دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (سەودە) بووە

سەودەى كچی حارثه(رضي الله عنها)

ناوى سەودەى كچی حارثهیە، لە پشتیوانانە، هاوسەری عەمرى كوڕی حەزمە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[1]

سەودەى كچی زەمعە(رضي الله عنها)

ناوى سەودەى كچی زەمعەى كوڕی قەیسی قوڕەیشی عامیرە، هاوسەری پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و دایكی باوەڕدارانە،[2] دایكی ناوى شومووسی كچی قەیسە و خەڵكی مەدینە بووە.[3]

سەودە سەرەتا هاوسەری سەكرانى كوڕی عەمر بوو، سەكران و سەودە هەردووكیان باوەڕیان هێنا و كۆچیان كرد بۆ حەبەشە، رایەك دەڵێت سەكران لە حەبەشە مرد، رایەكیش دەڵێت بەڵكو هاتنەوە مەككەو لەوێ سەكران كۆچی دوایی كرد.[4]

دواى وەفاتى خەدیجە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەودەى بەهاوسەر گرت و ماوەیەك تەنها سەودە خێزانى بوو، هەندێ دەق هاتووە كە نزیكەی سێ ساڵ تەنها سەودە هاوسەری بوو، ئینجا عائیشەی بەهاوسەرگرت.[5]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پاش مەرگى سەكران وەستا تا ماوەی سەودە تەواو بوو، پاشان داواى كرد، سەودە وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قسەی من لەدەست تۆیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەى كەسێك لە خزمانت راسپێرە تا بەشووت بدات، ئەویش حاطيبى كوڕی عەمرى راسپارد، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەودەى بەهاوسەر گرت.[6]

سەودە تەمەنى زۆر بوو، دەترسا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەلآقی بدات،[7] بۆیە داواى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەلآقی نەدات، هەروەها ئەو رۆژەی خۆی كە مافی بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتەوە بۆ لاى، بەخشی بە عائیشە.[8]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە، پاش ماوەیەك زەید و ئەبوورافیعی بە دوو وشترەوە نارد بۆ مەككە تا فاطيمهو ئومموكلثوم و سەودەى كچی زەمعەو ئومموئەیمەن و ئوسامەى كوڕی زەید بهێنن بۆ مەدینە.[9]

عومەرى كوڕی خەططاب داواى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد تا رووپۆش بۆ ژنەكانى بەكاربهێنێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)رازى نەبوو، شەوێك سەودەى هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ژنێكی بالآبەرز بوو چوویە دەرەوە، عومەر وتى ئەی سەودە تۆمان ناسیەوە، دواى ئەوە ئایەتى حیجاب دابەزی.[10]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى خەیبەردا هەشتا كۆڵ خورما و بیست كۆڵ گەنمى پێدا.[11]

رایەك دەڵێت سەودە لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا كۆچی دوایی كردووە، رایەكى تریش دەڵێت لە شەووالى ساڵی پەنجاو چوارى كۆچیدا لە مەدینە وەفاتى كرد.[12]

 

سەودەى كچی ئەبی حوبەیش (رضي الله عنها)

ناوى سەودەى كچی ئەبی حوبەیشى جوهەنیە، خۆی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون، هەردووكیشیان بەشدارى كۆچ بون، سەودە چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا.[13]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 720.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج2،ص 265.

[3] - أسد الغابة، ج7، ص 173.

[4] - أسد الغابة، ج2، ص 482.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 265.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 53.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 53.

[8] - أسد الغابة، ج7، ص 173.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 269.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 145.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 56.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 267.

[13] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 722.

 1593
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.