دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زانایانێك كە تایبەت بە هاوەڵان نووسینیان هەیە 3- ئەبونوعەیمی ئەصبەهانی

ئەبوونوعەیمی ئەصفەهانی


ناوی ئەحمەدی كوڕی عەبدوڵای كوڕی ئەحمەدی كوڕی ئیسحاقی كوڕی مووسای كوڕی میهرانە،(2) خەڵكی ئەصفەهانە،  لە مانگی رەجەبی ساڵی 336 كۆچی لەدایكبووە. (2)
میهرانی باپیرە گەورەی یەكەم كەس بووە لەو زنجیرەیە كە موسڵمان بووەو مەولای عەبدوڵای كوڕی موعاویە بووە. (3)
زانایەكی گەورەی فەرموودەناس بووەو صۆفی بووە، باوكی یەكێك بووە لە زانا گەورەكان و هەر بە منداڵی زانستی فێر كردووە، داوای كردووە لە بڕێك لە زانایانی فەرموودە لە وڵاتە جیاجیاكان تا وەك خوێندكار وەریبگرن‌و فەرموودەی پێ بڵێن، ئەوانیش رازی بوون، لەوانە خەیثه مەی كوڕی سولەیمان لە شام‌و ئەبولعەبباسی ئەصەم لە نەیسابوورو ئەبوو سەهلی كوڕی زیاد لە بەغدادو ئەبووبەكر ئیبنوسننی لە دەینەوەرو چەندێكی تر لە زانایانی ناوچەكانی تر، بەو جۆرە ئەبوو نوعەیم لەپێناو زانست وەرگرتندا چەندین وڵاتی كرد. (4)
ئەبونوعەیم زیاتر هەواداری مەزهەبی ئەشعەری بووە،  وەك دەبینین لەسەر ئەوەش لەگەڵ حەنبەلیەكان كێشەی هەبووە.(5)
باوكیشی پێشتر لە پێناو ئەو زانستە گەورەدا (فەرموودە) وڵاتەو وڵات دەگەڕا، بەمە ئەبوونوعەیم شوێن پێی باوكی خۆی هەڵگرت. (6)
ئەبونوعەیم لە تەمەنی هەشت ساڵیەوە فەرموودەی لە باوكیەوە بیست، (7) هەر لەو تەمەنەدا لە مامۆستاكانیشیەوە فەرموودەی بیست، ئەوەبوو لای ئەبوو موحەممەد عەبدوڵای كوڕی جەعفەری مامۆستای لە ساڵی 344 واتە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا فەرموودەی وەرگرت. (8)
لە دیارترین نووسینەكانی بریتین لە:
معجم الصحابة.                                      
حلية الأولياء.
معجم الشيوخ                                             
المستخرج على الصحيحين
تأريخ أصبهان                                                        
صفة الجنة
دلائل النبوة                                                         
علوم الحديث
كتاب النفاق.(9)
هەندێ‌ لە خوێندكارەكانی:
كوشیاری كوڕی لیالیزوری جیلی.
ئەبوو سەعدی مالینی.
خەطیبی بەغدادی.
ئەبوبەكری هەمەدانی.
ئەبوو عەلی وەخشی.
هیبەتوڵای شیرازی.
عەبدوسەلامی كوڕی ئەحمەدی قاچی.
موحەممەدی كوڕی عەبدوڵای ئەدمی. (10)
ئیبنوننەجار دەڵێت ئەبوونوعەیم تاجی فەرموودەناسان و یەكێكە لە كەسە دیارەكانی ئیسلام. (11)
ئیبنولموفەضه ل دەڵێت: ئەبوطاهیری سەلەفی مامۆستامان باس و ژیانی ئەبوو نوعەیمی كۆكردوەتەوەو ئەو فەرموودانەشی هێناوە كە لەوی بیستووە كە هەشتا فەرموودە بون‌و دەڵێت كتێبی وەك (حلیة اڵاولیا‌ء) هەرگیز نەنووسراوە. (12)
ئیبن كەثیر دەڵێت: زانای فەرموودەناس ئەبوونوعەیم قسەو هەواڵی راهیب و قەشەو عەرەبەكانی زۆر هێناوە، زۆر بە زۆری‌و چاكی‌و جوانی هێناویەتی، رەحمەت‌و رەزامەندی خوا بیگرێتەوە. (13)
كاتێ‌ كتێبی (حلیة اڵاولیا‌ء) ی نووسیوە براوە بۆ نەیسابوور‌و لەوێ فرۆشتوویانە بە چوارسەد دینار. (14)
