دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەلى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه) - بەشی دوانزەیەم

 

شەهیدكردنى عەلى

ئەمیری باوەڕداران عەلى بارێكی سەختى تووش بووبوو، لەلایەكەوە شپرزی سوپاكەى و لەلایەكی ترەوە سەركەشی عێراقیەكان و لەولاوە كێشەی موعاویەو لەلایەكی تریشەوە بوونى خەواریجەكان، ئیتر عەلى واى لێهات بێزار بوو لە ژیان تا ئەوەى ئاواتى بە مەرگ دەخواست، هاوكات دڵنیا بوو لەوەى بە شەهیدی دەمرێت نەك بە مردنى ناو جێ، تەنانەت كە خەواریجەكان پێیان وت لەخوا بترسە تۆیش دەمریت، وتى نابەخوا نامرم بەڵكو ئەم ریشەم سوور دەبێت بە خوێن.[1]

سێ كەس لە خەواریجەكان كە بریتی بوون لە ئیبنولمولجەم و بەركی كوڕی عەبدوڵا و عەمرى كوڕی بەكر كۆبوونەوەو باسی كوشتارى هاوڕێكانیان لە نەهرەوان كرد، بۆیە بڕیاری تۆڵەیان دا و ریككەوتن لەسەر ئەوەى هەركامیان و یەكێك لە سەركردەكان بكوژێت، ئیبنولمولجەم وتى من عەلى دەكوژم، بەرك وتى منیش موعاویە دەكوژم، عەمریش وتى منیش عەمرى كوڕی عاص دەكوژم، ئەوەبوو هەرسێیان بەڵێنیان بە یەكدى دا و شمشێرەكانیان ژەهراوى كرد و وادەی حەڤدەى رەمەزانیان دانا، ئیبنولمولجەم چوو بۆ كووفەو خۆی شاردەوە لە خەواریجەكانى ئەوێ، جارێك یەكێك لە كچی خەواریجەكان كە ناوى قوطام بوو و باوك و براى لە نەهرەواندا كوژرابوون و ئافرەتێكی زۆر جوان بوو و چووبوویە مزگەوت و خۆی یەكلاكردبوویەوە بۆ پەرستش، ئیبنولمولجەم ئەم ئافرەتەى بینی و داواى كرد، بەڵام ئەو رازى نەبوو، تا دواجار سێ مەرجى بۆ دانا، هەزار درهەم و خزمەتكارێك و رێی كوشتنى عەلى، ئەویش وتى دەی بەخوا بەس بۆ ئەوە هاتوومەتە ئەم شارە، ئەوەبوو مارەى كرد و گواستیەوە، قوطامیش بەردەوام هانى دەدا و كەس و پشتیوانیشی بۆ پەیدا كرد، ئەوەبوو لە كاتى دیاریكراودا ئیبنولمولجەم هاودەم بە دوو پشتیوانى كە (وەردان) و (شەبیب) بوون چوونە سەر رێی عەلی، كە عەلییان بینی خەڵكی بێدار دەكردەوە بۆ نوێژ، شەبیب هەڵمەتى بۆ برد و شمشێرێكى لێدا، ئیبنلمولجەمیش شمشێرێكی لێدا و خوێن ریشی سوور كرد، ئینجا ئیبنولمولجەم دەیوت حوكم تەنها بۆ خوایە ئەی عەلی، نە بۆ تۆ و نە بۆ هاوەڵەكانت، عەلیش هاوارى كرد بیگرن، وەردان رایكرد و كابرایەكی حەضرەمەوتى خۆی پێگەیاند و كوشتی، شەبیبیش رایكرد و رزگارى بوو، ئیبنولمولجەمیش گیرا، جەعدەى كوڕى هوبەیرە نوێژەكەى بەیانى بۆ خەڵكەكە كرد و عەلى برایەوە ماڵەوە، ئیبنولمولجەمیش برا بۆ لاى، عەلى وتى ئەی دوژمنى خوا مەگەر من چاكەم لەگەڵ نەكردیت؟ وتى با، وتى ئەی بۆ واتكرد؟ وتى چل رۆژە ئەو شمشێرە ئامادە دەكەم و داوام لە خوا كرد خراپترین كەسی پێ بكوژێت، عەلى وتى خۆتیت بەوە دەكوژرێیت، تۆیش خراپترین كەسەكەیت، ئینجا وتى ئەگەر مردم ئەوە بیكوژن و ئەگەریش خۆم ژیام دەزانم چی پێ دەكەم، جوندوبی كوڕی عەبدوڵا وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران بەیعەت بدەین بە حەسەن؟ فەرمووى نە فەرمانتان پێ دەكەم و نە رێگریتان لێ دەكەم، خۆتان باشتر دەزانن، ئیتر بەردەوام دەیوت لا الە الا اللە و هیچی تری نەدەوت.[2] ئەمەش ئاماژەیە بەوەى عەلى كوڕی ئەبوو طاليب راوێژی پێ رەوا بووە نەك دەسەلآتى بنەماڵەیی و پشتاوپشتى.

