دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەلى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه) - بەشی حەوتەم

لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب ویستی بەخششی خەڵك دیارى بكات، راوێژی كرد بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و عەلى كوڕی ئەبووطالیب، ئەوانیش وتیان لە خۆتەوە دەست پێ بكە، چونكە تۆ شیاوتریت بەوە، عومەریش وتى نا سوێند بەخوا لە نزیكترین كەسەكانى پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) دەست پێ دەكەم،[1] ئینجا لەوانەى بەشدارى بەدر بوون، بەوجۆرە دەچم تا دەگاتە خۆم، یەكەمجار پێنج هەزارى بڕیەوە بۆ عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، دواتر بۆ هاشمیە بەشداربووەكانى بەدر.[2]

فەرموودەیەك بە صەحیحی هاتووە كە مشتومڕێك لەسەر روانینی عەلى بۆ میراتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەخاتەڕوو، ئەمەش دەقی فەرموودەكەیە:

مالیكی كوڕی ئەوس دەڵێت عومەرى كوڕی خەططاب ناردى بە شوێن مندا، منیش چووم بۆ لاى و ئەوكات خۆر لە بەرزایی ئاسمان بوو، دەبینم لە ماڵەوە دانیشتووەو لەسەر پشتیەكى پێستە پاڵى داوەتەوە، پێی وتم ئەی مال-ناوەكەى كورت كردوەتەوە- خەڵكێ لە هۆزەكەت هاتن و منیش بەخششێكی كەمم كردن، بڕۆ لە نێوانیاندا دابەشی بكە، منیش وتم بریا كەسێكی ترت لەبری من راسپاردایە، ئەویش وتى مالیك لێنەوە، ئینجا یەرفە ْ پەردەدارەكەى عومەر- هات و وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەت دەدەیت عوثمان و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و زوبەیر و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص بێنە ژوورەوە؟ عومەر وتى بەڵێ، ئەویش مۆڵەتى پێدان و هاتنە ژوورەوە، ئینجا یەرفە ْ هاتەوەو وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەتى عەبباس و عەلى دەدەیت بێنە ژوورەوە؟ وتى بەڵێ، مۆڵەتى دا و ئەوانیش هاتنە ژوورەوە، عەبباس وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران لەنێوان من و ئەم درۆزنە تاوانبارە ناپاكە خیانەتكارەدا دادوەری بكە-مەبەستى عەلى بوو-، ئەوانەى لەوێ ئامادە بوون وتیان بەڵێ ئەی ئەمیری باوەڕداران دادوەری نێوانیان بكەو رەحم بەرامبەریان بنوێنە، -مالیك دەڵێت وام هاتە پێش چاو ئەو چوارەش بۆ هەمان شت هاتبوون بۆ لاى عومەر-، عومەر وتى لەسەرخۆ بن، دواتر روویكردەوە ئەو دەستەیە و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، ئینجا تەماشای عەلى و عەبباسی كرد و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى دەى خوا تایبەتمەندیەكى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەخشیوە كە بە هیچ كەسی تری نەبەخشیوە، خوا دەفەرموێت (ﭭ ﭮ ﭯ  ﭰ ﭱ ﭲ ﭳ ﭴ ﭵ ﭶ ﭷ ﭸ   ﭹ  ﭺ ﭻ ﭼ ﭽ ﭾ ﭿ ﮀﮁ ﮂ ﮃ ﮄ ﮅ  ﮆ ﮇ  )، لەوەش ئەوەى بەنو نەضير بوو، دەى بەخوا تایبەتى نەكرد بە خۆی و بێبەشی نەكردن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەرجى ساڵێك یان خەرجى ساڵێكی خۆی و خێزانەكانى لێ هەڵدەگرت و ئەوەى دەمایەوە لە رێی خوادا دەیبەخشی، ئینجا عومەر روویكردە ئەو چوارەى تر و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەوە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، ئینجا لایكرد بە لاى عەلى و عەبباسدا و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەم دوانەشتان ئەمە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد ئەبووبەكر وتى من دۆست و وەلى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم)، تۆ-عەبباسى دەدواند- و ئەمە-واتە عەلى- چوون بۆ لاى ئەبووبەكر، تۆ میراتى برازاكەتت داوا دەكرد-واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- ئەمیش میراتى ژنەكەى-واتە فاطيمه- لە باوكیەوە –واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- داوا دەكرد، ئەبووبەكر وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (میراتى جێناهێڵین، ئەوەى جێی دەهێڵین صەدەقەیە)، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى درۆ دەكات و تاوانبار و ناپاكە، خواش دەزانێت راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو بوو و شوێن حەق كەوتبوو، ئەوەبوو دەسەلآتى گرتەدەست، دواتر كە ئەبووبەكر وەفاتى كرد من وتم من دۆست و وەلى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دۆست و وەلى ئەبووبەكرم، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى من درۆ دەكەم و تاوانبار و ناپاك و خیانەتكارم، خواش زانایە كە من راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو و شوێنكەوتەى حەقم، ئەوەبوو دەسەلآتم گرتەدەست، ئینجا ئێستا تۆ و ئەمە و هەموو ئێوەش هاتون و قسەتان یەكەو لەو بارەوە پرسیار لە من دەكەن-واتە بارى دەسەلآت-، منیش دەڵێم ئەگەر ئەم دوانەتان دەتانەوێت ئەوە بدەمە ئێوەو بەرامبەر بەوە بەڵێنی خواتان لەسەر بێت كە بەو جۆرەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری بوو لەسەری بڕۆن، لەسەر ئەوە لە منى وەربگرن و دواتر بێن بۆ لام و داوا بكەن بە بارێكی تر-جیا لەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەرۆیشت- دادوەری نێوانتان بكەم؟! نا بەخوا تا رۆژی دوایی جگە لەوە-كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەچوو- دادوەرى نێوانتان ناكەم، ئەگەریش دەرەقەتى ئەوە نایەن ئەوە بیدەنەوە دەست خۆم.[3]

