دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەسعەدى كوڕی زورارەى كوڕی عەدەس(رضي الله عنه):

ئەسعەدى كوڕی زورارەى كوڕی عەدەس(رضي الله عنه):

ناوى ئەسعەدى كوڕى زورارەى كوڕی عەدەسی كوڕی عوبەیدی كوڕی ثهعلەبەی كوڕی غەنەمى كوڕی مالیكە،[1] ئیبن حەجەر پێی وایە ئەم هاوەڵە و ئەوەى پێشوو هەردووكیان یەك بن،[2] بەڵام ئیبن ئەثير بەجیا باسیان ئەكات، پێی وایە یەكەمیان ناوى ئەسەدە و دووەمیان ناوى ئەسعەدە.[3]

بەڵام ئەم دوانە لەیەك جیان، چونكە ئەوەى پێشوو كوڕێكى هەبووە بە ناوى عەبدوڵا،[4] بەڵام ئەمەیان هیچ كوڕێكى نەبووە، بەڵكو تەنها كچی هەبووە.[5]

ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە و لە خەزرەجیەكانە، ناسراوە بە (أسعد الخیر)، كونیەكەشی ئەبوو ئومامەیە.[6]

ئەسعەد یەكەم كەسی پشتیوانان بوو كە موسڵمان بوو،[7] ئەو و ذەكوان پێكەوە موسڵمان بوون.[8]

ئەسعەد سەرقاڵی كارى بازرگانى بوو و دەچوو بۆ شام،[9] هەروەها پێش موسڵمانبوونیشی بڕواى بە بتپەرستی نەبوو و هەردەم باسی یەكخواپەرستی دەكرد.[10]

دایكى ناوى سوعاد بوو، دەوترێ بەڵكو دایكی ناوى فریعەى كچی رافعى كوڕی موعاویە بووە.[11]

ناوى ژنەكەى عومەیرەى كچی سەهل بوو كە لەم ژنەى سێ كچی هەبوو، فریعەو كەبشە و حەبیبە، ژنەكەشی و هەر سێ كچەكەشی موسڵمان بوون و بەیعەتیان دابوو بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). [12]

براكەى ناوى سەعد بوو،[13] ئیبن عەبدولبەر گومانى هەیە لە موسڵمانبوونى، چونكە زۆربەیان فریاى موسڵمان بوون نەكەوتون،[14] خوشكێكیشی هەبوو بە ناوى زغیبە،[15] هەروەها ئەسعەد كوڕی نەبوو،[16]بەڵام ئیبن عەبدولبەر پێی وایە عەبدوڵا كوڕی ئەم ئەسعەدە بووە كە كونیەكەى ئەبوو ئومامەیە.[17]

جارێك ئەسعەد كە لە شامەوە دەگەڕایەوە، لەگەڵ چل كەسی هۆزەكەیدا بوو، خەوێكى دى، لە خەوەكەیدا كەسێ هات و پێی وت ئەى ئەبوو ئومامە لە مەككە پێغەمبەرێ دەردەكەوێ تۆیش شوێنی بكەوە، نیشانەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە ئێوە دەچنە شوێنێ هەموو هاوڕێكانت بەردەكەون و تەنها تۆ رزگارت دەبێت، فلآن كەسیش چاوى بەردەكەوێ، ئەوەبوو چوونە شوێنێ هەموو تووشی تاعوون بوون جگە لە ئەبوو ئومامە كە رزگارى بوو لەگەڵ یەكێكیان كە چاوى بەركەوت.[18]

سەبارەت بە موسڵمان بوونى ئەسعەد ئەوەبوو كاتێ لەگەڵ ذەكوانى هاوڕێیدا دەچوون بۆ مەككە بۆ لاى عوتبەى كوڕی رەبیعە، لەوێ هەواڵی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بیست و چوون بۆ لاى، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بانگهێشتى كردن بۆ ئیسلام و قورئانى بۆ خوێندنەوە، ئەوانیش موسڵمان بوون،[19] ئیتر نەچوون بۆ لاى عوتبە.[20]

