دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان ئەبرەهەیە

ئەبرەهە (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە لاى هەریەك لە ئیبن حەجەرو ئیبن ئەثيریش ناوى هاتووە، بەڵام ناوى باوك و رەچەڵەكى نەهاتووە.

ئیبن ئەثير سەبارەت بە هاتنى ئەم هاوەڵە گێڕانەوەیەك دێنێت: كاتێك موسڵمانانى حەبەشە زانییان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و موسڵمانان لە جەنگى بەدردا سەركەوتن، داواى مۆڵەتیان كرد لە نەجاشی تا بچنەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ژمارەیەك لەوانەى لاى نەجاشی بوون و بڕوایان هێنابوو بە نەججاشییان وت مۆڵەت بدە بە ئێمەش با بچین بۆ لاى ئەو پێغەمبەرەو بزانین ئەو كەسەیە كە لە كتێبەكەماندا باسی كراوە؟ ئەوەبوو چوون بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و لەگەڵیدا بەشدارى غەزاى ئوحود بوون، ریوایەتێ لە موقاتیل و كەسانى تریشەوە دێنێ كە وتویانە ئەوانە 40 كەس بوون، سی و دوو كەسیان لە گەڵ جەعفەرى طهیاردا هاتن، هەشت كەسیشیان لە شامەوە هاتن (بوحەیراو ئەبرەهەو ئەشرەف و تەمام و ئیدریس و ئەیمەن و نافع و تەمیم)، ئەمە گێڕانەوەى ئەبوو مووسا بوو كە ئیبن ئەثير هێناویەتى، ئیبن ئەثير دەڵێت ئەگەر مەبەستى بە بوحەیرا یەكێكی تری جیا لەو بوحەیرایە بێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە منداڵی بینی، ئەوە ئەگەرى هەیە ئەم هاتنى وەفدە راست بێت.[1]

ئیبن حەجەر دەڵێت وادیارە ئەمە بوحەیرایەكى ترە، چونكە پێفەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى لە خاكى شام دیوە، بەڵام ئەم بوحەیرایەیان لە حەبەشە بووە، باكوورى وڵات لەكوێ و باشوورى لەكوێ، ئاساییە دوو كەس یەك ناویان هەبێ.[2]

بەڵام بەپێی هەموو سەرچاوەكان جەعفەرى طهیار (رضي الله عنه) و موسڵمانان لە فەتحى خەیبەردا هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[3] دیاریشە غەزاى ئوحود لەپێش فەتحى خەیبەر روویداوە، بۆیە هاتنى ئەو كەسانە لەگەڵ جەعفەرى طهیار بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەشداری كردنیان لە غەزاى ئوحوددا، بەپێی سەرچاوەكان هەڵەیەو راستی تێدا نیە، دەشكرێ ئەو ئەگەرە دابنێین ئەو كەسانەى تر (واتە ئەو 40 كەسە) بەجیا و بەبێ جەعفەر هاتبن، وەك چۆن ئیبن حەجەر باس لەوە ناكات هاتنى ئەو كەسانە لەگەڵ جەعفەردا بووبێت.[4]

 

ئەبرەهەى كوڕی شورەحبیل(رضي الله عنه):

ئەبرەهە لە شام بووو لەوێ دەسەلآتى هەبوو،[5] ئیبن حەجەر وا ناوى هێناوە: ئەبرەهەى كوڕی شورەحبیلى كوڕی ئەبرەهەى كوڕی صەباحى كوڕی شورەحبیلى كوڕی لوهەیعەى كوڕی زەیدولخەیری حیمیەرى،[6] حیمیەریەكان بەرەچەڵەك یەمەنین، هەندێ لە حیمیەریەكان لە شام بوون، لەوانە كەعبی ئەحبار.[7]

ئەبرەهە وەك وەفد هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش راخەرێكى بۆ راخست، ئیبن حەجەر وتەى (الرشاطى) دێنێت كە ئەبرەهە فەرموودەى لە  پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[8]

 

ئەبرەهەى كوڕی صەباحى حەبەشی(رضي الله عنه):

ئیبن حەجەر لە (الإصابة) دا باسی كردوەو وا ناوى هێناوە: ئەبرەهەى كوڕی صەباحى حەبەشی یان حیمیەری، ئیبن حەجەر دەڵێت فاكهى لە (كتاب مكة) دا دەڵێت ئەبرەهەى حەبەشی یەكێك بووە لەو كەسانەى كە لە مەككە بووە،  دەوترێ لە حیمیەریەكانە، ئیبن حەجەر دەڵێت سەرەتا نەمدەزانى ئایا ئەم ئەبرەهەیە باپیری هەمان ئەوەى پێشووە كە باسم كردووە واتە باپیری ئەبرەهەى كوڕی شورەحبیلە یان كەسێكى ترە، دواتر بۆم دەركەوت كە كەسێكى ترە، هەروەها ئیبن حەجەر قسەى ئیبنولكەلبی دێنێ كە ئەبرەهەى كوڕی صەباح پاشای (تهامە) بووە و دایكیشی كچی ئەبرەهەى ئەشرەم بووە،[9] ئەبرەهەى ئەشرەم ئەو كەسە بوو كە هێرشی بردە سەر كەعبە، ئەبرەهەى ئەشرەم دەسەلآتدارێكى دیارى  یەمەن بوو كە لە یەمەن كەنیسەیەكى گەورەى دروستكرد، كاتێ زانى كەعبە زیاتر گرنگى پێدەدرێ، سوپاى كۆكردەوەو فیلى ئامادەكرد و بڕیاری دا كەعبە برووخێنێ، بەسەرهاتەكەى لە كتێبەكانى مێژوودا هاتووە، خواى گەورەش لەو بارەوە  سوورەتى الفیل)ى دابەزاند،[10]  واتە خواى گەورە لە نەوەى ئەم كەسە یاخیبووە  ستەمكارە هاوەڵێكى باوەردارى بەخشی بە ناوى ئەبرەهەى كوڕی صەباح، واتە صەباح زاواى ئەبرەهەى ئەشرەمى ستەمكار بووە.[11]



[1] - أسد الغابة، ج1ص71.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص22.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص486، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص242، أسد الغابة، ج1ص421، سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1ص206.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص22.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[7] - اللباب في تهذيب الأنساب لأبوالحسن الشيبانى الجزري، ج1ص393.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[10] -البداية والنهاية لابن كثير، ج2ص169-171.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

 2131
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.