لەم فەرموودەدا بۆمان دەردەكەوێت لەلایەكەوە هەموو ئەو هاوەڵانە دانیان بەوەدا ناوە كە بیستوویانە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتێ جێناهێڵێت و لەوەدا ئەبووبەكر لەسەر حەق بوو كە میراتى نەبەخشی بە فاطيمه، هەروەها بەڵگەیە لەسەر بوونى كێشەى نێوان هاوەڵان و هەوڵدانیان بۆ چارەسەركردنى، هەروەها عومەر لە هەڵوێستی عەلى و عەبباسەوە روانینی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستەیان نیشانداوە كە لەوانەیە ئەوان ئەویش و ئەبووبەكریش بە درۆزن و ناپاك تەماشا بكەن، لەكاتێكدا بەپێی گێڕانەوەى تر كە باسمان كردووە ئەو گومانە نەبووە، بەڵام ئەم دەربڕینە هاوشێوەی ئەوەیە كەسێك كە بەرامبەرەكەى دەدوێنێت بۆ زیاتر سەلماندنى حەقبوونى دەڵێت هەرچەندە تۆ وادەزانیت من ئاواو ئاوەهام، لەلایەكەوە تا ئەگەر ناخى بەرامبەر شتێكی تێدا بێت رێی بۆ بكاتەوە تا ئاشكراى بكات، لەلایەكی تریشەوە تا پێی بڵێت من رام وایە تۆ وا بیر دەكەیتەوە.

زەمەخشەری گێڕانەوەیەكى هێناوە كە لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەتتابدا كاتێك فتووحاتى فارس كرا، سێ كچی یەزگوردى كوڕی شەهریارى كوڕی كیسرا بە كەنیزەك گیرابوون و هێنران بۆ خەلیفەى باوەڕداران عومەرى كوڕی خەتتاب، ئەویش ویستى بیانفرۆشێت، بەڵام عەلى كوڕی ئەبوو طاليب وتى كچانى پاشاكان نافرۆشرێن، بۆیە پارەى هەموویانى دا و دابەشی كردن لە نێوان حوسەینی كوڕی و موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكر و عەبدوڵاى كوڕی عومەردا.[4]

عومەرى كوڕی خەططاب پاش ئەوەى پێكرا، شەش كەسی راسپارد تا لەنێو خۆیاندا كەسێك دیارى بكەن بۆ خیلافەت، ئەوانیش بریتی بوون لە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، عوثمانى كوڕی عەففان، طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا، زوبەیری كوڕی عەووام، سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف.[5]

