دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (ئەسوەد) بووە

ئەسوەد(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە بەڕێزە سەرەتا ناوى ئەسوەد بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕى و ناوى نا ئەبیەض.[1]

ئەسوەد یەكێك بوو لەوانەى كە دواتر چوو بۆ میصر و لەوێ مایەوە.[2]

ئەسوەدى حەبەشی(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە حەبەشیە و هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیارى لێكردووە،[3] هەر لە خزمەتیشیدا وەفاتى كردووە و لە مەدینە ئەسپەردە كراوە.[4]

لە ئیبن عومەرەوە هاتووە كەسێكى حەبەشی هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیارى دەكرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (پرسیار بكە و هەوڵ بدە تێبگەیت)، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا ئێوە بە شێوە و رەنگ و پێغەمبەرایەتى فەزڵتان لەپێش ئێمەیە، ئایا ئەگەر من وەك ئەوەى تۆ باوەرت هێناوە باوەڕ بهێنم و وەك ئەوەى تۆ دەیكەیت منیش وا بكەم لە بەهەشتدا لەگەڵتدا دەبم؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەڵێ)، دواتر فەرمووى (والذي نفسي بيده إنه ليرى بياض الأسود في الجنة من مسيرة ألف عام واتە (سوێند بەوەى گیانمى بەدەستە لە بەهەشتدا ماوەى دوورى هەزار ساڵ سپیایی رەشپێست دەبینرێ)... هاوەڵە حەبەشیەكە وتى دوو چاوى منیش ئەوە دەبینن كە دوو چاوى تۆ لە بەهەشتدا دەیبینن؟ فەرمووى (بەڵێ)، هاوەڵەكە هێندە گریا تا گیانى دەرچوو، ئیبن عومەر دەڵێت: پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بینی بە دەستى خۆی لە گۆڕەكەیدا دایدەنا).[5]

 

ئەسوەدى كوڕى نەوفەل(رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی نەوفەلى كوڕی خوەیلیدی كوڕی ئەسەدى قورەیشیە، برازاى خەدیجەى دایكی باوەرداران و ئامۆزاى وەرەقەى كوڕی نەوفەلە، دایكی ناوى فورەیعەى كچی عەددیە.[6]

نەوفەلى باوكى زۆر دژایەتى موسڵمانانى دەكرد و هەر ئەویش بوو لە مەككە ئەبووبەكر و طهلحەى پێكەوە بە گوریسێ بەستەوە، بەڵام دواتر لە جەنگى بەدردا بە بێباوەڕی كوژرا.[7]

ئەسوەد بەشدار بوو لە كۆچی دووەمى حەبەشدا، دواتریش كۆچی كرد بۆ مەدینە.[8]

پەندو وانە:

  • تاوان و خراپەی كەس نادرێ بەسەر كەسدا وەك خوا دەفەرموێت (وَلاَ تَكْسِبُ كُلُّ نَفْسٍ إِلاَّ عَلَيْهَا وَلاَ تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى ثُمَّ إِلَى رَبِّكُمْ مَّرْجِعُكُمْ فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ فِيهِ تَخْتَلِفُونَ[9] خراپى نەوفەل و دژایەتى كردنى بۆ ئیسلام و موسڵمانان هۆكار نیە بۆ تاوانباربوونى ئەسوەدى كوڕی، بەڵكو بەپێی فەرموودەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە پاداشتی كۆچەرانى حەبەشە ئەسوەد پاداشتى دوو كۆچی بۆ نووسراوە، جارجارە دەبیستین كە ناوى كەسێك دەبرێت كەسانێ دەڵێن كورە ئەوە كوڕی فلآنە كەسە، یان ئەوە باوكى ئاواوئاوایە ئیتر چاوەڕێی چی لە خۆی بكەین، ئەمەش هەڵەیەكى گەورەیە، زۆرجار قسەیەكى لەوجۆرە هەموو هەوڵ و ورەى كەسێك بۆ خزمەتكردن بە ئیسلام تێكدەشكێنێ.

