دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەسلەمى مەولاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ئەسلەم لە بنەرەتدا لە قيبطيهكانى میصرە،[1] هەروەها لە كۆچەرانە، لە مەككەوە كۆچی كردووە بۆ مەدینە،[2] خاوەن زانست و گەورەیی و رێزێكى زۆر بوو.[3]

سەبارەت بە ناوى ئەم هاوەڵە راجیایی هەیە، هەریەك لەم ناوانە هاتون (ئەسلەم، ئیبن نومەیر، ئیبراهیم، هورمز، ثابت[4] ئیبن عەبدولبەر دەڵێت زیاترین ناوێ پێی ناسرابێ ئەسلەمە،[5] كونیەكەى ئەبوورافیعە و زیاتر بەوە ناسراوە.[6]

مەولاى پێغەمبەرى خوا بووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەلماى مەولاى مارەكرد لە ئەبوو رافیع و خواى گەورەش كوڕێكى پێ بەخشین كە ناویان نا عوبەیدوڵا،[7] ئەم عوبەیدوڵایە دواتر لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا نووسەر و خەزنەداری خەلیفە بوو،[8] عوبەیدوڵا فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[9]

ئیبن حەجەر گێڕانەوەیەكى هێناوە كە عوبەیدوڵاى بە كورەزاى ئەبوورافیع هێناوە واتە ئەبورافیع كوڕێكى هەبووە بە ناوى عەلى كە ئەویش كوڕێكى هەبووە ناوى عوبەیدوڵا بووە،[10] ئەم عوبەیدوڵایە جیایە لە عوبەیدوڵاى كوڕی ئەسلەم، واتە ئەو دوو عوبەیدوڵایە مام و برازا بون.

كوڕێكى تریشی هەبوو بە ناوى حەسەن كە ئەویش فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[11]

ئیبن حەجەر ناوى دوو كوڕی ترى دێنێ (رافع و موغیرە) كە فەرموودەیان  لە باوكیانەوە گێڕاوەتەوە.[12]

ئەسلەم پێشتر مەولاى عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، بەڵام عەبباس بەخشی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم[13] دەشوترێ بەڵكو مەولاى سەعیدى كوڕی عاص بووە، كاتێ سەعید مرد منداڵەكانى بە میراتیان گرت، هەموو ئازادیان كرد جگە لە خالید، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى لێكرد یان ئازادى بكات یان بیفرۆشێت یان بە دیارى پێی ببەخشێ، خالید رازى نەبوو، دواتر بە دیارى بەخشی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش ئازادى كرد،[14] لە رایەكى ترا هاتووە سێ منداڵی سەعید ئازادیان كرد و ئەوانى تر ئازادیان نەكرد، بۆیە ئەبوورافیع چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و داواى لێكرد یارمەتى بدات و قسەیان لەگەڵدا بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) قسەى لەگەڵ كردن، ئەوانیش بەخشییان بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش ئازادى كرد.[15]

ئیبن ئەثير دەڵێت بۆچوونى یەكەم راستترە كە هی عەبباس بووەو پاش ئەوەى بەخشیویەتى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویش ئازادى كردووە.

كاتێ موژدەى موسڵمانبوونى عەبباسی برد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویش ئازادى كرد،[16] بەڵام عیكریمەى مەولاى عەبباس دەڵێت ئەبورافیع وتى من مەولاى عەبباسى كوڕی عەبدولموتەلیب بووم و ئیسلامیش چووبووە ناو ئالوبەیتەوەو هەریەك لە عەبباس و ئوممولفەضليش موسڵمان بووبوون.[17]

موسڵمانبوونى لەپێش جەنگى بەدردا بوو.[18]

ئەبوورافیع موسڵمانبوون عەبباس دواى موسڵمانبوونى خۆی دێنێ، بەڵام عەبباس موسڵمانبوونى خۆی دەشاردەوە،[19] بەڵام لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە ئەبوورافیع دواى موسڵمانبوونى عەبباس و ئوممولفەضل موسڵمان بووە.[20]

