دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عوثمانى كوڕی عەففان (رضي الله عنه) - بەشی سێیەم

ماوەى خیلافەتى

لە رۆژی یەكشەممەى ساڵی بیست و چوارى كۆچیدا عومەرى كوڕی خەططاب كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەى ئەسپەردە كرا، سێ رۆژ دواى ئەوە بەیعەت درا بە عوثمانى كوڕی عەففان.[1]

لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە كە عوثمانى كوڕی عەففان نووسراوێكی نووسی تا عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف دواى خۆی ببێت بە خەلیفە، كاتێك عەبدوڕەحمان ئەوەى بیست چوویە نێوان مینبەرو گۆڕەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و نزاى كرد خوایە ئەگەر بڕیارى وا هەیە ئەوا پێش ئەو بارە بممرێنە، ئەوەبوو شەش مانگى نەخایاند كە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف وەفاتى كرد،[2] یەكەم نوێژ كە عوثمانى كوڕی عەففان بۆ موسڵمانانى كرد نوێژی عەسر بوو.[3]

لە دواى نوێژی عەسر عوثمان چوویە سەر مینبەرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا هانى موسڵمانانى دا كارى چاكە بكەن و بزانن مەرگ لەپێشیانەو قیامەت پێش دنیا بخەن و لە خشتە نەچن و پەند لە مەرگى پێشینان وەربگرن و بێئاگا نەبن، ئینجا خەڵكی دەچون و بەیعەتیان پێدەدا.[4]

دواتر نامەی نووسی بۆ هەموو بەرپرسانى لە ناوچەكانى وڵات و فەرمانى دەكرد كارى چاكە بكەن و خۆ دوور بگرن لە خراپە، هانى دەدان تا گوێڕایەڵی خواو پێغەمبەرەكەى بن و شوێنكەوتە بن نەك موبتەدیع، پاش ماوەیەك عوثمان كەوتە گۆڕانكارى لە هەندێ پۆستدا و هەندێ لە والیەكانى گۆڕی، لەوانە موغیرەى كوڕی شوعبەى لەسەر والیەتى كووفە لابرد و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاصی دانا، ئەمەش لەبەر وەسیەتى عومەرى كوڕی خەططاب كە داواى كردبوو خەلیفەى دواى خۆی ئەركی پێ بسپێرێت چونكە كەسێكی پاك و لێهاتووە،[5] دواتریش سەعدى لابرد و وەلیدی كوڕی عوقبەی دانا كە ئەوەش بوو بە تانەیەك لەسەری.[6]

لە ماوەى خیلافەتى عوثماندا فتووحات بەردەوام بوو،[7] چ لە بەرەى رۆژهەلآت و چ لە بەرەى رۆژئاوایشەوە،[8]تیایدا رووبەرێكی زۆری ئەفریقیا فەتح كرا، بەتایبەت لە جەنگى جەرجیردا كە گەورە هاوەڵانیش تیایدا بەشدار بوون و بەربەرەكان شكستێكی زۆریان خوارد،[9] هەر لەم سەردەمەو لە ساڵی بیست و هەشتی كۆچیدا بۆ یەكەمجار سوپاى موسڵمانان بە سەركردایەتى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان جەنگى دەریایی كرد و تیایدا سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا.[10]

هەروەها لە ساڵی بیست و شەشی كۆچیدا خەلیفە عوثمان فەرمانى كرد بە فراوانكردنى مەسجیدولحەرام، جارێكی دیكەش حەرەمى فراوان كرد.[11]

لە ساڵی سی كۆچیدا بوو كە خاتەمەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستی عوثمانى كوڕی عەففان كەوتە ناو بیری ئەریسەوە و هەرچەندە هەوڵ درا ئەو خاتەمە بدۆزرێتەوە كەچی نەدۆزرایەوە، بۆیە عوثمان خاتەمێكی زیوی لەسەر هەمان شێوە دروست كرد.[12]