لێنەوین و هەوڵدان بۆ ئیسلام زۆر شیرینتر و گەورەترە لە ئارەزووە دەروونیەكانى مرۆڤ، ئەسوەد لەپێناو خوادا باوكى خۆی و وڵات و خاكى خۆی جێهێشت ، واتە بنەرەتى ئایینى پێش بنەرەتى خوێن خست.

ئەسوەدى كوڕى ئەبیەض(رضي الله عنه):

یەكێك بوو لەوانەى بەشدار بوو لە كوشتنى ئیبن ئەبیلحوقەیقدا، رایەك هەیە پێی وایە لەبری ئەسوەدى كوڕی حەرام ئەسوەدى كوڕی ئەبیەض بووە،[10]بەڵام ئیبن حەجەر پێی وایە راستتر ئەوەیە ئەسوەدى كوڕی خوزاعى و ئەسوەدى كوڕی حەرام بەشدار بون.[11]

 

ئەسوەدى كوڕی بەختەرى (رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی بەختەری كوڕی خوەیلدە،[12] ئیبن ئەثير پێی وایە لەگەڵ هاوەڵێكی تردا كە ناوى ئەسوەدە یەك كەسایەتیە،[13] بەڵام ئیبن حەجەر بە هاوەڵێكى جیاى دەزانێت.[14]

ئەگەر راكەى ئیبن حەجەر دروست بێت ئەوا كونیەى ئەبوو حازم هی ئەمە، چونكە لە فەرموودەیەكدا كە ئەبوو نوعەیم هێناویەتى لە ئەبووحازم ئەسوەدى كوڕی بەختەریەوە هێناویەتى وتی(يا رسول الله أعظم لأجري أن أستغني عن قومي)،[15] ئیبن حەجەر سەبارەت بە سەنەدى ئەم دەقە دەڵێت پیاوانى سەنەدەكەى جێمتمانەن  و مورسەلیشە.[16]

ئەسوەدى كوڕی ثهعلەبە (رضي الله عنه):

ناوى ئەسلەمى كوڕی ثهعلەبەى یەربووعیە، لە حەجى ماڵئاواییدا پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بینیوە.[17]

ئەسوەدى كوڕی حازم (رضي الله عنه):

عبادی كوڕی هیشام كە بانگبێژی مزگەوتی گوندێكى نزیك بوخارا بوو دەگێڕێتەوە كاتێ تەمەنى شەش یان حەوت ساڵان بووە لەگەڵ باوكیدا هاوەڵێكى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دیوە كە پێی وتراوە ئەسوەدى كوڕی حازمى كوڕی صەفوان، ئەسوەد وتوویەتى لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى حودەیبیە بووم و ئەو كاتیش تەمەنم 30ساڵان بوو، پرسیاركرا لە عباد كەى بینیت؟ وتى ساڵی 155.[18]

لە گێڕانەوەكەى ئیبن حەجەردا ئەو بەشەی تێدا نیە (پرسیاركرا لە عباد كەى بینیت؟ وتى ساڵی 155)، ئیبن حەجەر دەڵێت سەنەدەكەى زۆر لاوازە.[19]

ئەگەر ئەو بەشە زیادەى لاى ئیبن ئەثير هاتووە بكەینە بەڵگە ئەوە دەبێتە بەڵگەى نادروستى هاوەڵبونى، چونكە دواى سەدساڵ لە وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچ هاوەڵێك نەماوە بە بەڵگەى فەرموودەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە مانگێ بەر لە مردنى فەرمووى (أرأيتكم ليلتكم هذه فإن على رأس مائة سنة منها لا يبقى على وجه الأرض ممن هو اليوم عليها أحد)،[20] (ئەمشەوتان ئەبینن، لەمشەوەوە تا سەد ساڵى تر لەم سەرزەویەدا یەك كەس نامێنێ كە ئەمرۆ لەسەریەتى).

