دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەصرەم (رضي الله عنه)

ئەصرەم (رضي الله عنه):

بە ئەصرەم یان ئوصەیرم هاتووە، بەڵام لە بنەرەتدا ناوى عەمری كوڕی ثابتی كوڕی وەقشە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، لە جەنگى ئوحوددا شەهید بوو و پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) شایەتى بەهەشتى بۆ دا،[1]دایكی ناوى لیاى كچی یەمانە،[2] براى سەلەمەى كوڕی ثابتە.[3]

لە جەنگى ئوحوددا ئەصرەم موسڵمان بوو و بەشدارى جەنگى كرد تا بریندار بوو، دواى جەنگەكە كە بەناو كوژراوەكاندا دەگەڕان ئەصرەمیان بینی برینێكى سەختى هەبوو، لێیان پرسی ئەی عەمر لەبەر خێلآیەتى هاتیت بۆ جەنگ یان لەبەر ئیسلام؟ وتى بەڵكو لەبەر ئیسلام، من موسڵمان بووم و لەبەر ئیسلام هاتم و جەنگام تا ئاوام بەسەرهات، هێندەى نەبرد مرد، دواتر بەسەرهاتەكەیان بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى ئەو لە ئەهلى بەهەشتە.[4]

ئەصرەم لە ژیانیدا یەك ركات نوێژی نەكرد كەچی بەهەشت بوو بە بەشی نەبڕاوەى.[5]

ئەمە موژدەیەكى گەورەیە بۆ ئەو كەسانەى كە هێشتا موسڵمان نەبون تا بزانن هیچ كات درەنگ نیە بۆ خۆڕزگاركردن، كات نەفەوتاوە تا بڵێیت دەرفەت كەمە بۆ كۆكردنەوەى توێشووى پێویست، بەڵكو دەتوانیت خێرا بڕی پێویستى توێشوو كۆبكەیتەوە بێ ئەوەى پێویست بە دەرفەتى زۆر بكات، ئەوە هاوەڵێكە لە ماوەى تاقێكدا توانى بەهەشتی خوا بكڕێت و پێغەمبەرى خوایش شاهیدى ئەوەى بۆ دا، بۆیە هیچكات بێهیوایی روو نەكاتە كەسمان، هاوكات ئەمە نمونەیەكى باشە تا بزانین دەبێت جیهاد تەنها بۆ سەرخستنى ئایینى خوا بێت نەك دەمارگیری رەگەزى یان خوێن یان هەر دەمارگیریەكى تر، خواى گەورە جیهادێك وەردەگرێت كە تەنهاو تەنها بۆ سەرخستنى ئیسلام بێت.

 

 

ئەصرەمى شەقەری(رضي الله عنه):

بە وەفد هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى خێری بۆ كرد و ناوى نا زورعە.[6]

ئەصرەم دەگێڕێتەوەو دەڵێت كۆیلەیەكى رەشم لەگەڵ خۆم برد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من ئەم كۆیلەم كڕیوەو پێم خۆشە ناوى بنێیت و نزاى بەرەكەتى بۆ بكەیت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (ناوت چیە؟) وتم ناوم ئەصرەمە، فەرمووى (بل أنت زرعة) (بەڵكو تۆ زورعەیت) واتە ناوى نا زورعە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فما تریدە) دەتەوێ كۆیلەكە چی بێ و چیت بۆ بكات؟ وتم دەمەوێ شوانە بێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فهو عاصم) دەى ناوى عاصمە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى كۆیلەكەى داخست.[7] بەڵام تەبەرانى بە گێڕانەوەیەكى تر هێناویەتى ئەصرەم وتى دەمەوێت جووتیار بێت.[8]

دەبینین پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش ئەوەى داواكەى ئەصرەم بێنێتە دى پرسیارى لە خودى ئەصرەم كرد تا بزانێت ناوى خۆی چیە؟ كە ناوەكەى پێ جوان نەبوو ناوى خۆی گۆڕی ئینجا چوویە سەر باسی كۆیلەكەى.



[1] - أسد الغابة، ج1، ص154.

[2] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص1167.

[3] - أسد الغابة، ج4، ص214.

[4] - معرفة الصحابة، الرقم 997، أسد الغابة، ج4، ص215.

[5] -  الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج3، ص1167.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص141، أسد الغابة، ج1، ص 154.

[7] -  المعجم الكبير للطبراني، الرقم 524، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7799 صححه الذهبي في التلخيص، مسند الرويانى، الرقم 1476، معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص13، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص78.

[8] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 872.

 2429
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.