دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عەبباس(رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیبی كوڕی هاشمی قوڕیشی هاشمیە، كونیەكەى ئەبولعەبباسەو ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)[1] و یەكێك لە زانایانى ناو هاوەڵانە.[2]

باوكى:

عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیبی كوڕی هاشمی قوڕەیشی هاشمیە، مامى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و كونیەكەى ئەبولفەضله، دوو ساڵ پێش لەدایكبوونى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو،[3] رایەكیش دەڵێت بەڵكو سێ ساڵ لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەورەتر بوو.[4] لە پیتی (ع) دا ژیانى عەبباسمان باسكردووە.

دایكی:

دایكی ناوى ئوممولفەضلهو زیاتر بەو كونیەى ناسراوە، هاودەم بە عەبباسی مێردى موسڵمان بوو و ئیمانەكەى شاردەوەو فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوەو فەزڵ و پلەوپایەى گەورەى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەبوو، لە خیلافەتى عوثمانى كوڕى عەففاندا كۆچی دوایی كرد.[5]

براو خوشكەكانى:

برایەكى هەبوو بە ناوى فەضل كە موسڵمان بوو و دواتر بە تاعوون لە شام وەفاتى كرد، عوبەیدوڵاى براى كەسێكی دەوڵەمەند بوو، عەبدورەحمانیان كە لە شام مرد،  قثم كە زۆر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو و دواتر بۆ جیهاد چوو بۆ خوراسان و لە سەمەرقەند وەفاتى كرد، میعبەد كە دواتر لە ئەفریقیا شەهید بوو، ئومموحەبیبە، كەثير كە زانایەكی گەورە بوو، تەممام، صەفییە، ئومەیمە، حارث.[6]

ژن و منداڵەكانى:

كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبباس كە كوڕە گەورەى بوو و لوبابەى گەورە دایكی بوو.[7]

لەدایكبوونى:

عەبدوڵاى كوڕی عەبباس لە شیوی بەنی هاشم لەدایك بوو، لەدایكبوونەكەشی سێ ساڵ پێش كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو بۆ مەدینە،[8] واتە دە ساڵ پاش پێغەمبەرایەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، ئەوكات هێشتا گەمارۆی سەر هاشمیەكان لانەبرابوو،[9] واتە لە گەرمەى ئابڵووقەى قوڕەیشیەكان بۆ سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانان لەدایك بوو.

ئیبن عەبباس لە مەككە لە نزیك دایك و باوكیەوە گەورە بوو، هەر لەوێ مایەوە تا لە فەتحى مەككەوە چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ماوەى (30) سی مانگ لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[10]

بەڵام موسڵمانبوونى ئیبن عەبباس پێشتر بوو، ئەمەش بە چەند بەڵگەیەك، لەوانە:  ئیبن عەبباس دەڵێت من و دایكم لە كەسە بێدەسەلآتەكانى مەككە بووین، من لە مندالآن بووم و دایكیشم لە ئافرەتان بوو.[11]

ئەبوورافیعی خزمەتكارى عەبباس دەڵێت: من خزمەتكارى عەبباسی كوڕی عەبدولموتەلیب بووم و من موسڵمان بووبووم، ئوممولفەضلي ژنی عەبباس و خودی عەبباسیش موسڵمان بووبوون، بەڵام عەبباس موسڵمانبوونەكەى خۆی دەشاردەوە.[12]

جا موسڵمانبوونى دایك و باوكى عەبدوڵا، بەڵگەیەكی روونە كە ئەو بانگەوازەشیان گەیاندووە بە منداڵەكانیان.

