دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك ناویان (ئوبەی) بووە

ئوبەى كوڕی ثابت (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە پشتیوانانە و سەر بە خەزرەجیەكانە، ناوى ئوبەى كوڕی ثابتى كوڕى مونذیرى كوڕی حەرامى كوڕى عەمرە.[1]

ئوبەى براى دوو هاوەڵى تر بوو كە حەسسان و ئەوس بوون،[2] حەسسانیان شاعیری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سیرینى خوشكى ماریەى پێ بەخشی،[3] ئەوسیش لە جەنگى ئوحوددا شەهید بوو.[4]

ئوبەى بە ئەبووشەیخ ناسرابوو، بەڵام رایەكى تر هەیە دەڵێت ئەو نازناوە هى كوڕەكەیەتى.[5]

راجیایی هەیە لەسەر ئوبەى، ئیبن ئیسحاق پێی وایە ئوبەى لە سەردەمى جاهیلیدا مردووە،[6] ئیبن مندەش پێی وایە ئەوس بووە بەشدارى بەدرى كردووەو لەئوحوددا شەهید بووە،[7]بەڵام هەریەك لە ئیبنولكەلبی و واقیدی و ئیبن حیبان و مووساى كوڕی عوقبە و چەندێكى تر پێیان وایە ئوبەى بەشدارى جەنگى بەدر بووە.[8]

 

ئوبەى كوڕی شەریق(ئەخنەس)(رضي الله عنه):

ناوى ئوبەى كوڕی شەریقی كوڕی عەمرى كوڕی وەهبی كوڕی علاجی كوڕی ئەبی سەلەمەى كوڕی عەبدولعوززاى كوڕی غەیرەى كوڕی عەوفی كوڕی ثهقیفی ثهقەفییە.[9]

كونیەكەى ئەبوو ثهعلەبەیە،[10] بەڵام زیاتر بە ئەخنەس ناسراوە، چونكە لە كاتى جەنگى بەدردا ئامۆژگارى بەنى زوهرەى كرد تا نەچنە جەنگى بەدر و پاشەكشە بكەن، ئەوانیش بە گوێیان كرد و گەڕانەوە، بۆیە بە ئەخنەس ناسرا،[11] واتە دوورى خستنەوە لە جەنگەكە.

شەریقى باوكى ئوبەى كۆیلەیەكى كڕی كە ناوى عەددى كوڕی حەمرا بوو، شەریق ئەو كۆیلەى ئازاد كرد و دواتر كچەكەى خۆی لێ مارە كرد، ئەو كچەى دوو كوڕى هەبوو بە ناوەكانى عەبدوڵا و عومەر.[12]

ئوبەى  كوڕی شەریقیش كۆیلەیەكى هەبوو بەناوى ثابت، ئەم كۆیلەیە زوو موسڵمان بوو و لە هاوەڵە كۆچەرەكان بوو، هەروەها بە موسڵمانى بەشدارى جەنگى بەدرى كرد،[13] دواتریش پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى فەتحى میصری كرد.[14]

ئوبەى هاوپەیمانى بەنى زوهرە بوو و گەورە و قسەرۆیشتووى ناویان بوو، لە كاتى جەنگى بەدردا كاتێ موسڵمانان رێیان گرت بە كاروانى قورەیش بەنى زوهرەش لەگەڵ ئەبووسوفیان و دەستەكەیدا خۆیان ئامادە كرد بۆ جەنگى دژ بە موسڵمانان، چونكە ئەوانیش پشكیان هەبوو لە كاروانەكەدا، بەڵام كاتێ ئوبەى زانى كاروانەكە رزگارى بووە و رێی خۆی گۆڕیوە، چوو بۆ لاى بەنى زوهرە و پێی وتن ئێوە بۆ كاروانەكەتان ئەچوون وا رزگارى بووە، ئیتر خۆ ئێوە نیازى جگە لەوەتان نەبووە، بۆیە پێشنیارى بۆ كردن تا نەچنە ئەو جەنگەوە، ئەوانیش بەگوێیان كرد، لەوەوە بە ئەخنەس ناسرا.[15]