مەسەلەى موسڵمانبوونى عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەشداربوونى لە بەدردا پەیوەستە بە گوێڕایەڵى عەبباس بۆ فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەك دژایەتى كردنى، چونكە عەبباس وەك هەواڵگرى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەككە مابوویەوە، ئەگینا خۆشەویستى بەرچاوى عەبباس بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە چەندین هەڵوێستدا دیارە، وەك چوونى لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ بەیعەتى عەقەبە و راسپاردەى بۆ پشتیوانان تا چاك نازى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راگرن و وریاى بن،[21] هەروەها لە بەدردا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد هەركەس گەیشت بە عەبباس نەیكوژێت چونكە بە نابەدڵی هاتووە،[22] كاتێكیش بەدیل گیرا بە پێغەمبەرى خوا ناوى پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) دەبرد نەك بە موحەممەد[23] لە كاتێكدا برازاشی بوو، ئیتر چۆن لەدژی شمشێر هەڵگرێ، بەڵكو عەبباس كاتێ ویستى كۆچ بكات بۆ مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (مقامك بمكە خیر)(مانەوەت لە مەككە چاكترە)، بۆیە مایەوە و لەوێ هەواڵى دەنارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[24]

ئەبوو رافیع بەشدارى جەنگى بەدرى نەكرد چونكە ئەوكات لە مەككە بوو.[25]

كاتێ عەبباس لە جەنگى بەدردا گیرا، دەبوو خۆی بە پارە ئازاد بكات، بۆیە ئەبوورافیع پارەى رزگار كردنەكەى عەبباسى برد بۆ مەیدنە، عەبباس پارەی ئازادكردنى خۆی و عقیلى برازاى دا و ئەبوورافیع بردی و گەڕایەوە.[26]

ئەبوو رافیع لەگەڵ بڕێ لە موسڵمانانى تردا كۆچی كرد بۆ مەدینە، ئەوكات طهلحە خاوخێزانى ئەبووبەكرى كۆچ پێدەكرد بۆ مەدینە، زەیدو ئەبوورافیعیش هەریەك لە فاطمه و ئوم كلثوم و سەودەو ئوم ئەیمەن و ئوسامەیان كۆچ پێدەكردن بۆ مەدینە، هەموویان پێكەوە چوون.[27]

پێشتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە زەید و ئەبوورافیعی ناردبوون بۆ مەككە و دوو وشتر و پێنج سەد درهەمیشی پێدان تا ئەو ئەركە بەجێبگەیەنن.[28]

