دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عائیشەی كچی ئەبووبەكر (رضي الله عنها) - بەشی هەشتەم

عائیشەو بنەماڵەى عەلى كوڕی ئەبووطالیب

پەیوەندى نێوان عائیشەی دایكی باوەڕداران و خێزانى عەلى كوڕی ئەبووطالیب پەیوەندیەكى دۆستانە بوو و هەركام لەوان فەزڵی یەكتریان دەزانى، فەرموودەكانیش شایەتى ئەو راستیەن، لێرەشدا بە نموونە چەند گێڕانەوەیەك دەخەینەڕوو:

عائیشە و فاطيمهى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێكەوە كۆچیان كرد بۆ مەدینە:

عائیشە دەڵێت دواى ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە، زەیدی كوڕی حارثهى نارد بۆ لامان و ئەبوورافیعی مەولاشی لەگەڵدا نارد، دوو وشتر و پێنج سەد درهەمى پێدان تا بۆ كۆچەكە چی وشتریان پێویستە بیكڕن، ئەبووبەكریش عەبدوڵاى كوڕی ئورەيقيطى بە دوو یان سێ وشترەوە نارد و نامەیەكى نووسی بۆ عەبدوڵاى كوڕی ئەبووبەكر و فەرمانى پێدەكرد دایكی و من و ئەسمائی خوشكم بەودا بنێرێت بۆ مەدینە، ئەوەبوو كەوتنەڕێ، لەنیوەی رێدا زەید بە پارەكە سێ وشترى كڕی، دواتر هەموویان هاتنە مەككەو رێیان كەوتە طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا كە دەیویست خێزانى ئەبووبەكر ببات بۆ مەدینە، ئەوەبوو هەموومان كەوتینەڕێ، زەید و ئەبوورافیع فاطيمه و ئومموكلثوم و سەودەى كچی زەمعەیان هێنان، هەروەها زەید ئومموئەیمەن و ئوسامەى كوڕی زەیدی هێنا، عەبدوڵاى كوڕی ئەبووبەكریش دایكم و من و ئەسمائی هێنا، طهلحەش هاودەم بە ئێمە هات و هەموو پێكەوە كەوتینەڕێ تا گەیشتینە مەدینە، ئەو كات موسڵمانان خەریكی دروستكردنى مزگەوتى مەدینە بوون.[1]

فاطيمه بە پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) وت بەڵێ خۆشم دەوێت:

جارێك هەندێ لە هاوسەرەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆبوونەوە تا ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بەو خۆشەویستیە زۆرەی كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەیبوو بۆ عائیشە، فاطيمهى كچی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) نارد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و تیان پێی بڵێ بۆ خاترى خوا لە خۆشەویستى بۆ عائیشە دادپەرەوەر بێت، ئەویش چوو و ئەوەى بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (كچە ئازیزەكەم ئایا ئەو ئافرەتەت خۆش ناوێت كە من خۆشم دەوێت؟) فاطيمه وتى با، گەڕایەوەو هەواڵەكەى دایەوە بە هاوسەرەكانى ترى، ئینجا بڕیاریان دا زەینەبی كچی جەحش بنێرن، زەینەب چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتووڕە بوو و وتى ژنەكانت دەڵێن بۆ خاترى خوا بەرامبەر بە خۆشەویستیت بۆ عائیشە دادپەروەر بە، هێندە دەنگى بەرز كردەوە تا كار گەیشتە ئەوەى قسەیەكى وت بە عائیشە، عائیشەش لەولاوە دانیشتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى عائیشەی كرد وەك پێی بفەرموێت قسەت نیە؟ عائیشەش كەوتە وەڵامدانەوەى زەینەب تا بێدەنگى كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەماشایەكى عائیشەی كرد و فەرمووى:  ئەوە كچی ئەبووبەكرە.[2]

عائیشە پەیامى فاطيمه دەگەیەنێت:

جارێك فاطيمه لاى باوكى سكالآى كرد كە لەدەست كار و هەویر شێلان چی بە دەستەكانى هاتووە، ئەوەبوو پاش ماوەیەك بڕێ دیل هێنران كە ئافرەتیشی تێدا بوو، فاطيمه چوو تا داواى خزمەتكارێك بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێ نەبوو، بۆیە باسی حاڵی خۆی بۆ عائیشە كرد و پێی وت بۆچی هاتووەو بە عائیشەی وت تا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڵێت، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە، عائیشە پێی وت فاطيمه بۆ شتێكی لەو جۆرە هاتووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ ماڵەوەو عەلى و فاطيمهش لە جێگەدا بوون، ویستیان هەستن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى لە شوێنی خۆتاندا بن، ئینجا هات و لەلایان دانیشت، فەرمووى (ألا أدلكما على خير مما سألتما، إذا أخذتما مضاجعكما فسبحا ثلاثا وثلاثين، واحمدا ثلاثا وثلاثين، وكبرا أربعا وثلاثين، فهو خير لكما من خادم[3] (ئایا شتێكی باشتر لەوەتان پێ نیشان نەدەم كە داواتان كردبوون، كە چوونە ناو جێگەكەتان سی و سێ جار سوبحانەلآ و سی و سێ جار الحمد لله و سی و چوار جار الله أكبر بكەن، ئەوە زۆر بۆتان باشترە لە خزمەتكارێك).