ئیبن عەبباس لە پاش فەتحى مەككە

ئیبن عەبباس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى گوشی بە خۆیدا و فەرمووى(خوایە شارەزاى بكە لە قورئان)،[13] لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە دەڵێت فەرمووى(خوایە دانایی فێر بكە).[14]

ئیبن عەبباس دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو دەست بەئاو بگەیەنێت، منیش ئاوم بۆ برد، دواتر كە هاتە دەرەوە، فەرمووى كێ ئەوەى دانا؟ پێی وترا من بوم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(اللهم فقهە فی الدین)،[15] (خوایە تێگەیشتووى بكەیت لە ئاییندا)، لە گێڕانەوەیەكى تردا هەروەها فەرمووى (خوایە فێری تەئویلی بكە).[16]

جارێك رەبیعە هاودەم بە عەبباسی مامى پێكەوە قسەیان دەكرد، وتیان خۆزگە ئەم دوو كوڕەی خۆمان دەنارد، واتە (عەبدوڵاى كوڕی عەبباس و عەبدولموطهلیبی كوڕی رەبیعە) بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا سەرپەرشتى كۆكردنەوەى ئەو زەكاتەی بسپاردایە بەوان، ئیتر خەڵكی چی دەستكەوتایە ئەوانیش دەستیان دەكەوت و خەڵكی چی ببەخشیایە ئەوانیش دەیانبەخشی لەو كاتەدا عەلى كوڕی ئەبوو طالیب هات و ئەوانیش مەسەلەكەیان بۆ باس كرد، عەلى وتى شتى وا مەكەن چونكە سوێند بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوە ناكات، بەڵام رەبیعە كەنارى گرت لێی و پێی وت بەخوا لە حەسوودیتەوەیە وا دەڵێیت، تۆ بوویت بە زاواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە حەسوودیمان پێ نەبردیت، عەلى وتى دەى بیاننێرن، ئینجا عەلى راكشا، ئەوەبوو ئەو دوانە چوون، دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی نیوەڕۆی كرد عەبباس و هاوڕێكەى چوون بۆ ژوورەكەى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەوەى لە ناختاندایە دەریبڕن)، ئەوكات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی زەینەبی كچی جەحش بوو، عەبدولموطهلیب دەڵێت: هەریەكەمان چاوەڕێ بووین ئەوی ترمان قسە بكات، دواجار یەكێكمان قسەی كرد و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ چاكترین و خزم دۆستترین كەسیت، بیستوومانە هاوسەرگیریت كردووە، جا هاتوین تا هەندێ لە كۆكردنەوەى زەكات بسپێریتە دەستمان، ئیتر ئێمەش وەك ئەو خەڵكە ماف و ئەركەكان بەجێ دەگەیەنین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماوەیەكى زۆر بێدەنگ بوو و لەولاشەوە زەینەبی خێزانى بە ئاماژەى چاو پێی دەوتین هیچی پێ مەڵێنەوە، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (إن الصدقة لا تنبغي لآل محمد إنما هي اوساخ الناس[17] (زەكات بۆ بنەماڵەى موحەممەد رەوا نیە، بەڵكو زەكات پاشماوەى چڵكى دەستى خەڵكە).

ئیبن عەبباس دەڵێت شەوێك لە ماڵی مەیموونەى خێزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مامەوە كە پوورم بوو، راكشام و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) راكشا، لە نیوەی شەودا لە خەو هەستاو بە دەستەكانى خەوى لە چاوانى دەتۆراند، دواتر دە ئایەتى كۆتاى سورەتى ئالی عیمرانى خوێند، دواتر هەستاو دەستنوێژی گرت و دەستی كرد بە نوێژ كردن، منیش چەشنی ئەوم كرد، دواتر لە كەناریەوە وەستام، دەستی راستی خستە سەر سەرم و بە دەستی گوێی راستی گرتم و دەیپرواند، دوانزە ركات نوێژی كرد، دواتر یەك ركاتى كرد، دواتر راكشا تا بانگبێژ هات، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستا و دوو ركاتى كورت نوێژی كرد، ئینجا نوێژی بەیانى كرد.[18]

ئیبن عەبباس دەڵێت جارێك لەگەڵ باوكم لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین، كابرایەك لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە پێكەوە قسەیان دەكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پشتی كردبوو لە باوكم، لەلاى چووینە دەرەوەو باوكم پێی وتم كوڕی شیرینم بینیت ئامۆزاكەت چۆن پشتی تێكردبووم؟ منیش وتم باوكە گیان، ئەو كابرایەكى لابوو پێكەوە قسەیان دەكرد، ئەوەبوو گەڕاینەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، باوكم وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئاواو ئاوام وت بە عەبدوڵا و ئەویش پێی وتم كە تۆ كەسێكت لا بووەو قسەی لەگەڵ كردویت، مەگەر تۆ كەست لابوو؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەى عەبدوڵا ئایا تۆ ئەوت بینی؟ وتم بەڵێ، فەرمووى(دەى ئەوە جیبریل بوو، بەهۆی ئەوەوە ئاگادارى تۆ نەبووم).[19]