 

ئەسوەدى كوڕی حەرام (رضي الله عنه):

یەكێك بووە لەوانەى بەشدار بووە لە كوشتنى ئیبن ئەبیلحوقەیقدا.[21]

 

ئەسوەدى كوڕی خەلەف(رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی خەلەفی كوڕی ئەسعەدى كوڕی عامرى خوزاعیە، ئەمە جیایەلە ئەسوەدى كوڕی خەلەفی كوڕی عەبد یەغووث و ئیبن سەعد لەوەدا لێی تێكەڵ بووە، بەڵام ذەهەبی بەو تێكەڵبوونەى زانیوە، ئیبن حەجەریش ئەوەى خستوەتەروو.[22]

 

ئەسوەدى كوڕی خەلەفی كوڕی عەبد یەغووث(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە بەناوى مامێكیەوە ناونراوە كە قسەخۆشێكی سەردەمی نەفامى بووەو بە بێباوەڕی مردووە، ئەسوەد لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بووە.

ئەسوەد كوڕێكى هەبوو بەناوى موحەممەد كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[23]

ئەسوەد باسى رووداوێكى سەردەمى نەفامى دەكات كە خۆی ئاگادارى بووە و دەڵێت لەخوارووى مەقامەوە نوسینێكیان دیوە، قورەیش كەسێكیان لە حیمیەر بانگكرد تا بیخوێنێتەوە، ئەویش وتى قسەیەكى تێدایە ئەگەر پێتان بڵێم دەمكوژن، جا ئێمەش گومانمان بۆ ئەوە چوو باسی موحەممەدى (صلى الله عليه وسلم) تێدا بێت، بۆیە شاردمانەوە.[24]

ئەسوەد فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوەو دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حوسەینى گرتەباوەش و ماچی كرد و دواتر روویكردە هاوەڵان و فەرمووى:(إن الولد مبخلة مجبنة محزنة)،[25] (منداڵ مرۆڤ پیسكە و ترسنۆك و خەفەتبار دەكات).

پەندو وانە:

  • سەركەوتنى موسڵمانان تەنها سەركەوتنێ نیە و بەس، بەڵكو سەرەتایە بۆ سەركەوتنى دواتر، موسڵمانان بە فەتحكردنى مەككە هەزاران كەسی دژ بە ئیسلامیان كردنە هەوادار و خزمەتكاری دڵسۆزى ئیسلام، ئەو ئەسوەدەى نهێنی باس و خواسی پێغەمبەرى خواى دەشاردەوە، پاش فەتحى مەككە بوویە پارێزەرى فەرموودەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).
  • خۆشەویستى و نەرموونیانى زۆری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و نواندنى تەواوى خۆشەویستى بۆ حوسەینى كچەزاى سەرمەشقێكە تا بزانین چەندە پێویستە خۆشەویستى و ناز ببەخشین بە مندالآن.
  • خستنەرووى راستیەكان پێویستیەكە كە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، فەرمایشتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە منداڵ و كاریگەرى لەسەر دایك و باوك لەكاتێكدا بوو كە تەواوى خۆشەویستى خۆی نیشاندا بۆ حوسەین و ماچی كرد، لە گەرمەى ئەو سۆزەدا خێرا هاوەڵانى تێگەیاند كە منداڵ چ كاریگەریەكى هەیە بۆ سەر دایك و باوك، بۆیە زۆر پێویستە دایك و باوكى موسڵمان بەربەست دروست بكەن بۆ ئەو كاریگەریانەى كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەى پێدان، چونكە ئەو سیفەتانە سیفەتى جوان نین، بەڵكو سیفەتگەلێكن دەبنە مایەى شكست و بەربەستى رێی بانگەواز و خزمەتكردن و پێشخستن و سەرخستنى پەیام، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوەڵانى بێداركردەوە.

