دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان بە پیتی (ع) دەستپێدەكات و زانیاری لەسەریان كەمە -3-

عەلى سەلەمى (رضي الله عنه)

ناوى عەلى سەلەمیە، عەلى دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووین تا چوینە شوێنێك كە ئاوى تێدا نەبوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوویە خوارووى دۆڵەكەو دەستی هێنا بە زەویەكەدا و ئاو هەڵقوڵی و خۆی و هاوەڵەكانى ئاویان خواردەوە، ئینجا فەرمووى (ئەوە خواردنەوەیەكە خوا نۆشی كردن)، ئیتر ئەو شوێنە ناوى نرا سوقیا.[1]

 

عەلى كوڕی شەیبان (رضي الله عنه)

ناوى عەلى كوڕی شەیبانى كوڕی موحریزى یەمامیە، كونیەكەى ئەبوویەحیایە، یەكێك بوو لە ئەندامانى وەفدى بەنوحەنیفە كە هاتنە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[2]

عەلى كوڕی شەیبان دەڵێت كە وەفدەكە چووینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لە دواى پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) نوێژمان كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە لاچاوێ روانیە كەسێ كە لە كڕنووش و سوجدەدا چاك پشتی نەدەچەماندەوە، كە تەواو بوو فەرمووى (إنه لا صلاة لمن لم يقم صلبه[3] (ئەوەی پشتی رێك نەچەمێنێتەوە هیچ نوێژێكی بۆ نیە).

 

عەلى كوڕی عوبەیدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى عەلى كوڕی عوبەیدوڵاى عامیریە، لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو و لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[4]

عەلى كوڕی ئەبیلعاص(رضي الله عنه)

ناوى عەلى كوڕی ئەبیلعاصە، كچەزاى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، دایكی ناوى زەینەبی كچی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم).

زەینەب لە ئەبولعاص كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەلى كە هەر بە هەرزەكارى وەفاتى كرد،[5] لە فەتحى مەككەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى لە دواى خۆیەوە سوار كردبوو.[6]

عەممارى كوڕی زیاد(رضي الله عنه)

ناوى عەممارى كوڕی زیادە، رایەك دەڵێت لە غەزاى بەدردا شەهید بووە، رایەكیش هاتووە كە لە غەزاى ئوحوددا شەهید بووە،[7] بەڵام ئیبن كەثير بە عومارەى كوڕی زیاد ناوى هێناوە.[8]

لە غەزاى ئوحوددا عەممار دوژمنانى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوور دەخستەوە تا زۆر بریندار بوو، دەستەیەك لەو موسڵمانە كۆچەریانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مابوونەوە، عەمماریان هێنایە ئەملا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى نزیكی بكەنەوە لێم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قاچی خۆی كرد بە پشتی و سەری عەمرى خستە سەر قاچی خۆی، ئیتر سەرى لەسەر قاچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو تا وەفاتى كرد.[9]

 

عەممارى كوڕی غەیلان (رضي الله عنه)

ناوى عەممارى كوڕی غەیلانى كوڕی سەلەمەیە، برایەكی هەبوو بە ناوى عامیر، ئەم دوو برایە پێكەوە پێش باوكیان موسڵمان بوون،[10] عەممار كە موسڵمان بوو كۆچی كرد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[11]

عەنبەسەی كوڕی عەددى (رضي الله عنه)

ناوى عەنبەسەی كوڕی عەددیە، یەكێكە لە بەشداربوانى حودەیبیە، دواى سەردەمى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا لە خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا پاش فەتحى میصر لە میصر نیشتەجێ بوو.[12]

 

عەنبەسی كوڕی ثهعلەبە(رضي الله عنه)

ناوى عەنبەسی كوڕی ثهعلەبەى كوڕی هیلالە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا تا لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[13]

عەنتەرەى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى عەنتەرەیەو یەكێك بووە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدار بوو و تیایدا شەهید بوو.[14]

عەوسەجەى كوڕی حەرمەلە(رضي الله عنه)

ناوى عەوسەجەی كوڕی حەرمەلەى جوهەنیە، عەوسەجە رۆژانە رێیەكى زۆری دەبڕی بۆ مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، چونكە شوێنەكەى زۆر لەوێوە دوور بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەو هەڵوێستەى سەرسام بوو.[15]

