دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی كە ناویان (ئەسید) بووە

ئەسید(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە ناوى ئەسیدى كوڕی عەبدوڵایە، لە نەوەى فەيطوونە،[1] كونیەكەى ئەبولموقەعشەرە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كرد و فەرمووى (اللهم أدم جماله[2] (خوایە بەردەوامى بدە بە جوانیەكەى).

فەيطوون كەسێكى زۆر ناپاك و خراپ بوو، هەردەم دەستدرێژی دەكردە سەر ژنانى ئەوس و خەزرەج، بۆیە كەسێ هەستا و كوشتى،[3] بەڵام ویستى خوا وابوو لە نەوەى ئەم كەسە خراپە هاوەڵێكى خواناس دەركەوێ، ئەمە ئاماژەیە بە رۆڵى چاكسازى پێغەمبەرى خوا كە رێچكەى دەستدرێژی فەيطوونى گۆڕی و نەوەكانى لەسەر رەوشتى جوان و چاكەكارى پەروەردە كرد، لەبری دەستدرێژی بۆ ژنانى ئەوس و خەزرەج رێز و بەرەكەتى نەوەكانى فەيطوون بوویە دیارى بۆ مەدینە.

ئەسیدى كوڕی جاریە (رضي الله عنه):

ناوى ئەسیدى كوڕی جاریەى كوڕی ئوسەیدى كوڕی عەبدوڵایە.[4]

لە رۆژی فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو و دواتر هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و لە جەنگى حونەیندا بەشدارى كرد،[5] دواتر لەكاتى دابەشكردنى دەستكەوتەكاندا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەد وشتری پێدا.[6]

ئەسیدى كوڕی سەعیە (رضي الله عنه):

ناوى ئەسەد یان ئەسیدى كوڕی سەعیەى قورەيضيه، واتە لە بەنى قورەيضهیە،[7] ئیبن ئەثير دەڵێت ناوە راستەكەى ئەسیدە.[8]

لەگەڵ دوو كەسی ترى جوولەكەى بەنى قورەيضه موسڵمان بوو، ئەو دوانەش بریتی بوون لە ئەسەدى كوڕی عوبەید و ثهعلەبەى كوڕی سەعیە.[9]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێرشی بردە سەر بەنى قورەيضه و گەمارۆی دان و دواتر ناچار بوون خۆیان بدەن بە دەست بڕیار و دادوەرى سەعدى كوڕى موعاذەوە، شەوێ پێش ئەوە ئەسەد موسڵمان بوو، ئەو دوانەش لەگەڵیدا موسڵمان بوون.[10]

ئیبنولهیبان كە جوولەكەیەكى شام بوو چەند ساڵێ بەر لە ئیسلام هات بۆ مەدینە، لەوێ وەسفی تەواوى كۆتا پێغەمبەرى بۆ كردن، لەسەرەمەرگیدا پێی وتن: من لەبەر هاتنى ئەو پێغەمبەرە هاتوم بۆ ئێرە، ئەم قسەى ئەم جوولەكە خواناسە لە شەوى فەتحى بەنى قورەەيضهدا بوو بە خێر بۆ ئەم سێ كەسە و ئەوانیش ئەم قسەیان بەبیری ئەوانى تر هێنایەوە، بەڵام ئەوان سوودیان لێ نەبینى.[11]

ئەم سێ كەسە داوایان كرد لە بەنى قورەيضه تا لەخوا بترسن و باوەڕ بهێنن بە پێغەمبەرایەتى موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام ئەوان رازى نەبوون، بۆیە ئەم سیانە دابەزینە خوارەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانبونى خۆیان راگەیاند، جولەكەكانیش وتیان موحەممەد تەنها كەسە زۆر خراپەكانى ئێمەى بۆ چووە، مەبەستیان ئەم سیانە و عەبدوڵاى كوڕی سەلام بوو كە موسڵمان بووبوون.[12]