ئەخنەس لەگەڵ سەرانى قورەیشدا  پەیوەندى بەتینی هەبوو، جارێكیان ئوبەى و ئەبوو جەهل و ئەبوو سوفیان بە شەو چوون تا گوێ بگرن لە قورئان خوێندنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هەركامیان و لە شوێنێ دادەنیشت، بە یەكتریشیان نەئەزانى، كە بەرەبەیان دەهات بلآوەیان لێ ئەكرد، لە رێدا بە یەك گەیشتن و بە یەكتریان وت كە ئیتر واناكەن، تا سێ شەو وایانكرد،  هەمتر لە رێدا بە یەك گەیشتن و وتیان هەر دەبێ بەڵێن بەیەكتر بدەین كە ئیتر نەیەینەوە، بۆ بەیانى ئەخنەس چوو بۆ لاى ئەبووسوفیان و پێی وت ئەى ئەبوو حەنظهلە پێم بڵێ سەبارەت بەوەى لە موحەممەدت بیست چی دەڵێیت؟ ئەویش وتى ئەى ئەبوو ثهعلەبە بەخوا ئەوەى بیستم بڕێكی ئەمزانى چیەو مەبەست پێیان چیە و هەندێكیشی مانا و مەبەستیم نەئەزانی، ئوبەى وتى منیش هەروام سوێند بەوەى سوێندم پێ خوارد بۆی،[16] لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە وتى من دەیزانم و بە حەقی ئەزانم.[17]

ئەخنەس جارێكیان چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و موسڵمانبوونى خۆی راگەیاند و وتى خوا ئەزانێت راست ئەكەم، دواى ئەوە رایكرد و چوو داى بە لاى بڕێ موسڵماندا، كشتوكاڵێكى زۆرو بڕێ وشترى سووتاند، لەو بارەشەوە ئایەتى خوا دابەزى (ومن الناس من يعجبك قوله في الحياة الدنيا ويشهد الله على ما في قلبه وهو ألد الخصام...... ولبئس المهاد). لێرەوە ئیبن عەطيهى گێڕەرەوەى ئەم دەقە راى وایە ئوبەى هەرگیز موسڵمان نەبووبێت، بەڵام ئیبن حەجەر بەرپەرچی ئەو رایە دەداتەوە بە دوو بەڵگە:

یەكەم: كەسانى پێشوو كە باسیان كردووە سەلماندوویانە كە هاوەڵى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووە.

دووەم: ئەگونجێت كەسێك موسڵمان بێت و دواتر مورتەد بێتەوەو دواتر موسڵمان ببێتەوە.[18]

ئوبەى لە جەنگى ئوحوددا لەگەڵ بێباوەراندا بەشدارى جەنگى كرد و ئونەیسی كوڕی قەتادەى كوڕی رەبیعەى ئەنصارى شەهید كرد، ئونەیس یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەدر، لە ئوحودیشدا بەشدارى كرد و لەسەر دەستى ئەخنەس(ئوبەى) شەهید بوو.[19]

هەروەها ئوبەى یەكێك بوو لەو كەسانەى كە بەشدارییان كرد لە فرۆشتنى خوبەیبدا، عوقبەى كوڕی حارثى كوڕی نەوفەل خوبەیبی كڕی.

ئەخنەس دواتر موسڵمان بوو و لە (المؤلفة قلوبهم) دڵڕاگیركراوان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەخششی پێدەدا بەو بۆنەیەوە، لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەتتابدا كۆچی دوایی كرد.[20]

ئوبەى كوڕی عەجلان (رضي الله عنه):

زانیارى زۆر كەمە لەسەر ئەم هاوەڵە، بەڵام لە سەرچاوەكاندا هاوەڵبوونى چەسپاوە.

