دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خالیدی كوڕی وەلید(رضي الله عنه) -بەشی سێیەم-

خالید لە فەتحى مەككەدا

كاتێك بەنى بەكر بەرامبەر بە بەڵێنەكەیان ناپاكییان نواند و هێرشیان كردە سەر خوزاعەى هاوپەیمانانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەوەشدا قورەیشیەكان هاوكار و پشتیوانیان بوون، ئەمەش بوو بە هەڵوەشاندنەوەى رێككەوتنەكەى حودەیبیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیاریدا هێرش بكاتە سەر مەككە و فەتحى بكات.[1]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد ئامادە بن و بە خەڵكەكەشی راگەیاند كە نیازى هەیە بەرەو مەككە بچێت، نزیكەى دوانزە هەزار هاوەڵی كۆچەری و پشتیوانى و هاوەڵانى تر ئامادە بوون،[2] كاتێك لە نزیك مەككە مانەوەو ئەبوو سوفیان چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ موسڵمان بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ویستى هێزی موسڵمانانى نیشان بدات، بۆیە عەبباسی راسپارد تا لە دەروازەیەكەوە ئەبووسوفیان بوەستێنێت تا سوپاكە بەلایدا بڕوات و بیبینێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوپاى سوارەى بۆ دوو دەستە دابەش كردبوو، بەشێكی لەگەڵ زوبەیری كوڕی عەووام بوون كە هاتن و ئەبووسوفیان سوپاكەى بینی، بەدوایدا بەشی دووەم هات كە سەركردەكەى خالیدی كوڕی وەلید بوو و تێپەڕ بوون، ئەبووسوفیان وا شڵەژا بوو وتى ئەی عەبباس ئەمە پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)؟ وتى نا ئەوە خالیدی كوڕی وەلیدە.[3]

فەتحى مەككە یەكەم غەزا بوو كە تیایدا خالید لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزا بكات و پێشتر لە هیچ غەزایەكدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەبوو، چونكە ئەوكات بێباوەڕ بوو.[4]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خالیدی كوڕی وەلیدی كردبوو بە بەرپرسی ئەو یەكەی كە هۆزەكانى ئەسلەم و قوضاعە و بەنی سولەیم و كەسانێكی تریشی لەخۆدەگرت و فەرمانى پێكردبوو لە خوارووى مەككەوە بچنە ناو مەككەوە كە بەنو بەكر لەوێوە بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەم بۆ خالید و هەم بۆ زوبەیریش فەرمانى كردبوو لەگەڵ كەس مەجەنگن تا ئەوان نەجەنگن، كاتێك خالید لەو بەرەیەوە چوو بەرەو ناو مەككە، بەنى بەكر بەرنگارى بوونەوە، بۆیە خالید جەنگى كرد لەگەڵیاندا و تووشی شكستى كردن و چوویە ناو مەككەوە،[5] بەڵام ئیبن كەثير دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد خالید لە سەرووى مەككەوە بچێتە ناو مەككەو خۆی لە خوارووى مەككەوە چوویە ناوەوە،[6] بەڵام بەپێی ئەو فەرموودانەى لە صەحیحی بوخاریدا هاتون وا هاتووە(پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رۆژی فەتح لە سەرووى مەككەوە بەسەر ولآخەكەیەوە هات بەرەو مەككە)،[7] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بیستی جەنگ روویداوە فەرمووى: (مەگەر دوورەپەرێزیم نەكردبوو لە جەنگ كردن؟) هاوەڵان وتیا ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) جەنگەكە لەبەرەى خالیدەوە بوو، جەنگیان بەرامبەر كرد، ئەویش بەرامبەریان جەنگا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (قەزاى خوا چاكترە) واتە قەزاى خوا بووە رووبدات.[8]

 