ئیبن عەبباس دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و ئازارەكەى زیادى كرد، فەرمووى(پەڕەیەكم بۆ بهێنن تا نووسراوێكتان بۆ بنووسم تا دواى ئەوە گومڕا نەبن)، عومەرى كوڕی خەططاب وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازار زۆری بۆ هێناوە، هاوكات كتێبی خوا لەنێوماندایە بەسمانە، ئیتر قسەو مشتومڕ لەنێو هاوەڵاندا زۆر بوو تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(قوموا عنی ولا ینبغی عندی التنازع)،[20] (لەلام هەستن و بڕۆن، شیاو نیە لاى مندا ناكۆكی هەبێت)، ئیبن عەبباس كە ئەم فەرموودەى دەگێڕایەوە دەیوت رۆژی پێنج شەممە بوو، ئینجا دەستی كرد بە گریان و زۆر گریا.[21]

ئیبن عەباس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى نەخۆشیەكەیدا بە پارچە قوماشێك سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى(إنه ليس من الناس أحد أمن علي في نفسه وماله من أبي بكر بن أبي قحافة، ولو كنت متخذا من الناس خليلا لاتخذت أبا بكر خليلا، ولكن خلة الإسلام أفضل، سدوا عني كل خوخة في هذا المسجد، غير خوخة أبي بكر[22] (كەس نیە بەهۆی گیان و سامانیەوە منەتباری بم جگە لە ئەبووبەكری كوڕی قوحافە، ئەگەر من دۆستی زۆر نزیكم لەنێو خەڵكدا بگرتایە، بە دڵنیایەوە ئەبووبەكر دەبوو، بەڵام هاودەمى ئیسلام باشترە، لەم مزگەوتەدا چی خێمە هەیە بەروومدا دایخەن جگە لە خێمەكەى ئەبووبەكر).

عومەرى كوڕی خەططاب لە ماوەى خیلافەتى خۆیدا ئیبن عەبباسی زۆر لە خۆی نزیك رادەگرت و زۆر راوێژی پێدەكرد و راى ئەوى زۆر لا گرنگ بوو، ئەوەبوو جارێك هەندێ لە كۆچەران گلەییان لێكرد كە بۆچی ئیبن عەبباس لەوان زیاتر لە خۆی نزیك دەكاتەوە، عومەری كوڕی خەططابیش وتى ئەمڕۆ نیشانتان دەدەم بۆچی وا دەكەم، ئەوەبوو سەبارەت بە تەفسیری ئایەتێك پرسیارى كرد لەوان، وەڵامێكیان دایەوە، پرسیارەكە سەبارەت بە سوورەتى(إذا جاء نصر الله) بوو، ئەوانیش وتیان خوا فەرمانى كردووە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بینی خەڵك دەستە دەستە دێنە ناو ئایینی خوا، سوپاسی خوا بكات و داواى لێخۆشبوونى لێ بكات، ئینجا عومەر وتى ئیبن عەبباس تۆ قسە بكە، ئەویش وتى خوا بەو سوورەتە بە پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) گەیاند كە كاتى مردنیەتى و با ئیتر سوپاسی خوا بكات و داواى لێخۆشبوونى لێ بكات.[23]

ئیبن عەبباس لە سەردەمى هەریەك لە عومەرى كوڕی خەططاب و عوثمانى كوڕی عەففانیشدا فەتواى دەدا بۆ خەڵك.[24]

ئیبن عەبباس لە ناو سوپاكەى عەبدوڵاى كوڕی سەعددا بەشدارى فتووحاتى ئەفریقیاى كرد.[25]

خەڵكی مەدینە داوایان كرد ئیبن عەبباس سەرپەرشتی حەجیان بكات، ئەویش چوو بۆ لاى خەلیفە عوثمانى كوڕی عەففان و خەلیفەش رایسپارد بۆ ئەو كارە، تا ئیبن عەبباس چوو حەجەكەى كرد و هاتەوە، دەبینێت خەلیفە كوژراوە.[26]