 

ئەسوەدى كوڕی خوزاعى (رضي الله عنه):

ئەم ئەسوەدەیان لە پشتیوانانە لە بەنى سەلەمە،[26]یەكێك بوو لە بەشداربووانى لە كوشتنى ئیبن ئەبیلحوقەیق، كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە رێبەرى عەبدوڵاى كوڕی عەتیك چەند كەسێكى نارد بۆ كوشتنى ئیبن ئەبیلحوقەیق.

ئیبن ئەبولحوقەیق كە ناوى سەلام بوو و بە ئەبوو رافع ناسرابوو، یەكێك بوو لەوانەى خەڵكی هاندەدا تا دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆببنەوە بۆ جەنگى ئەحزاب، موسڵمانان حەزیان دەكرد لەناوى ببەن، پێشتر ئەوسیەكان بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەعبی كوڕی ئەشرەفیان كوشتبوو، بۆیە خەزرەجیەكانیش حەزیان دەكرد بگەنەوە بە برا ئەوسیەكانیاندا، ئەمەیان بە دەرفەت زانى و دواى جەنگى خەندەق داوایان كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا مۆڵەتیان بدات بچن بۆ كوشتنى ئیبن ئەبولحوقەیق كە لە خەیبەر دادەنیشت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێدان.[27]

لە سەرچاوەكاندا ناوى پێنج كەس هاتووە كە چووبن، ئەوانیش (عەبدوڵاى كوڕی عەتیك، مەسعوودى كوڕی سینان، عەبدوڵاى كوڕی ئونەیس، ئەبوو قەتادە حارثى كوڕی ریبعى، خوزاعى كوڕی ئەسوەد) [28] بەڵام لاى ئیبن سەعد[29] و ئیبن شەببە[30] بە ئەسوەدى كوڕی خوزاعى هاتووە.

هەروەها لە بڕێ لە سەرچاوەكانى فەرموودەدا تەنها ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەتیك هاتووە كە ئەمیریان بووە و ناوى كەسەكانى تر نەهاتووە، بەڵكو دەڵێن دەستەیەك لە هاوەڵان، وەك (البخاری، الرقم3843 و 3844، مصنف عبدالرزاق الصنعانى، 5226).

ئەمە دەكرێ بەڵگە بێت بۆ ئەوەى ئەگەر هەبێت هەریەك لە ئەسوەدى كوڕی حەرام و ئەسوەدى كوڕی ئەبیەض بەشدار بووبن.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبى نارد بۆ یەمەن، ئەسوەد هاودەم بە عەلى چوو.[31]

 

ئەسوەدى كوڕی رەبیعە (رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی رەبیعەى كوڕی ئەسوەدى یەشكریە،[32] لە ئەعرابی بەصرەدا ناوى هاتووە.[33]

ئامادەى وتارى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو لە فەتحى مەككەدا.[34]

فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە وتارەكەیدا فەرموویەتى (ألا إن كل مكرمة كانت في الجاهلية فقد جعلتها تحت قدمي الا السقاية والسدانة (بزانن هەموو گەورەیی و مەكرەمەیەك كە لە سەردەمى نەفامیدا هەبووە هەمووى دەخەمە ژێرپێم جگە لە ئاودان و ناندانى حاجیان)، ئەسوەدى كوڕی رەبیعەش هەستا و وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باوكم جاران بڕێ لە سامانەكەى دەكرد بە خێر بۆ رێبواران، جا ئەگەر هیچ خێر و گەورەییەكى نەبێ وازى لێ دێنم، ئەگەریش خێر و گەورەییەكى تێدایە ئەوە من خۆم پێی شیاوترم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بل هی لك مكرمە)، (بەڵكو ئەو خێر و گەورەییە بۆ تۆ).[35]

 