ئەسعەد بەشدارى هەموو بەیعەتەكانى عەقەبە بوو،[21] یەكێك بوو لە دوانزە نەقیبەكەش، نەقیبی بەنى نەجار بوو،[22] رایەكیش دەڵێت بەڵكو نەقیبی بەنى ساعیدە بووە، بەڵام ئیبن ئەثير بەرپەرچی دەداتەوەو دەڵێت نەقیبی بەنى نەجار بووە چونكە خۆی لە بەنى نەجار بووە، هەروەها نەقیبی بەنی ساعیدەش سەعدى كوڕی عوبادە بوو،[23]لەناو نەقیبەكاندا تەمەنى لە هەموویان كەمتر بوو،[24]بەڵام پێشڕەوى هەر دوانزەكە بوو.[25]

ئەسعەد كاتێ موسڵمان بوو لەگەڵ هەریەك لە عمارەى كوڕی حەزم و عەوفی كوڕی عەفرادا بتەكانى هۆزى بەنى نەجاریان دەشكاند،[26] هەروەك سەعدى كوڕی موعاذ و ئوسەیدى كوڕی حوضهیریش ئەم كارەیان دەكرد،[27]  هاوكات خەڵكى مەدینەى بانگهێشت دەكرد بۆ ئیسلام، پێش هەموویشی ماڵ و مناڵی خۆی بانگ كرد و لەبەر راستگۆیی و رەوشتی جوانى، خێزانەكەى خێرا چوون بەدەم بانگەوازەكەیەوە.

لە بەیعەتى عەقەبەدا ئەسعەد دەستی خستە ناو دەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی خەڵكینە ئایا ئەزانن لەسەر چی بەیعەت ئەدەن بە موحەممەد؟ ئێوە بەیعەتى پێدەدەن لەسەر ئەوەى جەنگى عەرەب و عەجەم و مرۆڤ و جنۆكە بكەن، وتیان بەڵێ لەگەڵ هەركەس بجەنگێ ئێمەش دەجەنگین و ئاشتیش لەگەڵ هەر كەس ببەستێ ئێمەش ئاشتی لەگەڵ دەبەستین، ئینجا ئەسعەدى كوڕی زورارە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مەرجم لەسەر دابنێ، ئەویش فەرمووى (بەیعەتم پێ بدەن لەسەر ئەوەى شایەتى بدەن هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە اللە  و منیش پێغەمبەرى خوام و نوێژ بكەن و زەكات بدەن و گوێگرى و گوێڕایەڵیتان هەبێ و لەسەر دەسەلآت ركەبەرى خاوەن دەسەلآت نەكەن، خۆتان و ژن و مناڵتان لە چی دەپارێزن منیشی لێ بپارێزن) دەمڕاستی پشتیوانان وتى بەڵێ ئەمەت بۆ دەكەین ئەى پێغەمبەرى خوا، ئەى ئێمە چیمان بۆ هەیە؟ فەرمووى بەهەشت و سەركەوتن.[28]

ئەسعەد لە مەدینە پێنج فەرزە بەرنوێژی دەكرد بۆ موسڵمانانى مەدینە[29] و یەكەم كەسیش بوو نوێژی هەینی بۆ كردن،[30] دوو كوڕی لابوو بە ناوەكانى  سەهل و سوهەیل كە برا بوون زەویەكیان هەبوو، ئەسعەد ئەو شوێنەى كردبوو بە مزگەوت و لەوێ نوێژی بۆ موسڵمانان دەكرد.[31]

پشتیوانان داوایان لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد كەسێكیان بۆ بنێرێ تا قورئانیان فێر بكات، ئەویش موصعەبی كوڕی عومەیری نارد، موصعەبیش لە ماڵی ئەسعەد دەمایەوە.[32]

بۆ ساڵی دواتر كە موسڵمانە پشتیوانەكان چوونەوە بۆ مەككە، ئەسعەدیش لەگەڵیان چوو.[33]