سەبارەت بەمردنى ئەسید بۆچوونى زیاتر لەسەر ئەوەیە كە لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كردبێت.[13]

ئەسیدى كوڕی عەمر (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە،[14] ناوى ئەسیدى كوڕی عەمرى كوڕی میحصەنى كوڕی عەمرە و لە بەنى نەجارە، چەند رایەكى تر هەن سەبارەت بە ناوى، لەوانە (بیشر، بەشیر، ثهعلەبە)، بەشدارى جەنگى بەدر بوو.[15]

ئەسیدى كوڕی كورز(رضي الله عنه):

ناوى ئەسیدى كوڕی كورزى قەسریە، هەروەها بە ئەسەدیش ناوى هاتووە و ئیبن ئەثيریش پێی وایە راستتر وایە ناوى ئەسەدە،[16] لەژێر ناوى ئەسەدى كوڕی كورزدا باسی ژیانەكەیمان هێناوە.

 

ئەسیدى كوڕی ئەبوو ئوسەید(رضي الله عنه):

ناوى ئەسیدى كوڕی ئەبوو ئوسەیدە، لە هاوەڵە پشتیوانیەكانە لە خەزرەجیەكانە لە بەنى ساعیدە.[17]

ئەسید بەسەرهاتێكى خۆی لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باس دەكات و دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژنێكى هێنا لە بەلجوونیەكان، پاشان منى نارد تا بچم و ئەو ژنەى بهێنمەوە، منیش هێنام و چووم وتم ئەی پێغەمبەرى خوا وا خێزانەكەتم هێنا، ئەویش حەزى كرد ماچێكى بكات، بەڵام خێزانەكەى وتى پەنا دەگرم بە خوا لێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (عذت بمعاذ)، (پەنات گرت بە پەنا دەرێك)، بۆیە ئافرەتەكەى ناردەوە بۆ لاى كەس و كارى.[18]

بەڵام لاى بوخارى و لە سەرچاوەكانى ترى فەرموودەدا ئەم فەرموودەیە لە حەمزەى كوڕی ئەبوو ئوسەیدەوە هاتووە،[19] ئیبن حەجەریش راى وایە ئەم فەرموودەیە كە لە ئەسیدەوە هاتووە سەنەدەكەى كێشەى هەبێت و وتەى (لە باوكیەوە)ى تێدا نەنووسرابێ،[20] واتە ئەم فەرموودەیە ئەسید نەیگێڕاوەتەوە.

مەسەلەى ژنهێنانەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەرچاوەكاندا قسەی زۆری لەسەر هاتووەو چەندین نووسین هەن تایبەت بە ژمارەى خێزانەكانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و چۆنێتى و هۆكارى بەهاوسەرگرتنیان، هەندێكیان بێگومانن و یەكدەنگییان لەسەرە، هەندێكیشیان جێی گومانن یان یەكلا نەكراونەتەوە.

 

ئەسیدى كوڕی ئەبی ئوناس(رضي الله عنه):

ناوى ئەسیدى كوڕی ئەبى ئوناسی كوڕی زونەیمی كوڕی عەمرە، برازاى ساریەى كوڕی زونەیمە،[21] ئەو ساریەى كە ئیمامى عومەر لە مینبەرى مەدینەوە هاوارى لێكرد و ئەویش دەنگى بیست.[22]

ئەم هاوەڵە كوڕێكى هەبوو بەناوى ئەسەد كە لەگەڵ باوكیدا پاش فەتحى مەككە موسڵمان بوون.[23]

ئەم هاوەڵە سەرەتا یەكێك بوو لە نەیارە سەرسەختەكانى ئیسلام و موسڵمانان، شاعیرێكى بەهێز بوو  و شیعرەكانى بۆ دژایەتى موسڵمانان بەكاردەهێنا، تەنانەت دژ بە هاوەڵە بەشداربووەكانى بەدر شیعرى دەوت، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رشتنى خوێنى ئەسیدى رەوا كرد.[24]