عەوفى سەلەمى (رضي الله عنه)

ناوى عەوفەى سەلەمیەو یەكێكە لە ئەندامانى هۆزەكەى عەبباسی كوڕی میرداس، عەوف لە فەتحى مەككەدا بەشدارى كرد.[16]

عەوفى كوڕی سوراقە(رضي الله عنه)

ناوى عەوفى كوڕی سوراقەى ضهمریە، برایەكى هەبوو بە ناوى جوعەیل.[17]

عەوفى كوڕی عەفرا ْ (رضي الله عنه)

ناوى عەوفی كوڕی حارثه كە بە عەفرا ْ ناسراوە، لە پشتیوانانە لە بەنى نەججار، هاودەم بە موعاذ و میعوەذی براى بەشدارى غەزاى بەدرى كرد.[18]

عەوف لە كاتى غەزاى بەدردا وتى ئەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چی شتێكی بەندە پەروەردگار دەخاتە پێكەنین؟ ئەویش فەرمووى (أن يراه قد غمس يده في القتال يقاتل حاسرا)، (كاتێك خوا ببینێت بەندەكەى دەستی لە جەنگدا رۆچووەو بەبێ قەڵغان دەجەنگێت)، عەوفیش قەڵغانەكەى لابرد و كەوتە جەنگ كردن تا كوژرا.[19]

عەونى كوڕی جەعفەر (رضي الله عنه)

ناوى عەونى كوڕی جەعفەرى كوڕی ئەبووطالیبە، واتە ئامۆزاى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، لە خاكى حەبەشە لەدایك بوو و لە غەزاى خەیبەردا هاودەم بە جەعفەرى باوكى گەڕایەوە بۆ مەدینە.[20]

     كاتێك لە غەزاى موئتەدا جەعفەرى باوكى شەهید بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ ماڵی جەعفەر، ئەسمائی ژنى جەعفەر دەڵێت جارێك هەویرم شێلا بوو و منداڵەكانم شۆردبوون و رۆنم دابوو لە قژیان و پاك و پوختم كردبوونەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لامان و فەرمووى (منداڵەكانى جەعفەرم بۆ بهێنە)، منیش ئەوانم هێنا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بۆنی ئەوانى دەكرد و فرمێسك بە چاوانیدا دەهاتە خوارەوە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم بۆچی دەگریت، ئایا هیچت سەبارەت بە جەعفەر و هاوەڵانى بیستووە؟ فەرمووى (نعم أصيبوا هذ اليوم)، (بەڵێ ئەمڕۆ كوژران)، ئەسمائی كچی عومەیس دەڵێت منیش هەستام دەستم كرد بە شیوەن و ژنان لە دەورم كۆبوونەوە و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو بە ژن و خێزانەكانى فەرموو (لا تغفلوا آل جعفر من أن تصنعوا لهم طعاما فإنهم قد شغلوا بأمر صاحبهم[21] (بنەماڵەی جەعفەر پشتگوێ مەخەن و چاوتان لێیان بێت خواردنیان بۆ ئامادە بكەن چونكە ئەوان خۆیان پەشۆكاون بە مردووەكەیانەوە).

كاتێك لە غەزاى موئتەدا جەعفەرى باوكیان شەهید بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو بۆ لایان و سەردانى دەكردن، جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە چوو بۆ لایان فەرمووى سەرتاشم بۆ بانگ بكەن، سەرتاش هات و سەری چاك كردن، دواتر فەرمووى (موحەممەد لە ئەبووطالیبی مامم دەچێت، عەونیش لە رەوشت و شێوەشدا لە من دەچێت)، دواتر نزاى خێری كرد بۆیان، ئینجا دایكیان هات، باسی هەتیوی منداڵەكانى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ترسی سەرپەرشتی ئەوانتە؟ من سەرپەرشتی ئەوانم لە دنیا و ئاخیرەتدا).[22]

عەون لە جەنگى توستوردا شەهید بوو.[23]

عەووامى كوڕی جوهەیل(رضي الله عنه)

