دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەنەسی كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ئەنەسی كوڕی مالیك(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی مالیكی كوڕی نەضرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان و لە بەنى نەجار،[1] كونیەكەى ئەبوو حەمزەیە و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو كونیەى بۆ دانا،[2] خزمەتكارى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو و بەوەش ناسرابوو و خۆیشی شانازى پێوە دەكرد.[3]

ئەنەس لەبەر ناوى مامى كە ناوى ئەنەسی كوڕی نەضرە بوو ئەو ناوەى لێ نرا.[4]

دایكی ناوى ئوممو سولەیمى كچی ملحان بوو كە ئەویش باوەڕدار بوو و هاوەڵێكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو،[5] كاتێ موسڵمان بوو داواى كرد لە مالیكی مێردى تا ئەویش موسڵمان بێت، بەڵام ئەو لێی تووڕە بوو، هەر بەو تووڕەیەشیەوە چوو بۆ كارێك و  و لەوێ نەگەڕایەوەو كوژرا، ئیتر ئومموسولەیم شووى كرد بە ئەبوو طهلحەى ئەنصارى و لەم مێردەى دوو منداڵی بوو بە ناوى ئەبووعومەیر و عەبدوڵا.[6]

ئومموسولەیم مەرجى بۆ شووكردنى بە ئەبوو طهلحە ئەوەبوو موسڵمان بێت و ئەوەشی لەبری مارەیی ویست، ئەویش موسڵمان بوو، ئیتر ئومموسولەیم شووی پێكرد.[7]

كاتێ ئومموسولەیم موسڵمان بوو زوو زوو بە ئەنەسی دەوت بڵێ أشهد أن لا إلە إلا اللە، بڵێ أشهد أن محمد رسول اللە، مالیكیش دەیوت كوڕەكە تێك مەدە، ئەویش دەیوت تێكى نادەم.[8]

ئومموسولەیم لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و بە خەنجەرێكەوە بەرگرى دەكرد، هەروەها لە غەزاى حونەینیشدا بەشدارى كرد.[9]

ئەبوو طهلحەى مێردى ئەو كەسە بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو دەنگى لە سوپادا باشترە لە یەك دەستەو تاقم، ئەنەسیش لە مێردە تازەكەى دایكیەوە فەرموودەى گێڕاوەتەوە،[10] ئەمەش لووتكەى رێزو خۆشەویستى نێوان كوڕێك و زڕباوكێكە كە هەردووكیان دەبنە خزمەتكارى پەیامى خوا.

ئەنەس پوورێكى هەبوو كە ناوى ئومموحارثه بوو، ئەنەس دەگێڕێتەوە كە لە غەزاى بەدردا حارثهی كوڕی شەهید بوو، ئومموحارثه بە پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) وت ئەى پێغەمبەرى خوا تۆ پلەوپایەى حارثه لاى من دەزانى، دەى پێم بڵێ ئەگەر لە بەهەشتە بەرگە دەگرم، ئەگەریش وانیە با تێر بۆی بگریم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (يا أم حارثة إنها جنان في الجنة وإن ابنك أصاب الفردوس الأعلى)،[11] (ئەى ئوممو حارثه چەند بەهەشتێك لە بەهەشتدا هەن، بە دڵنیاییەوە كوڕەكەت فیردەوسی ئەعلاى دەست كەوتووە).

ئەنەس سێ براى هەبوو: بەراء،[12] ئەبووعومەیر، عەبدوڵا، ئەم دوانەى كۆتایی لە دایكیەوە براى بون.[13]

بەرائی براى كەسێك بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەى بەوە دابوو نزاى گیرایە، بەراء تەواو تامەزرۆی جیهادى رێی خوا بوو، جارێك ئەنەس چوو بۆ لاى بەرا و و سەیری كرد شیعر دەڵێتەوە، ئەویش وتى براكەم شیعر دەڵێیتەوە لەكاتێكدا خواى گەورە لەبری شیعر چاكتری بۆ داناویت كە قورئانە؟ ئەویش وتى دەترسیت خوا لەناو جێگەدا بممرێنێ لەكاتێكدا بە تەنها نەوەدو نۆ بێباوەڕم كوشتووە جگە لەوەى لەگەڵ هاوەڵان بێباوەڕی ترم كوشتووە؟ ئەوە بوو دواجار لە ساڵی بیستى كۆچی لە فەتحى توستوردا شەهید بوو.[14]

زۆر جار پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوو بۆ ماڵی ئومموسولەیم یارى لەگەڵ ئەبوعومەیر دەكرد و بە خۆشحاڵی دەیبینی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی دەفەرموو ( یا أباعمیر ما فعل النغیر)،[15] (ئەى ئەبوو عومەیر نوغەیر چی دەكات و چۆنە؟) نوغەیر باڵندەیەكى ئەبوعومەیر بوو كە یارى لەگەڵدا دەكرد، جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ لاى بینی عومەیر غەمبارە، پرسی بۆچی غەمبارە؟ دایكی وتى نوغەیر (كە باڵندیەكى بوو) مردووە.[16]

ئەو شەوەى ئەبووعومەیر كۆچی دوایی كرد و ئەبوو طهلحە هاتەوە، ئومموسەلەمە پێی نەوت و شەو چوونە لاى یەك، بەیانى كە ئەبوو طهلحە بەوەى زانى سكالآى بردە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى (أعرستم الليلة بارك الله لكم في ليلتكم)، (ئەمشەو چوونە لاى یەك، خوا بەرەكەت بخاتە شەوەكەتانەوە)، ئەوەبوو خوا عەبدوڵاى پێ بەخشین و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا عەبدوڵا.[17]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ مەدینە ئەوكات تەمەنى ئەنەس دە ساڵان بوو، ئومموسولەیم ئەنەسی برد و چوو بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)  و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە ئەنەسە با خزمەتت بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رازى بوو.[18]