بەڵام ویستى خوا وابوو گەورەیی پلەوپایەى هاوەڵێتى بە نسیب بێت، ئەوەبوو كاتێ ئەسید زانى خوێنى رەوا كراوە چوو بۆ طائیف و لەوێ مایەوە تا دواى فەتحى مەككە، ئەوكات ساریەى مامى چوو و هەواڵی پێدا و دەستى ئەسیدى گرت و بردى بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش موسڵمان بوو و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) موسڵمانبوونەكەى قبووڵ كرد و دەستى هێنا بە دەموچاو و سەرسنگیدا،[25] ئینجا ئەسید شیعر وتنەكەى خۆی خستەگەڕ بۆ خزمەتى ئیسلام و شیعرێكى وت كە وەسف و پیاهەڵدانى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لەخۆدەگرت، هەر هەڵەیەكى بیروباوەریشی تێدا بوایە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆی راست دەكردەوە، بۆ نموونە كاتێ وتى:

و أنت الفتى تهدی معدا لدینها

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بل الله یهدیها)، (بەڵكو خوا رێنموونى دەكات)، بۆیە ئەسید شیعرەكەى وا لێكرد:

و أنت الفتى تهدي معدا لدينها 

                                             بل الله يهديها وقال لك أشهد

فما حملت ناقة فوق ورها 

                                             أبر و أوفى ذمة من محمد[26]

پەند و وانە:

رێنموونى تەنها و تەنها لاى خوایە و كەسی تر رێنموونى بەدەست نیە وەك خوا دەفەرموێت (إِنَّكَ لا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ).[27]

غەیب تەنها و تەنها لاى خوایە، وەك دەبینین پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) غەیبی نەزانیوە، چونكە ئەگەر غەیبی بزانیایە و ئاگادار بوایە بڕیارە ئەسید موسڵمان بێت فەتواى رشتنى خوێنى ئەسیدى دەرنەدەكرد، كەچی لە زانستی غەیبی خوادا بریار وابوو ئەسید موسڵمان بێت، ئەمەش هیوا بە موسڵمان دەبەخشێ تا كەسە بێباوەرەكان بكەونە بەر رەحمەتى رێنموونى خوا و بێئومێد نەبین لە موسڵمان بوونیان.

راستكردنەوەى هەڵەكان ئەركى سەرشانى تاكى موسڵمانى شارەزایە، بەڵام بە مەرجێك ئەو كەسە هەم بزانێ هەڵەكە چیە و هەم بزانێ راستكردنەوەكە بەپێی قورئان و سوننەت چۆنە؟ نەك كەسێك بۆ راستكردنەوەى هەڵەیەك بە هەڵە هەوڵی راستكردنەوەكە بدات، بەتایبەت راستكردنەوەى هەڵەی شاعیران بەشێكى كەنارخراوە لەناو جیهاندا بەگشتى و لە كوردستانیشدا بەشێوەیەكى بەرچاو، بەتایبەتی تر پێویستە هەڵەكانى پەیوەست بە بیروباوەڕ لە شیعری شاعیراندا راست بكرێنەوە، دەبینین شیعری شاعیران بەچاوى پیرۆزیەوە سەیر دەكرێت كەسێكیش نابینیت بوێرانە هەڵەكانیان راست بكاتەوە بێ ئەوەى پێویستبكات شاعیرەكان بشكێنێ، بەتایبەت لە تێكەوتنى شاعیرانى كورد لە بوارى ئیتیحاد و حلوول و ئیشراق و مەسەلەى وەحدەتولوجود و بوارەكانى تەصەوفی فەلسەفی كە زۆر بە زەقی و زۆری لە شیعری شاعیرانى كورددا بەدی دەكەین پێویستە بە دیدێكى زانستى و دوور لە شكاندنى نارەواى شاعیران ئەو هەلآنە بخرێنە بەرچاو و راست بكرێنەوە.

نەرمونیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرامبەر بە دەوروبەرەكەى دەبینین كە چۆن هەڵسوكەوت دەكات لەگەڵ كەسێكدا كە بڕیارى رشتنى خوێنی دراوە، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەسەلەى ئیسلامەتى و موسڵمانبوونى تاكى لە هەموو شت لا گەورەتر بووە، وەك لە فەرموودەیەكدا بە ئیمامى عەلى دەفەرموێت (فوالله لأن يهدي الله بك رجلا خير لك من أن يكون لك من حمر النعم)،[28] (سوێند بەخوا ئەگەر خوا بەهۆی تۆوە كەسێك رێنموونى بكات زۆر بۆت باشترە لە وشتری سوور).

ئەسیدى موزەنیرضي الله عنه)):

ئەم هاوەڵە لە موزەنیەكانە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و فەرموودەى لێوە گێڕاوەتەوە، ئیبن ئەثير فەرموودەیەكى هێناوە كە ئەسید دەیگێڕێتەوە، بەڵام ئیمامى ئەحمەد ئەو فەرموودەى هێناوەو ناوى ئەسیدى نەهێناوە تەنها دەڵێت لە كەسێ لە موزەنیەكانەوە كە دایكی پێی وت بۆچی ناچیت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وەك ئەو خەڵكەى تر تۆیش داواى شتێكى لێ بكەیت؟[29] دەڵێت منیش چووم تا پرسیار بكەم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە گەیشتمە خزمەتى دەبینم كەسێك لەلایەتى و داواى شتی لێ دەكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دوو یان سێ جار رووى لێ وەرگێڕا-واتە وەڵامى داواكەى نەدایەوە-، پاشان فەرموى (من كان له أوقية ثم سأل فقد سأل إلحافا)، (هەركەس ئۆقیەیەكى هەبێت و داوا لە خەڵك بكات -سواڵ بكات- ئەوە داواكاریەكەى وڕك گرتنە)، منیش لاى خۆمەوە وتم خۆ من فلآنە شتم هەیە كە بەهاكەى لە ئۆقیەیەك زیاترە، پاشان یەكێ لە پشتیوانەكان خەلآتێكى پێدام، منیش لەگەڵ وشترەكەى خۆمدا بردم، پاشان بڕێ خورمایشی پێدام، لەو كاتەوە تا ئێستا هەر لە خۆشیدام.[30]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كەسێ لە موزەینە هەبوو دایكی پێی وت بۆچی ناچیت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و وەك ئەو خەڵكە داواى شتی لێ بكەیت؟ كەسەكە دەڵێت منیش چووم و بینیم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە پێوە وەستابوو و وتاری دەدا و دەیفەرموو (من استعف أعفه الله ، ومن استغنى أغناه الله ، ومن سأل الناس وله عدل خمس أواق فقد سأل إلحافا)،[31] (هەركەس داوێن پاكى بوێت خوا داوێن پاكى پێ دەبەخشێ، هەركەس دەوڵەمەندى بوێت خوا دەوڵەمەندى دەكات، هەركەس هاوتاى پێنج ئۆقیەی هەبێت و داوا لە خەڵك بكات، ئەوە داواكاریەكەى وڕك گرتنە).

ئەسیدی كوڕی صەفوان (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە ناوى لەناو هاوەڵانى خەڵكى حیجازدا هاتووە،[32] بە ئوسەید[33] هەروەها بە ئەسید[34] هەروەها بە ئوسەیر[35] ناوى هاتووە.

