دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عوكاشەی كوڕی میحصەن (رضي الله عنه)

ناوى عوكاشەی كوڕی میحصەنى ئەسەدیە، یەكێكە لە دەستەى یەكەمى موسڵمانبوانى ناو مەككە.

عوكاشە یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر،[1] لە غەزاكەدا هێندە جەنگا تا شمشێرەكەى شكا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دارێكی دایە دەستى و دارەكە بوو بە شمشێر، ئیتر ئەو شمشێرەى لە هەموو غەزاكاندا بەكاردەهێنا.[2]

عوكاشە لەلایەن پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) موژدەى بەهەشتی پێدراوە، ئیبن عەبباس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (عرضت علي الأمم، فجعل النبي والنبيان يمرون معهم الرهط، والنبي ليس معه أحد، حتى رفع لي سواد عظيم، قلت ما هذا؟ أمتي هذه؟ قيل بل هذا موسى وقومه، قيل انظر إلى الأفق، فإذا سواد يملأ الأفق، ثم قيل لي انظر ها هنا وها هنا في آفاق السماء، فإذا سواد قد ملأ الأفق، قيل هذه أمتك، ويدخل الجنة من هؤلاء سبعون ألفا بغير حساب)، (ئوممەتانم بۆ خرانەڕوو، پێغەمبەر هەبوو بە تەنها یان دوو پێغەمبەر بە یەكەوە تێپەڕ دەبوون و دەستەیەكیان لەگەڵدا بوو، پێغەمبەر هەبوو تەنها كەسێكیشی لەگەڵ نەبوو، تا رەشاییەكى گەورەم پێ نیشان درا، وتم ئەوە چیە؟ ئەوە ئوممەتەكەمە؟ وترا بەڵكو ئەوە مووساو قەومەكەیەتى، وترا تەماشاى سەرەوە بكە-رووەو ئاسۆ بڕوانە- رەشاییەكم بینی ئەوێی پڕ كردبوو، دواتر پێم وترا سەیری ئەوێ وئەوێی ئاسۆی ئاسمان بكە، بینیم رەشایی هەمووی داگرتبوو، وترا ئەوە ئوممەتەكەتە، لەوانە حەفتا هەزار كەس بەبێ حساب دەچنە بەهەشتەوە)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواى ئەوە چوویە ژوورەوەو مەسەلەكەى بۆ هاوەڵان روون نەكردەوە، دوایی هاوەڵان دەیانوت ئەوە ئێمەین كە بڕوامان هێنا بە خوا و شوێن پێغەمبەرەكەى كەوتین، یان منداڵەكانمانن كە لە ئیسلامدا لەدایك بوون، چونكە ئێمە لە سەردەمى نەفامیدا لەدایك بوین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوانەى بیستەوە هاتە دەرەوەو فەرمووى (هم الذين لا يسترقون، ولا يتطيرون، ولا يكتوون، وعلى ربهم يتوكلون)، (ئەوانەن كە روقییە ناكەن و بەختگیری بە باڵندە ناكەن و داخكردن بۆ چارەسەر بەكارناهێنن و پشت بە پەروەردگاریان دەبەستن)، عوكاشە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئایا من لەوانم؟ فەرمووى بەڵێ، كەسێكی تر وتى ئەی من لەوانم؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (سبقك بها عكاشة[3] (عوكاشە پێشت كەوت).

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، تەمەنى عوكاشە چل و چوار ساڵ بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر دەستى طولەیحەى ئەسەدى شەهید بوو.[4]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 533.

[2] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 308.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 5385واللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 349، صحيح ابن حبان، الرقم 6523، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2352.

[4] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 307-308.

 1682
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.