دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عومەرى كوڕی خەططاب(رضي الله عنه) - بەشی چوارەم

لە كاتى نەخۆشی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)

عەبدوڵاى كوڕی زەمعە دەڵێت كاتێك نەخۆشیەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆری بۆ هێنا، منیش هاودەم بە ژمارەیەك لە موسڵمانان لەلاى بووم، بیلال بانگى دا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كەسێك بنێرن نوێژ بكات بۆ خەڵكەكە، منیش چووم بینیم عومەر لەناو خەڵكەكەدایەو ئەبووبەكر لەوێ نیە، وتم ئەی عومەر نوێژ بكە بۆ خەڵكەكە، عومەریش هەستا، الله اكبری كرد، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى بیست هەواڵى ئەبووبەكری پرسی، ئەوەبوو دواى ئەوە ئەبووبەكر نوێژی كرد بۆ موسڵمانان،[1] دواتر عومەر پێی وتم ماڵوێران بیت ئیبن زەمعە چیت پێكردم، بەخوا كە وتت بەرنوێژی بكە، وامزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى ئەوەى پێكردویت، ئەگەر وا تێنەگەیشتمایە بەرنوێژیم نەدەكرد بۆ خەڵكەكە، منیش وتم بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێنەكردم، بەڵام كە ئەبووبەكرم نەبینى، ئیتر تۆم بە شیاوتر زانى.[2]

ئیبن عەبباس دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و ئازارەكەى زیادى كرد، فەرمووى (پەڕەیەكم بۆ بهێنن تا نووسراوێكتان بۆ بنووسم تا دواى ئەوە گومڕا نەبن)، عومەرى كوڕی خەططاب وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازار زۆری بۆ هێناوە، هاوكات كتێبی خوا لەنێوماندایە بەسمانە، ئیتر قسەو مشتومڕ لەنێو هاوەڵاندا زۆر بوو تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (قوموا عنی ولا ینبغی عندی التنازع)،[3] (لەلام هەستن و بڕۆن و شیاو نیە لاى من ناكۆكی هەبێت)، ئیبن عەبباس كە ئەم فەرموودەى دەگێڕایەوە دەیوت رۆژی پێنج شەممە بوو، ئینجا دەستی كرد بە گریان و زۆر گریا.[4]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، ئینجا عومەر تووڕە بووبوو دەیوت هەركەس بڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە بەم شمشێرە دەدەم لە گەردنى، ئەوەبوو خەڵكەكە بێدەنگ بوون، وتیان ئەی سالیم بڕۆ بۆ لاى هاوەڵەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بانگى بكە، منیش چووم تا بینیم ئەبووبەكر لە مزگەوت وەستابوو، كە منى بینی وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد؟ منیش وتم عومەر دەڵێت هەركەس بڵێت وەفاتى كردووە ئەوە بەم شمشێرەم دەدەم لە گەردنى، ئەبووبەكر دەستی خستە سەر شانم و كەوتە ڕێ تا هاتە ژوورەوەو خەڵكەكە رێیان بۆ كردەوە تا گەیشتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خۆی دا بەسەریدا و دەموچاوى خستەڕوو و دەستی دا لە دەموچاوى و ئیتر دڵنیا بوو وەفاتى كردووە، ئینجا ئەو ئایەتەى خوێندەوە(إنك میت و إنهم میتون)، خەڵكەكە وتیان ئەی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئایا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە؟ وتى بەڵێ...[5]

 

كۆبوونەوەى بەنى ساعیدە[6]

پێشتر لەژیانى عەبدوڵاى كوڕی عوثماندا (ئەبووبەكری صدیق) بە وردى ئەم مەسەلە و مەسەلەى هەڵوێستی ئەبووبەكر و عومەر بەرامبەر بە ئالوبەیت و لێدانى هەڵگەڕاوەكان و كۆكردنەوەى قورئانمان باسكردووەو لێرەدا دووبارەى ناكەینەوە.

