دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەلى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه) - بەشی دووەم

موسڵمانبوونى

ئەبووطاليب لەبەرئەوەى تووشی تەنگژەیەكى دارایی بووبوو، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشنیازى كرد بۆ عەبباسی مامى تا پێكەوە بارى سەرشانى ئەبووطاليب سووك بكەن، ئەوەبوو چوون و هەركامیان یەكێك لە منداڵەكانى ئەبووطالیبیان بردە لاى خۆیان تا سەرپەرشتییان بكەن، عەلی كەوتە بەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە.[1]

عەلى پێش موسڵمانبوونى هیچ كات بتی نەپەرستبوو، چونكە تەمەنى كەم بوو و نەگەیشتبووە ئەو بارەى بت بپەرستێت، ئەو لە تەمەنى نۆ ساڵیدا موسڵمان بوو.[2]

كاتێك خەدیجە باوەڕی هێنابوو، عەلى هات بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بینی نوێژ دەكەن، وتى ئەی موحەممەد ئەمە چیە؟ ئەویش فەرمووى (ئەمە ئایینی خوایە كە خوا هەڵیبژاردووەو پێغەمبەرى خۆی پێدا ناردووە، جا بانگت دەكەم بۆ لاى خواى تاك و تەنهاى بێ هاوەڵ و پەرستشی ئەو خوایە و بێباوەڕبوونت بە لات و عوززا، عەلى وتى من تا ئێستا شتی وام نەبیستوە، هیچ ناڵێم تا باسی نەكەم بۆ ئەبووطالیب، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزى نەكرد باسی بكات بۆ ئەبوطاليب و پێی فەرموو (ئەی عەلى ئەگەر موسڵمان نابیت ئەوە مەسەلەكە بە شارەوەیی بهێڵەرەوە)، ئەوەبوو ئەو شەوە عەلى مەسەلەكەى بە نهێنی شاردەوەو دواتر خوا ئیمانى خستە دڵیەوەو بۆ بەیانى هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی موحەممەد پێشنیازى موسڵمان بوونت بۆم چیە؟ ئەویش فەرمووى (شایەتى بدەیت هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خواى تەنهاى بێ هاوەڵ و بێباوەڕ بیت بە لات و عوززا و تەبەرا بكەیت لە هاوەڵدانراوان بۆ خوا)، عەلیش ئەوەی كرد و موسڵمان بوو، بەڵام موسڵمان بوونى خۆی دەشارەدەوە لە باوكى و بە نهێنی دەهات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ماوەى مانگێك بارەكە بەو جۆرە بوو.[3]

ئیبن كەثير سەبارەت بە ریزبەندى دەستەی یەكەمى موسڵمان بوان دەڵێت: دەكرێت لە كۆی هەموو گێڕانەوەكانەوە بڵێین یەكەم ئافرەت موسڵمان بوو خەدیجە بوو، یەكەم منداڵ موسڵمان بوو عەلى بوو، یەكەم خزمەتكار موسڵمان بوو زەیدی كوڕی حارثه بوو، یەكەم پیاو موسڵمان بوو ئەبووبەكرى صدیق بوو.[4]

رۆڵی لە مەككەدا:

عەلى هۆكار بوو بۆ موسڵمانبوونى كەسانێكى دیار، لەوانە ئەبووذەری غیفارى، گێڕانەوەیەك لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە كە وردەكارى موسڵمانبوونەكەى ئەبووذەر دەخاتەڕوو، تیایدا هاتووە ئەبووذەر بارگەى پێچایەوەو ئاوی هەڵگرت و چوو تا گەیشتە مەككەو چوو بۆ لاى كەعبە و بەدواى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەگەڕا و ئەویشی نەدەناسی، حەزیشی نەدەكرد لاى خەڵك هەواڵی بپرسێت، بۆیە بەو حاڵەوە مایەوە تا نزیكەى شەو، ئینجا راكشا، عەلى كە ئەوی بینی زانى كەسێكی بێگانەیە، كاتێك بینی شوێنی كەوت و هیچكام پرسیاریان لەهیچكام نەكرد تا بەیانى، دواتر ئەبووذەر لە ماڵی عەلیەوە توێشووەكەى هەڵگرتەوەو چوویەوە بۆ لاى كەعبە و سێ رۆژ ئەم شتە دووبارە بوویەوە، لە رۆژی سێیەمدا عەلى كە بردیەوە لەگەڵ خۆی پرسیاری لێكرد ئەرێ پێم ناڵێیت بۆچی هاتویت بۆ ئێرە؟ ئەویش وتى ئەگەر بەڵێنم پێ بدەیت رێنموونیم بكەیت پێت دەڵێم، ئەویش بەڵێنی دا، ئەبووذەریش پێی وت بۆچی هاتووە، عەلیش وتى ئەو پێغەمبەرە راست دەكات، كە رۆژ بوویەوە شوێنم بكەوە، ئەگەر من شتێكی مەترسیدارم بینی واهەڵدەستم وەك ئەوەى ئاو بڕژم، ئەگەریش بەردەوام چووم شوێنم بكەوە تا دەتبەم بۆ لاى، ئەوەبوو بەیانى ئەبووذەر شوێنی كەوت تا چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و گوێی لێگرت و هەر لەوێ موسڵمان بوو.[5]