لە سەردەمی ئەم زانایەدا سوڵتان مەحموودی كوڕی سەبەكتەكین والیەكی لەسەر ئەصفەهان دانا، دواتر خەڵكەكە ئەو والیەیان كوشت، بۆیە سوڵتان لە رۆژی هەینیدا چوو بۆیان تا تۆڵە بكاتەوە، لەو رۆژەدا خوێندكارەكانی ئەبوو نوعەیم مامۆستاكەیان لە مزگەوت دەركرد نەوەك ئەویش تووش بێت، بۆیە كە سوڵتان هات كوشتارێكی زۆری لێكردن، بەڵام ئەبوونوعەیم پارێزرا. (15)
خەتیبی بەغدادی جیا لە خوێندكارەكانی تری باس لەوە دەكات كە لە پێدانی فەرموودەدا ئەبوونوعەیم تا رادەیەك دەستی شل كردووە، بەڵام ژەهەبی بە هێنانی قسەی خوێندكارانی تری دەیسەلمێنێ وانەبووەو هەردەم بە نووسین فەرموودەكەی هێناوە كە خۆی نووسیویەتی‌و وتوویەتی خۆم ئەم فەرموودەم بیستووە، بۆیە دەڵێت ئەبوونوعەیم تۆمەتبار نیە‌و بەڵكو زۆر راستگۆیە‌و لەو بوارەدا زۆر زانا بووەو هیچ تاوانێكی لێ بەدی ناكەم. (16)
لەبەرئەوەی ئەبوونوعەیم ئەشعەری بووەو ئیبن مەندەش حەنبەلی بووە جۆرێ ناكۆكی لەنێوانیاندا هەبووە، تەنانەت ئەبوو نوعەیم لە كتێبەكەیدا تأریخ أصبهان قسە دەكات لەسەر ئیبن مەندە، ئەمەش لەبەر ئەو ناكۆكیە مەزهەبیەی هەیبووە لەگەڵ ئیبن مەندە. (17)
ئیبنولعمادی حەنبەلی قسەی ئیبن ناصرەدینی هێناوە كە قسەی هیچكام لەو دوانە (ئەبونوعەیم و ئیبن مەندە) بەرامبەر بە یەكتر وەرناگیرێت چونكە نێوانیان چاك نەبووە، واتە حوكمدانی هەركام لەوانە بەسەر ئەوی تردا بە هەند وەرناگیرێت. (18)
ئەبوو نوعەیم لە مانگی صەفەر یان دەوترێ لە بیست‌و یەكی مانگی موحەرەم (19) یان بیست‌و هەشتی موحەرەم (20) یان دەوترێ لە بیستی مانگی موحەرەمی ساڵی 430 كۆچیدا وەفاتی كردووە كە لەو كاتەدا تەمەنی نەوەدو چوار ساڵ بووە.(21)

پەراوێزەكان:
  - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454، ابن كثير: البدايةو النهاية، ج12، ص45.
٢- ابن خلكان، وفيات الأعيان، ج1، ص92.
٣- ابن خلكان، وفيات الأعيان، ج1، ص91.
٤ - الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454.
٥- ابن كثير: البدايةو النهاية، ج12، ص45.
٦- الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454.
٧ - ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص245.
٨- الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج17، ص454.
٩- سير أعلام النبلاء، ج17، ص455-456.
١٠- سير أعلام النبلاء، ج17، ص456-457.
١١- ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص245.
١٢- سير أعلام النبلاء، ج17، ص458.
١٣ - البدايةو النهاية، ج2، ص319.
١٤- ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص245.
١٥- سير أعلام النبلاء، ج17، ص460.
١٦- سير أعلام النبلاء، ج17، ص461.
١٧- سير أعلام النبلاء، ج17، ص462.
١٨- ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج3، ص245.
١٩- ابن خلكان، وفيات الأعيان، ج1، ص92.
٢٠ - البدايةو النهاية، ج12، ص45.
٢١ - سير أعلام النبلاء، ج17، ص462.


 3647
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.