ئەسید باسی ئەو رۆژە دەكات كە خەلیفەى موسڵمانان ئەبووبەكرى صدیق كۆچی دوایی كرد و دەڵێت:

كاتێ ئەبووبەكر وەفاتى كرد بە بەرگێ دایانپۆشی و گریان مەدینەى گرتەوەو خەڵكى شڵەژان چەشنى ئەو رۆژەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد، عەلى كوڕی ئەبووطالیب خێرا بە گریانەوە گەڕایەوەو دەیفەرموو (ئەمڕۆ خیلافەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابڕا)، ئینجا هات تا گەیشتە بەردەرگاى ئەو ماڵەى ئەبووبەكری تێدا بوو، وەستا و وتى: (بەر رەحمەتى خوا كەویت ئەی ئەبووبەكر، تۆ یەكەم كەس بوویت موسڵمان بوویت، لەهەمووان پوختتر و دڵسۆزانەتر باوەڕت هێنا، دڵنیایی و بێگومانیت لە هەموان زیاتر بوو، لە هەموان لەخواترس تر و دەوڵەمەندتر بوویت و لە هەموان زیاتر لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت... پلەوپایەت لە هەموویان بەرزتر بوو، پێشرەوى هەموویان بوویت، پلەت لەهەموویان بەرزتر بوو، لە هەموویان زیاتر لە پێغەمبەرى خواوە نزیك بوویت، لەرووى رەوشت و هەڵوێستەوە لە هەموان زیاتر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوویت، لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموویان جێ متمانەتر و پایەبەرزتر بوویت و بەڕێزتریان بوویت لە خزمەتیدا، دەى خواى گەورە لەسەر ئیسلام و پێغەمبەرەكەى و موسڵمانان پاداشتى خێرت بداتەوە، كاتێ خەڵكى پێغەمبەرى خوایان بە درۆزن دەزانى تۆ بەراستت دەزانى، بۆیە خواى گەورە لە كتێبەكەى خۆیدا بە صدیق ناوى هێنایت (و الذي جاء بالصدق)، كاتێ خەڵكى بەرامبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پیسكە بوون، تۆ شوێنكەوتە و دڵنەواكەرى بوویت، كاتێ خەڵكى دانیشتن و لەگەڵی نەچوون تۆ لەگەڵیدا راوەستایت، لەكاتى سەختیدا بە جوانترین شێوە هاوەڵی ئەوت كرد، سوكناییت بۆ دەهێنا و هاوڕێی كۆچ و باروحاڵی نارەحەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوویت، دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەجوانترین شێوە خیلافەتت كرد بۆ ئوممەتەكەى، كاتێ خەڵكى لە ئیسلام هەڵگەرانەوە بەجۆرێك ئایینی خوات بەجێگەیاند كە خەلیفەى هیچ پێغەمبەرێكى پێشتر وا بەجێی نەگەیاندووە، كاتى لاوازى هاوەڵانت بەهێز بوویت، كاتى ترسی ئەوان سەرپێ راوەستایت، وێڕاى پێ ناخۆشبوونى دووروان و بێزارى و توورەیی بێباوەران دەستت گرتبوو بە  رێباز و بەرنامەى پێغەمبەرى خواوە، كاتێ دەوروبەرت شكستیان خوارد بە رووناكى خوا خیلافەتت گرتەدەست، لەسەروو هەموویانەوە بویت و لەهەموشیان كەمتر قسەت دەكرد و لە هەموان زیاتر راستیت دەپێكا و لە هەموان زیاتر بێدەنگ دەبوویت، رەوانبێژی و بڕیاردروستی و دلێری و دڵنیایی و كرداری چاك و شارەزاییت بە كارەكان لە هەموان زیاتر بوو، بۆ ئیسلام  سەرگەورەیەك بوویت و بۆ باوەڕدارانیش باوكێكى میهرەبان، كاتێ بە خاوخێزانەوە دەهاتنە لات بارى قورسی لاوازى ئەوانت دەگرتە ئەستۆ، چییان لەدەست دەدا تۆ دەتپاراست، چییان پشتگوێ بخستایە تۆ ئاگادارى دەبوویت، كاتى كەمصەبری ئەوان خۆڕاگر بوویت، ئەوەى ئەوان هەوڵیان بۆ دەدا تۆ پێی گەیشتیت، بەهۆی تۆوە گەیشتن بەوەى كە چاوەڕێ نەبوون دەستیان بكەوێ، بۆ بێباوەران سزایەك بوویت و دەرژایت بەسەریاندا، بۆ باوەردارانیش بارانى رەحمەت و بەرەكەت بوویت، بارانى دەوڵەمەندى و سوكنایی و پارێزگارى بوویت... وەك شاخێ وابوویت كە رەشەبا نایجووڵێنێت و شكێنەرەكان لەناوى نابەن... كەسی لاواز و زەلیل لاى تۆ بەهێز بوو تا مافت بۆ وەردەگرتەوە، كەسی بەهێز و بە دەسە{تیش لاى تۆ زەلیل و لاواز بوو تا كاتێ مافت لێ وەردەگرتەوە، لەوەشدا دوور و نزیك لاى تۆ وەك یەك بوون...  بەخوا پێشڕەیو زۆرت كردو ئەوەى دواى تۆ دێت چاك ماندووی دەكەیت ... رازین بە قەزاى خودا و ملكەچی كارو فەرمانى دەبین، دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) موسڵمانان بە هیچ شتێ هێندەى مەرگى تۆ موصیبەتبار نابن... خواى گەورە بتگەیەنێتەوە بە پێغەمبەرەكەت و ئێمەش لە پاداشتت بێ بەش نەكات و دواى تۆ گومڕامان نەكات) خەڵكى بێدەنگ بووبوون تا وتەكانى تەواو بوون، دواتر هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گریان و وتیان راستت فەرموو ئەى ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[36]