لە ساڵی سی و چوارى كۆچیەوە سەرەتاكانى فیتنە دەركەوتن كاتێك دەستەیەك كەوتنە رەخنەگرتن لە عوثمانى كوڕی عەفان، سەرەتاى رەخنەكەیان ئەوەبوو وتیان ئەو هاوەڵانێكی زۆری لە پۆستەكاندا لابردووەو كەسانى ئومەوى لە شوێنیاندا داناوە، ئەویش ئەو قسەی زۆر لا سەخت بوو و ناردى بە شوێن والی ناوچەكاندا و هەموو هاتن بۆ لاى، لەوانە موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان و عەمری كوڕی عاص و عەبدوڵاى كوڕی سەعد و سەعیدی كوڕی عاص و عەبدوڵاى كوڕی عامیر، لەو بارەوە راى ئەوانى وەرگرت، هەریەكەو رایەكى دەربڕی، عوثمانيش والیەكانى هێشتەوەو هەوڵیدا كەسە ناڕەزاكانیش بە جیهادەوە سەرقاڵ بكات، هۆكارى سەرەكى ئەم بەزمانەش كابرایەكی جوولەكە بوو بە ناوى عەبدوڵاى كوڕی سەبە ْ كە واى نیشان دابوو موسڵمان بووە، ئینجا چوویە میصر و لەوێ فیتنەیەكی نایەوەو گومانى بۆ خەڵكەكە دروست دەكرد، كورتەى وتەكەى ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەسیەتى كردووە بۆ عەلى كوڕی ئەبوو تالیب، بۆیە عەلى لە عوثمان شیاوترە بە دەسەلآت،[13] وەك ئەوەى ئەو هەموو هاوەڵەی دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاگایان لە شتی وانەبووبێت و ئێستا كابرایەكى جوولەكەى تازە موسڵمان بوو كە ساتێكیش لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) نەبووە ئەم مەسەلە گرنگەى زانیبێت، ئیتر تەنها ئەم لەسەر حەق و هەموو هاوەڵان یان نەزان یان فێڵباز بووبن.

ئیبن سەبەئی جوولەكە كەوتە تانەدان لە عوثمان و خۆی بە دڵسۆزی ئیسلام نیشان دا، خەڵكێكی زۆر بە قسەكانى هەڵخەڵەتان و كەوتنە شوێن راكانى و ئەو هەوڵەی خۆیان بە فەرمان بە چاكەو رێگری لە خراپە دەزانى، رۆژ بە رۆژ ئەو بیرەى سەبەئی بلآو دەبوویەوە، تا دواى ساڵێك خەڵكەكە داوایان لە عەلى كوڕی ئەبووطاليب كرد بروات لەگەڵ عوثمان قسە بكات، عەلیش چوو و پێی وت: خەڵكێك لە دەرەوە سەبارەت بە تۆ منیان دواندووەو نازانم چی بڵێم، چی هەیە تۆ نەیزانیت و ئەوەی ئێمە دەیزانین تۆیش دەیزانیت، پێش تۆ نەكەوتوین تا شتێكت پێ بڵێین تۆ نەیزانیت، بە تەنیا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەبوین تا شتیكی تایبەت بزانین و پێت بڵێین، شتێكی تایبەتمان بۆ نەبووە كە لە تۆشاراوە بێت، تۆ هاوەڵ و زاواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوویت و فەرموودەت لێوە بیستووەو بینیوتە، كوڕی ئەبووقوحافە و كوڕی خەتتابیش لە تۆ لەپێشتر نەبون بە شتێك،تۆ لە خزمایەتیدا نزیكترینیت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەوەى تۆ هەتبوو لە زاوایەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو دوانە نەیانبوو، لە هیچدا پێش تۆ نەكەوتن، دەى بۆ خاترى خوا وریاى خۆت بە، كوێرت پێ بینا ناكرێت و نەفامت پێ زانا ناكرێت، رێگەكە روونەو پایەكانى دین وەستاون، تۆ دەزانیت ئەی عوثمان چاكترین بەندەى خوا لاى خوا پێشەوایەكی دادپەروەرە رێنموونى كرابێت و سوننەتێكی روون پەیڕەو بكات و دوور لە بیدعەى روون بگرێت، بەخوا هەردووكیان رونن و سوننەتەكان وەستاو و بەرچاون و بیدعەكانیش هەروا، خراپترین كەس لاى خوا پێشەوایەكى ستەمكارى گومڕایە كە خەڵكی بەهۆیەوە گومڕا ببن، ئیتر سوننەتى روون لەناوبەرێت و بیدعەى كەنارخراو زیندوو بكاتەوە، ...عوثمانيش وەڵامى دایەوەو وتى بەخوا دەمزانى ئەوە دەڵێیت، بەخوا ئەگەر تۆ لە شوێنی من بوویتایە، نە لێت تووڕە دەبووم و نە تانەم لێدەدایت و نە خراپەیەكم دەكرد، من خزمایەتیم گەیاندووەو درزەكانم گرتووەو پەناى فەوتاوم داوەو لەسەر هەمان شێوەی عومەر كەسەكانم داناوە، ئەی عەلى سوێندت دەدەم بە خوا ئایا دەزانیت موغیرەى كوری شوعبە لێرە نەبوو؟ وتى بەڵێ، وتى دەشزانیت عومەر داینا؟ وتى بەڵێ، عوثمان وتى دەی ئیدی بۆ سەركۆنەى من دەكەن ئەگەر ئیبن عامیرم لەبەر خزمایەتی دانابێت؟ عەلى پێی وت عومەر كە كەسێكی دادەنا دواتر لاریەكی لێ بەدی بكردایە ئەوپەڕی سزاى دەدا، بەڵام تۆ ئەوە ناكەیت، نەرمى و لاوازیت نواندووە بەرامبەر بە خزمانت، عوثمان وتى ئەوانە خزمانى تۆیشن، پاش بڕێك قسەكردن پێكەوە عەلى لاى عوثمان چوویە دەرەوەو عوثمانيش بە دوایدا چوویە دەرەوەو چوویە سەر مینبەر و وتارێكی پێشكەش كرد.[14]