شەهیدبوونى زەیدی براى:

كاتێ زەیدى براى عومەر لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو عومەرى براى دەیوت زەید لە هەردوو چاكەكەدا پێش من كەوت، پێش من موسڵمان بوو، پێش منیش شەهید بوو.[7]

عومەر زۆر خەفەتى خوارد بە مەرگى براكەى، دەیوت لە هەركوێوە با هەڵدەكات من بۆنى زەیدی برامى لێدەكەم.[8]

عومەرى كوڕی خەططاب موتەممیمی كوڕی نوەیرەی بینی، موتەممیم شیعرێكی بۆ مەرگى براكەى خۆی هۆنیبوویەوە كە مالیكی كوڕی نوەیرە بوو، عومەر دەیوت ئەگەر منیش شیعرم بزانیایە بە دڵنیاییەوە وەك تۆ شیعرم دەهۆنیەوە بەسەر زەیدی برامدا، موتەممیم وتى جا ئەگەر براكەى من وەك براكەى تۆ بڕۆیشتایە هیچ دڵگران نەدەبووم بۆى، عومەرو تى هیچ كەس هێندەى تۆ جوان دڵنەوایی نەكردوم.[9]

بوون بە خەلیفە

لە مانگى جومادیلئاخیرەى ساڵی سیانزەى كۆچیدا ئەبووبەكری صدیق تووشی نەخۆشی بوو و ماوەى نزیكەی پانزە رۆژ نەخۆشیەكەى بەردەوام بوو، لەو ماوەدا عومەرى كوڕی خەططاب بەرنوێژی دەكرد بۆ موسڵمانان، لەو ماوەدا ئەبووبەكری صدیق عومەرى كوڕی خەططابی بۆ جێگرتنەوەى خۆی دیارى كرد و عوثمانى كوڕی عەففانى بانگ كرد و داواى لێكرد بە نووسراوێك ئەوە بنووسێت، ئینجا نووسراوەكە خوێنرایەوە بەسەر موسڵماناندا و ئەوانیش رازى بوون.[10]

كاتێك ئەبووبەكری صدیق نەخۆش كەوت، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفى بانگ كرد و وتى هەواڵی عومەرم پێ بدە، ئەویش وەسفی كرد و وتى بەڵام توندیەكى تێدایە، ئەبووبەكر وتى ئەوە لەبەرئەوەیە كە منى دیوە نەرم بوم بۆیە، ئەگەر خۆی بێت زۆرێك لەوەى هەیەتی واز لێدێنێت.[11]

حەسەن دەڵێت كاتێك ئەبووبەكر سەرەمەرگى هات بە عائیشەى وت ئەى عائیشە سەیری ئەو وشترە بكە كە لە شیرەكەیمان دەخواردەوەو ئەو تەشتەى بەكارمان دەهێنا و ئەو بەرگەى دەمانپۆشی،  ئێمە كاتێك كاروبارى موسڵمانانمان بەدەست بوو ئەو شتانەمان بەكاردەهێنا، جا ئەگەر مردم ئەوانە ببە بۆ عومەر، ئەوەبوو كە ئەبووبەكر مرد ئەو شتانەى نارد بۆ عومەر، ئەویش وتى خوا لێت رازى بێت ئەی ئەبووبەكر، بارى ئەوەى دواى خۆتت قورس كرد.[12]

سەرەتاى دەست بەكاربوونى

عومەرى كوڕی خەططاب لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا خێرا بەرپرسیارێتی گەورەى بە ئەبووعوبەیدە راسپارد، ئەوەبوو نامەى نووسی بۆ خەڵكی یەرمووك و پێی راگەیاندن كە ئەبووعوبەیدەی كردووە بە ئەمیریان، بە ئەبووعوبەیدەشی وت كە تۆ بەرپرسی خەڵكیت، ئەگەر خوا سەریخستیت ئەوە خەڵكی عێراق بۆ عێراق بنێرەوە.[13]

كاتێك سەعدى كوڕی ئەبی وەققاص لە عێراق سەرقاڵی فتووحات بوو، عومەرى كوڕی خەططاب نامەى نارد بۆ ئەبووعوبەیدە لە شام و فەرمانى پێكرد سەربازەكانى بنێرێت بۆ عێراق بۆ پشتیوانى سەعد، ئەویش سەربازەكانى نارد و هاشمی كوڕی عوتبەى كرد بە ئەمیریان.[14]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب بوو بە خەلیفە، خالیدی كوڕی وەلیدی لە پۆستەكەى لابرد و بە نامەیەك ئەوەى نارد بۆ ئەبوو عوبەیدە، خالیدیش لە وەڵامدا وتى گوێڕایەڵی فەرمانى ئەمیری باوەڕدارانم،[15] پاش ئەوەش لە ژێر فەرمانى ئەبوو عوبەیدەدا مایەوەو بەردەوام جیهادى دەكرد، وەك لە فەتحى دیمەشقدا بەشدارى كرد و ئەبووعوبەیدەش بەرپرس بوو.[16]