ئەمە بەڵگەیەكى زۆر جوانە لەسەر خۆشەویستى نێوان ئالوبەیتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان بەتایبەت خۆشەویستى نێوان ئیمامى عەلى و ئیمامى ئەبووبەكر رەزاى خوا لە هەردووكیان، دوو موژدەپێدراوى بەهەشت و دوو خەلیفەى راشیدی و دوو هاوەڵى زۆر نزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).



[1] - المفصل في تأريخ العرب قبل الإسلام، ط4، دار الساقي، سنة2001، ج7، ص134.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، 1، ص 81.

[3] - المفصل في تأريخ العرب قبل الإسلام، ج7، ص134.

[4] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 80.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص98، أسد الغابة، ج1، ص 140.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 80.

[7] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص51.

[8] - أسدالغابة، ج1، ص109.

[9] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص51.

[10] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص79.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص160.

[12] - الإصابة في معرفة الصحابة، ج1، ص51.

[13] -  أسد الغابة، ج1، ص140.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 84.

[15] -  أسد الغابة، ج1، ص141.

[16] -  أسد الغابة، ج1، ص142.

[17] - أسد الغابة، ج1، ص 138.

[18] - أسد الغابة، ج1، ص 138، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص236.

[19] - صحيح البخاري، الرقم 4959، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15743.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص236.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص79.

[22] - أسد الغابة، ج2، ص 365.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص51.

[24] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص79.

[25] -  أسد الغابة، ج1، ص 139، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص79.

[26] - أسد الغابة، ج1، ص 139.

[27] - القصص: 56.

[28] - صحيح البخاري، الرقم 2804، صحيح مسلم، الرقم 4527، سنن أبي داود، الرقم 3194، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7879، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22215، صحيح ابن حبان، الرقم 7042، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5682، مسند الرويانى، الرقم 1006.

[29]  - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16896.

[30] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 842.

[31] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16896، صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 2314.

[32] - أسد الغابة، ج1، ص140، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 841.

[33] -  معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 841،  الشريعة للآجري، الرقم 1781.

[34] -  أسد الغابة، ج1، ص140.

[35] - البحر الزخار مسند البزار، الرقم 831.

[36] -  البحر الزخار مسند البزار، الرقم 831، الشريعة للآجري، الرقم 1781، السنة لأبي بكر بن الخلال، الرقم 346، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 841.

 2413
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.