لە ساڵی سی و پێنجى كۆچیدا میصر شڵەژانێكی بەخۆوە دی، موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكری صدیق و موحەممەدى كوڕی ئەبووحوذەیفەو ژمارەیەكی تر لە نەیارانى عوثمان نزیكەی شەش سەد سواریان لە میصرەوە ئامادە كرد و بەڕێكەوتن بەرەو مەدینە و بوون بە چوار بەشەوە بە  سەركردایەتى عەمرى كوڕی بودەیلی كوڕی وەرقائى خوزاعى و عەبدوڕەحمانى بەلوى و كینانەی كوڕی بیشر و سوودانى كوڕی حمران، موحەمەدى كوڕی ئەبووبەكریش لەگەڵیاندا هات، بەڵام موحەممەدى كوڕی ئەبووحوذەیفە لە میصر مایەوە تا خەڵكى تر هان بدات و بەرگری لەوانە بكات كە رۆیشتوون، والى میصریش نامەیەكی نووسی بۆ خەلیفەو ئاگادارى كردەوە لەو رووداوە و وتى وەك عومرەكار دێن و وا خۆیان نیشان دەدەن، كە لە مەدینە نزیك بوونەوە، خەلیفە فەرمانى كرد بە عەلى كوڕی ئەبووطاليب تا پێشهاتنیان بۆ مەدینە بیانگێڕێتەوە بۆ شوێنی خۆیان، عەلیش داواى لە عەممارى كوڕی یاسر كرد هاودەمى بكات، بەڵام عەممار رازى نەبوو، چونكە ئەویش تووڕە بوو لە عوثمان لەبەرئەوەى پێشتر عوثمانى كوڕی عەففان سزاى دابوو، ئەوەبوو عەلى خۆی چوو بۆ لایان و لە ناوچەی جوحفە بوون، ئەوانە بە چاوى گەورەییەوە تەماشاى على كوڕی ئەبووطالیبیان دەكرد، عەلى لێیان تووڕە بوو و تەنانەت كەوتە قسە پێ وتنیان، ئەوانیش كەوتنە سەركۆنەى خۆیان و وتیان لەسەر ئەمە جەنگى خەلیفە دەكەن؟ عەلى وتى بۆچی نەیارى عوثمانن؟ ئەوانیش چەند رەخنەیەكیان ژمارد كە دواتر بە درێژتر باسیان  دەكەین، عەلیش یەك یەك وەڵامى رەخنەكانى ئەوانى دایەوە، دەستەیەكیشیان چوون گوێیان لە وتەكانى عوثمان گرت، كە هیچ رەخنەیەكیان نەما، دەستەیەك لە خەڵكی مەدینە داوایان لە عوثمان كرد سزاى ئەوانە بدات، عوثمان لێبوردەیی نیشان دا، ئەوانیش گەڕانەوە و عەلیش گەڕایەوە بۆ لاى عوثمان و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد و داوایشی لێكرد وتارێك پێشكەش بكات و پۆزش بهێنێتەوە بۆ ئەوەى خزمانى خۆی پێشخستووەو تەوبە نیشان بدات، عوثمانيش راكەى