كاتێك ئەبووعوبەیدە ئەو نامەى پێگەیشت كە خالید لە پۆستەكەى كەنار بخرێت خۆی ئامادە نەبوو بیڵێت بە خالید، بۆیە كەسێكی تر ئەوەى گەیاند بە خالید، خالید چوو بۆ لاى ئەبوو عوبەیدەو وتى رەحمەتى خوات لێ بێت بۆچی خۆت پێت نەوتم؟ ئەویش وتى حەزم نەكرد هەواڵی ناخۆشت پێبدەم.[17]

ئەبووعوبەیدە لە ماوەى ئەمیرایەتیەكەیدا توانى فتووحاتێكی زۆر بكات و بە رێككەوتن فەتحى دیمەشقیش بكاتو خالیدی كوڕی وەلیدیش لەو فەتحەدا هاوكارێكی گەورەى بوو.[18]

    كاتێك ئەبووعوبەیدە ئەمیر بوو لە پیاوێك تووڕە بوو و ئازارێكی دا، خالیدیش وتى وا مەكە، خالید پێی وترا كە ئەمیرت تووڕە كردووە، بۆیە چوو بۆ لاى ئەبووعوبەیدەو وتى من مەبەستم ئەوە نەبووە تۆ تووڕە بكەم، بەڵام بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن أشد الناس عذابا يوم القيامة أشد الناس عذابا للناس في الدنيا[19] (سەختترین سزاى رۆژی دوایی بۆ ئەو كەسانەیە كە لە دنیادا سەختترین سزاى خەڵكیان داوە).

عومەرى كوڕی خەططاب زۆر سەرسام بوو بە ئەبووعوبەیدە، ئەوەبوو دەیوت ئەگەر سەرەمەرگم هات و ئەبووعوبەیدە زیندوو بێت، ئەوە ئەودەكەم بە جێنشینی خۆم، ئەگەریش پەروەردگارم پرسیارى لێكردم بۆچی ئەوم كردووە بۆ جێنشینی خۆم لەسەر ئوممەتى موحەممەد، ئەوە دەڵێم من بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (هەر ئوممەتێك سپاردەكارێكی هەیەو سپاردەكاری ئەم ئوممەتەش ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراحە).[20]

جارێك عومەر لەگەڵ هەندێ لە هاوەڵانیدا بوو، وتى هەركامتان هیوا و ئاواتى خۆتان بڵێن، هەركەسەو هیواو ئاواتى خۆیوت، ئینجا عومەریش هیواو ئاواتى خۆی وت و من خۆزگە دەخوازم پڕی ماڵێك پیاوى وەك ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراحم هەبێت.[21]

فتووحات لەسەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا:

خوێنەری ئازیز، هاوشێوەی ژیانى خەلیفەكانى تر كە باسمان كردووە، لێرەدا وردەكارى باسی فتووحات و باری كارگێڕی و ئابووری و كۆمەلآیەتى و بوارەكانى تری دەسەلاتی عومەرى كوڕی خەططاب باس ناكەین، چونكە ئەوە بێخەم نووسینێكی دوو بەرگی دەوێت، هەروەها سوپاس بۆ خوا بە زمانى كوردى نووسینی چاك و بەهێز لەم بوارەدا دەست دەكەوێت، بۆیە لێرەدا باسی ناكەین و جێی دەهێڵین بۆ خوێنەر تا لەو سەرچاوانەى ترەوە بە وردى هەنگاونان و ئامانج و رێكار و دەرەنجامەكانى بخوێنێتەوە.

لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا فتووحات لە چەند بەرەیەكدا كرا و بەشێكی زۆری ناوچەی دی كەوتنە سەر سنووری دەوڵەتى ئیسلامى و خاكى ئیسلام دوو هێندەش زیاتر زیادى كرد:

لە عێراقدا فتووحاتێكی زۆر كرا و هەر لە سەردەمى عومەریشدا فتوحاتى كوردستان روویدا، لە دیارترین جەنگەكانى ئەو ماوەش جەنگى قادسیە و جەنگى نەهاوەند بوو.

فتووحات بەرەو رۆژهەلآت زۆر پێشڕەوی كردو هەریەك لە هەمەدان و رەی و جورجان و ئازەربایجان و ئيصطهخر و و كەرمان و سجستان وموكران كرا.