ئەبوورافیع بەسەرهاتی خۆی دەگێرَێتەوە كە كاتێ جەنگى بەدر روویدا، ئەو لە مەككە بوو، دەڵێت من كەسێكى لاواز بووم و سەرقاڵی چاككردنى پەرداخ و قاپ و قاچاخ بووم، كە هەواڵی سەركەوتنى موسڵمانان هات ئێمە ورەمان بەرزبوویەوەو دڵخۆش بووین، ئەبوولەهەب نەچووبوو و لەبرى خۆیدا عاصی كوڕی هیشامى ناردبوو، من لاى ئاوى زەمزەم لەگەڵ ئوممولفەضل بووم سەرقاڵى ئەو كارەم بووم، ئەبووجەهل هات و قاچی راكێشا و پشتى تێكردم و دانیشت، ئەوەندەم بیست وتیان ئەوە ئەبووسوفیان هاتەوە، ئەبوولەهەب وتی ئادەى برازام سوێند بەتەمەنم تۆ هەواڵت لایە، چوو بۆ لاى ئەیوسوفیان و خەڵكى لە دەورى وەستابوون، پرسیارى كرد لە ئەبووسوفیان، ئەبووسوفیانیش وتى بەخوا هیچ نەبوو، تەنها ئەوەى بەرنگاری خەڵكێ بووینەوەو گەردنى خۆمانمان پێدان تا چۆن بیانەوێ بمانكوژن و بمانگرن، بەخوا لەگەڵ ئەوەشدا سەركۆنەى خەڵكەكەمان ناكەم، بەرنگارى پیاوانێكى سپی بووینەوە بەسەر ئەسپەوە كە لەنێوان ئاسمان و زەویدا بوون، ئەبوو رافیع هاوارى كرد وتى بەخوا ئەوانە فریشتەى خوا بون، ئەبوولەهەبیش تا توانى داى بەناو دەممدا، منیش ئەوەنەى تر ورووژاندم، هات بۆم  و دامى بە زەویدا و كەوتە لێدانم، منیش كەسێكی لاواز بووم، ئوممولفەضليش هەستا و دارێكى هەڵگرت و داى بە سەریدا و سەركۆنەى كرد چۆن دەدات لە مەولاى كەسێك كە خۆی ئامادە نیە، ئەبوولەهەبیش بە سەرشۆڕیەوە ملى رێی گرتەبەر و چوو، سوێند بەخوا حەوت شەوی بەسەردا نەچوو تا خوا تووشی نەخۆشیەكى كرد كە بەهۆیەوە مرد و دوو كوڕەكەشی دووریان دەگرت لێی و دوو سێ شەو تەرمەكەیان لە ماڵەوە جێهێشت ئەسپەردەیان نەدەكرد تا بۆنى كرد، خەڵكێ لە قورەیش سەركۆنەیان كردن و وتیان بەسەرینە، ئەرێ شەرم ناكەن ناچن باوكتان ئەسپەردە بكەن لەكاتێكدا وا لە ماڵەوە بۆنى كردووە، وتیان دەترسین تووش بین، یەكێك وتى وەرن منیش دێم لەگەڵتانا، بەو حاڵەشەوە دەستیان بەرى نەكەوت، بەڵكو هەر لە دوورەوە ئاویان كرد بە سەریدا، دوایی بردیان لە سەرووى مەككەوە ئەسپەردەیان كرد و بەردیان لەسەری دانا.[29]

ئەسلەم بەشدارى غەزاكانى ئوحود و خەندەق و غەزاكانى دواتریشی كرد، چونكە بەشداری كردنى جیهاد لاى هاوەڵان تەنها ئەركێ نەبوو، بەڵكو حەز و ویستێ بوو كە تاسەیان بۆی هەبوو.

لە عەمرەى پاش رێككەوتنى حودەیبیەدا ئەبوورافیعیش لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو و بەشدارى كرد، كاتێ وادەى مانەوەیان لە مەككە تەواو بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە ئەبوورافیع تا هاوار بكات بۆ موسڵمانان تا هەستن و بچن و لە مەككە نەمێننەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی چووە دەرەوە بۆ ناوچەى سرف، بەڵام فەرمانى كرد ئەبوورافیع لە مەككە مایەوە تا شەو  و مەیموونەى كچی حارثى برد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەوێ مەیموونەى گواستەوە.[30]

رایەك هەیە دەڵێت مەیموونە خۆی داواى كردووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێت داواى، بەڵام ئیبن كەثير دەڵێت راى راستتر ئەوەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی داواى كرد و ئەبوورافیعى نارد بۆ داواى و ئەبوورافیع لە نێوانیاندا بوو،[31] ئەبوو رافیع دەڵێت من نێردراوى نێوانیان بووم.[32]

لە غەزاى خەیبەردا ئەسلەم بەشدارى كرد و سەلماى ژنیشی لەگەڵیدا بەشدارى ئەو غەزایە بوو،[33]ئەمەش نموونەیەكى بالآى خێزانێكى موسڵمانە كە لەپێناو گەیشتن بە رەزامەندى خوا و بەهەشتەكەى كێبڕكێ لەسەر هەر چاكەیەك دەكەن.