ئەسوەدى كوڕی رەبیعە (رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی رەبیعەى حەنظهلیە،[36] لە بەنى رەبیعەیە،[37] ئیبن حەجەر لەژێر ناوى  ئەسوەدى كوڕی عەبەسیش هێناویەتى، یەكێكە لە كۆچەران. [38]

كۆچیكردووەو هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كاتێ هات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیارى لێكرد بۆچی هاتویت؟ وتى هاتوم تا بە هاوەڵی كردنى تۆ لەخوا نزیك ببمەوە، بۆیە لەوە بەدوا بە موقتەریب ناوى دەهات،[39] لاى ئیبن حەجەر هاتووە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا موقەریب،[40] بەردەوام هاوەڵێتى پێغەمبەرى خواى دەكرد.[41]

دواى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام بوو لە خزمەتكردنى رێبازی ئیسلامدا، لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەطابدا خەلیفە لەسەر سەربازگەى بەصرە داینا.[42]

لە سەردەمى خەلیفە عەلى كوڕی ئەبووطالیبیشدا بەشدارى جەنگى صفینی كرد و لە ریزی سوپاى خەلیفە عەلیدا بوو.[43]

ئەسوەدى كوڕی زەید(رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی زەیدە و لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكانە لە بەنى سەلەمە،[44]یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[45]

ئەسوەدى كوڕی سەریع(رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی سەریعی كوڕی حیمیەرى كوڕی عوبادەى سەعدیە، كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە،[46] لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) لە چوار غەزادا بەشدارى غەزا و جیهادی كردووە،[47] شاعیرێكى ناسراو بووە.[48]

ئەسوەد دەڵێت جارێك چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتم ئەى پێغەمبەرى خوا بە بڕێ دەستەواژە وەسف و ستایش و سوپاسی خوام كردووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئادەى بڵێ بزانم چۆن سوپاسی پەروەردگارتت كردووە (هات ما حمدت بە ربك)، منیش بۆم دەوتەوە، لەو كاتەدا كەسێك هات، داواى مۆڵەتى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (أُس أُس) –بێدەنگ بە، دوو سێ جار ئەمە روویدایەوە، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا ئەو كەسە كێ بوو وا منت بێدەنگ كرد بۆی؟ فەرمووى (هذا عمر بن الخطاب ، هذا رجل لا يحب الباطل)،[49] (ئەوە عومەرى كوڕی خەططابە، ئەوە پیاوێكە حەزى بە نارەوایی نیە).

ئەسوەد لە ساڵی چل و دووی كۆچی وەفاتى كرد، رایەكیش دەڵێت لە جەنگى جەمەلدا كوژرا.[50]

 

پەندو وانە:

  • حەز و گوڕ و تینی هاوەڵانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ جیهاد زۆر بووە، ئەمەش بەشێك بووە لە پەروەردەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ هاوەڵان وەك دەیفەرموو (من مات ولم يغز ولم يحدث به نفسه مات على شعبة من نفاق[51] (هەركەس بمرێ و غەزاى نەكردبێ و دەروونیشی تاسەی بۆی نەبووبێ ئەوا لەسەر لقێكى دووروویی مردووە)، بۆیە بوونى پەروەردەى جیهادى بۆ تاكى موسڵمان راستیەكى ناو بەرنامەى پەروەردەیی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانیش لە مێژوویاندا پەیرەویان كردووە.
  • شەیدابوونى عومەرى كوڕی خەتاب بۆ راستى تا ئاستێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شایەتى لەسەر داوە.
  • گوێگرتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ هەوڵ و هەنگاوى هاوەڵان بۆ نزیكبوونەوەیان لە خواى گەورە بە جۆرێك بوو بە وردى گوێی دەگرت، لێرەشدا دەبینین گوێی گرتووە تا بزانێ ئەسوەد چۆن ستایشی پەروەردگاری كردووە، هەم تا بزانێت ستایشەكەى دروست و رەوا بووە یان نا، هەم كار و هەوڵدانەكەى بەرز بنرخێنێ.