لە بەرەى شامیشەوە فتووحات بەردەوام بوو و ناوچەكان یەك دواى یەك فەتح دەكران تا دواجار بەیتولمەقدیسیش فەتح كرا.

هەر لەو سەردەمەدا فەتحى میصر و ئەو ناوچانەش كرا كە ئەمڕۆ دەكەونە وڵاتى لیبیاوە.

 

 

 

پرسی ئالوبەیت

عومەرى كوڕی خەططاب رێزێكی زۆری دەنا لە بنەماڵەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەتا كاتێك دەیەوێت بەخششی خەڵك دیارى بكات، راوێژی كرد بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف، عەبدورەحمانیش وتى لە خۆتەوە دەست پێ بكە، چونكە تۆ شیاوتریت بەوە، عومەریش وتى نا سوێند بەخوا لە نزیكترین كەسەكانى پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) دەست پێ دەكەم، ئینجا لەوانەى بەشدارى بەدر بوون، بەوجۆرە دەچم تا دەگاتە خۆم، ئەوەبوو یەكەمجار پێنج هەزارى بڕیەوە بۆ عەلى كوڕی ئەبوو تالیب، دواتر بۆ هاشمیە بەشداربووەكانى بەدر،[22] هەروەها پێنج هەزار دیناری بڕیەوە بۆ حوسەینیش.[23]

فەرموودەیەك بە صەحیحی هاتووە كە مشتومڕێك لەسەر روانینی عەلى بۆ میراتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەخاتەڕوو، ئەمەش دەقی فەرموودەكەیە:

مالیكی كوڕی ئەوس دەڵێت عومەرى كوڕی خەططاب ناردى بە شوێن مندا، منیش چووم بۆ لاى و ئەوكات خۆر لە بەرزایی ئاسمان بوو، دەبینم لە ماڵەوە دانیشتووەو لەسەر پشتیەكى پێستە پاڵى داوەتەوە، پێی وتم ئەی مال-ناوەكەى كورت كردوەتەوە- خەڵكێ لە هۆزەكەت هاتن و منیش بەخششێكی كەمم كردن، بڕۆ لە نێوانیاندا دابەشی بكە، منیش وتم بریا كەسێكی ترت لەبری من راسپاردایە، ئەویش وتى مالیك لێنەوە، ئینجا یەرفە ْ پەردەدارەكەى عومەر- هات و وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەت دەدەیت عوثمان و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و زوبەیر و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص بێنە ژوورەوە؟ عومەر وتى بەڵێ، ئەویش مۆڵەتى پێدان و هاتنە ژوورەوە، ئینجا یەرفە ْ هاتەوەو وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەتى عەبباس و عەلى دەدەیت بێنە ژوورەوە؟ وتى بەڵێ، مۆڵەتى دا و ئەوانیش هاتنە ژوورەوە، عەبباس وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران لەنێوان من و ئەم درۆزنە تاوانبارە ناپاكە خیانەتكارەدا دادوەری بكە-مەبەستى عەلى بوو-، ئەوانەى لەوێ ئامادە بوون وتیان بەڵێ ئەی ئەمیری باوەڕداران دادوەری نێوانیان بكەو رەحم بەرامبەریان بنوێنە، -مالیك دەڵێت وام هاتە پێش چاو ئەو چوارەش بۆ هەمان شت هاتبوون بۆ لاى عومەر-، عومەر وتى لەسەرخۆ بن، دواتر روویكردەوە ئەو دەستەیە و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، ئینجا تەماشای عەلى و عەبباسی كرد و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى دەى خوا تایبەتمەندیەكى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەخشیوە كە بە هیچ كەسی تری نەبەخشیوە، خوا دەفەرموێت (وَمَا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَى رَسُولِهِ مِنْهُمْ فَمَا أَوْجَفْتُمْ عَلَيْهِ مِنْ خَيْلٍ وَلَا رِكَابٍ وَلَكِنَّ اللَّهَ يُسَلِّطُ رُسُلَهُ عَلَى مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ) ، لەوەش ئەوەى بەنو نەضير بوو، دەى بەخوا تایبەتى نەكرد بە خۆی و بێبەشی نەكردن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەرجى ساڵێك یان خەرجى ساڵێكی خۆی و خێزانەكانى لێ هەڵدەگرت و ئەوەى دەمایەوە لە رێی خوادا دەیبەخشی، ئینجا عومەر روویكردە ئەو چوارەى تر و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەوە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، ئینجا لایكرد بە لاى عەلى و عەبباسدا و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەم دوانەشتان ئەمە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد ئەبووبەكر وتى من دۆست و وەلى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم)، تۆ-عەبباسى دەدواند- و ئەمە-واتە عەلى- چوون بۆ لاى ئەبووبەكر، تۆ میراتى برازاكەتت داوا دەكرد-واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- ئەمیش میراتى ژنەكەى-واتە فاطيمه- لە باوكیەوە –واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- داوا دەكرد، ئەبووبەكر وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (میراتى جێناهێڵین، ئەوەى جێی دەهێڵین صەدەقەیە)، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى درۆ دەكات و تاوانبار و ناپاكە، خواش دەزانێت راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو بوو و شوێن حەق كەوتبوو، ئەوەبوو دەسەلآتى گرتەدەست، دواتر كە ئەبووبەكر وەفاتى كرد من وتم من دۆست و وەلى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دۆست و وەلى ئەبووبەكرم، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى من درۆ دەكەم و تاوانبار و ناپاك و خیانەتكارم، خواش زانایە كە من راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو و شوێنكەوتەى حەقم، ئەوەبوو دەسەلآتم گرتەدەست، ئینجا ئێستا تۆ و ئەمە و هەموو ئێوەش هاتون و قسەتان یەكەو لەو بارەوە پرسیار لە من دەكەن-واتە بارى دەسەلآت-، منیش دەڵێم ئەگەر ئەم دوانەتان دەتانەوێت ئەوە بدەمە ئێوەو بەرامبەر بەوە بەڵێنی خواتان لەسەر بێت كە بەو جۆرەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری بوو لەسەری بڕۆن، لەسەر ئەوە لە منى وەربگرن و دواتر بێن بۆ لام و داوا بكەن بە بارێكی تر-جیا لەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەرۆیشت- دادوەری نێوانتان بكەم؟! نا بەخوا تا رۆژی دوایی جگە لەوە-كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەچوو- دادوەرى نێوانتان ناكەم، ئەگەریش دەرەقەتى ئەوە نایەن ئەوە بیدەنەوە دەست خۆم.[24]