رایەك دەڵێت ئەنەس لە جەنگى بەدردا هاودەم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كردووە، بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت ناوى لە بەدریەكاندا نەهاتووە چونكە لەو كاتەدا تەمەنى كەم بووە و رێ نەدراوە لە غەزاى بەدردا بەشدارى بكات،[19] بەڵام ئیبن ئەثير هێناویەتى كە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چووە بۆ بەدر و لەوێیش خزمەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كردووە نەك ئەوەى بەشدارى جەنگەكەى كردبێت.[20]

ئیمامى ذەهەبیش هەمان راى هەیە و دەڵێت ئەمە هەردوو بۆچوونەكە یەكدەخات.[21]

ئەنەسی كوڕی مالیك یەكێك بوو لە بەشداربووانى بەیعەتى ريضوان.[22]

جارێك ئومموسولەیم داواى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزا بكات بۆ ئەنەس، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اللهم أكثر ماله وولده وبارك له فيما أعطيته[23] (خوایە سامان و منداڵی زۆر بكەو بەرەكەت بخەرە ئەوەوە بۆی كە پێی دەبەخشیت).

ئەنەسی كوڕی مالیك باخێكى هەبوو ساڵانە دووجار بەرهەمى میوەی دەبەخشی، هەروەها رەیحانەیەكى تێدابوو بۆنی خۆشی لێ دەردەهێنرا.[24]

ئەنەس خاتەمێكى لەدەست دەكرد كە وێنەى شێرێكى لەسەر بوو، بە زێڕیش دانەكانى پێكەوە دەبەستەوە،[25] بەڵام لە ریوایەتێكى تردا هاتووە ئەنەس لە خاتەمەكەیدا ئەوەى هەڵكۆڵیبوو (محمد رسول الله) كاتێ دەچوو بۆ ئاودەست خاتەمەكەى لە پەنجەى دادەكەند.[26]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر ئەنەسی خۆشدەویست و زۆرجاریش قسەى خۆش و بزەبەخشی هەبوو بۆی، جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ بزەبەخشی بە ئەنەسی فەرمو (يا ذا الأذنين[27] (ئەى دوو گوێ).

ئیتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێندە ئەنەسی خۆشدەویست جار هەبوو بە كوڕی شیرینم بانگى دەكرد وەك ئەنەس دەگێڕێتەوە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (یا بني[28] (ئەى كوڕی شیرینم).

ئەنەس دەڵێت دە ساڵ خزمەتى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) كرد چی كارێكى بەسەردا دابم، كردبێتم یان نا سەركۆنەى نەكردوم، ئەگەریش كەسێك سەركۆنەى بكردمایە دەیفەرموو وازى لێ بهێنن،[29] لەریوایەتێكى تردا هاتووە دەڵێت دە ساڵ خزمەتى پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم)كرد هەرگیز لێى نەدام و قسەى پێ نەوتم و رووى لێ گرژ نەكردم.[30]

دواى كۆچی دوایی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەنەس لە مەدینە نیشتەجێ بوو، دواتر لە فتووحاتى ئیسلامیدا بەشدارى كرد، دواجار چوو بۆ بەصرەو لەوێ نیشتەجێ بوو،[31] لە بەصرە كۆشكێكی هەبوو بە ناوى (الطَف) كە لەوێ نیشتەجێ دەبوو و هەر لەوێیش كۆچی دوایی كرد.[32]

ئەنەس دەگێڕێتەوە جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ ماڵی ئوممو سولەیم و ئەویش بڕێك رۆن و خورماى بۆ هێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خورماكەتان بكەنەوە ناو قاپەكەتان و رۆنەكەش بكەنەوە ناو قاپەكەى چونكە من بەرۆژووم، پاشان چوویە كونجێكى ماڵەكەو نوێژی سوننەتى بە جەماعەت كرد بۆمان، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆ ئومموسولەیم و منداڵەكانى.[33]

ئەنەس لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم)لە هەریەك لە حودەیبیەو خەیبەر و عومرەى قەضاء و فەتحى مەككەو غەزاى حونەین و طائیف و غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[34]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد تەمەنى ئەنەس بیست ساڵان بوو.[35]

كاتێ ئەبووبەكرى صدیق بوو بە خەلیفەى موسڵمانان، ویستی زەكات و صەدەقەى بەحرەین كۆبكاتەوە، لەو كاتەدا عومەرى كوڕی خەتتاب لاى ئەبووبەكر بوو، پێی وت ئەنەس بنێرە، ئەویش ئەنەسی نارد، ئەنەس چوو و تا گەڕایەوە ئەبووبەكر كۆچی دوایی كردبوو.[36]

ئەنەس دەگێڕێتەوەو دەڵێت گەڕامەوە بۆ ناو مەدینەو ئەو كات ئەبووبەكری صدیق كۆچی دوایی كردبوو، عومەری كوڕی خەتابیش شوێنى گرتبوویەوە، منیش بە عومەرم وت دەستت هەڵبڕە با بەیعەتت پێ بدەم لەسەر ئەو شتەى بەیعەتم دا بە هاورێكەت تا بتوانم بەیعەتەكەم ببەمەسەر.[37]

ئەنەس لە فەتحى توتستوردا بەشدارى كرد و بەرپرسی توستور كە ناوى هورمزان بوو لەگەڵ ئەنەس هات بۆ لاى عومەرى خەلیفەو موسڵمان بوو و موسڵمان بوونەكەشی زۆر بەراستى و حەق بوو.[38]

ئەبووهورەیرە دەڵێت كەسم نەدیوە هێندەى كوڕی ئومموسەلەمە –واتە ئەنەس- نوێژی لە نوێژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێت.[39]

