ناوى جابیرى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ریئابى كوڕى نوعمانى كوڕی سینانە،[1] لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان،[2]دایكی ناسراوە بە ئوم جابیرى كچى زوهەیر.[3]
یەكێكە لەو شەش كەسەى كە لە بەیعەتى عەقەبەى یەكەمدا بەشدار بون، ئەو شەش كەسەش بریتی بوون لە ئەسعەدى كوڕی زورارەو جابیرى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ریئاب و قوطبهى كوڕى عامر و رافیعی كوڕی مالیك و عوقبەى كوڕی عامرى كوڕی زەید و عەوفی كوڕی مالیك، هەموویان لەوێ موسڵمان بوون.[4]
ئیبن عەبدولبەر دەڵێت یەكێكە لەو یەكەم موسڵمانبوانەى –پشتیوانان- كە لەپێش عەقەبەى یەكەمدا موسڵمان بوو.[5]
كاتێك ئەم شەش كەسە لە مەككە گەیشتن بە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئێوە لە كێن؟ وتیان لە خەزرەجیەكان، فەرمووى: ئایا لە هاوپەیمانانى جوولەكەن؟ وتیان بەڵێ، فەرمووى ئەى بۆچی دانانیشن تا قسەتان لەگەڵ بكەم؟ وتیان باشە، ئەوەبوو لەگەڵیدا دانیشتن و ئەویش بانگى كردن بۆ لاى خوا و باسی ئیسلامى كرد بۆیان و قورئانى خوێندەوە بەسەریاندا، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قسەی كرد بۆیان و بانگى كردن بۆ لاى خوا، ئەوان لەنێو خۆیاندا بە یەكتریان وت بەخوا دەزانن ئەمە ئەو پێغەمبەرەیە كە جوولەكە ئێوەی پێ دەترسێنێت-كە بێت ئەوان شوێنی دەكەون و كوشتارى ئێوە دەكەن-، دەی با جوولەكە پێش ئێوە نەكەون-لە شوێنكەوتنیدا-، بۆیە چوون بە دەم بانگەوازەكەیەوەو و بڕوایان پێ هێنا و چی بۆ باس كردبوون سەبارەت بە ئیسلام قبووڵیان كرد، ئینجا وتیان ئێمە لاى هۆزى خۆمانەوە هاتوین و ئەو دژایەتیەى لەنێوان ئەواندا هەیە لەنێوان كەسدا هێندە دژایەتى نیە، بەڵكو خواى گەورە بەهۆی تۆوە یەكیان بخات، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ لایان و بانگیان دەكەیت بۆ پەیامەكەت، ئەگەر خوا كۆیان بكاتەوە-لەسەر پەیامەكەت- ئەوە كەس لە تۆ شكۆدارتر نابێت، ئیتر گەڕانەوە بەرەو وڵاتى خۆیان، ئەوانەش شەش كەس بوون لە خەزرەجیەكان...كاتێك چوونەوە مەدینە بۆ لاى هۆزەكەى خۆیان، باسی پێغەمبەرى خوایان بۆ كردن و بانگیان كردن بۆ لاى ئیسلام تا واى لێهات چی ماڵی پشتیوانان هەیە باسی ئیسلامى پێ گەیشت.[6]
ئەمە بەڵگەیە لەسەر چەند شتێك، لەوانەش:
یەكەم: ئاگادارى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە بارى خەڵكی مەدینەو رێككەوتن و هاوپەیمانێتیەكانیان.
دووەم: بێزارى ئەو پشتیوانانە لە جەنگى ناو شارەكەیان و گەڕانیان بۆ دەربازبوونێك لەو تەنگژە و ئاژاوەیە.
سێیەم: نەبوونى هیچ كەمتەرخەمییەك لە پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە گەیاندنى پەیامى خوا بە خەڵك و هەر دەرفەتێكی بەهەند وەرگرتووە.
جابیرى كوڕی عەبدوڵا لە غەزاى بەدر و ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد.[7]
جابیرى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ریئاب چەند فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە كە ئیبن حەجەر دەڵێت سەنەدەكەیان لاوازە،[8] جابیر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە ئایەتى (لهم البشرى في الحياة الدنيا) فەرمووى ئەوە خەوى باشە.[9]
جابیر پاش وەفاتى خۆی نەوەی لێ بەجێ نەما.[10]
[1] - الطبقات كالبرى لابن سعد، ج3، ص 574.
[2] - دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 220.
[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 574.
[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 433.
[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 219.
[6] - دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 220، البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 149.
[7] - أسد الغابة، ج1، ص 377.
[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 433.
[9] - مسند عبد بن حميد، الرقم 1106، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 574.
[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 574.