دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زانایانێك كە تایبەت بە هاوەڵان نووسینیان هەیە 1- ئیبن قانع

ئیبن قانع


ئەبولحوسەین عەبدولباقی كوڕی قانعی كوڕی مەرزووقی كوڕی واپقی ئومەوی، زانای فەرموودەناس بووە، لە 25 ی ژیلقەعدەی ساڵی 265 كۆچی لەدایك بووەو لە حەوتی مانگی شەووالی ساڵی 351 كۆچی وەفاتی كردووە. (1)
برایەكی هەبوو بە ناوی ئەحمەد كە زانایەكی دیار و شارەزا بووە. (2)
زانایان رای جیاوازیان هەیە سەبارەت بەم كەسێتیە، ئایا گێڕانەوەكانی وەردەگیرێن یان نا، لەوانە دارەقوتنی پێی وایە كە گێڕانەوەی هەیە بەڵام هەڵەیشی هەیە، بەرقانی بە كەسێكی لاوازی دادەنێت.  (3)
بەڵام خەتیبی بەغدادی سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات چۆن بەرقانی بە لاوازی داناوەو دەڵێت ئیبن قانع زانا و هەڵكەوتە بووەو بە گشتی مامۆستاكانمان بە جێ متمانەیان داناوە، لە كۆتایی تەمەنیدا گۆڕاوە، (4) ئیبن ناصرەدینیش دەڵێت نزیكەی دوو ساڵ پێش مردنی شتی تێكەڵ دەكرد. (5)
بەڵام ذەهەبی وا وەسفی دەكات: پێشەوای فەرموودەناسی هەڵكەوتەی زۆر راستگۆ پشت بەخوا دادوەر ئەبولحوسەین عەبدولباقی كوڕی قانع.... لە پێناو وەرگرتنی فەرموودەو زانستدا زۆر وڵات گەڕاوەو زۆر فەرموودەی بیستووەو بەرچاوڕوون بووە بەو بوارە.  (6)
ئیبن قانع كتێبی (معجم الصحابە)ی نووسیوە تایبەت بە ژیانی هاوەڵان كە تیایدا نزیكەی 1226 كەسایەتی هێناوە، ریزبەندی هێنانی ناوی هاوەڵانیشی بە پێی ئەبجەدی نووسیوە، ژمارەی ئەو فەرموودانەش تیایدا هاتون كە هاوەڵان گێڕاویانەتەوە 1971 فەرموودەن.
ئیشكردنی ئیبن قانع لەو نووسینەیدا بەمجۆرە بووە:
ناوی هەموو ئەوانەی هێناوە كە وەك هاوەڵ ناویان هاتووە با هەندێك لەوانەش قسە هەبێت لەسەر هاوەڵ بوونیان.
كە باسی هاوەڵێكی هێناوە ئەگەر فەرموودەی گێڕابێتەوە ئاماژەی پێداوەو هەندێ‌ لەو فەرموودانەشی هێناوە بە بێ گوێدانە صەحیح و لاوازی سەنەدی فەرموودەكان.
هەموو ناوی هاوەڵانی نەهێناوە بەڵكو زۆر هاوەڵ هەبووە كە لە كتێبەكەیدا تۆمار نەكراوە.
ریزبەندی ناوەكانی بەپێی ئەبجەدی هێناوە، ئەمەش بنەڕەتێك بووە بۆ نووسینی دواتری زانایان تا سوود وەربگرن لەو ریزبەندیە وەك ئیبن عەبدولبەر و ئیبن ئەپیر و ئیبن حەجەر.
وردەكاری نەكردووە لە راستی سەنەدەكاندا.
..........................
پەراوێزەكان:
1 - الخطيب البغدادي: تاريخ بغداد، تحقيق: د. عمر عبدالسلام تدمري، دار الكتب العلمية، بيروت، ج11، ص88، الذهبي: تأريخ الإسلام،ط1، دار الكتاب العربي، (بيروت-1987) ج26، ص58-59.
٢- الخطيب البغدادي: تاريخ بغداد، ج4، ص355.
٣ - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج15، ص 527.
٤ - الخطيب البغدادي: تاريخ بغداد، ج11، ص88.
٥- ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص8.
٦- الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج15، ص 526.

 3375
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.