دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حوسەینی كوڕی عەلى (رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

حوسەینی كوڕی عەلى (رضي الله عنه)[1]

پێشتر لە ژیانى حەسەنى كوڕی عەلی برایدا سەبارەت بە باوك و دایك و باپیرەو داپیرەو خاڵ و مام  و خوشك و براكانى زانیاری پێویستمان هێناوە.

ناوى حوسەینى كوڕی عەلى كوڕی ئەبوو طالیبى كوڕی عەبدولموطهلیبى كوڕی هاشمى قوڕەیشی هاشیمیە،[2] كونیەكەى ئەبوو عەبدوڵایە.[3]

ژنەكانى حوسەین

روبابی كچی ئیمروئولقەیس.[4]

لەیلاى كچی ئەبوو موررە.[5]

غەزالە كە ئوم وەلەد بوو.[6]

 

ئایا حوسەین ژنی فارسی هەبووە؟

زەمەخشەری گێڕانەوەیەكى هێناوە كە سێ كچی یەزگوردى كوڕی شەهریارى كوڕی كیسرا بە كەنیزەك گیرابوون و هێنران بۆ خەلیفەى باوەڕداران عومەرى كوڕی خەططاب، ئەویش ویستى بیانفرۆشێت، بەڵام عەلى كوڕی ئەبوو طالیب وتى كچانى پاشاكان نافرۆشرێن، بۆیە پارەى هەموویانى دا و دابەشی كردن لە نێوان حوسەینی كوڕی و موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكر و عەبدوڵاى كوڕی عومەردا.[7]

رایەك دەڵێت ناوى ئەو كچە سولافە بووەو زەینولعابیدینیش كوڕی ئەم ژنەیەتى،[8] یان دەوترێت ناوى غەزالە بووە.[9]

فەتحى مەدائین لە ساڵی شانزەى كۆچیدا بووە، لەدایكبوونى حوسەینیش لە ساڵی چوارەمى كۆچی بووە، واتە دەبێت حوسەین لە تەمەنى دوانزە یان سیانزە ساڵیدا ئەو ئافرەتەى مارە كردبێت، پاشان زەینولعابدین لە ساڵی 38 لەدایك بووە،[10] واتە بیست و دوو ساڵ دواى هاوسەرگیری حوسەین و ئەو ئافرەتە فارسە.

دەینەوەرى دەڵێت دایكی زەینولعابدین ئافرەتێكی سندى بووە بە ناوى سولافە یان غەزالە.[11]

 

منداڵەكانى حوسەین:

ناوى ئەو مندالآنەى حوسەین كە لە كتێبەكاندا باسكراون:

عەلى ئەكبەر كە لەگەڵ باوكیدا لە كەربەلائدا شەهید كرا،[12] دایكی ناوى لەیلاى كچی ئەبوو موررە بوو.[13]

زەینولعابیدین

جەعفەر

سەكینە كە دایكی ناوى رباب بوو.[14]

عەبدوڵا كە دایكی ناوى روبابی كچی ئیمروئولقەیس بوو.[15]

عەلى ئەصغەر كە دایكی ئوم وەلەد بوو وناوى غەزالە بوو.[16]

ئەبووبەكر كە دایكی ئوم وەلەد بوو.[17]

لەدایكبوونى حوسەین:

سەبارەت بە لەدایكبوونى حوسەین هاتووە تەنها چەند شەوێك لە شەعبانى ساڵی چوارەمى كۆچی تێپەڕ بووبوو حوسەین لەدایك بوو، ئەویش پێنج شەو، واتە لە پێنجى شەعبانى ساڵی چوارەمى كۆچیدا بوو، رایەكى تریش دەڵێت بەڵكو لە دواى شەش ساڵ و پێنج مانگ و پانزە رۆژ لە كۆچی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە لەدایك بووە.[18]

حوسەین ساڵێك و دە مانگ پاش لەدایكبوونى حەسەنى براى لەدایك بوو.[19]

ناونانى

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هەواڵی بیست فاطيمهى كچی منداڵی بووە خێرا چوو بۆ ماڵیان، فەرمووى (أروني ابني ما سميتموه)،(ئادەى كوڕەكەمم نیشان بدەن، ناوى چیتان لێ ناوە؟) عەلى كوڕی ئەبوو طالیبیش وتى ناوم ناوە حەرب، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بل هو حسن)، (بەڵكو با ناوى حەسەن بێت)، بەوە ناوى نرا حەسەن، ئینجا كە حوسەین لەدایك بوو عەلى هەمدى ناوى نا حەرب، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هاتو فەرمووى (أروني ابني ما سميتموه)،(ئادەى كوڕەكەمم نیشان بدەن، ناوى پیتان لێ ناوە؟) عەلى كوڕی ئەبوو تالیبیش وتى ناوم ناوە حەرب، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بل هو حسين)،[20] بەڵكو ناوى حوسەینە.

خۆشەویستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بۆ حوسەین

ئوسامەى كوڕی زەید دەڵێت: شەوێك دام لە دەرگاى ماڵی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بە جۆرێك شتێكی لە خۆی گرمۆڵە كردبوو كە نەمدەزانى چیە، جا كە ئیشەكەم تەواو بوو وتم بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوە چیت پێیە وا بەرگت بۆ گرمۆڵە كردووە؟ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە بەرگەكەى لابرد بینیم حەسەن و حوسەینی لە باوەش ناوەو فەرمووى (هذان ابناي و ابنا ابنتي اللهم أحبهما فأحبهما و أحب من يحبهما[21] (ئەوە دوو كوڕەكەمن، كوڕانى كچەكەمن، خوایە من ئەم دوانەم خۆش دەوێن دەی تۆیش خۆشت بوێن و ئەوەشت خۆش بوێت كە ئەم دوانەى خۆش دەوێن).

بەڕائی كوڕی عازب دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) رادەما لە حەسەن و حوسەین و دەیفەرموو (اللهم إني أحبهما فأحبهما[22] (خوایە من ئەم دوانەم خۆش دەوێن، دەى تۆیش خۆشت بوێن).

ئەبوو هورەیرە دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من أحب الحسن و الحسين فقد أحبني، ومن أبغضهما فقد أبغضني[23] (هەركەس حەسەن و حوسەینی خۆش بوێت ئەوە منى خۆش ویستووە، هەركەسیش رقی بێت لێیان ئەوە رقی لە منە).

عائیشەى دایكى باوەڕداران دەڵێت: بەیانیەك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) چوویە دەرەوەو جلێكی خورى لەبەر بوو كە لە مووى رەش دروستكرابوو، ئینجا حەسەنى كوڕی عەلى هات و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هێنایە ژوورەوە، دواى ماوەیەكى تر حوسەین هات و لەگەڵی هاتە ژوورەوە، دواتر فاتیمە هات و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایەژوورەوە، ئینجا عەلیش هات و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایە ژوورەوە، ئینجا پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەم ئایەتەى خوێندەوە (إنما يريد الله ليذهب عنكم الرجس أهل البيت و يطهركم تطهيرا).[24]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نزاى پەنادانى بۆ حەسەن و حوسەین دەفەرموو و دەیفەرموو: (باوكتان بەوە داواى پەناى ئیسماعیل و ئیسحاقی دەكرد: أعوذ بكلمات الله التامة من كل شيطان و هامة و من كل عين لامة).[25]

یەعلاى عامیری دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەرچووم كاتێك بانگ كرابووین بۆ خواردنێك، لە رێدا بینیمان حوسەین لەگەڵ منالآنا یاری ئەكات، دەچووە پێشەوەى ئەوانى تر و دەستەكانى دەكردەوەو منداڵ لەملاو لەولاوە رایدەكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بۆی پێدەكەنى و دواتر چوو حوسەینی گرتە باوەش و سەری لە باوەشیا دادەپۆشی و دەمى خستە سەر دەمى و ماچی كرد و فەرمووى (حسين مني وأنا من حسين، أحب الله من أحب حسينا، حسين سبط من الأسباط[26] (حوسەین لە منەو منیش لە حوسەینم، خوا ئەوەى خۆش بوێت كە حوسەینی خۆش دەوێت، حوسەین یەكێكە لە نەوەكان).

ئەبی ئەییووب دەڵێت چووم بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و حەسەن و حوسەینیش لە بەردەمیدا و لە ژوورەكەیدا یارییان دەكرد، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا خۆشت دەوێن؟ ئەویش فەرمووى ئەى چۆن خۆشم نەوێن كە دوو رەیحانەكەى دنیامن و بۆنیان دەكەم.[27]

رۆژێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی عائیشە دەرچوو و داى بە لاى ماڵی فاتیمەى كچیدا، تەماشاى كرد حوسەین دەگری، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەرێ نازانیت گریانى حوسەین ئازارم دەدات؟![28]