 

ئەسوەدى كوڕی عەوف(رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی عەوفی كوڕی عەبدعەوفی زوهریە، براى عەبدورەحمانى كوڕی عەوفە، عەبدورەحمانى براى یەكێكە لە دە موژدەپێدراوانى بەهەشت،[52] دایكى ناوى شیفایە.

برایەكى تریشی هەبوو بەناوى عەبدوڵا كە پێكەوە لەرۆژی فەتحى مەككەدا موسڵمان بوون،[53] بەڵام ئیبن عەبدولبەر دەڵێت ئەسەد پێش فەتحى مەككە كۆچی كردووە بۆ مەدینە و موسڵمان بووە.[54]

ئەسوەد سێ كوڕی هەبوو: جابر كە دواتر لە دەسەلآتەكەى عەبدوڵاى كوڕی زوبەیردا والى مەدینە بوو، موحەممەد و عەبباس.[55]

ئەسوەد لە مەدینە نیشتەجێ بوو و هەر لەوێش مرد.[56]

ئەسوەدى كوڕی عیمران (رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی عیمرانى بەكریە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو ناوى عیمرانى كوڕی ئەسوەدە، بە وەفد هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[57]

ئەسوەد دەڵێت من نێردراوى هۆزەكەم بووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كاتێ موسڵمان بوون و دانیان نا بە ئیسلامدا وەك نوێنەرى ئەوان چووم.[58]

ئەسوەدى كوڕی مالیك(رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی مالیكی ئەسەدى یەمانیە،[59] واتە خەڵكى یەمەنە، لەگەڵ حیدرجانى برایدا چوونە مەدینە بۆ خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و باوەڕیان پێ هێنا و خزمەتى پێغەمبەرى خوایان دەكرد.[60]

ئەسوەدى كوڕی مەسعوود(رضي الله عنه):

ئیبن حەجەر هێناویەتى و گێڕانەوەیەكیشی هێناوە كە ئەسوەد چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە خزمەت ئەودا لەگەڵ ظبيانى كوڕی كداد گفتگۆیەكیان هەبووە.[61]

ئەسوەدى كوڕی وەهب(رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕ وەهبی كوڕی عەبدمەنافى قورەیشیە، خاڵۆی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم).

ئەسوەد دەگێڕێتەوە جارێك چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)  و ئەویش بە ئەسوەدى خاڵۆی فەرموو ئایا شتێكت فێر بكەم سەبارەت بە سوو؟ ئەسوەد وتى بەڵێ ئەى پێغەمبەرى خوا، فەرمووى (الربا سبعون بابا، أدنى فجرة منها كاضطجاع الرجل مع أمه)،[62] (سوو حەفتا بەشە، نزمترین تاوانى وەك ئەوەیە كەسێ لەگەڵ دایكی خۆی سەرجێ بكات).

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئەسوەدى فەرموو ئەى خاڵۆ چەند وشەیەكت فێر بكەم كە ئەگەر خوا نیازى چاكەى بە هەركەس هەبێ ئەو وشانەى فێر دەكات ئیتر هەرگیز بیری ناچێتەوە؟ وتى بەڵێ ئەی پێغەمبەرى خوا، فەرمووى بڵێ:(اللهم إني ضعيف فقو في رضاك ضعفي، وخذ إلى الخير بناصيتي، واجعل السلام منتهى رضائي وبلغني رحمتك الذي أرجو من رحمتك، واجعل لي ودا في صدور الذين آمنوا، وعهدا منك). بەڵام شێخى ئەلبانى ئەم فەرموودەیەى بە موضوع داناوە، تەنها ئەمەمان هێنا تا خوێنەرى ئازیز ئاگادار بێت بە ناراستى ئەم فەرموودەیە.[63]