لەم فەرموودەدا بۆمان دەردەكەوێت لەلایەكەوە هەموو ئەو هاوەڵانە دانیان بەوەدا ناوە كە بیستوویانە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتێ جێناهێڵێت و لەوەدا ئەبووبەكر لەسەر حەق بوو كە میراتى نەبەخشی بە فاطيمه، هەروەها بەڵگەیە لەسەر بوونى كێشەى نێوان هاوەڵان و هەوڵدانیان بۆ چارەسەركردنى، هەروەها عومەر لە هەڵوێستی عەلى و عەبباسەوە روانینی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستەیان نیشانداوە كە لەوانەیە ئەوان ئەویش و ئەبووبەكریش بە درۆزن و ناپاك تەماشا بكەن، لەكاتێكدا بەپێی گێڕانەوەى تر كە باسمان كردووە ئەو گومانە نەبووە، بەڵام ئەم دەربڕینە هاوشێوەی ئەوەیە كەسێك كە بەرامبەرەكەى دەدوێنێت بۆ زیاتر سەلماندنى حەقبوونى دەڵێت هەرچەندە تۆ وادەزانیت من ئاواو ئاوەهام، لەلایەكەوە تا ئەگەر ناخى بەرامبەر شتێكی تێدا بێت رێی بۆ بكاتەوە تا ئاشكراى بكات، لەلایەكی تریشەوە تا پێی بڵێت من رام وایە تۆ وا بیر دەكەیتەوە.

زەمەخشەری گێڕانەوەیەكى هێناوە كە لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا كاتێك فتووحاتى فارس كرا، سێ كچی یەزگوردى كوڕی شەهریارى كوڕی كیسرا بە كەنیزەك گیرابوون و هێنران بۆ خەلیفەى باوەڕداران عومەرى كوڕی خەططاب، ئەویش ویستى بیانفرۆشێت، بەڵام عەلى كوڕی ئەبوو طاليب وتى كچانى پاشاكان نافرۆشرێن، بۆیە پارەى هەموویانى دا و دابەشی كردن لە نێوان حوسەینی كوڕی و موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكر و عەبدوڵاى كوڕی عومەردا.[25]