عائیشە شایەتى پاكى دەدات بۆ عەلى و فاطيمه و حەسەن و حوسەین:

عائیشەى دایكى باوەڕداران دەڵێت: بەیانیەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە دەرەوەو جلێكی خورى لەبەر بوو كە لە مووى رەش دروستكرابوو، ئینجا حەسەنى كوڕی عەلى هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێنایە ژوورەوە، دواى ماوەیەكى تر حوسەین هات و لەگەڵی هاتە ژوورەوە، دواتر فاطيمه هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایەژوورەوە، ئینجا عەلیش هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایە ژوورەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم ئایەتەى خوێندەوە (إنما يريد الله ليذهب عنكم الرجس أهل البيت و يطهركم تطهيرا).[4]

عائیشە شایەتى بۆ رێزدارى فاطيمه دەدات:

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت: هیچ كەسم نەدیوە هێندەى فاطيمه هەڵسوكەوت و قسەكردنى لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بچێت، هەركات فاطيمه دەچوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەبەرى هەڵدەسا و ماچی دەكرد و بەخێرهاتنى دەكرد و دەستی دەگرت و لە پاڵ خۆیدا دایدەنیشاند، هەركاتیش پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بچوایە بۆ لاى فاطيمه، فاطيمه لەبەرى هەڵدەسا و ماچی دەكرد و دەستی پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) دەگرت و ماچی دەكرد.[5]

 

عائیشە شایەتى دەدات فاطيمه گەورەى ژنانى بەهەشتە:

عائیشە دەڵێت فاطيمه هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوو بەڕێدا دەتوت هەمان رێكردنى پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى مەرحەبا لە كچەكەم، ئینجا لاى خۆیەوە داینیشاند، دواتر چپەیەكی بۆ كرد و فاطيمه گریا، وتم بۆچی دەگریت؟ دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چپەیەكی تری بۆ كرد و فاطيمه دەستی كرد بە پێكەنین، منیش وتم تا ئێستا نەمدیوە خەم و خۆشی ئاوا لەیەك نزیك بن، وتم چۆن بوو واگریایت و دواتر پكەنیت؟ فاطيمهش وتى نهێنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا ناكەم، دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، چووم هەمان پرسیارم لێكردەوە، ئەویش وتى چپاندى بە گوێمدا (جیبریل هەموو ساڵێك یەك جار قورئانى لەگەڵ دەور دەكردمەوە، ئەمساڵ دوو جار لەگەڵم دەورى كردەوە، وادەزانم ئەمە ئاماژەی مەرگمە، تۆیش یەكەم كەسیت بە من دەگەیتەوە)، منیش دەستم كرد بە گریان، دواتر فەرمووى(ئایا رازى نابیت تۆ گەورەى ژنانى بەهەشت –یان گەورەی ژنانى باوەڕداران- بیت؟) منیش بەوە پێكەنیم.[6]

عەلى شایەتى دەدات عائیشە هاوسەری هەردوو دنیاى پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم):