عومەرى كوڕی خەططاب ئەگەرى دانا بۆ درووستبوونى راجیایی لەسەر دیاریكردنی كەسێك و چارەسەری بۆ داناو وتى ئەگەر سێ كەس سێ كەس كەوتن (واتە بوون بە دوو بەشەوە) ئەوە عەبدوڵاى كوڕی عومەر بكەن بە دادوەرى نێوانیان، ئەگەریش بە دادوەری ئەو رازى نەبوون، ئەوە لەگەڵ ئەو دەستەیە بن كە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفی تێدایە.[6]

ئەوەبوو  دواجار سیانیان وازیان هێنا لە مافەكەیان بۆ ئەوانى تر، مانەوە سەر عەبدوڕەحمان و عەلى و عوثمان، عەبدوڕەحمان وتى منیش لەپێناو خوادا واز لە مافەكەم دێنم و ئێوەش یەكێكتان وازبهێنن تا بەیعەت بدەین بەوی تر، دواجار ئەهلى شوورا بڕیاری كۆتاییان دایە دەست عەبدوڕەحمان، ئەویش كەوتە وەرگرتنى راى خەڵكی و تەنانەت راى ژن و منداڵیشی وەرگرت، راى سوارەو پیادەكانیشی وەرگرت، سێ شەو و رۆژ بەردەوام بوو لەو راوەرگرتنەى، راى زۆرینەى هەرەزۆر لەسەر عوثمانى كوڕی عەففان بوو، دواجار لەبەری بەیاندا مێزەرەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كردە سەر و ناردى بە شوێن ناودارانى ناو كۆچەران و پشتیوانان و خەڵكی ترداو مزگەوت پڕ بوو لە خەڵك، چوویە سەر مینبەرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ماوەیەكی زۆر وەستا و بە دەنگى نزم نزایەكی زۆری كرد، دواتر خەڵكەكەی دواند، ئینجا عەلى بانگ كرد و دەستی گرت و وتى لەسەر قورئان و سوننەتى پێغەمبەرەكەى  و كردارى ئەبوبەكر و عومەر بەیعەتم پێدەدەیت؟ وتى ناوەلآ، بەڵكو هێندەى توانام هەبێت، عەبدوڕەحمان دەستی بەردا و عوثمانى بانگ كرد و دەستی گرت و هەمان شتی بەویش وت، عوثمان وتى بەڵێ بەخوا، ئەوەبوو عەبدوڕەحمان لە شوێنەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشت و عوثمانیش لە پلیكانەى خوارترەوەو خەڵكەكە هاتن بەیعەتیان دا بە عوثمانى كوڕی عەففان و عەلى كوڕی ئەبووطالیبیش بەیعەتى پێدا.[7]

جا بڕێك دەق هاتون كە عەلى كوڕی ئەبووطاليب بەو بڕیارە ناڕازى بووبیت و ئەوەى بە فێڵ دانابێت، ئیبن كەثير دەڵێت: (ئەوەى زۆرێك لە مێژوونووسانى وەك ئیبن جەریر و كەسانێكی تر لە بڕێك كەسی نەناسراوەوە تۆماریان كردووە گوایە عەلى بە عەبدوڕەحمانى وتووە تۆ منت خەڵەتاند و تۆ لەبەر خزمایەتى و لەپێناو ئەوە عوثمانت دانا تا لە هەموو شتێكدا رات وەربگرێت و...هەموو ئەمانە پێچەوانەى تۆمارى صەحیح و دروستن و دەدرێنەوە بە رووى خاوەنەكانیاندا).[8]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب وەفاتى كرد، خەڵكێ نزایان دەكرد بۆ عومەر، عەلی كوڕی ئەبووطالیبیش وتى رەحمەتى خوات لێ بێت، هیوام وایە خواى گەورە لەگەڵ دوو هاوڕێكەت كۆت بكاتەوە-پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر- چونكە من زۆر جار لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) دەبیست دەیفەرموو من و ئەبووبەكر و عومەر بووین، من و ئەبووبەكر و عومەر وامانكرد، من و ئەبووبەكر و عومەر چووین.[9]



[1] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 350.

[2] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 32250.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2944، صحيح مسلم، الرقم 3389 و اللفظ له، صحيح ابن حبان، الرقم 6712، سنن أبي داود، الرقم 2589، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6127،

[4] - ربيع الأبرار للزمخشري، ج1، ص 281.

[5] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4074.

[6] - الكامل في التأريخ لابن الأثير، ج3، ص 461.

[7] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 147.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 147.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3495، صحيح مسلم، الرقم 4506، سنن ابن ماجة، الرقم 97، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7847، مسند احمد بن حنبل، الرقم 872.

 1488
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.