جارێك ئەسعەد موصعەبی برد بۆ لاى بەنى عەبدولئەشهەل تا لەسەر ئیسلام قسەیان بۆ بكات، گەیشتنە ناو باخێكی بنى ظفر و لاى بیرێ دانیشتن، بڕێ لە خەڵكى هۆزى ئەسلەم لە دەوریان كۆبوونەوە، هێشتا سەعدى كوڕی موعاذ و ئوسەیدى كوڕی حوضهیر كە گەورەى هۆزەكانیان بوون موسڵمان نەبووبوون، كاتێ قسەكانى ئەسعەدو موصعەبیان بیست سەعد بە ئوسەیدی وت هەى بێباوك بڕۆ بۆیان، سەیركە چۆن هاتوونەتە خاكمان تا هەرزەكارەكانمان لەخشتەبەرن، بڕۆ بەریان پێ بگرە و مەهێڵە بێنە ناوچەی ئێمە، ئوسەیدیش بە خەنجەرێكەوە هات، ئەسعەد بە موصعەبی وت ئەمە گەورەى هۆزەكەیەتى، دێت بۆ لات، راست پەیامى خواى پێ بڵێ، موصعەب وتى ئەگەر دابنیشێ قسەى لەگەڵ ئەكەم، ئوسەید بە قسەوتنەوە هاتەبەردەمیان، وتى بۆچی هاتون بۆ لامان تا هەرزەكارەكانمان لەخشتەبەرن، ئەگەر گیانى خۆتانتان لا خۆشەویستە دووربگرن لێمان، موصعەب پێی وت بۆچی دانانیشیت تا گوێمان لێ بگریت، ئەگەر بەدڵت نەبوو وازدێنین، ئەویش وتى قسەكەت جوانە، خەنجەرەكەى دەستى داچەقاند بەناو زەویدا و لەبەردەمیاندا دانیشت، موصعەب باسی ئیسلامى بۆ كرد و قورئانى بۆ خوێندەوە، خێرا ئومێدى موسڵمانبوونیان لە روخساریدا بەدیكرد، ئوسەید وتى چەند جوان و چاك ئەڵێن، باشە ئەگەر بتانەوێ بچنە ناوئەم ئاینە چی دەكەن؟ ئەوانیش پێیان وت خۆت بشۆ و جلەكانت بشۆ و دواتر شایەتومانى حەق بهێنە و دواتر نوێژ بكە، ئەویش وایكرد، دواتر ئوسەید وتى من كەسێكم لەدواى خۆم جێهێشتووە ئەگەر ئەویش شوێنتان بكەوێ چی كەسی ناو هۆزەكەى هەیە شوێنتان ئەكەون، ئێستا ئەینێرم بۆ لاتان، ئەویش سەعدى كوڕی موعاذە، ئینجا ئوسەید خەنجەرەكەى هەڵگرت و چوو بۆ لاى سەعد و هۆزەكەشی چاوەڕوان بوون، سەعد پێی وت چیت كرد؟ ئوسەید وتى من قسەم لەگەڵ كردن بەخوا واى نابینم خراپ بن،  رێم لێگرتن، ئەوانیش وتیان چیت پێ خۆشە وادەكەین، بەنى حارثه ویستیان بچن ئەسعەدى كوڕی زورارە بكوژن، ئەشزانن پوورزاى تۆیە، وادەكەن وەك سووكایەتى بە تۆ، سەعد بە توورەیی و خێرایی هەستا و چوو بۆ لایان، كە چوو بینی هەردووكیان بێخەم دانیشتون زانى ئوسەید ویستوویەتى گوێیان لێ بگرێ، بە قسەوتنەوە (جنێودانەوە) لەبەردەمیاندا راوەستا، بە ئەسعەدى كوڕی زرارەى وت بەخوا لەبەر خزمایەتى نێوانمان نەبوایە ئەمەت بەسەردا تێنەئەپەڕی، موصعەب پێی وت بۆچی دانانیشیت گوێمان لێ بگریت، ئەگەر بەدڵت بوو باشە، ئەگەر بەدڵت نەبوو لێت دووردەكەوینەوە، سەعد وتى قسەكەت جوانە، دانیشت و خەنجەرەكەى داچەقاند بە زەویداو گوێی لێگرتن، هەمان شتیش بۆ ئەم روویدا، كە سەعد گەڕایەوە، هۆزەكەى وتیان بەوخوایە سەعد بەدەموچاوێكى ترەوە هاتوەتەوە، كاتێ سەعد گەیشتە لایان وتى ئەی بەنى عەبدولئەشهەل منتان لا چۆنە؟ وتیان گەورەو شارەاز و بەڕێزترینى ئێمەیت، ئەویش وتى دەى دەنگم لە ژن و پیاوتان هەڵدەگرم تا كاتێ باوەر دێنن بە خوا و پێغەمبەرەكەى، بەوە هەرهەموو بەنى عەبدولئەشهەل موسڵمان بوون جگە لە چەند كەسێ، پاشان ئەسعەد موصعەبى بردەوە بۆ ماڵی خۆیان.[34]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە، خێرا ئەسعەد وشترەكەى پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) بردەوە بۆ لاى خۆی و بە جوانى سەرپەرشتی دەكرد.[35]