ئوبەى كوڕی عەجلانى باهیلی براى ئەبوو ئومامەیە.[21]

ئوبەى كوڕی عیمارە یان عومارە (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە پشتیوانانە،[22] ناوى ئوبەى كوڕى عیمارەیە،[23] هەندێ دەڵێن عومارە ناوى باوكى بووە،[24] هەندێكى تر رایان وایە ناوى ئەبوو ئوبەى كوڕی ئوم حەرام بووە،[25] رایەكى تر دەڵێت ئوبەى كوڕی عوبادەیە.[26]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی ئەم هاوەڵەدا نوێژی دوو قیبلەى كردووە.[27]

ئوبەى ئەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەكەمدا نوێژى كرد، پرسیارم لێكرد وتم ئەى پێغەمبەرى خوا لەسەر دوو خوف مەسح بكەم؟ فەرمووی بەڵێ، وتم یەك رۆژ؟ فەرمووى بەڵێ، وتم ئەى دوورۆژ؟ فەرمووى بەڵێ، وتم ئەی سێ رۆژ؟ فەرمووى بەڵێ و چەندەت ویست، (نعم وما بدا لك)[28] بە دەقێكى تر (وتم ئەى پێغەمبەرى خوا یەك رۆژ مەسح لەسەر دوو خوف بكەم؟ فەرمووى بەڵێ دوو رۆژیش و چەندت ویست)( نعم ويومين وما شئت).[29]

ئوبەى كوڕی كەعبی كوڕی عەبدثهور (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە جیاوزاە لە ئوبەى كوڕی كەعبی كوڕی قەیس، ئەمەیان ناوى ئوبەى كوڕی كەعبی كوڕی عەبدثهورى موزەنیە،[30] موزەنیەكان دەگەڕێنەوە سەر موزەینەى كچی كەلب.[31]

كەسێكى خوزاعى بە ژمارەیەك كەسەوە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، یەكێك لەوانەش ئوبەى كوڕی كەعبی كوڕی عەبدثهور بوو، هاتنە خزمەتى و بەیعەتیان پێدا.[32]

ئوبەى كوڕی كەعبی كوڕی قەیس(رضي الله عنه):

یەكێكە لە هاوەڵانى زۆر نزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، نووسەرەوەى سروش بووەو لەسەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) فەتواى داوە.

ناوى: ئوبەى كوڕى كەعبی كوڕی قەیسی كوڕی عوبەیدى كوڕی زەیدی كوڕی موعاویەى كوڕی عەمرى كوڕی مالیكى كوڕی نەجارە.[33]

ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە[34] لە خەزرەجیەكان،[35] كونیەكەى ئەبوطوفەیلە،[36] هەروەها ئەبوو مونذیریشی پێ ئەوترا،[37] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كونیەى ئەبوو مونذیرى لێنا، كونیەى ئەبوو طوفەیلیش عومەرى كوڕی خەطاب لێی نا.[38] هەروەها بە سەیدولقورراء ناسراوە.[39]

ئوبەى كوڕی موعاذ(رضي الله عنه):

ناوى ئوبەى كوڕی موعاذى كوڕی ئەنەسی كوڕی قەیسە،[40] براى ئەنەسی كوڕی موعاذە،[41]ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە.[42]لە ناو پشتیوانانیشدا لە خەزرەجیەكانە لە بەنى نەجار.[43]

ئەم دوو برایە هەردووكیان بەشدارى هەردوو جەنگى بەدر و ئوحودیان كرد و لە رۆژی بیئر مەعوونە هەردووكیان شەهید بوون.[44]

بیئر مەعوونە ئەو رووداوە بوو كە كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەفتا هاوەڵى نارد كە پێیان دەوترا (القراء)، ئەمەش دواى ئەوەى رەعل و زەكوان و عصیە و بەنى لیحیان هاتن و داوایان كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یارمەتییان بدات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) حەفتا هاوەڵى ناو پشتیوانانى بۆ ناردن، كەچی كاتێ گەیشتنە لاى بیرێ بە ناوى مەعوونە  ناپاكییان لێكردن و هاوەڵەكانیان شەهید كردن، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) یەك مانگ لە نوێژی بەیانیدا نزاى لێكردن.[45]