 

ئیبن عەبباس لە خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا

كاتێك عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوو بە خەلیفە، ئیبن عەبباسی كرد بە والى شام و وتى بڕۆ بۆ ئەوێ، بەڵام ئیبن عەبباس رازى نەبوو و وتى ئەگەر موعاویە نەمكوژێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە بەندم دەكات، پاشان بە عەلى وت موعاویە بكە بە كاربەدەستی خۆت و دواتر لایبەرە، بەڵام عەلى بەو رایەی ئیبن عەبباس رازى نەبوو.[27]

ئیبن عەبباس هەوادار و پاڵپشتی خەلیفە عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوو، هەروەها لە جەنگى جەمەلدا بەشدارى كرد، ئیبن عەبباس دەڵێت لە جەنگى جەمەلدا بە زوبەیرم وت ئەرێ هاتویت لەگەڵ كوڕی عەبدولموتەلیبدا بجەنگیت؟ ئیتر زوبەیر گەڕایەوە، كەچی ئیبن جرمووز خۆی گەیاند پێی و كوشتى، دواتر ئیبن عەبباس هات و پرسیارى كرد لە عەلى ئەرێ بكوژەكەى زوبەیر سەرەنجامى بەرەو كوێیە؟ عەلى وتى دۆزەخ.

لە پاش جەنگى جەمەل خەلیفە ئیبن عەبباسی كرد بە والى بەصرە تا كاتى جەنگى صفین هات، ئەوكات ئیبن عەبباس چوو بەشدارى تێدا كرد و بەشی راستی سوپاكەى عەلى بە دەست ئەوەوە بو، دواى جەنگەكەش سەرلەنوێ بوویەوە بە والى بەصرە.[28]

هەروەها ئیبن عەبباس لە جەنگى خەواریجەكانیشدا بەشدارى كرد و پاڵپشتێكی گەورەى عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوو.[29]

كاتێك ئیبن عەبباس لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا ئەمیری بەصرە بوو، ئەبوو ئەیووب چوو بۆ ئەوێ و چوو بۆ لاى، ئیبن عەبباسیش زۆر رێزى لێنا و وتى بە دڵنیاییەوە دەبێت پاداشتى ئەو رێزگرتنەت بدەمەوە كە بەرامبەر بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەنجامت دا، بۆیە چی شتێك لەناو ماڵەكەیدا هەبوو داى بە ئەبوو ئەیووب.[30]

ئیبن عەبباس را زانستیەكانى خۆی بەرامبەر بە هەڵوێستەكانى عەلى كوڕی ئەبووطالیب دەخستەڕوو و هەندێ هەڵەشی بۆ راست دەكردەوە، عەلیش راكانى ئەوى بە هەند وەردەگرت.[31]

 

ئیبن عەبباس لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا

پاش وەفاتى عەلى كوڕی ئەبووطالیب، موعاویە یەزیدی نارد بۆ لاى ئیبن عەبباس بۆ سەرەخۆشی لە وەفاتى عەلى كوڕی ئەبووطالیب، دواتر ئیبن عەبباس چوو بۆ لاى موعاویە، موعاویەش رێزێكی زۆری گرت و سەبارەت بە مەرگى عەلیش سەرەخۆشی لێكرد و ئەوپەڕی خەمبارى خۆی بۆ نواند، ئیبن عەبباسیش سوپاسى هەڵوێستەكەى كرد.[32]

ئیبن عەبباس لەناو كۆمەڵگەی ئیسلامیدا رێز و خۆشەویستیەكى زۆرى هەبوو، جارێك موعاویە چوو بۆ حەج وئیبن عەبباسیشی لەگەڵ بوو، كە خەڵكەكە زانییان ئیبن عەبباسی لێیە، نیوەى جەماوەر لە كاروانى ئیبن عەبباسدا بوون و نیوەی تریان لە كاروانى موعاویەدا بوون، چونكە خەڵكەكە دەیانویست زانست لە ئیبن عەبباس وەربگرن.[33]

