دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (سەعد) بووە - بەشی یەكەم

سەعدى خزمەتكار (رضي الله عنه)

ناوى سەعدەو خزمەتكارى عوتبەى كوڕی غەزوان بوو، دەوترێت ئەم ئایەتە لە بارەى سەعدەوە دابەزیوە(ولا تطرد الذين يدعون ربهم...).[1]

سەعدى دەوسی (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی ئەبی ذوبابی دەوسیە،[2] ئەم هاوەڵە دەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووم و ئەویش منى وەك بەرپرسی هۆزەكەى خۆم دانا، لە سەردەمى ئەبووبەكری صدیقدا خەلیفە منى بە بەرپرسی هۆزەكەم هێشتەوە، عومەرى كوڕی خەططابیش لەو پۆستەمدا هێشتمیەوە.[3]

سەعدى كوڕی تەمیم (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی تەمیمى سكوونیە، دواتر لە دیمەشق نیشتەجێ بوو، كوڕێكی هەبوو بە ناوى بیلال كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[4]

سەعد دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چاكترین خەڵكی كێن؟ فەرمووى من و ئەوانەى سەدەكەى (سەردەمەكەى)[5] من، وتم ئەی دواى ئەوانە؟ فەرمووى (ئینجا سەدەى دووەم)...[6]

سەعدى كوڕی جاریە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی جاریەیە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە بەنى ساعیدە، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[7]

سەعدى كوری جەمماز(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی جەممازى كوِی مالیكە، لە پشتیوانانە، برایەكى هەبوو بە ناوى كەعب، سەعد لە غەزاى ئوحود و غەزاكانى تردا بەشدار كرد و دواجار لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو.[8]

سەعدى كوڕی جونادە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی جونادەى عەوفیە، سەعد دەڵێت یەكەم كەس بووم لە خەڵكی طائیف كە چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەرەبەیانێك چوومە دەرەوەو بۆ عەسر هاتمە مینا و سەر شاخەكە كەوتم و دواتر دابەزیم و چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووم، ئەویش (قل هو الله أحد) و (إذا زلزلت الأرض زالزالها) ى فێر كردم، ئەم وشانەشی فێر كردم (سبحان الله و الحمد لله و لا إله إلا الله و الله أكبر).[9]

سەعدى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی حارثى كوڕی صیممەیە، لە پشتیوانانە، دواى لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا لەناو سوپاى عەلیدا بەشدار جەنگى صفینی كرد و تیایدا كوژرا.[10]

سەعدى كوڕی حەبتە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی حەبتەیە، حەبتە ناوى دایكیەتى و بە ناوى دایكیەوە ناسراوە، حەبتەى دایكی هێناى بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش نزاى بۆ كرد.[11]

لە غەزاى ئوحوددا سەعد ویستی بەشدارى بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو و چەند هاوەڵێكی تری گەراندەوەو نەیهێشت لەبەر كەمى تەمەنیان بەشدارى بكەن.[12]

دواتر سەعد لە غەزاى خەندەقدا بەشدارى كرد و بە چاكى دەجەنگا، هێشتا تەمەنیشی زۆر نەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموىو ئەی گەنج تۆ كییت؟ وتى سەعدى كوڕی حەبتەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خوا باپیرەت بەختەوەر بكات لێم نزیك بەرەوە، ئەویش لێی نزیك بوویەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى هێنا بەسەر سەریدا.[13]

سەعد دواتر چوو لە كووفە نیشتەجێ بوو و لەوێ كۆچی دوایی كرد و زەیدی كوڕی ئەرقەم نوێژی لەسەر كرد.[14]

سەعدى كوڕی خاریجە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی خاریجەى كوڕی ئەبوزوهەیرە، برایەكى هەبوو بە ناوى زەید، خۆی و زەیدی براى و باوكیشی لە هاوەڵانى پێغەمبەرى خوان (صلى الله عليه وسلم).[15]