عەلى رەزاى خواى لێ بێت دەڵێت حەسەن لە سەر سنگەوە تا سەر زۆر لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچوو، حوسەینیش لە سەر سنگەوە بەرەو خوار زۆر لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەچوو.[29]

رۆژێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی ئوممو سەلەمە بوو، فەرموىو با كەس نەیەتە ژوورەوە، حوسەین هات و دەستى كرد بە گریان، ئومموسەلەمە رێی دا بچێتە ژوورەوە، چوویە ژوورەوەو لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دانیشت، جبریل فەرمووى ئوممەتەكەت  دواتر دەیكوژن، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوانە دەیكوژن و باوەڕداریشن؟(یقتلونه و هم مۆمنون) فەرمووى بەڵێ، ئینجا خۆڵەكەى پێ نیشان دا.[30]

حوسەینى كوڕی عەلى لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا

عومەرى كوڕی خەططابیش رێزێكی زۆری دەنا لە بنەماڵەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، كاتێك ویستى بەخششی خەڵك دیارى بكات، راوێژی كرد بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف، عەبدورەحمانیش وتى لە خۆتەوە دەست پێ بكە، چونكە تۆ شیاوتریت، عومەریش وتى نا سوێند بەخوا لە نزیكترین كەسەكانى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) دەست پێ دەكەم، ئینجا لەوانەى بەشدارى بەدر بوون، بەوجۆرە دەچم تا دەگاتە خۆم، ئەوەبوو یەكەمجار پێنج هەزارى بڕیەوە بۆ عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، دواتر بۆ هاشمیە بەشداربووەكانى بەدر.[31]

حوسەین دەڵێت رۆژێك عومەر چوویە سەر مینبەرەكەى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و منیش چوومە سەرەوەو وتم لە مینبەرەكەى باوكم دابەزەو بڕۆ بۆ مینبەرەكەى باوكى خۆت، عومەر وتى دەى ئاخۆ باوكى من مینبەرى نەبووە، ئینجا منى لاى خۆی دانیشاند، دواتر كە دابەزى وتى كوڕە شیرینەكەم كێ فێری كردیت ئەم قسەیە بكەیت؟ منیش وتم كەس فێری نەكردوم، عومەر وتى كوڕە شیرینەكەم خواى گەورە و پاشان ئێوە مووی لەسەر سەرمان رواندووە،-واتە رێزدارى كردوین- ئینجا دەستى خستە سەر سەری حوسەین و وتى كوڕی شیرینم وەرەو سەردانمان بكە.[32]

عومەر جارێك جلى بەخشی بە مندالآنى هاوەڵان، بەڵام لەناو جلەكاندا جلی شیاو بە حەسەن و حوسەینی لێ نەبوو، بۆیە ناردى بۆ یەمەن لەوێ دوو جلی تایبەتیان هێنا بۆ حەسەن و حوسەین، ئینجا عومەر وتى ئیتر ئێستا دڵم ئۆخەى كرد.[33]

بیلالى كوڕی رەباح كە چووبوو بۆ شام خەوى دى بە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)، لە خەوەكەیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو ئەو هەموو جەفاو دوورگرتنەت چیە ئەی بیلال، ئایا كاتى نەهاتووە سەردانم بكەیت، بیلال بە خەفەت و دڵداگیرانەوە لەخەو راچڵەكى، سوارى ولآخەكەى بوو بەرەو مەدینە، چوویە لاى گۆڕەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دەگریا، لەو كاتەدا حەسەن و حوسەین-دوو رەیحانەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- هاتن بۆ ئەوێ، بیلال دەیگوشین بە خۆیدا و ماچی دەكردن، حەسەن و حوسەین وتیان زۆر بە تاسەوەین بانگت ببیستین، ئەویش دڵی دوو رەیحانەكەى نەشكاند و بانگى دا، دەنگى بانگى بیلال لە مەدینەدا بەرزبوویەوە، هەر كە وتى الله أكبر خەڵكی مەدینە راپەڕین، تا گەیشتە أشهد أن محمدا رسول الله ئیتر گریان هەموانى گرتەوە، دواى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رۆژێكى تری وا نەبینرابوو ئاوا گریان هەموان بگرێتەوە.[34]

 