لەناوبردنى بتی عوززا

لە بیست و چواری رەمەزانى ساڵی هەشتەمى كۆچی و پاش فەتحى مەككە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خالیدی كوڕی وەلیدی نارد تا بتی عوززا لەناوبەرێت، لەگەڵیشیدا سی سوارە هەبوون، كە خالید و دەستەكەی گەیشتنە لاى بتەكە، لەناویان برد و دواتر گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خالید هەواڵی پێدا كە ئەركەكەى بەجێگەیاندووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (ئایا هیچت بینی؟) خالید وتى نا، فەرمووى:  دەى لەناوت نەبردووە، بگەڕێرەوە بۆی و لەناوى بەرە، خالیدیش گەڕایەوە بۆی و شمشێرەكەى هەڵكردبوو، ئافرەتێكی رووتى رەشى قژ پژ بەرەو رووى هات، خالید لێیدا و كردى بە دوو لەتەوە، ئینجا گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ باس كرد، ئەویش فەرمووى: (بەڵێ، ئەو ئافرەتە عوززا بوو و بێهیوا بوو لەوەى هەتا هەتایە لە وڵاتەكەتاندا بپەرسترێت).[9]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كە خالید هاتەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  (بگەڕێرەوە هیچت نەكردووە)، كە خالید گەرایەوە دەبینێت خزمەتكارەكانى پەرستگا هاواریان لێدەكرد ئەی عوززا، ئەی عوززا، خالید كە چوو بۆی دەبینێت ژنێكی رووتى قژ پژە، خۆڵی دەكرد بەسەری خۆیدا، خالیدش كوشتى و گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش فەرمووى: (ئەوە عوززایە).[10]

 

چوونى بۆ بەنى جەذیمە

ئینجا كە خالید لەو كارەى تەواو بوو، لە مانگى شەووالدا واتە دواى رەمەزان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خالیدی كوڕی وەلیدی نارد بۆ لاى بەنى جذیمە تا بانگیان بكات بۆ ئیسلام نەوەك بۆ ئەوەى لەگەڵیان بجەنگێت، هاودەم بەوەش سێ سەد و پەنجا هاوەڵی لە كۆچەران و پشتیوانان و بەنی سولەیم لەگەڵیدا نارد، بەڵام خالید كوشتارێكی كرد لێیان.[11]

هۆكارى رووداوەكە بە دوو گێڕانەوە هاتووە كە بریتین لە:

یەكەم: خالید كە چوویە ئەوێ وتى ئێوە كێن؟ وتیان موسڵمان بووین و نوێژ دەكەین و زەكات دەدەین بە موحەممەد و مزگەوتمان دروست كردووە و بانگى تێدا دەدەین، خالید وتى ئەی ئەو چەكانە چیە پێتان؟ وتیان لەگەڵ هۆزێكی عەرەبی دوژمنایەتیمان هەیە ترساین ئێوە ئەوان بن، خالید وتى دەى چەكەكانتان دابنێن، ئەوانیش چەكیان دانا، خالید وتى بەدیلیان بگرن، ئەوەبوو بەدیل گیران، بۆ بەری بەیان خالید وتى كێ دیلی لایە با بە شمشێر تێی بكەوێت، ئەوەبوو بەنی سولەیم چی دیلیان لابوو كوشتیان، بەڵام كۆچەری و پشتیوانەكان دیلەكانیان ئازاد كردن، كە ئەمە گەیشتەوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (اللهم انی أبرأ الیك مما صنع خالد)، خوایە من لەبەردەم تۆدا خۆ دوور دەگرم لەو كارەى خالید كردى، ئینجا عەلى كوڕی ئەبوو طالیبی نارد تا خوێن باییان بدات.[12]

دووەم: كاتێك خالید چوویە ئەوێ و بانگى كردن بۆ ئیسلام، ئەوان بە باشی نەیاندەزانى بڵێن (أسلمنا) موسڵمان بووین، بەڵكو دەیانوت (صبأنا، صبأنا)، واتە لە دین هەڵگەڕاینەوە، لە دین هەڵگەڕاینەوە، خالیدیش وایزانى بێباوەڕی خۆیان رادەگەیەنن، بۆیە كەوتە كوشتن و گرتنیان، دیلەكان لەناو هاوەڵاندا دابەش بوون، تا بۆ بەیانى خالید فەرمانى كرد هەركەسەو دیلەكەى بكوژێت، ئەوەبوو هەندێ لە هاوەڵان دیلەكانى خۆیان نەكوشتن تا چوونە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەیان بۆ باسكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستەكانى بەرز كردەوەو فەرمووى:  (اللهم إنی أبرأ إلیك مما صنع خالد)، (صلى الله عليه وسلم)، دوو جار ئەوەى فەرموو.[13]

ئەگەر بە دیدێكی زانستی تەماشا بكەین بۆمان دەردەكەوێت گێڕانەوەى دووەم دروستە، لەبەرئەوەی:

یەكەم: دەبینین گێڕانەوەى یەكەم لە كتێبەكانى فەرموودەدا نەهاتووە، بەڵام گێڕانەوەى دووەم لە چەندین كتێبی فەرموودەدا هاتووە بە تایبەت لە صەحیحی بوخاریدا.