ثابت دەڵێت جارێك لەگەڵ ئەنەسی كوڕی مالیك بووم، قەهرەمانە هات بۆ لاى و تى زەویەكەمان تەواو تینووە نزا بكە خوا باران ببارێنێت، ئەو كاتیش وەرزى هاوین بوو، ئەنەس هەستاو دەستنوێژی گرت و چوویە دەرەوەو دوو ركات نوێژی كرد و دواتر نزاى كرد، باران دابارى تا هەموو شتەكان تێر بوون، ئینجا باران وەستایەوە، ئەنەس بە یەكێك لەوانەى دەورەى خۆی وت بڕۆ بزانە تا كوێ باران باریوە، ئەویش چوو سەیری كرد هەر لە دەوروبەرى زەویەكەى ئەو باران باریوە.[40]

زۆر جار ئەنەسی كوڕی مالیك خەوى دەبینی بە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)، تەنانەت دەیوت چی شەو هەیە خەو دەبینم بە خۆشەویستمەوە، پاشان دەستى دەكرد بە گریان،[41] چونكە تەواو تاسەی ئەوەى هەبوو بگاتەوە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).

لەو ماوەى ئەنەس لە بەصرە بوو نەخۆشی طاعوون بلآوبوویەوەو بەو نەخۆشیە ژمارەیەكى زۆر لە منداڵەكانى ئەنەس مردن،[42] تەنانەت دەوترێت نزیكەى حەفتا یان هەشتا نەوەى بەو نەخۆشیە مردن.[43]

دواى ئەوەى یەزید مرد ئیبن زوبەیر نامەى نووسی بۆ ئەنەسی كوڕی مالیك و داواى لێكرد لە بەصرە بەرنوێژی بكات بۆ موسڵمانان، ئەویش چل رۆژ لە بەصرە بەرنوێژی كرد بۆ موسڵمانان.[44]

ثومامە دەڵێت ئەنەس هێندە نوێژی دەكرد جار هەبوو خوێن لە قاچەكانى دەهات.[45]

ئەنەس لە بەصرەدا چوار خانووى هەبوو، یەكێكیان لاى مزگەوتى بەصرە بوو، یەكێكیشیان لە دوورى دوو فەرسەخ لە بەصرەوە بوو،[46] لەمەیاندا كۆچی دوایی كرد.

ئەنەسی كوڕی مالیك جارجارە دەچوو بۆ وڵاتى شام و سەردانى ئەوێی دەكرد و دەگەڕایەوە.[47]

پەیوەندى نێوان ئەنەسی كوڕی مالیك و حەججاجى كوڕی یووسفی ثهقەفی باش نەبوو و حەججاج بێڕێزى بەرامبەرى دەنواند، تەنانەت حەججاج وەك سووكایەتیەك بەرامبەرى، مۆرێكى خۆی بەزۆر هەڵواسیبوو بە ملى ئەنەسدا.[48]

جارێك ئەنەسی كوڕی مالیك لەگەڵ حەججاجى كوڕی یووسفی ثهقەفیدا كێشەیان هەبوو، كاتێ فیتنەكەى ئیبنولئەشعەث هەبوو حەججا ج رێی دەگرت لە گەڕانى خەڵك، جارێك ئەنەسی كوڕی مالیكی بینی، حەجاج پێی وت ئەی پیس دەگەڕێیت و جارێ لەگەڵ عەلى و جارێ لەگەڵ ئیبن زوبەیر و جارێ لەگەڵ ئیبنولئەشعەثدایت، سوێند بەوەى گیانمى بەدەستە ریشەكێشت دەكەم وەك چۆن تووك ریشەكێش دەكرێت و داتدەماڵم وەك چۆن (ضب)[49] دادەماڵرێ، ئەنەسیش وتى ئەی ئەمیر مەبەستت كێیە؟ ئەویش وتى تۆم مەبەستە خوا كەڕت بكات، ئەنەسیش گەڕایەوەو حەججاجیش سەرقاڵ بوو، عەلى كوڕی زەید دەڵێت چووین بە دواى ئەنەسدا بۆ رەحبە، ئەویش وتى ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایە كە منداڵەكانمم بیركەوتەوەو ترسم نەبوایە دواى خۆم ئازاریان بدات قسەیەكم پێ دەوت كە هەرگیز شەرمى لێم نەمایە، ئینجا نامەى نووسی بۆ خەلیفە عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان  و سكالآى كرد لە دژی حەجاج، لە دەقێكى نامەكەیدا هاتووە من نۆ ساڵ خزمەتى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) كرد، سوێند بەخوا ئەگەر مەسیحیەكان بگەیشتنایە بە كەسێك كە خزمەتى پێغەمبەرەكەیانى كردبێت رێزیان دەگرت،[50] عەبدولمەلیكیش نامەیەكى نووسی بۆ حەجاج و بە توندى حەججاجى شكاند و لەسەر ئەو هەڵوێستەى سەركۆنەى كرد و فەرمانى پێكرد بچێت داواى پۆزش لە ئەنەس بكات، حەججاج بە نێردراوەكەى وت ئەمیری باوەڕداران ئەمەى نووسی؟ وتى ئەرێ بەخوا، تا ئێستاش هێندەى ئەمە بە هیچ تووڕە نەبووە، حەججاج وتى گوێڕایەڵی فەرمانى دەبم، ئینجا چوو بۆ لاى ئەنەس.[51]

جارێك ئەنەسی كوڕی مالیك هات بۆ مەدینە، ئەوكات عومەرى كوڕی عەبدولعەزیز والى مەدینە بوو، خێرا نێردراوێكى نارد بۆ لاى ئەنەس تا سەبارەت بە رەنگكردنى مووی قژ و هەڵوێستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو بارەوە پرسیارى لێ بكات.[52]

