دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەمر) بووە - بەشی چوارەم

 عەمرى كوڕی ئوم مەكتووم (رضي الله عنه)

ناوى عەمرى كوڕی ئوم مەكتوومى قوڕەیشیە، یان دەوترێت ناوى عەبدوڵایە، بەڵام زیاتر بە عەمر ناوى هاتووە، یەكێك بوو لە موسڵمانبوانى مەككە و لە دەستەى یەكەمى كۆچەریەكان بوو.[1]

لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا ئیبن ئوم مەكتووم لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و ئالآیەكى بەدەستەوە بوو، جا رایەك دەڵێت لە جەنگەكەدا شەهید بوو، رایەكیش دەڵێت بەڵكو گەڕایەوە بۆ مەدینەو لەوێ وەفاتى كرد.[2]

زۆرجار كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو بۆ غەزایەك یان لە مەدینە دەردەچوو ئیبن ئوم مەكتوومى لەسەر مەدینە دادەنا، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزیكەی سیانزە جار ئەم هاوەڵەى وەك بەرپرسی مەدینە دانا تا خۆی دەگەڕایەوە بۆ ئەوێ.[3]

عەمرى كوڕی ئومەییە(رضي الله عنه)

ناوى عەمری كوڕی ئومەییەی كوڕی خوەیلیدە، كونیەكەى ئەبوو ئومەییەیە، ژنێكی هەبوو بە ناوى سوخەیلەى كچی عوبەیدە كە چەند منداڵێكی لێی بوو.[4]

عەمر لە غەزاى بەدر و ئوحودیشدا هاودەم بە بێباوەڕان بەشدارى كرد، پاش غەزاى ئوحود موسڵمان بوو.[5]

یەكەم غەزا كە تیایدا بەشدار بوو لە بیئر مەعوونەدا بوو، تیایدا عامیری كوڕی طوفەیل بەدیلی گرت، دواتر ئازادى كرد.[6]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی ئومەییەی نارد بۆ لاى نەجاشی تا داواى ئوممو حەبیبەى بۆ بكات،[7] نەججاشیش ئافرەتێكی نارد بە ناوى ئەبرەهە تا هەواڵ بدات بە ئومموحەبیبە، ئەبرەهە وتى پاشا دەڵێت كەسێك بكەرە وەكیلی خۆت تا هاوسەرگیریەكەت بۆ بكات، هەواڵى نارد بۆ خالیدی كوڕی سەعید و ئەوى كرد بە وەكیل.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی ئومەییەى نارد تا تەرمەكەى خوبەیب ببات، ئەویش چوو و تەرمەكەى خوبەیبی خستەخوارەوە، زەوی تەرمەكەى خوبەیبی قووت دا، دواتر كەمێك گەڕام بۆ تەرمەكە لە هیچ شوێنێك تەرمەكە دیار نەبوو.[8]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دواى رووداوى بەنى نەضير سەلەمەى هاودەم بە عەمرى كوڕی ئومەییە نارد تا ئەبووسوفیان بكوژن،[9] چونكە پێشتر ئەبووسوفیان بە دەستەیەكى قوڕەیشیەكانى وتبوو كەسێك نیە بتوانێت موحەممەد تیرۆر بكات؟ چونكە وا ئەو بە بازاڕدا پیاسە دەكات، ئەوەبوو كابرایەكى زۆر دڵرەقی دەشتەكى ئامادە بوو تیرۆری بكات، كە هاتە مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەو  كابرایە دەیەوێت ناپاكى بنوێنێت، ویستى هێرش ببات بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئوسەیدی كوڕی حوضهیر رێی پێ گرت و ویستی بیكوژێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرفەتى نەدا، كابرا دانى نا بە تاوانەكەیدا و وتى كە چۆن هاتووە، ئینجا موسڵمانیش بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی ئومەییەو سەلەمەى كوڕی ئەسلەمى نارد تا ئەگەر دەرفەتیان بۆ بوو ئەبووسوفیان بكوژن، ئەوەبوو چوونە مەككەوەو عەمر شەو تەوافی كەعبەى دەكرد كە موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ئەوی بینی و هەواڵی دا بە قوڕەیش، ئەوانیش وتیان عەمر نیازى چاك نیە، خێرا عەمر و سەلەمە گەڕانەوە بەرەو مەدینە.[10]

عەمر تا سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ژیاو هەر لە مەدینە مایەوە تا كۆچی دوایی كرد.[11]

عەمرى كوڕی ئومەییەی ئەسەدی (رضي الله عنه)

ناوى عەمرى كوڕی ئومەییەی كوڕی حارثى كوڕی ئەسەدە، زۆر زوو لە مەككە موسڵمان بوو، دواتر كۆچی كرد بۆ حەبەشەو هەر لەوێیش وەفاتى كرد.[12]

 

عەمرى كوڕی ئیاس(رضي الله عنه)

ناوى عەمرى كوڕی ئیاسی كوڕی زەیدە، بە رەچەڵەك خەڵكی یەمەنەو لە مەدینە نیشتەجێ بوو، لەگەڵ پشتیوانەكاندا موسڵمان بوو و لە غەزاى بەدر و ئوحودیشدا بەشدارى كرد.[13]

عەمرى كوڕی ئیاسی ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى عەمری كوڕی ئیاسەو لە پشتیوانانە لە بەنى سالیم، لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[14]

 



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 600-601.

[2] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 601.

[3] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 601.

[4] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 248.

[5] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 248.

[6] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 602.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص602.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 67.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 142.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 94.

[11] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 602.

[12] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 603.

[13] - أسد الغابة، ج4، ص 210.

[14] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 606.

 1179
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.