بووە تا بەشدارى فەتحى میصری كردووە، لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا والى ئیسكەندەریە بوو.[11]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 549.

[2] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 549.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 1437.

[4] - أسد الغابة، ج4، ص 92.

[5] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 553.

[6] - صحيح البخارى، الرقم 3182، صحيح مسلم، الرقم 1827.

[7] - مسند الطيالسي، الرقم 1996.

[8] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 32086.

[9] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 556.

[10] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 556-557.

[11] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 562.

 1243
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.