ئەنەس لە كۆتاییەكانى تەمەنیدا تووشی نەخۆشی(بەڵەكى) بوو و تەواو جەستەى لاواز بوو بە جۆرێك نەیدەتوانى رۆژوو بگرێت،[53] ماوەى یەك ساڵ پێش مردنى نەیتوانى رۆژوو بگرێت،[54] بۆیە تەشتێكى گەورە تشریبی ئامادە دەكرد و 30 هەژارى بانگ دەكرد  و نانى پێ دەدان.[55]

ئەنەسى كوڕی مالیك ماوەیەك پێش مەرگى بەوانەى دەوروبەرى دەوت تەلقینی لا إلە إلا اللە م پێ دابدەن، بەردەوام ئەوەى دەوت تا گیانى سپارد.[56]

ئیمامى ذەهەبی دەڵێت: كۆتا هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە كۆچی دوایی كرد ئەنەسی كوڕی مالیك بوو.[57]

ئەنەس وەسیەتى كردبوو كە موحەممەدى كوڕی سیرین تەرمەكەى بشوات، بەڵام لەو كاتەدا موحەممەد لەبەر قەرزاریەك بەند كرابوو، بۆیە ئازاد كرا تا تەرمەكەى ئەنەسی شۆرد و دواتر چوویەوە بۆ بەندیخانە.[58]

سەبارەت بە كاتى وەفاتى چەند رایەك هەیە، رایەك دەڵێت لە ساڵی نەوەدى كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەكى تر دەڵێت لە ساڵی نەوەدو یەكى كۆچی بووە، رایەكى تر دەڵێت لە ساڵی نەوەدو سێی كۆچی بووە،[59] كاتێ كۆچی دوایی كرد تەمەنى نەوەدو نۆ ساڵ بوو، رایەكى تر دەڵێت بەڵكو تەمەنى سەدو یەك ساڵ بوو، رایەكى تر دەڵێت بەڵكو سەدو حەوت ساڵ بوو،[60] یان دەوترێت نەوەدو شەش ساڵ بوو،[61] یان دەوترێ سەدو بیست ساڵ بوو، بەڵام ئیبن ئەثير وەڵامى ئەو قسانە دەداتەوەو دەڵێت ئەو تەمەنە زۆرانەى دەوترێن راست نین چونكە كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە ئەنەس تەمەنى دە ساڵان بوو، زیاترین ماوەش لەسەر ساڵی وەفاتى هاتووە ساڵی نەوەدو سێی كۆچى بووە، دەى بەو پێیە زۆرترین ئەگەر بۆ تەمەنى سەدو سێ ساڵە.[62]

ئیمامى ذەهەبی راى راستتر دێنێت كە تەمەنى سەدو سێ ساڵ بووەو لە ساڵی نەوەدو سێی كۆچی وەفاتى كردووە.[63]

ئەنەس لە بەصرە لەناو كۆشكەكەى خۆیدا (الطَف) كۆچی دوایی كردو هەر لە نزیك بەصرە ئەسپەردە كرا،[64] ئەو كۆتا هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە لە بەصرە كۆچی دوایی كرد.[65]

قەطه نى كوڕی مودریكی كیلابی نوێژی مردووى لەسەر كرد.[66]

كاتێ ئەسپەردە كرا موویەكى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لابوو لەژێر زمانیدا بوو، چونكە خۆی داواى كردبوو كە مرد ئەو مووە بخەنە ژێر زمانى و لەگەڵیدا ئەسپەردەى بكەن.[67]

هەروەها گاڵۆكێكی بچووكى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لابوو داواى كرد لەگەڵیدا ئەو گاڵۆكەش بخەنە كفنەكەیەوە، بۆیە ئەو گاڵۆكەش خرایە ناو كفنەكەى و لەگەڵیدا ئەسپەردە كرا.[68]

ئەنەس كاتێ وەفاتى كرد نزیكەى سەد منداڵ و نەوەى خۆی دیبوو،[69] چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كردبوو،[70] ئەنەس خۆی دەڵێت بە جوانى شوێنەوارى نزاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سامان و منداڵمدا بەدیدەكەم.[71]

جارێك ئەنەسی كوڕی مالیك وتى دەڵێن خۆشەویستى عوثمان و عەلى لە یەك دڵدا جێی نابێتەوە، خۆشەویستى عوثمان و عەلى لە دڵى ئێمەدا كۆبوەتەوە.[72]

ئەنەس نزیكەى دوو هەزار و دوو سەد و هەشتاو شەش فەرموودەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لێوە گێردراوەتەوە،[73] زیاد لە دوو سەد و هەشتاو پێنج هاوەڵ و  تابعی فەرموودەیان لە ئەنەسەوە گێڕاوەتەوە.

جەریری كوڕی عەبدوڵا ماوەیەك هاودەمى ئەنەسی كوڕی مالیكی دەكرد، ئەنەس دەڵێت هاودەمى جەریری كوڕی عەبدوڵام كردووەو ئەو خزمەتى دەكردم و دەیوت من پشتیوانانم دیون، ئەوان خزمەتی پێغەمبەرى خوایان كردووە، بۆیە هەركامیان ببینم خزمەتى دەكەم.[74]

چەند فەرموودەیەك كە ئەنەسی كوڕی مالیك دەیانگێڕێتەوە:

عن أنس بن مالك عن النبي (صلى الله عليه وسلم) قال : " ثلاث من كن فيه وجد حلاوة الإيمان: أن يكون الله ورسوله أحب إليه مما سواهما، وأن يحب المرء لا يحبه إلا لله، وأن يكره أن يعود في الكفر كما يكره أن يقذف في النار).[75]

لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت:(سێ شت هەن هەر كەس تیایدا بن چێژی ئیمانى بەدى كردووە، ئەوەى خواو پێغەمبەرى خواى لە هەموو كەس خۆشتر بوێت، وە هەر كەسی خۆش ویست تەنها لەبەر خوا خۆشی بوێت، وە حەز نەكات بگەڕێتەوە بۆ بێباوەڕی وەك چۆن حەز ناكات فڕێ درێتە ناو ئاگر).