دووەم: خوێن بایی كە دەدرێت بۆ كوشتنى هەڵەیە، ئەگینا كوشتنى ئەنقەست بە خوێن بایی چارەسەر ناكرێت.

سێیەم: ئەگەر كوشتنى ناحەق و ئەنقەست بوایە ئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تۆڵەی لێدەسەندەوە، بۆیە ئەوە تۆمەتێكە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئامادە نەبووە نزیكانى خۆی بخاتە بەر دادگاى شەریعەت، ئەوەش دوورە لە شكۆی پێغەمبەری خواوە(صلى الله عليه وسلم).

چوارەم: ئەوە ئیجتیهادێكی هەڵەی خالید بووە كە وایزانیوە بەو چەمكە لە ئیسلام دەستبەردار دەبن، بەوەش گوڕ و تین گرتوویەتی و كەوتووەتە كوشتنیان و دانەنیشتووە وردەكارییان لێبكات و بڵێت مەبەستتان لەو قسەیە چیە؟

 

هەڵوێستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرامبەر بە خالید و كارەكەى:

یەكەم: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناڕەوایی ئەو كارەى خالیدی راگەیاند و لاى خوا دوورگرتنى خۆی لەو كارە نیشاندا.

دووەم: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەك خالیدی لەسەر ئەو كارەى نەكوشت، تەنانەت لە پۆستەكەشی لاینەبرد و دواى ئەوە چەند بەرپرسیارێتی تری پێ راسپارد، چونكە ئەوەى خالید ئەنقەست نەبوو و ئیجتیهادێكی هەڵە بوو، ناشكرێت لەبەر هەڵەیەك ئەزموون و توانایەكى بەهێز پەك بخرێت، بەڵكو لەلایەكەوە دەبێت هەڵەكەى چارەسەر بكرێت، لەلایەكى ترەوە ئاگادار بكرێـتەوە لەو هەڵەی و هەر هەڵەیەكى تری چاوەڕوانكراو.

سێیەم: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلی كوڕی ئەبوو طالیبی بانگ كرد و رایسپارد تا خوێن بایی تەواوى ئەو هۆزە بدات و هەموو بارێكی سەردەمى نەفامى بخاتە ژێر پێی، عەلی چوو بۆ ئەوێ و هەرچی خوێن باییەك هەبوو پێی دانەوە، دواتر چی زیانى دارایی هەبوو هەمووى بۆ قەرەبوو كردنەوە، تەنانەت ئەگەر قاپی بەردەم سەگەكەشیان شكابوایە ئەوەشی بۆ قەرەبوو كردنەوە، دواتر كە تەواو بوو بڕێك سامان مایەوە، عەلى وتى ئەو زیادەش بۆ ئێوە با ئەگەر شتێك ئێمە نەیزانین و ئێوە بیزانن بەوە قەرەبوو بێتەوە، ئینجا گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هەواڵی پێدا كە چی كردووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (چاكت كردو پێكات).[14]

 

خالید لە غەزاى حونەیندا

لە غەزاى حونەیندا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خالیدی كرد بە بەرپرسی بەنی سولەیم، بەڵام بێبباوەران لە هەموو لاوە هێرشیان بردە سەر بەنى سولەیم و تووشی شكستیان كردن و بەنی سولەیم رایانكردو خەڵكێكی مەككەش كە لەگەڵیان هاتبوون رایانكرد،[15] بەڵام دواتر موسڵمانان گەڕانەوەو هەڵیانكوتایە سەر دوژمن و سەركەوتن.[16]

 

 

خالید لە غەزاى طائيفدا

ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە حونەینەوە ویستی رووەو طائیف بڕوات، بۆیە خالیدی كرد بە پێشڕەوی سوپاكە تا پێشتر بڕوات،[17] لە رێدا خالید لەگەڵ بێباوەڕاندا جەنگا و تیایدا ئافرەتێكیشی كوشت، كە دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەوێدا تێپەڕ بوو و ئەو ئافرەتە كوژراوەى بینی فەرمووى:  نەدەبوو ئەوە بكوژرایە، ئینجا بە یەكێكی فەرموو خۆت بگەیەنە بە خالید و پێی بڵێ با ژن و كرێگرتە-كۆیلەى ناچار هێنراو- نەكوژێت.[18]

