دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) - بەشی چوارەم

عەبباس لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا

پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتدان بە ئەبووبەكری صدیق، فاطيمهى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عەبباسی مامى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چوون بۆ لاى ئەبووبەكرو داواى میراتییان كرد، ئەبووبەكریش پێی راگەیاندن كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى دواى خۆی میراتى جێناهێڵێت و هەرچی جێهێشت ئەوە صەدەقەیە.[1]

لێرەدا مشتومڕێكی مێژوویی هەیە سەبارەت بەوەى ئایا عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەیعەتى داوە بە ئەبووبەكری صدیق یان دواتر بەیعەتى داوە.

مێژوونووسی شیعە یەعقووبی دەڵێت: دەستەیەك لە كۆچەران و پشتیوانان دواكەوتن لە بەیعەت دان بە ئەبووبەكر و هەوادارى عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوون، لەوانە عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیب و فەضلى كوڕی عەبباس و زوبەیری كوڕی عەووام و خالیدی كوڕی سەعید و میقدادى كوڕی عەمر و سەلمانى فارسی و ئەبووذەری غیفاری و عەممارى كوڕی یاسر و بەررائی كوڕی عازب و ئوبەی كوڕی كەعب.[2]

پێشتر لە ژیانى جوندوبی كوڕی جونادەدا (ئەبووذەرى غیفارى) باسی راستی ئەم گێڕانەوەمان كردووەو لێرەدا دووبارەى ناكەینەوە.

 

عەبباس لەسەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب بوو بە خەلیفەو مووچەی بۆ خەڵكی بڕیەوە، بۆ عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێنج هەزار درهەمى دیارى كرد چونكە مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، رایەكیش دەڵێت حەوت هەزار درهەمى بۆ تایبەت كرد.[3]

لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططاب كە وشكەساڵی روویدا، عومەرى كوڕی خەططاب ئیستیسقاى بارانى بە عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد، ئەوەبوو خواى گەورە بارانی باراند.[4]

فەرموودەیەك بە صەحیحی هاتووە كە مشتومڕێك لەسەر روانینی عەلى بۆ میراتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەخاتەڕوو، ئەمەش دەقی فەرموودەكەیە:

مالیكی كوڕی ئەوس دەڵێت عومەرى كوڕی خەططاب ناردى بە شوێن مندا، منیش چووم بۆ لاى و ئەوكات خۆر لە بەرزایی ئاسمان بوو، دەبینم لە ماڵەوە دانیشتووەو لەسەر پشتیەكى پێستە پاڵى داوەتەوە، پێی وتم ئەی مال-ناوەكەى كورت كردوەتەوە- خەڵكێ لە هۆزەكەت هاتن و منیش بەخششێكی كەمم كردن، بڕۆ لە نێوانیاندا دابەشی بكە، منیش وتم بریا كەسێكی ترت لەبری من راسپاردایە، ئەویش وتى مالیك لێنەوە، ئینجا یەرفە ْ پەردەدارەكەى عومەر- هات و وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەت دەدەیت عوثمان و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و زوبەیر و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص بێنە ژوورەوە؟ عومەر وتى بەڵێ، ئەویش مۆڵەتى پێدان و هاتنە ژوورەوە، ئینجا یەرفە ْ هاتەوەو وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران مۆڵەتى عەبباس و عەلى دەدەیت بێنە ژوورەوە؟ وتى بەڵێ، مۆڵەتى دا و ئەوانیش هاتنە ژوورەوە، عەبباس وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران لەنێوان من و ئەم درۆزنە تاوانبارە ناپاكە خیانەتكارەدا دادوەری بكە-مەبەستى عەلى بوو-، ئەوانەى لەوێ ئامادە بوون وتیان بەڵێ ئەی ئەمیری باوەڕداران دادوەری نێوانیان بكەو رەحم بەرامبەریان بنوێنە، -مالیك دەڵێت وام هاتە پێش چاو ئەو چوارەش بۆ هەمان شت هاتبوون بۆ لاى عومەر-، عومەر وتى لەسەرخۆ بن، دواتر روویكردەوە ئەو دەستەیە و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، ئینجا تەماشای عەلى و عەبباسی كرد و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا دەزانن پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (میراتى جێناهێڵین، هەرچیمان جێهێشت صەدەقەیە)؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى دەى خوا تایبەتمەندیەكى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەخشیوە كە بە هیچ كەسی تری نەبەخشیوە، خوا دەفەرموێت (وَمَا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَى رَسُولِهِ مِنْهُمْ فَمَا أَوْجَفْتُمْ عَلَيْهِ مِنْ خَيْلٍ وَلَا رِكَابٍ وَلَكِنَّ اللَّهَ يُسَلِّطُ رُسُلَهُ عَلَى مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ)، لەوەش ئەوەى بەنو نەضير بوو، دەى بەخوا تایبەتى نەكرد بە خۆی و بێبەشی نەكردن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەرجى ساڵێك یان خەرجى ساڵێكی خۆی و خێزانەكانى لێ هەڵدەگرت و ئەوەى دەمایەوە لە رێی خوادا دەیبەخشی، ئینجا عومەر روویكردە ئەو چوارەى تر و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەوە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، ئینجا لایكرد بە لاى عەلى و عەبباسدا و وتى سوێندتان دەدەم بە خوا كە ئاسمان و زەوى بە مۆڵەتى ئەو وەستاون، ئایا ئەم دوانەشتان ئەمە دەزانن؟ وتیان بەڵێ، عومەر وتى كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد ئەبووبەكر وتى من دۆست و وەلى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم)، تۆ-عەبباسى دەدواند- و ئەمە-واتە عەلى- چوون بۆ لاى ئەبووبەكر، تۆ میراتى برازاكەتت داوا دەكرد-واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- ئەمیش میراتى ژنەكەى-واتە فاطيمه- لە باوكیەوە –واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- داوا دەكرد، ئەبووبەكر وتى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى(میراتى جێناهێڵین، ئەوەى جێی دەهێڵین صەدەقەیە)، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى درۆ دەكات و تاوانبار و ناپاكە، خواش دەزانێت راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو بوو و شوێن حەق كەوتبوو، ئەوەبوو دەسەلآتى گرتەدەست، دواتر كە ئەبووبەكر وەفاتى كرد من وتم من دۆست و وەلى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دۆست و وەلى ئەبووبەكرم، كەچی ئەم دوانەتان واتاندەزانى من درۆ دەكەم و تاوانبار و ناپاك و خیانەتكارم، خواش زانایە كە من راستگۆ و چاكەكار و ژیر و تێگەیشتوو و شوێنكەوتەى حەقم، ئەوەبوو دەسەلآتم گرتەدەست، ئینجا ئێستا تۆ و ئەمە و هەموو ئێوەش هاتون و قسەتان یەكەو لەو بارەوە پرسیار لە من دەكەن-واتە بارى دەسەلآت-، منیش دەڵێم ئەگەر ئەم دوانەتان دەتانەوێت ئەوە بدەمە ئێوەو بەرامبەر بەوە بەڵێنی خواتان لەسەر بێت كە بەو جۆرەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری بوو لەسەری بڕۆن، لەسەر ئەوە لە منى وەربگرن و دواتر بێن بۆ لام و داوا بكەن بە بارێكی تر-جیا لەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەرۆیشت- دادوەری نێوانتان بكەم؟! نا بەخوا تا رۆژی دوایی جگە لەوە-كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دەچوو- دادوەرى نێوانتان ناكەم، ئەگەریش دەرەقەتى ئەوە نایەن ئەوە بیدەنەوە دەست خۆم.[5]