هەروەها سەرەتا كە طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا هاتە مەدینە لاى ئەسعەدى كوڕی زورارە دەمایەوە.[36]

ئەسعەد تووشی نەخۆشیەك بوو كە پێی دەوترا (الذبحة)، جوولەكەكان تانەیان دەدا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)كە بۆچی چاكى ناكاتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ لاى تا سەردانى بكات و سەیری حاڵی كرد، پاشان خۆی چارەسەی داخكردنى بۆ بەكارهێنا، بەڵام هەر مرد، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (مەرگێكی خراپ بەشی جوولەكە بێت، دەڵێن بۆ نەیتوانى دەردى هاوەڵەكەى بپەڕێنێ، من بۆ ئەو و بۆ خۆیشم هیچم پێ ناكرێ).

ئەسعەد وەسیەتى كرد دواى خۆی كچەكانى لەژێر چاودێری پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بن، بەوجۆرە كچەكانى زۆر تێكەڵی خێزانەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبوون.[37]

ئەمە نموونەیەكى جوانە بۆ ئەوانەى پێیان وایە نوشستى موسڵمانان لە هەڵە و ناتەواویانەوەیە، بەڵكو زۆرجار خواى گەورە بەندەكانى تاقی دەكاتەوە بە چەند نیازێ: تا تاوانى ئەو كەس و كۆمەڵە بسڕێتەوە، پاداشتیان زیاد بكات، ئەوەش تەنها لە دەست خواى گەورەدایە، تەنانەت پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) بە بڕیارو ویستى خوا نەبێت هیچی پێ ناكرێ ، خواى گەورەش بۆ هەموو ئەو شتانە سوننەتى ژیان ناگۆڕێت ئەگەرچی هەندێ جار موعجیزە نیشانى بەندەكانى دەدات، بەڵام بە گشتى رێیداوە سوننەتەكانى ژیان وەك نەخۆشی و نارەحەتى و مەرگ و ...هتد بمێننەوە.

كاتى مردنى:

مردنى ئەسعەد لە پێش جەنگى بەدردا بوو، واقیدی دەڵێت نۆ مانگ دواى كۆچكردن بوو، لە مانگى شەوال واتە مانگێ پێش جەنگى بەدر كە لە رەمەزاندا  روویدا ئەسعەد وەفاتى كرد،[38] لەو كاتەى هێشتا سەرقاڵی دروستكردنى مزگەوتەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون،[39] بەوە یەكەم موسڵمان  بوو لە دواى كۆچ بۆ مەدینە وەفاتى كرد،[40] هەرچەندە رایەكى تر هەیە دەڵێت كلثومى كوڕی هدم یەكەم كەس بووە مردووە، چەند رۆژێ پێش ئەسعەد مردووە،[41] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی ئامادەى شۆردن و كفن كردن و نوێژ لەسەركردنى بوو.[42]

رایەكیش هەیە دەڵێت پێش هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە، بەڵام راى یەكەم راستە.[43]

ئەسعەد لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە كرا، یەكەم موسڵمانیش بوو لەو گۆڕستانە ئەسپەردە كرا، بەڵام رایەك هەیە دەڵێت عوثمانى كوڕی مەظعوون یەكەم موسڵمان بووە لەو گۆڕستانە ئەسپەردە كراوە،[44] بەڵام ئەوەیان راستە كە ئەسعەد یەكەم ئەسپەردەكراوى موسڵمانى ئەو گۆڕستانە بووە، چونكە عوثمان لە ساڵی دووەمى كۆچی و پاش جەنگى بەدر وەفاتى كرد،[45] بەڵام ئەسعەد لە پێش جەنگى بەدر  و لە مانگى شەوالدا وەفاتى كرد، واتە نزیكەى مانگێ پێش جەنگى بەدر.