جارێك ئیبن عەبباس رەشۆی ولآخەكەى زەیدی گرت ، زەید وتى كەنار بگرە ئەی ئامۆزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش وتى ئێمە بەرامبەر زاناو گەورەكانمان وادەكەین.[34]

ئیبن عەبباس لە سەردەمى موعاویەدا لە بەصرە بوو، ئەبووئەییووبی ئەنصارى چوو بۆ لاى و سكالآى قەرزارى خۆی كرد، ئیبن عەبباس وتى ئەوەى تۆ كردت بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، من لەگەڵ تۆ دەیكەم، ئەوەبوو ماڵەكەى خۆی چۆڵكرد بۆ ئەبووئەییووب و دوو هێندەى قەرزەكەى پارەى پێدا تا قەرزەكەشی بداتەوەو هێندەشی بۆ بمێنێتەوە.[35]

ئیبن عەبباس لە كاتى ئەسپەردەكردنى زەیدى كوڕی ثابتدا وتى ئاوایە مەرگى زانایان، ئەمڕۆ زانستێكی زۆر ژێر گڵ نرا.[36]

لە كاتى ئەسپەردەكردنى زەیدى كوڕی ثابتدا ئەبووهوڕەیرە وتى ئەمڕۆ مەرەكەبی ئەم ئوممەتە(زاناى ئوممەت) مرد بەڵكو خواى گەورە ئیبن عەبباس بكاتە جێگرەوەى.[37]

كاتێك موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان ویستی بەیعەت بۆ یەزیدی كوڕی وەربگرێت تا دواى خۆی شوێنی بگرێتەوە، عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر بەیعەتى نەدا، هەریەك لە عەبدوڕەحمانى كوڕی ئەبووبەكر و عەبدوڵاى كوڕی عومەر و حوسەینی كوڕی عەلى و عەبدوڵاى كوڕی عەبباسیش بەیعەتیان نەدا،[38] بەڵام موعاویە بە نابەدڵی بەیعەتى وەرگرت لێیان، بەڵام دواتر كە موعاویە مرد حوسەین و عەبدوڵا بەیعەتیان نەدا بە یەزید.[39]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 141.

[2] - خوێنەرى ئازیز، ئەم هاوەڵە یەكێكە لە دیارترین هاوەلآنى پێغەمبەر (g) و گەورە موفەسیر و زاناى فەرموودە و كەسێتی گەورەو دیارى سەردەمى خۆی بووە، بۆیە بۆ نووسینەوە ژیانى بە سەدان لاپەڕەش هێشتا مافى تەواوى نادات، ئێمە لێرەدا تەنها كورتەیەكمان لە ژیانەكەى هێناوەو دەتوانیت بۆ زانیارى زیاتر سەبارەت بە ژیانەكەى، بگەڕێیتەوە بۆ ئەو نووسینانەى تایبەت بە ژیانى نووسراون.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 631.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 5.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص 276.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 6.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 295.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 332.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 335.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 332.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 1303.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5375، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23225، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[13] - صحيح البخاري، الرقم 75،

[14] - صحيح البخاري، الرقم 3567، صحيح ابن حبان، الرقم 7163، سنن الترمذي، الرم 3842، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7909.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 142، صحيح ابن حبان، الرقم 7164.

[16] - صحيح ابن حبان، الرقم 7164، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه أحمد شاكر، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2589،

[17] - صحيح مسلم، الرقم 1849.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 1155، صحيح مسلم، الرقم 1315.

[19] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12467، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 10385، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2582، صححه أحمد شاكر، كما صححه شعيب الأرناؤوط.

[20] - صحيح البخاري، الرقم 113.

[21] - صحيح مسلم، الرقم 3174.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 457، صحيح ابن حبان، الرقم 6970، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7834، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2337، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2528، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 11723.

[23] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 343.

[24] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 299.

[25] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 336.

[26] - سير أعلام النبلاء، 3، ص 349.

[27] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 353.

[28] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 353.

[29] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 299.

[30] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 404.

[31] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 300.

[32] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 300.

[33] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 351.

[34] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 437.

[35] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 352.

[36] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 440.

[37] - أسد الغابة، ج2، ص 333.

[38] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 79.

[39] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 291-292.

 1754
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.