لە فەرموودەیەكى تردا لە دایكمان عائیشەوە هاتووە: ئەسوەد چوویە ژوورەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش فەرمووى (ئەى خاڵۆ وەرە ژوورەوە)، ئەویش هاتەژوورەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەباكەى خۆی بۆ راخست و فەرمووى (لەسەرى دابنیشە)، ئەویش وتى بەسمە، فەرمووى (چۆن دادەنیشیت وا دابنیشە).[64]

 

ئەسوەدى كوڕی ئەبولبوختەرى (رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی ئەبولبەختری عاصی كوڕی هاشمى ئەسەدیە،[65] كونیەكەى ئەبووحازمە،[66] دایكى ناوى عاتیكەى كچی ئومەییەیە،[67] ئەسوەد لە موسڵمانبوانى فەتحى مەككەیە.[68]

ئەبولبەختری باوكى بە بێباوەڕی لە جەنگى بەدردا كوژرا.[69]

ئەسوەد كوڕێكى هەبوو بە ناوى سەعید كە هێندە جوان بوو ئافرەتان شیعریان بەسەردا دەهۆنیەوە،[70] ئەم كوڕەى لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا دلێرێكى بەرچاوبوو و پارێزگارى لە خەلیفە دەكرد، بەڵام خەلیفە خۆی رێی نەدا جەنگ بەرامبەر نەیارانى بكرێت.[71]

ئەسوەد هاوەڵێكى ناسراو بوو و لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبوو سوفیاندا راوێژی پێ دەكرا، كاتێ بوسری نوێنەرى موعاویە چوویە مەدینە، موعاویە وەسیەتى بۆ كردبوو راوێژ بە ئەسوەد بكات، ئەسوەدیش لە وەسیەتەكەیدا بۆ بوسر رێگرى كرد لەوەى بوسر نەیارانى دەسەلآتەكەى موعاویە بكوژێت.[72]

ئەسوەدى كوڕی ئەصرەم (رضي الله عنه):

ناوى ئەسوەدى كوڕی ئەصرەمى موحاریبیە،[73] لە دانیشتوانى شامدا ناوى ئەژمارد كراوە.[74]

ئەسوەد دەڵێت بە وشترێكى قەڵەوەوە چوومە مەدینە، كاتەكەشى وشكەساڵی بوو، خەڵكى مەدینە كە وشترەكەیان بینی سەرسامى قەڵەویەكەى بوون، ئەمە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسكرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد چوون وشترەكەیان هێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەیری كرد،  بە ئەسوەدى فەرموو (بۆچی ئەو وشترەتت هێناوە؟ وتى بەنیازم بیگۆڕمەوە بە خزمەتكارێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (كێ خزمەتكارێكى لایە؟ عوثمانى كوڕی عەففان وتى من ئەى پێغەمبەرى خوا، فەرموى بیهێنە، عوثمانیش خزمەتكارەكەى هێنا، ئەسوەد كە بینی وتى یەكێكی ترى وام ئەوێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بیبە با لاى خۆت بێ) ئەسوەدیش خزمەتكارەكەى برد و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم)وشترەكەى هێشتەوە، ئەسوەد وتى ئەى پێغەمبەرى خوا وەسیەتم بۆ بكە، فەرمووى (أتملك یدك) ئایا خاوەنى دەستی خۆتى؟ وتم ئەگەر خاوەنى دەستى خۆم نەبم ئیتر خاوەنى چی بم؟ فەرمووى (أتملك لسانك) ئایا خاوەنى زمانى خۆتیت؟ وتم ئەگەر خاوەنى زمانى خۆم نەبم ئیتر خاوەنى چی بم؟ فەرمووى (لا تبسط يدك إلاّ إلى خير ولا تقل بلسانك إلاّ معروفاً[75] (دەستت مەكەرەوە جگە بۆ خێر، بە زمانت قسە مەكە تەنها قسەى خێر نەبێت).



[1] - معرفة الصحابة لابن منده، ص196، أسد الغابة، ج1ص73، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1ص24.

