دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (عوبەیدە) بووە

عوبەیدەى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدەی كوڕی حارثى كوڕی عەبدولموطهلیبی كوڕی عەبدمەنافە، دایكی ناوى سوخەیلەى كچی خوزاعیە، عوبەیدە نزیكەی دە ساڵ تەمەنى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زیاتر بوو، كونیەكەى ئەبووحارث بوو.[1]

موسڵمانبوونى عوبەیدە هاوكات بوو لەگەڵ موسڵمانبوونى عوثمانى كوڕی مەظعوون و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و ئەبووعوبەیدەدا، ئەمەش پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەم و لەوێ بانگەواز بكات، عوبەیدە هاودەم بەو هاوەڵانەى چوونە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی ئیسلامى كرد بۆیان و وردەكاریەكانى ئیسلامى خستەڕوو بۆیان، ئەوانیش موسڵمان بوون.[2]

عوبەیدە یەكێكە لە دەستەى یەكەمى موسڵمان بوان و پێش ئەوەى بانگەواز بچێتە ماڵی ئەرقەمى كوڕی ئەبی ئەرقەمەوە عوبەیدە موسڵمان بوو، دواتر كۆچی كرد بۆ مەدینە، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عوبەیدەو عومەیری كوڕی حەممامى ئەنصاریەوە.[3]

لە شەووالى ساڵی یەكەمى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عوبەیدەی كرد بە ئەمیری سریەیەك و ئالآیەكی سپی دایە دەست و هاودەم بە شەست كەس لە كۆچەران ناردى تا گەیشتن بە ئەبووسوفیان كە نزیكەی دووسەد كەسی لەگەڵ بوو، تیرهاویشتنێك لەنێوانیاندا روویدا و لەوە زیاتر جەنگ رووینەدا.[4]

عوبەیدە لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد، لە سەرەتاى جەنگەكەوە جەنگى رووبەڕوو بوو، عوبەیدەو حەمزەو عەلى كوڕی ئەبووطاليب چوونە پێشەوەو جەنگان، عوبەیدە بەرامبەر بە عوتبە وەستایەوە، هەردوولا یەكتریان بریندار كرد، خێرا حەمزەو عەلى هەڵیانكوتایە سەر عوتبەو كوشتیان، عوبەیدەشیان بە بریندارى بردەوە، دواتر خوێنی نەدەوەستا تا لە دە رۆژی كۆتایی رەمەزان و لە ساڵی دووەمى كۆچی لە ناوچەی صەفرائدا وەفاتى كرد.[5]

كاتێك عوبەیدە شەهید بوو تەمەنى نزیكەی شەست و سێ ساڵ دەبوو.[6]

 

عوبەیدەى كوڕی رەبیعە(رضي الله عنه)

ناوى عوبەیدەی كوڕی رەبیعەی كوڕی جوبەیرە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[7]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 50.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 8.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 51.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 7.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 256.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 51.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 426.

 1307
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.