خاریجەى باوكى لە بەیعەتى عەقەبە[16]و غەزاى بەدر[17]وئوحودیشدا بەشدارى كرد و لەو غەزایەدا شەهید بوو.[18]

سەعد خوشكێكی هەبوو بە ناوى حەبیبە كە خاریجەى باوكى مارەى كرد لە ئەبووبەكرى صدیق، ئەبووبەكریش لەم ئافرەتە منداڵێكی بوو بە ناوى ئومموكلثوم،[19] ئەبووبەكر لە سەرەمەرگدا بوو كە حەبیبەى كچی خاریجە سكی هەبوو بەو كچەیەوە.[20]

سەعد هاودەم بە خاریجەى باوكى لە غەزاى ئوحوددا بەشداری كرد و هەردووكیان لەو غەزایەدا شەهید بوون.[21]

سەعدى كوڕی خەلیفە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی خەلیفەى كوڕی ئەشرەفە، لە پشتیوانانە لە بەنى ساعیدە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، لە جەنگى قادسیەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[22]

 

سەعدى كوڕی خەولە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی خەولەى عامیریە، ئەم هاوەڵە بە بنەڕەت فارس بووەو لە یەمەن نیشتەجێ بوو و دواتر هاتە مەككەو تێكەڵیان بوو،[23] ژنێكى هێنا بە ناوى سوبەیعەى ئەسلەمى كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[24]

سەعد یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.

سەعد لە حەجى ماڵئاواییدا كۆچی دوایی كرد، ئەوكات ژنەكەشی سكپڕ بوو،[25] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەرەخۆشی دەكرد لەوەى كە سەعد لە مەككە مردووە لەكاتێكدا لەو شارە كۆچی كردبوو.[26]

 

سەعدى كوڕی خەولى (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی خەولیەو خزمەتكارى حاطيبي كوڕی ئەبی بەلتەعە بوو، هاودەم بە گەورەكەى بەشدارى غەزاى بەدرى كرد، دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[27]

سەعدى كوڕی خەيثهمە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی خەيثهمەى كوڕی حارثى كوڕی مالیكە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[28] كونیەكەى ئەبووخەيثهمەیەو یەكێكە لە دوانزە نەقیبەكەى بەیعەتى عەقەبە،[29] دایكی ناوى هیندی كچی ئەوسە.[30]

ژنەكەى سەعد ناوى جەمیلەى كچی ئەبی عامیر بوو.[31]

كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و لە حودەیبیەدا بەشدار بوو.[32]

سەعد یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەو یەكێك بوو لە دوانزە نەقیبەكە.[33]

كاتێك هاوەڵە كۆچەریەكان كۆچیان كرد بۆ مەدینە، زۆربەى ئەو هاوەڵانەى ژنیان نەبوو لە ماڵی سەعد دادەبەزین و لەوێ دەمانەوە.[34]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە برایەتى خستە نێوان سەعد و ئەبووسەلەمەى كوڕی عەبدولئەسەدەوە.[35]

كاتێك هاوەڵان خۆیان ئامادە دەكرد بۆ جەنگى بەدر، خەيثهمە بە سەعدى كوڕی وت دەبێت یەكێكمان بچین و ئەوى ترمان لە ماڵەوە بمێنێتەوەو لاى ژن و مناڵەكان بێت، بۆیە تۆ لێرە بە با من بچم، سەعد وتى باوكە گیان ئەگەر مەسەلەكە جگە لە بەهەشت بوایە بە دڵنیاییەوە رازى دەبووم، بەڵام هیوام هەیە ئەمجارە شەهیدیم بە نسیب بێت، دواجار باوك و كوڕ گەیشتنە ئەو ڕێككەوتنەى تیرو پشك بكەن، سەعد ناوى دەرچوو تا بەشدار بێت، لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)لە بەدردا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[36]

