دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەعوەرى كوڕی بەشامە (رضي الله عنه):

ناوى ئەعوەرى كوڕی بەشامەى عەنبەریە، دەشوترێ ناوى ناشبە و ئەعوەر نازناوە، بەڵام بەپێی گێڕانەوەكان كە لەبارەیەوە هاتووە ناوى بە ئەعوەر هاتووە، لە عەنبەریەكانە، لەبەر بوونى كێشەیەك چووە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وەك نوێنەری عەنبەریەكان لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) قسەى كردووە.[1]

لەگەڵ هەریەك لە وردانى كوڕی مەخرەمەو رەبیعەى كوڕی رەفیع چووە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، چونكە عەنبەریەكان كێشەیەكیان هەبوو و دەبوو لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا چارەسەری بكەن.[2]

ئەعوەر خوشكێكى هەبوو ناوى صەفیە بوو كە بە سەبی گیرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەرپشكى كرد لاى ئەو بمێنێتەوە یان بگەڕێتەوە، ئەویش گەڕانەوەى هەڵبژارد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو.[3]

بەنى عەنبەر كەسێكیان كوشتبوو، بۆیە ناچار پەنایان بردە لاى خوزاعە كە خاڵۆزایان بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێنەرى خۆی نارد بۆ لاى خوزاعە تا صەدەقەكەیان بدەن، ئەوانیش صەدەقەى خۆیان دا، بەڵام عەنبەریەكان صەدەقەى خۆیان نەدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەدو پەنجا كەسی بە سەركردایەتى عویەینەى كوڕی حصن نارد، ئەو سوپایە نۆ پیاو و یانزە ئافرەت و منداڵی گرت و گەڕایەوە.

 كاتێ عەنبەریەكان ئەوەیان بیست حەفتا كەسیان كەوتنەڕێ و چوون بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لە نێویاندا ئەعوەریش چووبوو كە تەمەنى لە هەموویان كەمتر بوو، كە گەیشتنە مەدینە و ژن و منداڵەكانیان بینین چوونە بەردەم ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاواریان دەكرد ئەى موحەممەد چۆن مندالآنمان بەسەبی دەگریت لە كاتێكدا ئێمە لە پەیمانت دەرنەچوین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)چوویەدەرەوە بۆ لایان و فەرمووى كەسێ وەك دادوەر دابنێن لە نیوان من و ئێوەدا، (واتە كەسێكتان وەك نوێنەریان قسە بكات)، ئەوانیش وتیان ئەى پێغەمبەرى خوا ئێمە ئەعوەرى كوڕی بەشامە دادەنێین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بەڵكو عەمرى گەورەتان، ئەوانیش وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا ئێمە ئەعوەرى كوڕی بەشامە دیارى دەكەین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو تا حوكم بدات، ئەویش بڕیارى دا نیوەیان بە كڕینەوە ئازاد بكرێن واتە فیدیەیان بدرێت و نیوەشیان ئازاد بكرێن.[4]

لە گێڕانەوەیەكدا هاتوە كاتێ چوونە بەردەم ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو لە ژوورەوە خەوتبوو و لەو كاتەشدا عویەینە ژن و منداڵەكانى ئەوانى هێنا، عەنبەریەكان وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا بۆچی بە سەبی گیراوین لەكاتێكدا ئێمە موسڵمانین؟ ئەویش فەرمووى سوێند بخۆن بە موسڵمانى هاتون، هەریەك لە ئەعوەر و وردان بێدەنگ بوون، بەڵام رەبیعە وتى من سوێند دەخۆم ئەى پێغەمبەرى خوا نەهاتوین تا پێشتر چوین بۆ مزگەوتەكەمان (واتە نوێژمان كردووە)و زەكاتى سامانمان جیاكردوەتەوەو بە موسڵمانى هاتوین، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اذهبوا عفا الله عنكم)، (بڕۆن خوا لێتان خۆش بێ).[5]

بەڵام راجیایی هەیە ئایا هاوەڵە یان نا، چونكە وەك خانەدان و نێردراو ناوى هاتووەو راشكاوانە نەهاتووە وەك هاوەڵ باس بكرێ، هەروەها بەپێی ئەو فەرموودەى پێشوو كە هاتووە گومان دروست دەبێت ئایا هاوەڵ بووە یان نا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد سوێند بخۆن ئەعوەر سوێندى نەخوارد، بەڵام ئەوەش كە رەبیعە بە ناوى ئەوانیشەوە سوێندى خوارد و بەسەرهاتى موسڵمانى خۆیانى خستەڕوو و ئەوانیش بێدەنگ بوون واتە رازى بوون دەبێتە بەڵگەى موسڵمابوونیان.



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 95.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص158.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 154.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 95.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص158.

 2768
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.