دەكرێت بڵێین ئەسعەدى كوڕی زورارە یەكەم كەس بوو لە پشتیوانان لە پاش كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردو لە بەیقیع ئەسپەردە كرا، عوثمانى كوڕی مەظعوونیش یەكەم كەس بوو لە كۆچەران لە لە پاش كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و لە بەیقیع ئەسپەردە كرا.

كاتێ وەفاتى كرد بەنى نەجار هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و وتیان نەقیبەكەمان وەفاتى كردووە نەقیبێكى ترمان بۆ دابنێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە وەڵامدا پێی فەرموون (أنتم أخوالي وأنا نقيبكم) (ئێوە خاڵوانى منن و منیش نەقیبی ئێوەم)، ئەمەش رێزلێنانێكى گەورە بوو لەبەنى نەجار.[46]

خواى گەورە بڕێ تایبەتمەندى بەم هاوەڵە خۆشەویستە بەخشی، لەوانە:

  • یەكەم كەس بوو لەپشتیوانان موسڵمانان بوو.
  • بەشدارى هەموو بەیعەتەكانى عەقەبەى كرد.
  • یەكەم كەس بوو لە بەیعەتى عەقەبەدا دەستی خستە ناو دەستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).
  • یەكەم كەس بوو لە مەدینە نوێژی هەینی بۆ موسڵمانان كرد.
  • یەكەم موسڵمانى ناو مەدینە بوو كە دواى كۆچ وەفاتى كرد.
  • پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئامادەى شۆردن و كفنكردن و ئەسپەردەكردنیشی بوو.
  • یەكەم موسڵمان بوو لە مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی مردووى لەسەر كرد.
  • یەكەم موسڵمان بوو لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە كرا.
  • پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە دەستى خۆی چارەسەرى نەخۆشی بۆ ئەنجامدا.
  • كچەكانى لەدواى خۆی لەژێر سەرپەرستى راستەوخۆی پێغەمبەرى خوادا بوون و بەردەوام سەردانى ماڵى خێزانەكانى پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) دەكرد.
  • كاتێ وەفاتى كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەركەكەى ئەوى گرتەئەستۆ كە نەقیبی بەنى نەجار بوو، ئەوەبوو دواى وەفاتى ئەسعەد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە بەنى نەجارى راگەیاند ئەو دەبێتە نەقیبیان.
  • لەناو نەقیبەكاندا تەمەنى لە هەموویان كەمتر بوو، بەڵام كاراترین و پێشرەوى هەموویان بوو.

پەند و وانە:



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 110، سير إعلام النبلاء، ج1، ص299.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص56.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص108، 110.

[4] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص69.

[5] - الطبقات، ج3، ص608.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 111.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص608.

[8] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص302.

[9] - الطبقاتالكبرى لابن سعد، ج1، ص165.

[10] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص190.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص608.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص446.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج4، 507، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص608.

[14] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص591.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 512.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص608.

[17] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص868.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1ص166.

[19] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص302.

[20] - أسد الغابة، ج1، ص111.

[21] - أسد الغابة، ج1، ص111.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1ص220.

[23] - أسد الغابة، ج1، ص112.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص54.

[25] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص302.

[26] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص486.

[27] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص229.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص609.

[29] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص302.

[30] - أسد الغابة، ج1، ص112.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص239.

[32] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص149.

[33] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص80، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص119.

[34] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص152-153.

[35] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص237، البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص202.

[36] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص216.

[37] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص610.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص55.

[39] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص300.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص55.

[41] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص1328.

[42] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص611.

[43] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1600.

[44] - سير أعلام لاالنبلاء للذهبي، ج1، ص155.

[45] - أسد الغابة، ج3، ص621، سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص155.

[46] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4809، أسدالغابة، ج1، ص112.

 2369
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.