هاوكات عەلى هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكری صدیق دەچوو تا پغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەیامەكەى بخاتەڕوو بۆ هۆزەكان، جا جارێك چووین و ئەبووبەكر پێشكەوت، هەواڵی پرسین، وتیان ئێمە لە رەبیعەین، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەیامى خۆی گەیاند پێیان.[6]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ویستی كۆچ بكات بۆ مەدینە، عەلى كوڕی ئەبووطالیبی بانگ كرد و فەرمانى پێكرد لە شوێنەكەیدا بخەوێت و لە مەككە بمێنێتەوە تا سپاردەكانى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بداتەوە دەست خاوەنەكانیان،[7] عەلیش فەرمانى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بێ هیچ ترسێك بەجێگەیاند و ماوەى سێ شەو و رۆژ لە مەككە مایەوە تا هەموو سپاردەكانى دایەوە بە خاوەنەكانى، دواتر كۆچی كرد و خۆی گەیاندە مەدینە، لە مەدینە لاى كلثومى كوڕی هەدم دابەزى.[8]

كۆچكردنى

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عەلى كوڕی ئەبوو طاليب و سەهلى كوڕی حونەیفەوە.[9]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە چوو بۆ غەزاى (ذي العشيرة) عەلى كوڕی ئەبووطالیبیش هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كرد.[10]

بەشدارى لە غەزاى بەدردا

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ویستی بچێت بۆ بەدر عەلى كوڕی ئەبووطاليب و زوبەیری كوڕی عەووام و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاصی هاودەم بە چەند هاوەڵێك نارد تا بچنە لاى ئاوى بەدر و هەواڵ و زانیاری بۆ وەربگرن.[11]

عەلى كوڕی ئەبووطاليب دەڵێت لە غەزاى بەدردا عەریشێكمان –چادر یان كەپرێ- بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دروست كرد، وتمان كێ لەلا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)دەبێت بۆ ئەوەى كەس نزیكی نەكەوێت، كەس نەچوو، تەنها ئەبووبەكر نەبێت كە شمشێری هەڵكرد و لەلاى پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) وەستاو پاسەوانى دەكرد.[12]

سەرەتاى جەنگەكە جەنگى زۆرانبازى بوو، واتە كەسێك بەرامبەر بە كەسێك، ئەوەبوو شەیبەو عوتبەى كوڕانى رەبیعەو وەلیدی كوڕی عوتبە لە بێباوەڕان هاتنە پێشەوەو داواى جەنگى بەرامبەرییان كرد، ئەوەبوو سێ لە هاوەڵانى پشتیوانان هاتنە پێشەوە، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزى نەدەكرد لە جەنگى یەكەمدا پشتیوانان لە پێشەوە بن، بۆیە داواى كرد بگەڕێنەوەو نزاى خێری كرد بۆیان، قورەیشیەكان وتیان ئەی موحەممەد كەسانى شیاو لە خزمانمان بنێرە بۆمان، ئەوەبوو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد لە كۆچەران تا بچنە پێشەوە، حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیب و عەلى كوڕی ئەبوو طالیب و عوبەیدەى كوڕی حارث چوونە پێشەوە، عوتبە وتى قسە بكەن تا بتانناسینەوە، حەمزە وتى من حەمزەى كوڕی عەبدولموطهلیبم، شێری خوا و پێغەمبەرەكەى، عوتبەش وتى هاوبەرامبەرێكی چاك و رێزدار، منیش شێری هاوپەیمانانم، ئەى ئەو دوانە كێن لەگەڵت؟ ئەویش وتى عەلى و عوبەیدە، هەمان وەسفی ئەوانیشی كرد، ئینجا بە وەلیدی كوڕی وت هەستە، بەرامبەر بە عەلى وەستا، جەنگان و هێندەى نەبرد عەل وەلیدی كوشت، ئینجا حەمزە عوتبەی كوشت، ئینجا شەیبە بەرامبەر بە عوبەیدە وەستا، عوبەیدەش بە تەمەنترینی هاوەڵانى ئەو جەنگە بوو، شەیبە داى لە پێی عوبەیدەو قاچی بڕی، خێرا حەمزە و عەلى چوون بۆ شەیبەو كوشتیان.[13]

عەلى باسی گەرمەى جەنگەكە دەكات و دەڵێت بڕێ جەنگم كرد و هاتمەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبینم لە سوجدەدایەو دەفەرموێت (یا حی یا قیوم یا حی یا قیوم) منیش گەڕامەوە بۆ جەنگەكە، هەمدى هاتمەوەو بینیم لە هەمان باردایە، بۆ جارێ سێەمیش جەنگەكەم جێهێشت و هاتمەوە خزمەتى لە هەمان باردا بوو.[14]

لە كاتى گەڕانەوەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبولوبابەو عەلى كوڕی ئەبوطاليب پێكەوە بوون و یەك سواریان پێ بوو، ئەوان دەیانوت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە بری ئێمە سەركەوە، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ما أنتما بأقوى على المشي مني، ولا أنا أغنى عن الأجر منكما[15] (ئێوە لە من لە رێ بڕیندا بەهێزتر نین و منیش لە ئێوە بێباكتر نیم بە پاداشت).



[1] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج3، ص 25.

[2] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 21.

[3] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج3، ص 25.

[4] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج3، ص 26.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 3670، صحيح مسلم، الرقم 4625، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 2683.

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 142-144.

[7] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 176-178.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 197.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 224.

[10] - %3، ص 247.

[11] - تاريخ الطبري، ج2، ص 27.

[12] -  البداية والنهاية لابن كثر، ج3، ص 331.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 17.

[14] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10049، المستدرك على الصحيحين، الرقم 755، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 507، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 895.

[15] - مسند ابن أبي شيبة، الرقم 400، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص21، صحيح ابن حبان، الرقم 4806، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8534، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 9724، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 3764، مسند الطيالسي، الرقم 348، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 5231، صححه الألبانى في في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2257.

 1310
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.