سەبارەت بەو  فەرموودەش كە هاتووە سەلمان لە ئالوبەیتە، عومەر هەمان رێزی سەلمانى فارسی گرت، عومەرى كوڕی خەططاب كە مووچەی بۆ خەڵك بڕیەوە، بۆ سەلمانى فارسی چوار هەزارى دانابوو، بەڵام بۆ كوڕەكەی خۆی (عەبدوڵاى كوڕی عومەر) سێ هەزارو نیوى دانابوو، كابرایەك وتى چۆن دەكرێت بۆ كابرایەكى فارسی چوار هەزار و بۆ كوڕی ئەمیری باوەڕداران سێ هەزار و نیو بێت؟! خەڵكەكە وتیان سەلمان لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزایەك بووە كە ئیبن عومەر تیایدا بەشدار نەبووە.[26]

حوسەین دەڵێت رۆژێك عومەر چوویە سەر مینبەرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و منیش چوومە سەرەوەو وتم لە مینبەرەكەى باوكم دابەزەو بڕۆ بۆ مینبەرەكەى باوكى خۆت، عومەر وتى دەى ئاخۆ باوكى من مینبەرى نەبووە، ئینجا منى لاى خۆی دانیشاند، دواتر كە دابەزى وتى كوڕە شیرینەكەم كێ فێری كردیت ئەم قسەیە بكەیت؟ منیش وتم كەس فێری نەكردوم، عومەر وتى كوڕە شیرینەكەم خواى گەورە و پاشان ئێوە مووی لەسەر سەرمان رواندووە،-واتە رێزدارى كردوین- ئینجا دەستى خستە سەر سەری حوسەین و وتى كوڕی شیرینم وەرەو سەردانمان بكە.[27]

عومەر جارێك جلى بەخشی بە مندالآنى هاوەڵان، بەڵام لەناو جلەكاندا جلی شیاو بە حەسەن و حوسەینی لێ نەبوو، بۆیە ناردى بۆ یەمەن لەوێ دوو جلی تایبەتیان هێنا بۆ حەسەن و حوسەین، ئینجا عومەر وتى ئیتر ئێستا دڵم ئۆخەى كرد.[28]

دانانى مێژووى كۆچی

یەكێك لە كارەكانى عومەرى كوڕی خەططاب دانانى مێژووی كۆچی بوو، لە ساڵی حەڤدە یان هەژدەى كۆچیدا عومەرى كوڕی خەططاب مێژووى كۆچی دانا و كۆچكردنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە كرد بە دەستپێكی ئەو مێژووە.[29]



[1] - سنن أبي داود، الرقم 4062، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858، قال الألباني في صحيح و ضعيف سن أبي داود حسن صحيح.

[2] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 113.

[4] - صحيح مسلم، الرقم 3174.

[5] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6889، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6239.

[6] - خوێنەری ئازیز، ئەم بابەتە مشتومرێكی زۆرى دەوێت و پێویستی بە توێژینەوەیەكى سەربەخۆ هەیە، بۆیە لێرەدا بە كورتى كرۆكەكەى دەخەینەڕوو و پشت بەخوا بە توێژینەوەیەكى جیا درێژەى رووداوەكە دەخەینە بەر باس و شرۆڤە.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 604.

[8] - أسد الغابة، ج2، ص 341.

[9] - أسد الغابة، ج2، ص 342.

[10] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 18.

[11] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 272.

[12] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 36.

[13] - تاريخ الطبري، ج2، ص 363.

[14] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 279.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 19.

[16] - تاريخ دمشق، ج25، ص 475.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 380.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 19-20.

[19] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16497، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3728، مسند الحميدي، الرقم 545، قال شعيب الأرناؤوط إسناده ضعيف.

[20] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 10.

[21] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 14.

[22] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 32250.

[23] - سير أعلام النبلاء، ج3،ص 285.

[24] - صحيح البخاري، الرقم 2944، صحيح مسلم، الرقم 3389 و اللفظ له، صحيح ابن حبان، الرقم 6712، سنن أبي داود، الرقم 2589، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6127،

[25] - ربيع الأبرار للزمخشري، ج1، ص 281.

[26] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 86.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 78 و قال ابن حجر إسناده صحيح، سير أعلام النبلاء، ج3، ص 285 و قال الذهبي إسناده صحيح.

[28] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 285.

[29] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج3، ص 207.

 1361
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.