وەرگرت و لە وتارى هەینیدا ئەوەى كرد و نزایەكی تەوبەی كرد و چاوەكانى پڕ بوون لە فرمێسك و هەموو موسڵمانان گریان، ئینجا مەڕوانى كوڕی حەكەم وتەیەكی زبری پێشكەش كرد و دڵی عەلى رەنجاند، دواتر عوثمان بە راوێژی ژنەكەى ناردى بە شوێن عەلیدا تا بێت بۆ لاى و ویستی دڵی بداتەوە، بەڵام عەلى رازى نەبوو، كە خەڵكی میصر بەم رووداوەیان زانى لەگەڵ خەڵكی كووفەو بەصرە كەوتنە نامە گۆڕینەوەو رێككەوتن لەسەر ئەوەى جەنگى عوثمان بكەن، لەو نێوەندەدا بڕێك نامە بەدەم هاوەڵانەوە ساختە كران، ئەوەبوو هەمدى شەش سەد سوار لە میصرەوە بە چوار بەش هاتن وئیبن سەبەئیشیان لەگەڵ بوو، لەو لاشەوە خەڵكی كووفە بە چوار بەش هاتن، خەڵكی بەصرەش بە چوار بەش هاتن، هەریەكەو نیازێكیان هەبوو، میصریەكان دەیانوت دەبێت عەلى ببێت بە خەلیفە، كووفیەكان دەیانوت با زوبەیر ببێت بە خەلیفە، بەصریەكان دەیانوت با طهلحە ببێت بە خەلیفە، هەموو لە مانگى شەووالدا لە دەورى مەدینە خڕ بوونەوە، میصریەكان چوون بۆ لاى عەلى، ئەویش حەسەنى كوڕی ناردبوو بۆ لاى عوثمان و خۆیشی كەنارى گرتبوو، كە هاتن بۆ لاى عەلى تووڕە بوو لێیان و دەری كردن، زوبەیر و طهلحەش بە هەمان شێوەی عەلى بانگەشەكەرانى خۆیانیان دەركرد ونەفرەتیان لێكردن،  ئینجا هەموویان نیازى خۆیان راگەیاند و وتیان داواى ئێمە ئەوەیە عوثمان واز لە خیلافەت بهێنێت، جا میصریەكان دەیانوت جاری پێشوو كە چووینەتەوە نێردراوى عوثمانمان بەدیل گرتووە كە نامەى پێ بووەو نامەكە مۆری عوثمانى لەسەر بووەو تیایدا فەرمانى كردووە هەموومان بكوژنو دەست و پێمان ببڕن، ئەو نامەشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، كە عوثمان ئەوەی بیست سوێندى خوارد شتی واى نەوتووەو نەنووسیوە، ئەمەش نامەیەكى ساختە بوو ئامادە كرابوو، هەروەك نامە بە دەم عەلى و زوبەیر و تەلحەوە نووسرابوو كە بێن بۆ لەناوبردنى عوثمان، بارەكە بەو جۆرە بوو تا رۆژی هەینی هات و عوثمان وەك جاران وتارى خۆی پێشكەش كرد، هێندێ دواى ئەوە گەمارۆ درا.[15]

