دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی ئەرقەم (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئەرقەمى كوڕی عەبدیەغووثى قوڕەیشی زوهریە، دایكی ناوى ئومەیمەی كچی حەربە.[1]

عەبدوڵا لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، نووسەری بەردەستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێندە متمانەى هەبوو بە عەبدوڵا، كە داواى دەكرد نامەى بۆ بنووسێت بۆ پاشاكان، عەبدوڵایش نامەكەى دەنووسی و بە مۆرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆرى دەكرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى دەكرد نامەكە بنێردرێت بێ ئەوەى بخوێنرێتەوە، چونكە تەواو متمانەى هەبوو بە عەبدوڵا.[2]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەر پەنجا كۆڵ خورماى پێ بەخشی.[3]

دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەبدوڵا نووسەری بەردەستى ئەبووبەكر و عومەرى كوڕی خەططابیش بوو، دواتر عومەرى كوڕی خەططاب كردى بە بەرپرسی بەیتولمال.[4]

جارێك عەبدوڵا وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران لە جلوبەرگ و زێڕو  زیو و قاپ و قاچاخى جەلەولا ْ  زۆرمان لایە، دەڵێیت چی لێ بكەین؟ عومەر وتى كاتێ بینیت دەستبەتاڵ بووم لێم دووبارە بكەرەوە، رۆژێك عەبدوڵا بینی خەلیفە دەرفەتى هەیە، هەمان پرسیاری لێكردەوە، عومەر وتى راخەرێكم بۆ بهێنە، بۆی هێنا، هەمووى هەڵڕژێنرایە سەر راخەرەكە، پاشان عومەر وتى خوایە خۆت فەرمووتە(زين للناس حب الشهوات من النساْ  و البنين و القناطير المقنطرة من الذهب و الفضة)، خۆیشت فەرمووتە (لكیلا تأسوا على ما فاتكم و لا تفرحوا بما اتاكم)، خوایە ئێمە ناتوانین دڵخۆش نەبین بەوەى بۆت رازاوە كردوین، خوایە دەى وام لێبكە لە حەقدا ئەمە خەرج بكەم و پەنا دەگرم بە تۆ لە خراپەی ئەم سامانە.[5]

لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففانیشدا عەبدوڵا بەرپرسی بەیتولمال بوو،[6] بەڵام داواى كرد لە خەلیفە تا ئەو پۆستە بە كەسێكی تر راسپێرێت، خەلیفەش رازى بوو،[7] خەلیفە بڕی  سی هەزار یان بە پێی گێڕانەوەیەكى تر سێ سەد هەزار بەخششی بۆ نارد، بەڵام عەبدوڵا وەرینەگرت و وتى من لەبەر خوا كارم كردووە،[8] دواتر عەبدوڵا بینایی لەدەستدا،[9] دواجار عەبدوڵا لە خیلافەتى عوثماندا كۆچی دوایی كرد.[10]

ئومموزیاد دەڵێت لە خیلافەتى عوثماندا بوو كە چووم بۆ لاى عەبدوڵاى كوڕی ئەرقەم و ئەویش وتى بۆچی هاتویت؟ وتم بۆ ئەوەی كە خەڵك بۆی هاتوە؟ عەبدوڵا وتى بۆچی ئازادكراویت-چونكە كۆیلە بووم-؟ وتم نا، عەبدوڵا كەسێكی نارد بۆ ماڵی خۆیان و جلێكی بۆ هێنام و لە صەدەقە هیچی پێ نەدام لەبەر ئەوەی ئازاد نەبووم.[11]

عومەرى كوڕی خەططاب دەیوت كەسم نەدیوە هێندەى عەبدوڵاى كوڕی ئەرقەم لەخواترس بێت.[12]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 172.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 4.

[3] - أسد الغابة، ج3، ص 172.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 4.

[5] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 33119.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 4.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 172.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 4.

[9] - أسد الغابة، ج3، ص 172.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 4.

[11] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 10472.

[12] - أسد الغابة، ج3، ص 172.

 1218
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.