دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبدوڵا) بووە - بەشی دەیەم

عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی كوڕی خەلەفى قوڕەیشی جومەجیە، لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو، تا سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیب ژیاو لە جەنگى جەمەلدا كوژرا.[1]

عەبدوڵاى كوڕی ئومەییە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئومەییەى كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى ئوحود.[2]

 

عەبدوڵاى كوڕی ئونەیس(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕى ئەنیسی سولەمیە، لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و شەهید بوو.[3]

عەبدوڵاى كوڕی ئونەیسی جوهەنی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئونەیسی جوهەنیەو كونیەكەى ئەبوویەحیایە.[4]

عەبدوڵا یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە،[5] لە غەزاى بەدرو ئوحود و خەندەق و غەزاكانى دواتریشدا بەشدار بوو.[6]

عەبدوڵا یەكێك بوو لەوانەى كە پاش موسڵمانبوونى لە مەدینە كەوتنە شكاندنى بتەكانى بەنی سەلەمە.[7]

عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(أريت ليلة القدر، ثم أنسيتها، وأراني صبحها أسجد في ماء وطين)، (شەوی قەدرم پێ نیشان درا، دواتر لەبیرم كرد، بەرەبەیانەكەیم پێ نیشان درا لەنێو ئاوو قوڕدا سوجدە دەبەم)، جا رۆژی بیست و سێی رەمەزان باران بارى و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی بۆ كردین و دواتر شوێنەوارى ئاو و قوڕ بە تەوێڵیەوە دیار بوو.[8]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەبدوڵاى بە تەنها نارد بۆ كوشتنى خالیدی كوڕی نوبەیح، عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى نارد بۆ كوشتنى خالید چونكە بیستبووى خەریكە سوپا دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێكەوە دەنێت، فەرمووى بڕۆ بیكوژە، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەسفی بكە بۆم، ئەویش وەسفی كرد بۆم، منیش چووم و كە گەیشتمە لاى كاتى نوێژی عەسر بوو، وتم نەوەك لە نوێژەكەم بكات، نوێژەكەم كرد و رووەو ئەویش ئاماژەم دەكرد و دەچووم تا گەیشتمە لاى، هەموو سیفەتەكانم تێدا بەدیكرد، ماوەیەك لەگەڵی چووم بەڕێدا، وتى تۆ كێیت؟ وتم عەرەبێكم و بیستوومە خەریكیت سوپا پێكەوە دەنێیت دژ بەو كابرایە، منیش بۆ ئەوە هاتوم بۆ لات، ئەویش وتى وایە، منیش لە دەروونى خۆمدا وتم دەیبینیت چیت بەسەر دێت، ماوەیەك چووم تا دەرفەتم بۆ بوو و كوشتم، ئینجا هاتمەوە بۆ مەدینەو بەسەرهاتەكەم بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسكرد،ئەویش داردەستێكی پێبەخشیم، منیش بەو داردەستەوە لاى دەرچووم، هاوەڵانم وتیان ئەوە چیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی بەخشیویت؟ وتم داردەست، وتیان چی پێ دەكەیت؟ بۆ نەتپرسی بۆچی پێی بەخشیویت؟ بڕۆ و پرسیاری لێ بكە، منیش گەڕامەوەو پرسیارم كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى ئەوە هێماى نێوان من و تۆ بێت لە رۆژی دواییدا، كەمترین كەسانى ئەو رۆژە گاڵۆك بەدەستانن، ئیتر عەبدوڵا بەردەوام ئەو گاڵۆكەى بەستبوو بە شمشێرەكەیەوەو تا مرد لە خۆی جودا نەدەكردەوە، كە سەرەمەرگى هات وەسیەتى كرد داردەستەكەى لەگەڵ كفن بكەین، بۆیە خرایە ناو كفنەكەیەوە.[9]

عەبدوڵا دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە ساڵی حەفتا و چوارى كۆچیدا وەفاتى كرد.[10]

 

عەبدوڵاى كوڕی ئیسحاق(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ئیسحاقە، چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و لە نزیكیەوە بوو و جارێك پێی پێكرا و دەشەلی، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئەعرەج ناوى برد.[11]

عەبدوڵاى كوڕی ثابتى ئەزدی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ثابتى ئەزدیەو لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[12]

عەبدوڵاى ئەقمەر (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عوبەیدەو بە عەبدوڵاى ئەقمەر ناسراوە، لە فەتحى مەككەدا هاودەم بە باوكى موسڵمان بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە جەنگى ئەجنادەیندا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[13]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 3.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 11.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 15.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 16.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 16.

[6] - أسد الغابة، ج3، ص 178.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 16.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 2071.

[9] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 926، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15731.

[10] - أسد الغابة، ج3، ص 179.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 5.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 29.

[13] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 164.

 1361
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.