 

عن أنس بن مالك عن النبي (صلى الله عليه وسلم) قال:(يسروا ولا تعسروا ، وبشروا ، ولا تنفروا).[76]

لە ئەنەسەوە لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت:(ئاسانكاری بكەن و بارى خەڵك قورس مەكەن، موژدەبەخش بن و كەس مەتۆرێنن).

ئەمە ئاكارو رەوشتى كەسی باوەڕدارە كە هەمیشە لە بازنەى شەریعەتى خواى گەورەدا ئاسانكارى و بزەو رووخۆشی و موژدەى هەبێت نەك بنەمای ترس و تۆراندن و قسەزبری بگرێتەبەر، هاوكات ئەم فەرموودە لەلایەن كەسانێكەوە كراوە بە بەڵگە بۆ بۆچوونێكى ناراست كە پێیان وایە نابێت مەسەلەكانى ترساندن (كە خواى گەورە باسی كردون) بخرێنە بەرباس، چونكە ئەوانەش ترساندن دەگرنەوە، بەڵكو بانگەوازى خواى گەورە لەسەر بنەماى موژدەو ترساندنە (بشيرا و نذيرا)، هەر بانگەوازێكیش یەكێك لەو دوانەى كەم بوو یان نەبوو یان مافى هەركامیانى كەم كردەوە سەركەوتوو نیەو لاى خواى گەورە ویستراو نیە، موژدەبەخشی هەنگاوى یەكەمەو دواتر هەنگاوى دووەم دێت كە ئاگاداركردنەوەیە لە سزاكانى خواى گەورە.

هەندێكى تر ئەم فەرموودەو هاوشێوەكانى دەكەنە بەڵگە بۆ شلگیری لە راستیەكان و چاوپۆشی لە سنوورەكانى خواى گەورە كە دووبارە ئەمەش نارەوایەو سنوورەكانى خوا هی بەزاندن نین تەنانەت هی ئەوەش نین لێیان نزیك بیتەوە (تلك حدود الله فلا تقربوها).

عن أنس بن مالك قال : قال رسول الله (صلى الله عليه وسلم):(إن من أشراط الساعة أن يرفع العلم ويثبت الجهل ويشرب الخمر ويظهر الزنا).[77]

لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:(لە نیشانەكانى رۆژی دوایی ئەوەیە زانست هەڵدەگیرێت و نەزانى دەچەسپێت و مەى دەخورێتەوەو زینا و داوێن پیسی دەردەكەوێت).

بە داخەوە ئەمڕۆ ئەو نیشانانە دەركەوتنیان روو لە زیادیە، وەك لە فەرمودەى صەحیحدا هاتووە هەڵگیرانى زانست بە مەرگى زانایان دەبێت، بەدواى ئەوەدا نەزانى بلاو دەبێتەوەو كەسانێك دەردەكەون كە ئەركی بانگەواز دەگرنە ئەستۆ كە هەم خۆیان گومڕان و هەم خەڵكیش گومڕا دەكەن، مەى خواردنەوەو زینای بە ئاشكراش بە داخەوە زۆر بلآون، خواى گەورە ئەو دەردانەمان لەسەر هەڵگرێت.

عن أنس بن مالك عن النبي (صلى الله عليه وسلم) قال:(اسمعوا وأطيعوا وإن استعمل عليكم عبد حبشي كأن رأسه زبيبة).[78]

لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت:(گوێگر و گوێڕایەڵ بن با تەنانەت كۆیلەیەكى حەبەشی بەرپرستان بێت كە سەری وەك مێوژ -رەش- بێت).

ئەم فەرموودە چەند پرسێك لەخۆ دەگرێت:

یەكەم: گوێڕایەڵی سەركردەى موسڵمانان كە مەرجەكانى موسڵمانێتى تێدا بێت و بە شەریعەتى خوا حوكم بكات با ستەمە دنیاییەكانیشی هەبێت یان هەندێ لادانى هەبێت مادەم نەچێتە بازنەى چوونەدەرەوەى لە ئیسلام و دژایەتى نەكردنى شەریعەتى خوا، گوێڕایەڵی كردنى واجبە و دروست نیە دووبەرەكى لە نێوان موسڵماناندا هەبێت، هەرچەندە ئەم مەسەلە راجیایی لەسەرە كە ئایا ئەو گوێڕایەڵیە بۆ چ كەسێك دەبێت، وەك ئیجتیهادەكەى حوسەینی كوڕی عەلى كە گوێڕایەڵی بۆ یەزید بە رەوا نەزانى.

دووەم: رایەك پێی وایە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى دەكرێت خەلیفە ئەگەر قورەیشیش نەبوو بە خەلیفە دابنرێت و گوێڕایەڵی بۆی واجبە وك چۆن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى با حەبەشیەكى سەررەشیش بێت، هەرچەندە دووبارە ئەم مەسەلەش راجیایی لەسەرە، هەر لەسەر بنەمای ئەم فەرموودە و هاوشێوەكانى ماوەى دەسەلآتى مەملووكى و عوثمانى بە ماوەى دەسەلآتى ئیسلامى دادەنرێت و دەسەلاتى سوڵتانە عوثمانیەكان وەك دەسەلآتى ئومەوى و عەبباسیەكان سەیر دەكرێت لەلایەن بەشێك لە موسڵمانانەوە.

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت پێغەمبەر () داى بە لاى ئافرەتێكدا كە لا گۆڕێ بوو و دەگریا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (لەخوا بترسە و صەبرت هەبێت)، ئافرەتەكە وتى وازم لێ بهێنە تۆ دەردى منت تووش نەبووە و نایزانیت، بە ئافرەتەكە وترا ئەوە پێغەمبەرى خوایە، ئەویش چوویە بەردەرگاى ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دەرگاوانى بەدى نەكرد، بە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) وت نەمناسیت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إنما الصبر عند الصدمة الأولى[79] (خۆڕاگری لەیەكەم بەركەوتندایە).

