دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەلى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه) - بەشی چوارەم

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خالیدی كوڕی وەلیدی نارد بۆ یەمەن تا بانگەوازیان بكات بۆ ئیسلام، بەڵام ئەوان نەهاتن بە دەم بانگەوازەكەوە، شەش مانگ بەو جۆرە لە هەوڵدا بوو، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبوو طالیبی نارد و فەرمانى كرد خالید بگەڕێتەوەو هەرچیەك لە سوپاكەى خالیدیش ویستی بمێنێتەوە ئەوە با بمێنێتەوە،[1] ئەم چوونەى عەلیش لە ساڵی دەیەمى كۆچیدا بوو.[2]

دیارە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) عەلى نارد بۆ لاى خالید تا پێنج یەكى دەستكەوتەكان وەربگرێت، وەك لە فەرموودەى صەحیحی بوخاریدا هاتووەو وا لە خوارەوە ئاماژەی پێدەدەین:

بورەیدە دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبی نارد بۆ لاى خالیدی كوڕی وەلید تا پێنج یەكى دەستكەوت دابەش بكات.[3]

بورەیدە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبی نارد بۆ لاى خالیدی كوڕی وەلید تا پێنج یەكى دەستكەوت دابەش بكات، كە بەیانى بوویەوە عەلى ئاو لەسەری دەچۆڕا، خالید بە بورەیدەى وت دەبینیت (عەلى) چی دەكات یان دەبینیت چی كردووە؟ بورەیدە دەڵێت منیش رقم بوو لە عەلى، كاتێك گەڕامەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵم پێدا عەلى چی كردووە، ئەویش فەرمووى ئەى بورەیدە ئایا تۆ رقتە لە عەلی؟ وتم بەڵێ، فەرمووى رقت لێی نەبێت.[4]

لە گێڕانەوەكەى ئیمامى بوخاریدا وا هاتووە كە بورەیدە بە خالیدی وت نابینیت چی كردووە؟ جا كە گەڕاینەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەم بۆ باسكرد، ئەویش فەرمووی ئەى بورەیدە ئایا رقتە لە عەلى؟ وتم بەڵێ، فەرمووى رقت نەبێت لێی چونكە لە پێنج یەكدا بەشی لەوە زیاتریشی بۆ هەیە).[5]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە بورەیدە دەڵێت هێندە رقم لە عەلى بوو كەسى تر نەبوو هێندە رقم لێی بێت، تەنانەت پیاوێك هەبوو لە مەككە بەس لەبەرئەوە خۆشم دەویست كە رقی بوو لە عەلى، جا لە سوپایەكدا هاودەمى ئەو پیاوەم كرد بەس تەنها لەبەرئەوەی كە رقی بوو لە عەلی، ئەوەبوو بڕێ دەستكەوتمان دەستكەوت، ئەو كەسە هەواڵی نارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەسێك بنێرە تا پێنج یەكەكەی دابەش بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەلی نارد، لە دیلە ئافرەتیەكاندا ئافرەتێك هەبوو كە لە هەموویان جوانتر بوو، عەلى ئەوەی لە پێنج یەكەكە دانا و دابەشی كرد، دواتر هاتەدەر و سەری ئاوى لێدەچۆڕا، وتمان ئەی ئەبولحەسەن ئەوە چیە؟ وتى وەصیفە (ئافرەتەكە) نابینن كە لە كەنیزەكەكان بوو، من دابەشم كرد و بەر پێنج یەكەكە كەوت، دواتر بوو بە بەشی ئالوبەیتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواتر بوو بە بەشی بنەماڵەی عەلى و منیش چوومە لاى، پیاوە سەركردەكە نامەى نووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و منیش وتم من وەك نێردراو و پشت راست بنێرە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە نامەكەم دەخوێندەوەو دەموت راستی نووسیوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستى گرتم و نامەكەشی گرتە دەستى و فەرمووى ئایا رقتە لە عەلى؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (دەى رقت لێی نەبێت، ئەگەریش خۆشت دەوێت زیاتر خۆشت بوێت، دە سوێند بەوەى گیانى موحەممەدى بەدەستە پشكى بنەماڵەى عەلى لە پێنج یەكدا باشتر و زیاترە لە وەصیفە)، بورەیدە دەڵێت سوێند بەخوا دواى ئەو فەرموودەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەس نەبوو هێندەى عەلى لام خۆشەویست بێت.[6]

سەبارەت بە رقبوونى خالید لە عەلى كوڕی ئەبوو طاليب كە لەم فەرموودەدا هاتووە مەبەست پێی دژایەتى نەبووە، چونكە دەبینین خالید دەستبەجێ دابەش كردنەكە دەداتە دەست عەلى و هیچ دەستوەردانێكیشی نابێت، بەڵام دەشێت رق و بێزاریەك لە دەروونیدا بووبێت بەرامبەر بە عەلى و هۆكارێك بووبێت، ئایا هۆكارەكە هەرچی بووبێت رەوا نەبووە، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە بورەیدە(دەى رقت نەبێت لە عەلى) پێشدەچێت خالیدیش ئەوەى لە بورەیدە بیستبێتەوەو ئەو دڵ خەوش گرتنەى بەرامبەری نەمابێت، چونكە ئیتر نابینین هیچ هەڵوێستێكی بێزارى خالید بەرامبەر بە عەلى دواى ئەوە بوونى بووبێت.



[1] - تاريخ الطبري، ج2، ص 197.

[2] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 169.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 4102.

[4] - فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 1135، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1175، أسد الغابة، ج1، ص 264.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 4102.

[6] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22354، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12113، مشكل الآثار للطحاوي، الرقم 2590.

 1359
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.