ئەسلەم دەڵێت شەوێك سەرمایەكى سەختمان تووش بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد هەركەس لێفەو شتى پێیە بیدات بەسەر ئەوەشدا كە نیەتى، من كەسم شك نەبرد هاوبەشیم بكات، بۆیە چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لێفەكەى خۆی دا بەسەر منیشدا، پێكەوە خەوتین تا بەیانى، بەیانى كە هەستاین مارێك لاى قاچیەوە بوو، فەرمووى ئەى ئەبوورافیع بیكوژە بیكوژە.[34]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەندێ جار ئەركى كۆكردنەوەى زەكاتى دەسپارد بە ئەرقەم،[35] جارێكیان كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو ئەركەى پێ سپارد ئەرقەم داواى كرد لە ئەبوو رافیع تا یارمەتى بدات لەبەرامبەردا بەشدارى پشكى (العاملین علیها)ى دەكات، ئەبوورافیع وتى با پرس بكەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كاتێ پرسی پێكرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (يا أبا رافع إنا أهل بيت لا تحل لنا الصدقة)، (ئەى رافیع ئێمەى ئالوبەیت صەدەقەمان بۆ حەلآڵ نیە).[36]

كاتێ ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مانگى زیلحجەى ساڵی هەشتى كۆچی لە مەدینە لە ناوچەى (العالية) لەدایكبوو،[37] لەو كاتەدا سەلماى خێزانى لەوێ بوو، خێرا سەلما هەواڵەكەى گەیاند بە ئەبوورافع، ئەویش هەواڵەكەى گەیاند بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش بەندەیەكى پێبەخشی.[38]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جارجارە دەچوو بۆ گۆڕستانى بەقیع و نزاى خێری دەكرد بۆ مردوانى موسڵمانان، لەگەڵ خۆیشیدا ئەبوورافیعی دەبرد، دایكمان عائیشە باس دەكات كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ بەقیع لەگەڵ خۆیدا ئەبوورافیعی برد، ئەبوو رافیع دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى لێخۆشبوونى بۆ ئەو مردوانە دەكرد، پاشان فەرمووى (يا أبا رافع إني قد خيرت بين خزائن الدنيا والخد ثم الجنة وبين لقاء ربي والجنة فاخترت لقاء ربي)[39] (ئەى ئەبوورافیع من سەرپشك كرام لەنێوان خەزێنەكانى دنیا و نێوان ژیانى سەخت و پاشان بەهەشت و لەنێوان گەیشتنەوە بە پەروەردگارم و بەهەشتدا، منیش گەیشتنەوە بە پەروەردگارم هەڵبژارد).

ئەبوو رافیع دەگێڕێتەوە بەرخێكى برژاویان هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش فەرمووى ئەى ئەبورافع باڵەكەیم بەرێ، منیش پێمدا، پاشان فەرمووى ئەى ئەبوورافیع باڵەكەیم بەرێ، منیش پێمدا، جارى سێیەم فەرمووى ئەى ئەبوورافیع باڵەكەیم بەرێ، وتم ئەى پێغەمبەرى خوا مەگەر لە دوو باڵ زیاترى هەیە؟ فەرمووى (لو سكت لناولتنی منها ما دعوت بە)[40] (ئەگەر بێدەنگ بوویتایە تا داوایم بكردایە پێت دەدام).

جارێك سەلماى خێزانى ئەبوورافیع چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)لەسەر ئەبوورافیع سكالآى خۆی كرد، وتى ئەبوورافیع لێیداوم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ما لك و لها یا أبارافع) (چی بووە بۆ وایت لەگەڵى ئەبوورافیع-چی لە نێوانتاندا روویداوە)، ئەبوورافیع وتى ئەى پێغەمبەرى خوا ئازارم دەدات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بم آذيتيه يا سلمى) (ئەى سەلما بە چی ئازارت داوە)، وتى ئەى پێغەمبەرى خوا هیچ ئازارم نەداوە، تەنها ئەوەنەبێ باى لێبوویەوەو نوێژی دەكرد، منیش وتم ئەى ئەبوورافیع پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كردووە بە موسڵمانان ئەگەر یەكێكیان بایەكى لێبوویەوە دەست نوێژ بگرێ، ئەویش هەستا و لێیدام، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێكەنى و فەرمووى (یا أبارافع إنها لم تأمرك إلا بخیر) (ئەى ئەبوو رافیع ئەوتەنها فەرمانى چاكەى پێكردویت)، پاشان پێی فەرموو (لا تضربها)(لێی مەدە).[41]