ئەمە ئاگاداركردنەوەیەكى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ ئەو ئافرەتە تا دوو وانەى پەیوەست بە یەكى لە دوو وشەدا فێر بكات، لەخواترسان: چونكە بەراستى خواى گەورە هەندێ هێڵی سوورى داناوە كە بریتین لە قەدەغەكراوەكان، شین و گریانى لە سنووردەرچوو یەكێكە لەو قەدەغەكراوانە، خۆڕاگری: وەك ئەوەى پێی رابگەیەنێت ئازارەكە هەیەو راستە بەڵام پێویستى بە خۆڕاگرتن هەیە، چونكە خۆڕاگری لەبەرامبەر ئازاردا دەبێت، ئەگەرنا لە هیچی هیچ نەبوو خۆڕاگری رۆڵی نابێت، بۆیە هەرچەندە ئازارەكە هەیە بەڵام خۆڕاگرى ویستى خوایە تا بەندەكان بیگرنەبەر، وەك لە چەندین ئایەت و فەرموودەدا ئاماژەی پێدراوە.

عن أنس بن مالك قال قال النبی (صلى الله عليه وسلم) :( تسحروا فإن في السحور بركة).[80]

لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:(پارشێو بكەن چونكە لە پارشێودا بەرەكەت هەیە).

ئەمە هەم رێنماییەكى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم) بۆ موسڵمانان، هەم نیشاندانى لووتكەى دڵسۆزی پێغەمبەرى خوایە كە چی چاكەیەكى پێ گەیەنرابێت بە تەواوى و دروستى گەیاندوویەتى، هەروەها موژدەیەكە بۆ موسڵمان كە كات و جۆرێكى بەرەكەت بزانێت تا بتوانێت لێی سوودمەند بێت، تەنانەت ئەو كەسانەش كە رۆژو ناگرن واتە تواناى رۆژووگرتنیان نیە هاودەم بە ئەندامانى رۆژووگری ماڵەوە هەستن بۆ پارشێو باشترە تا بەر ئەو بەرەكەتە بكەون، ئیدی ئەگەر بەرەكەتەكە پەیوەست بوو بە رۆژووەكەشیەوە ئەوە بەو پارشێوە زیانى بەرناكەوێت، ئەگەریش بەرەكەتەكە پەیوەست بوو بە خودى پارشێوەكەوە ئەوە ئەو بەرەكەتەى بەردەكەوێت.

عن أنس بن مالك قال :(كنا نسافر مع النبي (صلى الله عليه وسلم) فلم يعب الصائم على المفطر، ولا المفطر على الصائم).[81]

لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە دەڵێت: ئێمە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەفەرمان دەكرد، ئەوەی بەڕۆژوو بوایە رەخنە و تانەى نەبوو بۆ ئەوەى رۆژووى دەشكاند، ئەوەش كە بەرۆژوو نەبوو رەخنەو تانەى نەبوو بۆ ئەوەى بەرۆژوو بوو)، جگە لە بوخارى ئەوانى تر هێناویانە كە سەفەرەكە لە رەمەزاندا بوو.

ئەمە رەوشتی بەرزى موسڵمانە كە لە هاوەڵانەوە فێر ببێت لە مەسەلە خیلافیەكاندا  (كە هەردوو بۆچوونەكە بەڵگەی صەحیحیان لەسەرە)، یان لەو مەسەلانەدا كە روخصەت و عەزیمەتیان هەیە، پەیڕەوكردنى هەر دوو بۆچوونەكە بۆ یەكدى قبووڵ بكەن نەك ئەوەى بنەونە قسەكردن و لێدانى یەكدى، بەراستى ئاكارى موسڵمان ئەوە نیە لەسەر راجیاییەكى لاوەكى نێوانیان بنەوێتە لێدانى براكەى، زۆرجار هەردوو راكەش لە ئیسلامدا قبووڵ كراون، بە داخەوە لە چەند ماوەیەكى مێژووى ئیسلامیدا ئەو هەڵەیە تووشی موسڵمانان بووە كە ویستوویانە راسەپێنی مەزهەبییان هەبێت و لەو ئەنجامەشەوە خوێنێكى زۆری حەرامكراو رژاوەو سنووری ئەو برایەتییەى بە ئایەت و فەرموودە دانراوە بەزێنراوە، ئەمڕۆش یەكێكە لەو قۆناغە تالآنەى كە دڵی موسڵمانان پێی ئازار دەچێژێت و لە خواى گەورە داواكارین دڵ و دەم و دەستى موسڵمانان لە یەكدى بپارێزێت.

عن أنس بن مالك قال قال رسول الله (صلى الله عليه وسلم) قال :( ما من مسلم يغرس غرسا أو يزرع زرعا فيأكل منه طير أو إنسان أو بهيمة إلا كان له به صدقة).[82]

لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی:(هەر موسڵمانێك روێنراوێك بڕوێنێت یان چێنراوى بچێنێ ئیتر باڵندەیەك یان مرۆڤێك یان گیاندارێك لێی بخوات ئەوە بەوە چاكەى بۆ هەیە).