[2] - أسد الغابة، ج1ص73، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1ص24.

[3] - ابن منده: معرفة الصحابة، ص195.

[4] - أسد الغابة،ج1، ص 129.

[5] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 13369، معرفة الصحابة، الرقم 862، ضعفه الألباني في السلسلة الضعيفة، الرقم 6618.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص77.

[7] - أسدالغابة، ج1، ص136.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص77.

[9] - الأنعام: 164.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص126.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 67.

[12] - ابن منده: معرفة الصحابة، ص195، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص70.

[13] - أسد الغابة،ج1،ص 128.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص70.

[15] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 860.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص70.

[17] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص90،  أسد الغابة، ج1،ص 128.

[18] - أسد الغابة،ج1، ص 128.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 70.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 115 و 549 و 585، صحيح مسلم 4709، صحيح ابن حبان، الرقم 3041، سنن أبو داود، الرقم 3805، سنن الترمذي، الجامع الصحيح، الرقم 2229، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5698، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 1976، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 5441 و 5839، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 12883.

[21] - أسد الغابة، ج1، ص125.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 71.

[23] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص89.

[24] - التاريخ الكبير للبخاري، ج1، ص444، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 72.

[25] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5254، صححه الألباني في الجامع الصحيح وزيادته، الرقم 3753.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص71.

[27] - السيرة النبوية لإبن إسحاق، ج2ص431، البداية والنهاية، ج4ص137.

[28] -  السيرة النبوية لإبن إسحاق، ج2ص432، تأريخ الطبري، ج2ص56،  البداية والنهاية، ج4ص137.

[29] - الطبقات الكبرى لإبن سعد، ج2ص91.

[30] -  تأريخ المدينة، الرقم 760.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 71.

[32] - أسد الغابة، ج1، ص 131، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 73.

[33] - أسد الغابة، ج1، ص 131.

[34] - أسد الغابة، ج1، ص 131، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 73.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 73.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص73.

[37] - أسد الغابة، ج1، ص131.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76.

[39] - أسد الغابة، ج1، ص131.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76.

[41] - أسد الغابة، ج1، ص131.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76.

[43] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76.

[44] - أسد الغابة، ج1، ص132.

[45] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص90.

[46] - أسد الغابة، ج1، ص133.

[47] - التاريخ الكبير  للبخاري، ج1، ص445.

[48] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص18، الالإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 74.

[49] - فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 313، قال شعيب الأرنؤوط  إسناده ضعيف لضعف علي بن زيد وبقية رجاله ثقات رجال الصحيح.

[50] - التاريخ الكبير  للبخاري، ج1، ص445.

[51] - صحيح مسلم، الرقم 3624.

[52] - أسدالغابة، ج1، ص135.

[53] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76.

[54] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 87.

[55] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76.

[56] - أسدالغابة، ج1، ص135.

[57] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 91، أسد الغابة، ج1، ص135، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص76.

[58] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76، أسد الغابة، ج1، ص135.

[59] - معرفة الصحابة لابن مندة، ص193، أسد الغابة، ج1، ص135.

[60] - أسد الغابة، ج1، ص136، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص77.

[61] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص77.

[62] - صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 1871.

[63] - حكم الألباني عليه بالوضع في سلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة و أثرها، الرقم 3359.

[64] - ضعفه الألباني في سلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة و أثرها، الرقم 7126.

[65] - أسد الغابة، ج1، ص 127.

[66] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 860.

[67] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص69.

[68] - أسد الغابة، ج1، ص 127، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص69.

[69] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص69.

[70] - أسد الغابة،ج1،ص 127.

[71] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص69.

[72] - أسد الغابة،ج1، ص 127.

[73] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص20.

[74] - ابن منده: معرفة الصحابة، ص187، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص90، أسد الغابة، ج1، ص126.

[75] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 816، صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 1560.

 2202
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.