لەناوبردنى بتی لات

كاتێك وەفدى ثهقیف هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە نزیكەی سیانزە كەسێك زیاتر دەبوون، دواى قسەكانیان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردن بتى لات لەناوبەرن، بەڵام ئەوان وتیان ئێمە زاتى ئەوەمان نیەو دەترسین سزامان بدات، بۆیە تۆ خۆت ئەو بتە لەناوبەرە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستەیەكى ئامادە كرد و خالیدی كوڕی وەلیدی كردە بەرپرسیان، لەنێویشیاندا موغیرەى كوڕی شوعبە هەبوو، كە چوونە ئەوێ بتەكەیان لەناوبرد و گەڕانەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[19]

خالید لە كێشەى بەنیلموصطهلەقدا

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەلیدی كوڕی عوقبەى نارد بۆ لاى بەنى موصطهلەق تا زەكاتیان لێ كۆبكاتەوە، كە چوو بۆ ئەوێ، ئەوانیش بەرەو لاى هاتن، وەلید ترساو وایزانى هاتون تا لەگەڵی بجەنگن، بۆیە گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وای گەیاند كە ئەوان ئامادە نەبون زەكات بدەن و هاتون تا لەگەڵی بجەنگن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیاریدا سوپا بنێرێت بۆیان،[20] بۆیە خالیدی كوڕی وەلیدی نارد و فەرمانى پێكرد پەلە نەكات و وردەكارى بكات، خالیدیش كەوتەڕێ، كە گەیشتە ئەوێ شەو بوو، هەواڵگری نارد تا هەواڵ بزانن، ئەوانیش كە هاتنەوە وتیان خەڵكەكە وابەستەى ئیسلامن و بانگیان بیستراوەو نوێژ دەكەن، بۆ بەیانى خالید چوو بۆ لایان و بینی وایە، بۆیە گەڕایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هەواڵی پێدا كە ئەوان موسڵمانن و هەڵنەگەڕاونەتەوە لە ئیسلام، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاند(يا أيها الذين ءامنوا إن جاءكم فاسق بنبأ فتبينوا...).[21]

لەناوبردنى بتی وەد

بتی وەد ئەو بتە بوو كە هی بەنى كەلب بوو و لە دەومەتەلجەندەل بوو،[22] پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە غەزاى تەبووكدا خالیدی كوڕی وەلیدى نارد تا ئەو بتە لەناوبەرێت، بەڵام بەنوعەبدود هاتنەڕێی خالید تا نەهێڵن لەناوی بەرێت، خالیدیش لەگەڵیان جەنگا تا لەناوى بردن، دواتر ئەو بتەى شكاند و شوێنەوارى نەهێشت.[23]

هێرشی خالید بۆ ئوكەیدر

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خالیدی كوڕی وەلیدی نارد بۆ ئوكەیدرى كوڕی عەبدولمەلیك و وەسفی ئەو كەسەى كرد بۆ خالید، كە خالید گەیشتە لاى قەلآكە مانگەشەو بوو، خالید بە وەسفەكەى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) كابراى ناسیەوە، ئەوەبوو بەدیل گیراو براكەشی كە ناوى حەسسان بوو رایكرد، بەڵام كوژرا و كلآوە زێڕپۆشەكەشى نێردرا بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئینجا خالید ئوكەیدری هێنا بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش خوێنی حەرام كرد و لەسەر پێدانى سەرانە لەگەڵی رێككەوت، ئینجا ئوكەیدر گەڕایەوە بۆ شوێنی خۆی.[24]



[1] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 520-522.

[2] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 525 و 529.

[3] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 532.

[4] - أسد الغابة، ج2، ص 136.

[5] - تاريخ الطبري، ج2، ص 158.

[6] - البداية والنهاية، ج4، ص 294.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 4050، صحيح مسلم، الرقم 2280.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 136.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 145.

[10] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 11097، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 866، قال حسين سليم أسد إسناده صحيح.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 147-148.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 147- 148.

[13] - صحيح البخاري، الرقم 4093، صحيح ابن حبان، الرقم 4822، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5779، مسند احمد بن حنبل، الرقم 6183.

[14] - السيرة النبوية لابن هشام، ج5، ص 96.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 151.

[16] - البداية و النهاية لابن كثير،ج4، ص 325-328.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 158.

[18] - سنن أبي داود، الرقم 2309، قال الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2669 حسن صحيح.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 34.

[20] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 214.

[21] - تفسير ابن كثير، ج4، ص 211.

[22] - البداية و النهاية لابن كثير، ج2، ص 190.

[23] - الأصنام لابن الكلبي، ج1، ص 10.

[24] - تاريخ الطبري، ج2، ص 185.

 1439
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.