ئەمە هاندانێكى گەورەى ئیسلامە بۆ سەوزكردنى سەرزەوى و رازاندنەوەى بە دار و درەخت بە تایبەت دارە بەردارەكان كە هەم سەوزى و جوانى دەبەخشن و هەم بەرهەمى خۆراكیش دەبەخشن بۆ هەریەك لە مرۆڤ و زیندەوەرانى تریش، هەروەها گوێدانى ئیسلامە بە گیاندار و زیندەوەرانى تر و دانانى پاداشتە بۆ هەر چاكە كردنێ لەگەڵیان، هەروەها ئاماژەیە بە پاداشتى كارى چاكەى موسڵمان با بە تایبەتیش نیەتى لێ نەهێنێت، مادەم موسڵمانەو كارێكی چاكە دەكات تەنها رووپامایی نەوێت ئەگەر نیەتیشی لێ نەهێنێ ئەوە هەر پاداشتى بۆ دەنووسرێت، چونكە بنەڕەتى باوەڕی موسڵمان و خۆ تەسلیم كردنى بە خواى گەورە واتاى ئەوەیە چاكەكان دەكات بۆ رەزامەندى خواى گەورە و خۆی لە خراپە دەپارێزێت لەبەر خواى گەورە، وەك لە فەرمودەى ترى صەحیحدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باس لەوە دەكات ژن و مێردى موسڵمان كاتێ دەچنە لاى یەكتر پاداشتیان بۆ هەیە، كاتێ پرسیارى لێكرا ئەوان بۆ خۆشی خۆیانە ئیتر بۆچی پاداشت وەربگرن؟ فەرمووى ئەگەر لە حەرامدا بێت گوناهیان بۆ نیە؟ دەی لە حەلآڵیشدا پاداشتیان بۆ هەیە، ئەمە روانینی بەرفراوانى ئیسلامەو ئەمەش رەحمى گەورەى خوایە بۆ موسڵمان.

 

 

 

 

ئەنەسی كوڕی مالیكی قوشەیری(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی مالیكی قوشەیری یان دەوترێت كەعبیە، كونیەكەى ئەبو ئومەییەیە،[83] یان دەوترێت ئەبوو ئومەیمە،[84] ناوى لە هاوەڵانى نیشتەجێی بەصرەدا هاتووە.[85]

ئەنەس دەڵێت جارێك وشترێكم برابوو، چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەو كاتەدا كە چوومە خزمەتى سەرقاڵی خواردن بوو، بانگى كردم تا نانى لەگەڵ بخۆم، منیش وتم بەرۆژووم، فەرمووى نزیك بەرەوە، با قسەت بۆ بكەم (إن الله وضع عن المسافر الصوم وشطر الصلاة وعن الحبلى والمرضع)، (خواى گەورە لەسەر گەشتیار رۆژوو و نیوەی نوێژی هەڵگرتووە، هەروەها لە سەر ئافرەتى سكپڕ و شیردەر)، دواتر ئەنەس دەیوت خۆزگە لەو نانەم دەخوارد كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگى كرد تا لێی بخۆم.[86]

شەوكانى لە (نیل الأوطار) دا سەبارەت بەم فەرموودەیە دەڵێت:(فەرموودەكە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى كەسی گەشتیار (موسافیر) هیچ رۆژووى لەسەر نیە...نوێژیش بە كورتكردنەوە دەكات...بۆ سكپڕ و شیردەریش دروستە رۆژوو بشكێنن، زانایان و فیقهناسان دەڵێن ئەگەر شیردەر لە ساواكەى و سكپڕ لە كۆرپەكەى ترسیان هەبوو زیانى پێ بگات دەتوانن رۆژوو بشكێنن، دەشڵێن بە حەتمى دەبێت رۆژوو بشكێنێت، ئەبوو طالیب دەڵێت هیچ خیلافێك لەوەدا نیە كە دروستە ئەوانە رۆژوو بشكێنن،...هەندێ لە زانایان دەڵێن سكپڕ و شیردەر رۆژوو دەشكێنن و دواتر دەیگرنەوەو فیدیەكەشی دەدەن، سوفیان و مالیك و شافیعی و ئەحمەد ئەمە دەڵێن، هەندێ زاناى تر دەڵێن رۆژوو دەشكێنن و فیدیەكەى دەدەنەوەو رۆژوو گرتنەوەیان لەسەر نیە، ئەگەریش ویستیان رۆژووەكە دەگرنەوەو فیدیەدانیان لەسەر نیە، ئیسحاق ئەم رایەى هەیە، هەریەك لە ئەوزاعى و زوهری و شافیعی (لە رایەكیدا) پێیان وایە پێویست ناكات لەگەڵ رۆژووگرتنەوەكەدا فیدیەكەى بدات، هەروەها مالیكو شافیعیش (لە رایەكیدا) پێیان وایە شیردەر هەم رۆژووگرتنەوەو هەم فیدیەكەشی لەسەرە، بەڵام سكپڕ ئەوەى لەسەر نیەو تەنها گرتنەوەى رۆژووەكەى لەسەرە چونكە وەك نەخۆش وایە.[87]

مەبەست بە كورتكردنەوەى نوێژەكان كە نیوەیان دەكەیت، یانى لە سەفەردا ئەو نوێژانەى چوار ركاتین دەكرێن بە دوو ركات،[88] واتە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و خەوتنان (عیشا) بە دوو ركات دەكرێن، ئەمەش ئاسانكاریەكە خواى گەورە دایناوە بۆ بەندەكانى وەك خواى گەورە خۆی بە بەندەكانى رادەگەیەنێت ئاسانكاری دەوێت بۆیان (يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ)،[89] (خواى گەورە ئاسانكارى دەوێت بۆتان و سەختى ناوێت بۆتان).



[1] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص14، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص109،  أسد الغابة، ج1، ص192، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص126، سير أعلام النبلاء للهبي، ج3، ص395، البدايةو النهاية لابن كثير، ج5، ص331، علي بن حسن الشافعي: تاريخ مدينة دمشق، دارالفكر (بيروت-1995)، ج9، ص332.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص193، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص126، سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج3، ص398.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص192.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص109.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص109.

[6] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص304-305.

[7] -  أسد الغابة، ج2، ص346.

[8] - سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج2، ص305.

[9] - سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج2، ص304.

[10] -  سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج2، ص27-28.

[11] -  صحيح البخاري، الرقم 2674، سنن الترمذي، الرقم 3180، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17241، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13470، صحيح ابن حبان، الرقم 4737.

[12] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص153.