لە مانگى زیلقەعدەى ساڵی سی و پێنجدا هاتنە ناو مەدینە، عوثمان چاوى كەوت پێیان، ئەوانیش وتیان قورئانێك داوا بكە، ئەویش داواى كرد قورئانێك بهێنن، -كە قورئانەكەى بۆ هێنرا-پێیان وت –سورەتى- نۆیەم بكەرەوە، واتە سورەتى (یونس)، ئینجا وتیان بیخوێنەرەوە تا گەیشتە ئەم ئایەتە(ءآالله أذن لكم أم على الله تفترون)، ئینجا پێیان وت بوەستە، ئەزانیت چیت كردووە بە پەچەی ئاژەلآن؟! ئایا خوا مۆڵەتى ئەوەى پێداویت یان بەدەم خواوە هەڵت بەستووە؟ عوثمان وتى تێیپەڕێنە، ئەو ئایەتە لەسەر فلآنە مەسەلە دابەزیوە، عومەریش ئەوەى منى كرد و لە وشترەكانى زیادكرد و منیش وام كردووە.

ئاوا بەردەوام رەخنەیان لێدەگرت و ئەویش وەڵامى دەدانەوە تا دواتر عوثمان بەوانى وت چیتان دەوێت؟ ئەوانیش بەڵێننامەكەیان هێنا و شەش یان پێنج مەرجیان بۆ نووسی كە هەركەس دوورخراوەتەوە بگەڕێنرێتەوەو ئەوەى –مووچەی لێ بڕاوە- بۆی بگێردرێتەوە و فەیئیش هەبێت و لە دابەشكردندا دادپەروەر بێت و كەسانى بەهێز و جێمتمانە بكاتە بەرپرس، ئەوەیان لە نامەیەكدا نووسی، ئەویش بەڵێنى لەوان وەرگرت یەكڕیزی تێكنەدەن، ئینجا بە رەزامەندى گەڕانەوە.

دەوترێت بەڵكو عەلى ناردووە بۆ لایان و لەسەر ئەو پێنج شتە باسكراوە رێككەوتن و بە رەزامەندى گەڕانەوە، لەو بارەدا بوون كە سوارێك هات و رێی گرت پێیان و چەند جارێك بلآوەى بە كۆبوونەوەیان دەكرد و دەهاتەوە بەنێویاندا، وتیان ئەوە تۆ چیتە؟-بۆ وادەكەیت؟- ئەویش وتى من نێردراوى ئەمیری باوەڕدارانم بۆ لاى كاربەدەستى خۆی لە میصر، ئەوانیش پشكنیان، سەیریان كرد نامەیەكى پێیە كە لەسەر زمانى عوثمان نووسراوەو مۆری ئەوی لێدراوەو ناردوویەتى بۆ كاربەدەستى میصر و فەرمانى پێكردووە-ئەو كۆمەڵە كە گەڕانەوە- لە خاچیان بدات و دەست و پێیان ببڕێت.

ئەوانیش گەڕانەوە بەرەو مەدینەو چوون بۆ لاى عەلى و پێیان وت تەماشا كە دوژمنى خوا چی كردووە؟!! چی لە بارەمانەوە نووسیوە خوا خوێنی ئەوى حەلآڵ كردووە، ئینجا بە عەلییان وت لەگەڵ ئێمە وەرە بچین بۆ لاى –عوثمان-، ئەویش وتى بەخوا نایەم لەگەڵتان، وتیان ئەى بۆچی –پێشتر- بەڵێننامەت بۆ نووسین؟ ئەویش وتى بەخوا من بۆم نەنووسیون، ئەوانیش لەنێو خۆیاندا سەیری یەكتریان دەكرد، ئینجا عەلى لە مەدینە چوویە دەرەوە.

ئەوانیش چوون بۆ لاى عوثمان و پێیان وت: تۆ شتی وات لە بارەى ئێمەوە نووسیوە، ئەویش وتى یان دەبێت دوو موسڵمان بهێنن-كە شایەتیم لەدژ بدەن- یان من سوێند دەخۆم-شتى وام نەنووسیوە-، بەڵام ئەوان بەوە رازى نەبوون و بەڵێنەكەیان هەڵوەشاندەوەو گەمارۆیان دا.

دەوترێت ئەشتەر هێنراوە بۆ لاى عوثمان، ئەشتەریش بە عوثمانى وت ئەو خەڵكە دەیانەوێت یان واز لە دەسەلآت بهێنیت،  یان قیصاصیان بدەیتەوە، یان بتكوژن، ئەویش وتى: سەبارەت بە وازهێنانم ئەوا من ئوممەتى موحەممەد بە پەرتى و ناكۆكی جێناهێڵم، سەبارەت بە قیصاصیش ئەوا دوو هاوەڵەكەى پێش من قیصاصیان لەخۆیان وەرنەگرتووەو جەستەى منیش بەرگەى ئەوە ناگرێت.[16]



[1] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 144.

[2] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 88.

[3] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 147.

[4] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 148.

[5] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 149.

[6] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 151.

[7] - خوێنەرى خۆشەویست، لێرەدا ناكەوینە باسی وردەكارى فتووحات و لایەنە رامیاری و كارگێڕی و ئابووری و لایەنەكانى تر لە خیلافەتى عوپمانى كوڕی عەففاندا، چونكە هەم دەرفەت كەمە بۆ ئەو هەموو بابەتە، هەم نووسینی زۆر و جوان و رەوا بە زمانى كوردى بەردەست دەكەوێت، بۆیە خوازیارین خوێنەری خۆشەویست لە سەرچاوە رەواكانى ترەوە ئەو وردەكاریانە وەربگرێت.

[8] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 149-150.

[9] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 152.

[10] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 153.

[11] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 151.

[12] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 155.

[13] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 167-168.

[14] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 168-169.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 175.

[16] - العواصم من القواصم.

 1351
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.