دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (سەواد) بووە

سەوادى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى سەوادى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە،[1] سەواد دەڵێت جارێك چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بۆنێكم لە خۆم دابوو (بۆنی خلوق)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە منى بینی، فەرمووى ئەی سەوادى كوڕی عەمر بۆنى خەلوقت بەكارهێناوە؟ مەگەر من رێگریم لێ نەكردون؟ ئینجا دارێكی بەدەستەوە بوو سووكێك خوڕیە سكم و ئازارێكی دام، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆڵەم دەوێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى باشە، بۆیە سكى خۆی بۆ دەرخستم، منیش سكیم ماچ كرد، دواتر وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وازى لێ دێنم بەڵام تۆش لە رۆژی دواییدا شەفاعەتم بۆ بكە.[2]

سەوادى كوڕی غەزیە(رضي الله عنه)

ناوى سەوادى كوڕی غەزیەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[3]

سەواد یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لە غەزاكەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ریزەكانى رێك دەكرد، بەو دارەى لە دەستیدا بوو داى لە سكی سەواد، ئەویش وتىئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئازارت دام، تۆڵەم دەوێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكی خۆی بۆ نیشان دا، ئەویش ماچی كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى خێری بۆ كرد.[4]

ئیبن حەجەر دەڵێت ئەگەر چی ئەو رووداوە بۆ سەوادى كوڕی عەمریش هاتووە، بەڵام هیچ رێگرێك نیە ئەم رووداوە لەوى تر جیا بێت، بەتایبەت كە هۆكارەكانیان جیاوازە.[5]

سەواد لە غەزاى بەدردا خالیدی كوڕی هیشامى بەدیل گرت.[6]

سەواد دواتر لە غەزاكانى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[7]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەوادى كرد بە بەرپرسی خەیبەر بۆ كۆكردنەوەى داهاتەكەى، سەوادیش چوو بۆ ئەوێ و جۆرێكی زۆر باشى خورماى هێنایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئایا هەموو خورماى خەیبەر ئاوایە؟ وتى نا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئێمە مشتێكمان بە دوو مشت و دوومشتمان بە سێ مشت كڕیوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (وا مەكە، بەڵكو ئەوەیان بفرۆشەو بە پارەكەى لەوەى تر بكڕە).[8]

 

سەوادى كوڕی قاریب(رضي الله عنه)

ناوى سەوادى كوڕی قاریبە، ئەم هاوەڵە خەڵكی یەمەن بوو، سەواد بەسەرهاتى خۆی بۆ عومەرى كوڕی خەتتاب دەگێڕێتەوەو دەڵێت: شەوێك راكشابووم، نە ئەوەبوو خەوتبم، نە ئەوەبوو بێدار بم، جنۆكەیەك هات و بە قاچ لێیدام و وتى ئەى سەوواد هەستەو تێبگە ئەگەر عەقڵت هەیە، وا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نێردراوەو بانگەواز دەكات بۆ لاى خواو پەرستشی خوا، ئینجا شیعرێكی هۆنیەوە، منیش سەرم بەرز نەكردەوەو وتم بهێڵە بخەوم، بۆ شەوی دووەم بە هەمان شێوە هات و هەمان شتی پێ وتم و هەمان شیعری هۆنیەوە، منیش سەرم بەرز نەكردەوە، بۆ شەوی سێیەم هاتەوەو هەمان رووداوى دوو شەوی پێشوو دووبارە بوویەوە، ئیتر خۆشەویستی ئیسلام چوویە دڵمەوە، كە رۆژ بوویەوە بارگەم پێچایەوەو رووەو مەككە كەوتمە ڕێ، لە نیوەی رێدا بووم كە بیستم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كردووە بۆ مەدینە، بۆیە چووم بۆ مەدینە، هەواڵی پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) پرسی وتیان لە مزگەوتە، چووم بۆ مزگەوت و وشترەكەمم مۆڵدا و چوومە ژوورەوە، بینیم خەڵكی لە دەورى پێغەمبەرى خوان (صلى الله عليه وسلم)، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گوێم لێبگرە، ئەبووبەكر وتى لێی نزیك بەرەوە، منیش چوومە پێشەوە تا چوومە بن دەستی، فەرمووى ئادەى هەواڵی ئەو جنۆكەم پێ بڵێ، منیش بە شیعر بەسەرهاتەكەم بۆ هۆنیەوە و شایەتومانیشم هێنا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە هاوەڵانى زۆر خۆشحاڵ بوون بە موسڵمان بوونەكەم تا ئاستێ ئەو خۆشحاڵیە بە دەموچاویانەوە دەبینرا.[9]

سەوادى كوڕی قوطبه(رضي الله عنه)

ناوى سەوادى كوڕی قوطبهیە و دواتر چوو بۆ ناوچەی جورجان و لەوێ نیشتەجێ بوو.[10]

سەوادى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى سەوادى كوڕی مالیكى كوڕی سەوادە، كە چوویە خزەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە عەبدوڕەحمان.[11]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 217.

[2] - السنن الكبرى لبيهقي، الرقم 14914.

[3] - أسد الغابة، ج2، ص 561.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 218.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 218.

[6] - أسد الغابة، ج2، ص 561.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 516.

[8] - سنن الدارقطني، الرقم 2493.

[9] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6599، معجم أبي يعلى الموصلي، الرقم 323، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6343، قال الذهبي إسناده منقطع.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 221.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 221.

 1405
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.