حوسەین لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا

   كاتێك هەواڵی شەهیدبوونى عوثمان گەیشت بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب، عەلى تەواو شڵەژا و هاودەم بە طهلحەو زوبەیر و سەعد چوون بۆ لاى عوثمان و بینییان كوژراوە، عەلى تووڕە بوو لە حەسەن و حوسەین و وتى ئێوە لەبەر دەرگا بوون و هێشتتان ئەمیری باوەڕداران بكوژرێت؟! ئەوانیش وتیان ئێمە ئاگادار نەبوین بە كوژرانى، عەلى دەستى بەرزكردەوەو زللەیەكى دا لە حەسەن و داى بەسەر سنگى حوسەینیشدا، قسەشی وت بە موحەممەدى كوڕی طهلحەو عەبدوڵاى كوڕی زوبەیر.[35]



[1] - لەوانەیە ئەو خوێنەرەى پێشتر لەم بەرگەدا ژیانى حەسەنى كوڕی عەلى خوێندبێتەوە، خێرا بڵێت خۆ ئەم بەشە سەرەتایانەى ژیانى حوسەین دووبارەى ئەوێن و نەدەبوو دابنرێ،ەوە، بەلآم ئێمە ئەوەمان كردووە چونكە زۆربەى ئەوانەى ئەم كتێبە بەكاردێنن بۆ ژیانى هاوەڵێك لە پێڕستەوە بۆی دەچن، بۆیە لەوانەیە  كەسێك تەنها ژیانى حوسەینی كوڕی عەلى مەبەست بێت، بۆیە ئەگەر بڵێین بگەڕێتەوە بۆ ژیانى حەسەن ناگەڕێتەوەو لەوانەیە سارد بێت لەوە، بۆیە هەمان شت كە لێرەدا پێویست بووە  دایدەنێینەوە.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 25.

[3] - الطبقات لابن خياط، ج1، ص 5.

[4] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 443.

[5] - تاريخ الطبرى، ج3، ص 343.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 211.

[7] - ربيع الأبرار للزمخشري، ج1، ص 281.

[8] - الكامل في اللغة و الأدب لمحمد بن يزيد المبرد، ط3،  دار الفكر العربي (القاهرة- 1997)، ج1، ص 140، ربيع الأبرار للزمخشري، ج1، ص 64.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج4، ص 386.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج4، ص 386.

[11] - كتاب المعارف لابن قتيبة الدينوري، ص 49.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 211.

[13] - تاريخ الطبرى، ج3، ص 343.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 475.

[15] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 443.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 211.

[17] - تاريخ الطبرى، ج3، ص 343.

[18] - أسد الغابة، ج2، ص 26.

[19] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 393.

[20] - صحيح ابن حبان، الرقم 7068، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4722، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 11141، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 746، ضعفه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 3706، لكن حسنه شعيب الأرناؤوط، و صححه الذهبي في التلخيص.

[21] - سنن الترمذي، الرقم 3787، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3769، صحيح ابن حبان، الرقم 7077، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31543، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8252، المعجم الصغير للطبراني، الرقم 552.

[22] - سنن الترمذي، الرقم  و قال حديث حسن صحيح، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3782.

[23] - سنن ابن ماجة، الرقم 142، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7672، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 6084، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 4895، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 143.

[24] - صحيح مسلم، الرقم 4554، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31462، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 2662،

[25] - صحيح البخاري، الرقم 3207 و اللفظ له، سنن ابن ماجة، الرقم 3522، صحيح ابن حبان، الرقم 1017، سنن أبي داود، الرقم 4133، سنن الترمذي، الرقم 2037، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 23072، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10416، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2339، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 2315.

[26] - صحيح ابن حبان، الرقم 7081، سنن ابن ماجة، الرقم 143، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4772، مسند ابن أبي شيبة، الرقم 811، مسند الشاميين للطبراني، الرقم 2011، فضائل الصحابة لابن حنبل، الرقم 1312، صححه الذهبي في التلخيص، ضعفه شعيب الأرناؤوط، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 144.

[27] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3888.

[28] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2778.

[29] - سنن الترمذي، الرقم 397 و قال حديث حسن صحيح غريب، صحيح ابن حبان، الرقم 7084، مسند احمد بن حنبل، الرقم 751، ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3779، قال شعيب الأرنؤوط : رجاله ثقات رجال الشيخين غير هانئ بن هانئ روى له أصحاب السنن،

[30] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 289 و قال الذهبي إسناده حسن.

[31] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 32250.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 78 و قال ابن حجر إسناده صحيح، سير أعلام النبلاء، ج3، ص 285 و قال الذهبي إسناده صحيح.

[33] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 285.

[34] - أسد الغابة، ج1، ص 307، سير أعلام النبلاء، ج1، ص358، قال الذهبي إسناده لين و هو منكر.

[35] 0 الثقات لابن حبان، ج2، ص 265.

 2213
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.