پاشان عەلى هەریەك لە حەسەن و حوسەینی بانگ كرد و ئامۆژگارى كردن و وەسیەتى بۆ كردن تا لەخواترس بن و دنیا لەخشتەیان نەبات و قسەی حەق بڵێن و كار بكەن بۆ رۆژی دوایی و نەیارى ستەمكار و سەرخەرى ستەملێكراو بن و كار بە قورئان بكەن و لەبەر خوا ترسیان لە لۆمەى لۆمەكاران نەبێت، ئینجا بە موحەممەدى كوڕیشی وت هەمان ئامۆژگاریشم بۆ تۆ هەیەو داواشم لێتە رێز لە براكانت بگریت چونكە مافیان بەسەرتەوە زۆرە، داواى كرد لە حەسەن و حوسەینیش چاك بن لەگەڵ موحەممەد چونكە برایانە و خۆشەویستى باوكیانە.، ئینجا روویكردە حەسەن و وتى كوڕی خۆم وەسیەتت بۆ دەكەم لەخواترس بیت و نوێژەكان لە كاتى خۆیدا بكەیت و زەكات لە كاتى خۆیدا بدەیت و جوان دەستنوێژ بگریت چونكە نوێژ بە پاكى قبووڵە، نوێژی زەكات نەدەر دروست نیە، لێبوردنت هەبێت بۆ تاوانكار و قین و تووڕەییت بخۆرەوەو پەیوەندى خزمایەتیت بەتین بكە و لەگەڵ نەزاناندا لەسەرخۆ بە و شارەزای ئایین بەو خۆراگربە لەسەر دینداری و پەیوەستى قورئان بەو دراوسێیەتیت چاك بێت و فەرمان بكە بە چاكەو رێگری بكە لە خراپە و دوور بە لە خراپەو داوێن پیسی.[3]

 دواى وەسیەتەكەى یەك قسەی نەدەكرد جگە لە لا الە الا الله تا وەفاتى كرد.[4]

بشكێ دەستی گلآوى ئیبنولمولجەم كە مەولاى باوەڕداران و خۆشەویستی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و موژدەپێدراوى بەهەشت و خەلیفەى موسڵمانانى بەو دەردە برد و بە هەموو عەقڵێكی بەتاڵی خۆیشی چاوەڕێی پاداشتی خوایی بوو، بوەستێ هەر دڵێ كە خۆشحاڵ دەبێت بەو كارەى ئیبنولمولجەم.

ئینجا كە عەلى وەفاتى كرد حەسەن هەستاو وتارێكی پێشكەش كرد بە خەڵكەكەو تیایدا وتى: دوێنێ كەسێك جێی هێشتن كە پێش خۆی و پاش خۆیشی هێندەى ئەو زانستیان نەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئالآى دەدایە دەست پشتى هەڵنەدەكرد تا ئەو شوێنەى فەتح دەكرد، جبریل لە لاى راستیەوە بوو و میكائیل لە لاى چەپیەوە بوو، تەنها شتێك پاش خۆی جێی هێشتبێت حەوت سەد درهەم بووە كە لە مووچەكەى پاشەكەوتى كردووە، دەیویست بەو پارەیە خزمەتكارێك بكڕێت،[5] شەوێك كوژرا كە تیایدا قورئان دابەزیوە، تیایدا عیسا بەرزكرایەوە، تیایدا مووسا گیانى سپارد)، حەسەن و حوسەین و عەبدوڵاى كوڕی جەعفەر تەرمەكەى عەلییان شۆرد،[6] ئینجا حەسەن نوێژی لەسەر باوكى كرد.[7]

شەهیدكردنى عەلى لە شەوی حەڤدەى مانگى رەمەزانى ساڵی چلی كۆچیدا بوو، ماوەى خیلافەتەكەى چوار ساڵ و هەشت مانگ و نیو بوو.[8]



[1] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 324.

[2] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 324-328.

[3] - تاريخ الطبرى، ج3، ص 158.

[4] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 329.

[5] - صحيح ابن حبان، الرقم 7046، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8137، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1656، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4750، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31465، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2651، حسنه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2496، كما حسنه شعيب الأرناؤوط،

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 329.

[7] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4636، سكت عنه الذهبي.

[8] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 569.

 1223
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.