[13] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج2، ص304.

[14] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص197- 198.

[15] -  صحيح البخاري، الرقم 5783، صحيح مسلم، الرقم 4097، صحيح ابن حبان، الرقم 109، سنن ابن ماجة، الرقم 3717، مسند احمد بن حنبل، الرقم 11960،  مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3253.

[16] - سنن أبو داود، الرقم 4339، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 9388.

[17] -  تأريخ الإسلام للذهبي، ج6، ص113.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص126.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص127.

[20] - أسد الغابة، ج1، ص193.

[21] - سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج3، ص398.

[22] - سير أعلام النبلاء للذهبي،   ج3، ص397.

[23] - صحيح البخاري، الرقم 5984، صحيح مسلم، الرقم 1090، سنن الترمذي، الرقم 3847، مسند احمد بن حنبل، الرقم 26798، صحيح ابن حبان، الرقم 7285، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3149، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 21187.

[24] - أسد الغابة، ج1، ص193، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص127.

[25] - أسد الغابة، ج1، ص194.

[26] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص22 -  23، سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص404.

[27] - سنن أبو داود، الرقم 4370، سنن الترمذي، الرقم 1963، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 19687، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 11926، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3918، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 661، حسنه شعيب الأرناؤوط، صححه الألبانى في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم5002.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص20.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص17.

[30] - سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج3، ص398.

[31] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص127.

[32] - أسد الغابة، ج1، ص195.

[33] - سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج3، ص399.

[34] -  البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص332.

[35] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص20.

[36] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج6، ص293.

[37] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص21.

[38] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص402.

[39] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص20، سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج3، ص400، البدايةو النهاية لابن كثير، ج5، ص332.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص128.

[41] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص20، سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص403.

[42] -  ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج1، ص76.

[43] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج5، ص66.

[44] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص402.

[45] - سير أعلام النبلاء للذهبي،  ج3، ص400.

[46] - تاريخ مدينة دمشق، ج9، ص336.

[47] - تاريخ مدينة دمشق، ج9، ص339.

[48] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 110.

[49] - جۆرێك گیاندارە لە ناوچە عەرەبیەكان كە لە بزنەمژەى خۆمان دەچێت و عەرەبەكان دەیخۆن.

[50] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص402.

[51] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص404.

[52] -  تاريخ الإسلام للذهبي، ج1، ص425.

[53] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج6، ص295.

[54] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص19.

[55] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج6، ص296.

[56] - تاريخ مدينة دمشق، ج9، ص378.

[57] -  تاريخ الإسلام للذهبي، ج6، ص289.

[58] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص25.

[59] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص110، البدايةو النهاية لابن كثير، ج5، ص332.

[60] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص127- 128.

[61] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج5، ص332.

[62] - أسد الغابة، ج1، ص194.

[63] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص406.

[64] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص128.

[65] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج5، ص332.

[66] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص110.

[67] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص127.

[68] - أسد الغابة، ج1، ص194.

[69] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج5، ص332.

[70] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص111.

[71] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص20.

[72] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص405.

[73] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص406.

[74] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص401.

[75] -  صحيح البخاري، الرقم 16، صحيح مسلم، الرقم 85، سنن الترمذي، الرقم 2615، مسند احمد بن حنبل، الرقم 11769، سنن ابن ماجة، الرقم 4030، السنن الصغرى لنسائي، الرقم 4926، صحيح ابن حبان، الرقم 238، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2922، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 729، مسند الطيالسي، الرقم 2057.

[76] - صحيح البخاري، الرقم 69 واللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 3351، مسند احمد بن حنبل، الرقم 12919، السنن الكبرى لنسائي، الرقم 5717، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 4061، مسند الطيالسي، الرقم 2185.

[77] - صحيح البخاري، الرقم 81، صحيح مسلم، الرقم 4930، مسند احمد بن حنبل، الرقم 12277، السنن الكبرى لنسائي، الرقم 5732، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 4068.

[78] - صحيح البخاري، الرقم 6742، مسند احمد بن حنبل، الرقم 11890، سنن ابن ماجة، الرقم 2857، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15444، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 4065.

[79] - صحيح البخاري، الرقم 1236، صحيح مسلم، الرقم 1586، مسند احمد بن حنبل، الرقم 12209، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10470، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6719، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3362.

[80] - صحيح البخاري، الرقم 1836، صحيح مسلم، الرقم 1900، سنن الترمذي، الرقم 674، مسند احمد بن حنبل، الرقم 11717، سنن ابن ماجة، الرقم 1688، السنن الصغرى للنسائي، الرقم 2425، صحيح ابن حبان، الرقم 3525، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3066، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 7624، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1819، سنن الدارمي، الرقم 1696.

[81] - صحيح البخاري، الرقم 1860، صحيح مسلم، الرقم 1949، سنن أبو داود، الرقم 2066، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10470، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 7672، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3903، صحيح ابن حبان، الرقم 3620، موطأ مالك، الرقم 654، مسند الشافعي، الرقم 448.

[82] - صحيح البخاري، الرقم 2216، صحيح مسلم، الرقم 2987، سنن الترمذي، الرقم 1340، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12246، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 10971، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2782، مسند الطيالسي، الرقم 2096.

[83] -  أسد الغابة، ج1، ص 192.

[84] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص129.

[85] - أسد الغابة، ج1، ص 192، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص129.

[86] -  سنن الترمذي، الرقم 681، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2583، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 5107، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19831، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1901، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 715.

[87] -  الشوكاني: نيل الاوطار، دار الجيل(بيروت- 1973)،  ج4، ص313.

[88] -  محمد عبدالرحمن المباركفوري: تحفة الأحوذي، دار الكتب العلمية، بيروت، ج3، ص330.

[89] - البقرة: 185.

 3197
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.