پاش ئەوەى جەنگى جەمەل روویدا و سوپاى عائیشە شكستى خوارد، عەلى هات بۆ لاى عائیشە وتى دایەگیان چۆنیت؟ وتى باشم، عەلى وتى خوا لێت خۆش بێت، ئینجا یەك یەك سەركردەو كەسایەتیەكان دەهاتن سەلامیان دەكرد لە عائیشە، دواتر كە شەو داهات عائیشە هاودەم بە موحەممەدى براى چوونەوە بەصرە، ئینجا عەلى پاش سێ رۆژ فەرمانى كرد چی كەلوپەلێ گیراوە ببرێتە بەصرەو هەوادارانى عائیشە بێن چییان هەبووە بیبەنەوە، خەڵكێ گلەییان كرد كە بۆچی خوێنیان رەوا بێت كە چی سامانیان رەوا نەبێت، با بیبەین، عەلیش بە تووڕەییەوە وەك تانەیەك بۆیان وتى كامتان پێی خۆشە دایكی باوەڕداران ببات بۆ خۆی؟ هەمووان بێدەنگ بوون، دواتر عائیشە بڕیاری دا بەصرە جێبهێڵێت، عەلى هەموو پێداویستیەكى بۆ ئامادە كرد و مۆڵەتى دا هەركەسیش لە سوپاكەى رزگار بووە لەگەڵی بگەڕێتەوە، ئینجا چل ئافرەتى بەصرەی هەڵبژارد تا لەگەڵ عائیشە بچنەوە، موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكریشی لەگەڵ ناردەوە، ئەو رۆژەى بڕیار بوو عائیشە بڕوات، عەلى هاتە بەردەگاو عائیشەش بە كەژاوەكەوە هێنرایە دەرەوەو ماڵئاوایی لە خەڵك دەكرد، عائیشە وتى كوڕە شیرینەكانم، كەستان لەسەر ئەم بارە سەركۆنەمان نەكات، بەخوا نێوانى من و عەلى تەنها وەك ئافرەت و پارێزەرانى وایە و ئەو لاى من لە كەسە هەرە چاكەكانە، عەلیش وتى بەخوا راست دەكات نێوانمان وایە و ئەو هاوسەرى پێغەمبەرەكەتانە لە دنیا و ئاخیرەتدا، ئینجا عەلى چەند كیلۆمەترێك لەگەڵ عائیشە چوو و بەڕێی كرد، عائیشەش چوو بەرەو مەككەو لەوێ حەجى ئەو ساڵەى كرد و دواتر گەڕایەوە بۆ مەدینە.[7]

عائیشە شوێنی گۆڕی خۆی دەدات بە حەسەنى كوڕی عەلى:

حەسەنى كوڕی عەلى لە سەرەمەرگیدا حوسەینی براى بانگ كرد و وەسیەتى بۆ كرد، تیایدا وتى : من داوام لە عائیشە كردووە ئەگەر مردم مۆڵەتم بدات لە ماڵەكەى ئەودا لەلاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێم، ئەویش رازی بووە، دەڵێم لەوانەیە لە شەرمدا وتبێتی بەڵێ و رازى بووبێت، بۆیە ئەگەر مردم بڕۆ بۆ لاى و داواى هەمان شتى لێ بكەرەوە، ئەگەر پێی خۆش بوو ئەوە لە ماڵەكەى ئەودا ئەسپەردەم بكە.[8]

كاتێك حەسەنى كوڕی عەلى وەفاتى كرد، لەسەر وەسیەتى خۆی حوسەینى براى چوو بۆ لاى عائیشەو داواى لێكردەوە كە حەسەنى براى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەسپەردە بكرێت، ئەویش رازى بوو و وتى باشە، بەڵام مەڕوان رێی نەدا و لە بەقیع ئەسپەردە كرا.[9]

 

عائیشە لەسەر حوسەین ئامۆژگارى موعاویە دەكات:

كاتێك موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیان بەیعەتى بۆ یەزیدی كوڕی وەرگرت، حوسەینی كوڕی عەلى و چەندێكی دی نارازی بوون، جا عائیشە وای بیست كە موعاویە هەڕەشەی لەوانە كردووە ئەگەر بەیعەت نەدەن دەیانكوژێت، بۆیە عائیشە ئامۆژگارى موعاویەی كرد و پێی وت بیستوومە هەڕەشەی كوشتنت لەوانە كردووە! موعاویە وتى ئەی دایكی باوەڕداران ئەوانە زۆر لەوە شكۆدارترن كە هەڕەشەی كوشتنیان لێ بكەم، بەڵام من بەیعەتم بۆ یەزید وەرگرتووەو خەڵكی جگە لەوان بەیعەتیان داوە، جا رات وایە دواى ئەو هەمووە بەیعەتەكەى لەكار بخەم؟ عائیشە وتى دەی بەرامبەریان نەرمونیان بە، ئەگەر خوا بیەوێت دێنە سەر راكەت، موعاویەش وتى وادەكەم.[10]



[1] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6755.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 2462.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2962، صحيح مسلم، الرقم 5012، صحيح ابن حبان، الرقم 5601، سنن أبي داود، الرقم 4424.

[4] - صحيح مسلم، الرقم 4554، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31462، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 2662،

[5] - سنن أبي داود، الرقم 4561، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7784، صحيح ابن حبان، الرقم7063، سنن الترمذي، الرقم 3889 وقال حسن صحيح، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 5217.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 3446.

[7] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 240247.

[8] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 391-392.

[9] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 392.

[10] - الكامل في التاريخ، ج3، ص 353.

 2529
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.