ناوى عەووامى كوڕی جوهەیلی هەمەدانیە، سەرەتا خزمەتكارى پەرستگاى یەغووث بوو، عەووام دەڵێت كاتێك خەڵكەكە دەچوونەوە بۆ ماڵەوە، من لە پەرستگاى بتەكە دەمامەوە، شەوێك كە رەشەبا و هەورەبرووسكەیەكی زۆر هەبوو خۆم تەنها مابوومەوە، دەنگێكم لە بتەكەوە بیست كە ئەوە یەكەم جار بوو ببیستم دەنگی لێوە بێت، دەنگەكە وتى كوڕی جوهەیل واز لە بتەكان بهێنە، ماڵوێران رووناكیەكى درەوشاوە لە خاكى حەرامەوە دەركەوت، ئیتر منیش بتەكانم لەبەرچاو كەوتن و ئەو باسوخواسەم لە هاوڕێیانم شاردەوە، كەچی جارێكی تر دەنگم بیست كە هانى دەدام بۆ موسڵمان بوون، منیش بتەكەى دەستم فڕێدا و بەرەو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەوتمە ڕێ، لە رێدا گەیشتم بە كاروانى هەمەدان كە دەچوون بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، چوومە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەم بۆ باسكرد، ئەویش دڵخۆش بوو و دواتر فەرمووى باسی بكە بۆ موسڵمانان، ئینجا فەرمانى پێكردم بتەكان لەناوببەم، دواتر چوومەوە بۆ یەمەن.[24]

عەیاذى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى عەیاذی كوڕی عەمرەو خزمەتكارى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، عەییاذ دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ جوولەكەیەك قسەی دەكرد، عەباكەى سەرشانى كەوت، جا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزى نەدەكرد

كەس نیشانەكەى سەر پشتی ببینێت، منیش خێرا عەباكەیم دایەوە بەسەر شانیدا، فەرمووى كێ وایكرد؟ وتم من، فەرمووى وەرە بەردەمم، منیش لە بەردەمیدا دانیشتم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى خستە سەر سەرم و دەستی هێنا بە دەموچاو و سەروسنگمدا و فەرمووى (ئەگەر دەستكەوتم بۆ هات وەرە بۆ لام)، منیش چووم بۆ لاى، فەرمانى كرد جوانە ولآخێكی پێدام.[25]

عوبەیدوڵاى سولەمی (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدوڵاى سولەمیەو فەرموودەیەكی لە پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە و دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إن الله أعطاكم عند وفاتكم ثلث أموالكم زيادة في أعمالكم).[26]

 

عوبەیدوڵاى كوڕی سوفیان (رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدوڵاى كوڕی سوفیانى كوڕی عەبدولئەسەدى مەخزوومیە، لە جەنگى یەرمووكدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[27]

عوبەیدوڵاى كوڕی عەبباس(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدوڵاى كوڕی عەباسی كوڕی عەبدولموطهلیبە، ئامۆزاى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، كونیەكەى ئەبوو موحەممەدە، لە كاتى وەفاتى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تەمەنى نزیكەی دوانزە ساڵان بوو، عەبباسی باوكى مامى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم) و پێشتریش ژیانى عەبباسمان باس كردووە.[28]

عوبەیدوڵاى كوڕی عوبەید(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدوڵاى كوڕی عوبەیدە، لە پشتیوانانەو لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[29]

عوەیفى كوڕی ئەضبه ط(رضي الله عنه)

ناوى عوەیفی كوڕی ئەضبه طه، لە ساڵی رێككەوتنى حودەیبیەدا موسڵمان بووە و بۆ ساڵی دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ عومرە ئەوی لە مەدینە جێهێشت.[30]



[1] - المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 8556، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4426.

[2] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 564.

[3] - صحيح ابن حبان، الرقم 1913، صححه شعيب الأرناؤوط.

[4] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 571.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 246.

[6] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 570.

[7] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 574.

[8] - أسد الغابة، ج4، ص 150.

[9] - أسد الغابة، ج4، ص 150.

[10] - أسد الغابة، ج4، ص 139.

[11] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 574.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 734.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 733.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 735.

[15] - أسد الغابة، ج4، ص 328-329.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 743.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج 4، ص 740.

[18] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 739.

[19] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16925.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 744.

[21] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26475، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20234، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[22] - مشكل الآثار للطحاوي، الرقم 4497، صححه ابن حجر في الإصابة، ج4، ص 744.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 744.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 736-737.

[25] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4348.

[26] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 4073.

[27] - أسد الغابة، ج3، ص 541.

[28] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 397-398.

[29] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 400.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 745.

 2099
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.