لەم فەرموودەدا بۆمان دەردەكەوێت لەلایەكەوە هەموو ئەو هاوەڵانە دانیان بەوەدا ناوە كە بیستوویانە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتێ جێناهێڵێت و لەوەدا ئەبووبەكر لەسەر حەق بوو كە میراتى نەبەخشی بە فاطيمه، هەروەها بەڵگەیە لەسەر بوونى كێشەى نێوان هاوەڵان و هەوڵدانیان بۆ چارەسەركردنى، هەروەها عومەر لە هەڵوێستی عەلى و عەبباسەوە روانینی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستەیان نیشانداوە كە لەوانەیە ئەوان ئەویش و ئەبووبەكریش بە درۆزن و ناپاك تەماشا بكەن، لەكاتێكدا بەپێی گێڕانەوەى تر كە باسمان كردووە ئەو گومانە نەبووە، بەڵام ئەم دەربڕینە هاوشێوەی ئەوەیە كەسێك كە بەرامبەرەكەى دەدوێنێت بۆ زیاتر سەلماندنى حەقبوونى دەڵێت هەرچەندە تۆ وادەزانیت من ئاواو ئاوەهام، لەلایەكەوە تا ئەگەر ناخى بەرامبەر شتێكی تێدا بێت رێی بۆ بكاتەوە تا ئاشكراى بكات، لەلایەكی تریشەوە تا پێی بڵێت من رام وایە تۆ وا بیر دەكەیتەوە.

هاوەڵان پلەوپایەى عەبباسیان دەزانى و رێزێكی زۆریان لێدەگرت و راوێژیان پێدەكرد.[6]

كۆچی دوایی عەبباس

عەبباس لە كۆتاییەكانى تەمەنیدا تووشی نەخۆشی بوو و دواجار لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففان و پێش كوژرانى عوثماندا لە ساڵی سی و دووی كۆچی و لە رۆژی هەینی و لە دوانزەى رەجەب یان دوانزەى رەمەزاندا لە مەدینە كۆچی دوایی كرد و عوثمانى كوڕی عەففان نوێژی لەسەر تەرمەكەى كرد و لە گۆڕستانى بەقیع ئەسپەردە كرا، لە كاتى وەفاتیدا تەمەنى هەشتا و هەشت ساڵان بوو.[7]

عەبباس تا كاتى وەفاتى نزیكەى حەفتا كۆیلەى ئازاد كرد،[8] چونكە كەسێكی بازرگان بوو، دەوڵەمەند بوو و خێری زۆری دەكرد.

عەبباس دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ذاق طعم الإيمان، من رضي بالله ربا و بالإسلام دينا و بمحمد نبيا[9] (ئەوە چێژی ئیمانە، كەسێك رازى بێت خوا پەروەردگارى بێت و ئیسلام ئایینی بێت و موحەممەد پێغەمبەرى بێت).

عەبباس دەڵێت جارێك پرسیارم كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فێری شتێكم بكە كە داواى بكەم لە خوا، فەرمووى(داواى عافیەت لە خوا بكە)، چەند رۆژێك پاش ئەوە هەمدى هەمان پرسیارم كردەوە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرمووى(ئەى عەبباس، ئەی مامى پێغەمبەرى خوا، داواى عافیەت لە خوا بكە لە دنیا و قیامەت).[10]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 315.

[2] - تاريخ اليعقوبي، دار صادر، بيروت، ج2، ص 124.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 297.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 166.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 2944، صحيح مسلم، الرقم 3389 و اللفظ له، صحيح ابن حبان، الرقم 6712، سنن أبي داود، الرقم 2589، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6127،

[6] - أسد الغابة، ج3، ص 166.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 166.

[8] - أسد الغابة، ج3، ص 166.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 74.

[10] - سنن الترمذي، الرقم 3521 و قال حديث صحيح، صححه الألباني في صحيح وضعيف سنن الترمذي، الرقم 3514.

 1226
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.