ئوبەى كوڕی ئومەییە (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە لەگەڵ براكەیدا موسڵمان بوو، ناوى ئوبەى كوڕی ئومەییەى كوڕی حەرثانى كوڕی ئەسكەرى كنانى لەيثيه، [46]لەگەڵ كەلبی برایدا موسڵمان بوون،[47] ئوبەى و كیلاب پێكەوە  كۆچیان كرد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[48]ئومەییەى باوكیشیان دواتر موسڵمان بوو.[49]

ئوبەى ئیبنولقیشب(رضي الله عنه):

ناوى ئوبەى ئیبنولقیشبى ئەزدیە،[50]ئەم هاوەڵە لە مەدینە نیشتەجێ بوو، جارێكیان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە مزگەوت پاش ئەوەى قامەت كرا بۆ نوێژ، ئوبەى دوو ركات نوێژى ئەكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە دەستى داى بەسەر شانیدا و فەرمووى (ابن القشب أتصلی أربعا)، (ئیبنوقیشب ئەرێ ئەوە چوار ركات نوێژ ئەكەیت- نوێژەكەت ئەكەیت بە چوار ركات؟).[51]



[1] - أسد الغابة، ج1ص75.

[2] - أسد الغابة، ج1ص75.

[3] - أسد الغابة ج1ص62.

[4] - أسد الغابة، ج1ص75.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص25.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص25.

[7] - أسد الغابة، ج1ص75.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص25.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص38،  اسدالغابة، ج1،ص76.

[10] - اسدالغابة، ج1،ص76.

[11] - اسدالغابة، ج1، ص76.

[12] - الاستيعاب في معرفة الأصحابة، ج3، ص948.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص82، اسد الغابة، ج1، ص327.

[14] - اسد الغابة، ج1، ص327، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص82.

[15] - اسدالغابة، ج1، ص76.

[16] - سيرة ابن إسحاق، ج4ص170.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص38.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص82.

[19] - اسدالغابة، ج1، ص203.

[20] - اسدالغابة، ج1، ص76.

[21] - اسدالغابة، ج1، ص76، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص26،

[22] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1ص4، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 718، اسدالغابة، ج1، ص77.

[23] - الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص26، معجم الصحابة لابن قانع، ج1ص4، اسدالغابة، ج1، ص77.

[24] - اسدالغابة، ج1، ص77، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص26.

[25] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص70، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص26.

[26] - الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص26.

[27] - اسدالغابة، ج1، ص77، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص70، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص26.

[28] - المعجم الأوسط للطبرانى، الرقم 3539، سنن ابن ماجة، ارقم 561، والحديث ضعيف،  اسدالغابة، ج1، ص77.

[29] -  معجم الصحابة لابن قانع، ج1ص6.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، 27.

[31] - اللباب في تهذيب الأنساب لإبي الحسن الجزري، ج3، ص205.

[32] - أسد الغابة، ج1، ص78.

[33] - أسد الغابة، ج1ص78، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص27، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص65.

[34] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص65، أسد الغابة، ج1ص78.

[35] - أسدالغابة، ج2، ص85.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص27.

[37] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص66.

[38] - أسد الغابة، ج1ص78، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص66.

[39] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص27.

[40] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص70، أسد الغابة، ج1، ص81.

[41] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص30، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص70.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص30.

[43] - أسد الغابة، ج1، ص81.

[44] - أسد الغابة، ج1، ص81، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص30.

[45] - البداية والنهاية لإبن كثير، ج4، ص71.

[46] - أسد الغابة، ج1ص74، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص25.

[47] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص25.

[48] - أسد الغابة، ج1ص74.

[49] - أسد الغابة، ج1ص75.

[50] - الإصابة في تميز الصحابة، ج1، ص26.

[51] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 724، أسد الغابة، ج1، ص77، الإصابة في تميز الصحابة، ج1، ص26.

 2030
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.