سەعدى لە غەزاى بەدردا بە دەستی كابرایەك كوژرا بە ناوى عەمرى كوڕی عەبدود، رایەكیش دەڵێت بەڵكو طوعەیمەى كوڕی عەدى كوشتوویەتى.[37]

خەيثهمەى باوكى سەعد لە ئوحوددا بەشدارى كردو لەو غەزایەدا بە دەستى هوبەیرەى كوڕی ئەبی وەهب شەهید كرا،[38] بەوجۆرە ئەو تاسەی شەهیدیەى كە لەگەڵ كوڕەكەى تیروپشكی بۆ دەكرد، لە یەكەم غەزادا بۆ كوڕەكەى بوو كە پاداشتى ئەوەشی دەستكەوت، لە دووەم غەزاشدا بۆ خۆی بوو.

سەعدى كوڕی ذوئەیب(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی ذوئەیبە، لە فەتحى مەككەدا بەشدار بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كوشتنى دەركرد بۆ چەند كەسێك كە لێخۆشبوون نەیدەگرتنەوە، یەكێك لەوانە ئیبن خەطهل بوو، سەعد چوو بۆی و كوشتى.[39]

سەعدى كوڕی رەبیعى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی رەبیعە، لە پشتیوانانە و كونیەكەى ئەبولحارثه، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى خەندەق.[40]

 

سەعدى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە لە ئەشهەلیەكان، شمشێرێكی بە دیارى بردووە بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[41]

سەعدى كوڕی زەیدی ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی زەیدی كوڕی مالیكە، لە پشتیوانانە لە ئەشهەلیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە، لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد.[42]

 

سەعدى كوڕی زورارە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی زورارەیە، براى ئەسعەدى كوڕی زورارەیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە بەنى نەججار.[43]

سەعد دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (خوایە سەرم بخەیت بەسەر ئەوەدا كە لێم یاخى بووە، تۆڵەم وەرگریتەوە لەوەى ستەمى لێكردوم، جەستەم سەلامەت بكەو بەهرەدارم بكە بە بیستن و بینینم تا مردنم).[44]

 

 

سەعدى كوڕی سەهل(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی سەهلى كوڕی مالیكە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[45]

سەعدى كوڕی سوەید(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی سوەیدی كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر،[46] دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[47]

سەعدى كوڕی ضومەیرە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی ضومەیرەى كوڕی سەعدى سولەمیە، لە غەزاى حونەیندا بەشدارى كرد.[48]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 92.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 57.

[3] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 16405.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 48.

[5] - مەبەسەت بە (قرن) لە فەرموودەكەدا سەد ساڵ نیە، بەڵكو واتاى سەردەم دەگەیەنێت.

[6] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2831.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 50.

[8] - أسد الغابة، ج2، ص 405.

[9] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5347، موضع إرسال.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 50.

[11] - أسد الغابة، ج2، ص 404.

[12] - أسد الغابة، ج2، ص 334.

[13] - أسد الغابة، ج2، ص 404.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج6، ص 52.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 53.

[16] - أسد الغابة، ج2، ص 104.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 223.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 44.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 169.

[20] - أسد الغابة، ج2، ص 105.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 53.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 53.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 53.

[24] - صحيح مسلم، الرقم 2806.

[25] - صحيح مسلم، الرقم 2806.

[26] - صحيح البخاري، الرقم 1247.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 54.

[28] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص 588.

[29] - أسد الغابة، ج2، ص 411.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 481.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 481.

[32] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 481.

[33] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 481.

[34] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 174.

[35] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 481.

[36] - أسد الغابة، ج2، ص 411.

[37] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 56.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 350.

[39] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 57.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 60.

[41] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3،  61.

[42] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 61.

[43] - أسد الغابة، ج2، ص 415.

[44] - الدعاء للطبراني، الرقم 1347.

[45] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 63.

[46] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 63.

[47] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2861.

[48] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 64.

 1798
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.