ئەبوورافیع دواى وەفاتى پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و رۆڵی هەبوو لە فتووحاتى ئیسلامیدا و لەسەردەمى خەلیفە عومەرى كوڕی خەتتابدا بەشدارى فەتحى میصری كرد.[42]

سەبارەت بە مردنى دوو را هەیە، رایەك دەڵێت لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا وەفاتى كردووە، رایەكى تر دەڵێت لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا وەفاتى كردووە،[43] دەوترێ لە ساڵی چلى كۆچیدا وەفاتى كردووە.[44] ئیبن ئەثير پێى وایە راى دووەمیان (سەردەمى خەلیفە عەلى) راستترە،[45]

خۆشەویستى ئەسلەم لەگەڵ ئیمامى عەلیدا زۆر دیار بوو، تەنانەت ئەسلەم لەپێش مردنیدا وەسیەتى كرد بۆ خەلیفە عەلى كوڕی ئەبووطالیب تا وریاى منداڵەكانى بێت، خەلیفەش ئەو وەسیەتەى بەجێگەیاند و سەرپەرشتى منداڵەكانى ئەبوورافیعی دەكرد،[46]هاوكات عوبەیدوڵاى كوڕیشی وەك نووسەر و خەزنەداریش خزمەتى خەلیفە عەلى كوڕی ئەبووطالیبی دەكرد.[47]



[1] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص16.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص136.

[3] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص16.

[4] - أسدالغابة، ج1، ص66.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص83.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص20.

[7] - أسدالغابة، ج1، ص66.

[8] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص84.

[9] - أسدالغابة، ج1، ص66.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص67.

[11] - أسدالغابة، ج1، ص

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص134.

[13] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص83.

[14] - أسدالغابة، ج1، ص

[15] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص83.

[16] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص83، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص134.

[17] - أسد الغابة، ج6، ص113.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص134.

[19] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص87.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص10.

[21] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص160.

[22] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص284.

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص278.

[24] - أسدالغبة، ج3، ص163.

[25] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص308- 309.

[26] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص14.

[27] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص152.

[28] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص269.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص73- 74، البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص308- 309.

[30] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص122.

[31] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص295.

[32] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص241.

[33] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص84.

[34] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص313.

[35] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص480، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص44.

[36] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2365، صححه الألباني في إرواء الغليل، الرقم 880.

[37] - الاستيعاب ج1 ص54، أسد الغابة ج1ص62.

[38] - أسد الغابة ج1ص62، الاستيعاب ج1 ص54.

[39] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص204.

[40] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23220، ئیمامى ئەحمەد ریوایەتێكى ترى هێناوە (عن أبي رافع قال أهديت له شاة فجعلها في القدر فدخل رسول الله صلى الله عليه وسلم فقال ما هذا يا أبا رافع فقال شاة أهديت لنا يا رسول الله فطبختها في القدر قال ناولني الذراع يا أبا رافع فناولته الذراع ثم قال ناولني الذراع الآخر فناولته الذراع الآخر ثم قال ناولني الذراع الآخر فقال يا رسول الله إنما للشاة ذراعان فقال له رسول الله صلى الله عليه وسلم أما إنك لو سكت لناولتني ذراعا فذراعا ما سكت ثم دعا بماء فتمضمض فاه وغسل أطراف أصابعه ثم قام فصلى ثم عاد إليهم فوجد عندهم لحما باردا فأكل ثم دخل المسجد فصلى ولم يمس ماء)، شێخى ئەلبانى ئەمەی بە لاواز داناوە لە مشكاة المصابيح، الرقم 327، بەلآم هاوواتاى ئەو دەقەى سەرەوە كە لە ئەبووعوبەیدەوە هاتووە بە راست دادەنێت لە  مختصر الشمائل، الرقم 143.

[41] - أسدالغابة، ج7، ص163.

[42] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص313.

[43] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص85، أسد الغابة، ج1، ص120.

[44] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص16.

[45] - أسد الغابة، ج1، ص66.

[46] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص16.

[47] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص84.

 4128
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.