دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەسسانى كوڕی ثابت (رضي الله عنه)

حەسسانى كوڕی ثابت (رضي الله عنه)

ناوى حەسسانى كوڕی ثابتى كوڕی مونذیرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە بەنى نەججار، شاعیری ناسراو و رێزدارى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو، كونیەكەى ئەبولوەلیدە، یان دەوترێت ئەبولحسام، یان ئەبووعەبدوڕەحمانیشی پێ دەوترا،[1] بۆیە پێی دەوترا ئەبولحسام لەبەر بەرگرى زۆری لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هێرش كردنە سەر بێباوەڕان.[2]

دایكى ناوى فورەیعەى كچی خالیدە، دایكیشی موسڵمان بوو و بەیعەتى دا بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[3]

حەسسان دوو براى هەبوو بە ناوەكانى ئوبەى و ئەوس كە هەردووكیان موسڵمان بوون،[4] پێشتریش باسی ژیانى هەركام لەوانمان كردووە، برایەكى ترى هەبوو بە ناوى ثابت كە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو[5] و پێشتر باسمان كردووە، هەروەها حەسسان خوشكێكی هەبوو بە ناوى كەبشە.[6]

حەسسان كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان كە دایكى ناوى سیرین بوو، سیرین خوشكی ماریە بوو كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەو دوو خوشكەى لەلای مقوقسی میصرەوە بە دیارى بۆ هات و ماریەى بۆ خۆی داناو سیرینی بەخشی بە حەسسان، عەبدوڕەحمانیش شاعیر بوو.[7]

حەسسان بەسەرهاتێكی تەمەنى منداڵی خۆی دەگێڕێتەوەو دەڵێت من حەوت یان هەشت ساڵ بووم كە رۆژێك بینیم لە مەدینە جوولەكەیەك بەرەبەیان هاوارى كرد ئەى گرۆى جوولەكە، ئەوانیش كۆبوونەوە، منیش نزیك بووم و گوێم لێ دەگرت، كابرا وتى وا ئەستێرەى ئەو ئەحمەدە دەروشایەوە كە بڕیارە ئەمشەو لەدایك بێت.[8]

لەپێش هاتنى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەسسان شاعیری ناو مەدینە بوو و لاى خەڵكی مەدینە زۆر ناسراو بوو، دواتریش كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هات و حەسسان باوەڕی پێ هێنا بوو بە شاعیری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[9]

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە تەمەنى حەسسان نزیكەى شەست ساڵ بوو.[10]

ئایا حەسسان ترسنۆك بووە؟

ئیبن حەجەر دەڵێت حەسسان لەگەڵ ئەوەى شاعیرێكی وا گەورە بوو بەڵام ترسنۆك بوو.[11]

لەوانەیە بەڵگەی ئیبن حەجەر بۆ بە ترسنۆك دانانى حەسسان ئەم گێڕانەوەیە بێت: صەفییەى كچی عەبدولموطهلیب دەڵێت لە قەلآكەى حەسساندا بووین و حەسسانیش لەگەڵمان بوو و ئێمەش بڕێك ژن و منداڵ بووین، ئەمەش لەو كاتەدا بوو كە خەندەق لێدرابوو، كابرایەكى جوولەكە داى بە لاماندا و بە دەورى قەلآكەدا دەگەڕا، منیش وتم بە حەسسانم وت ئەو جوولەكەیە لە دەورى قەلآكەیە و من لێی دڵنیا نیم، كێ دەڵێت بۆ ئابڕوومان ناگەڕێت و نایەوێت رێیەك بدۆزێتەوە؟! خۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان سەرقاڵ بوون و دەرفەتیان نیە ئاگادارمان بن، دەى تۆ بڕۆ بیكوژە، ئەویش وتى خوا لێت خۆش بێ ئەى كچی عەبدولموطهلیب، بەخوا دەزانیت من هی ئەو ئیشە نیم، صەفییەش كە هیچی بەدى نەكرد دارێكی داكوتراوى ناو قەلآكەى هەڵگرت و لە قەلآكە دابەزى و كەوتە لێدانى جوولەكەكە تا كوشتى، ئینجا گەڕایەوە بۆ قەلآكە، صەفییە دەڵێت ئینجا كە هاتمەوە بە حەسسانم وت دابەزەو چەك و بەرگە سەربازیەكەى لێ داماڵە، خۆم بۆیە لامنەبرد چونكە پیاو بوو، حەسسانیش وتى هیچ پێویستم بەو شتانەى نیە.[12]

هەروەها ذەهەبی دەڵێت ئیبن سەعد لە واقیدیەوە هێناویەتى دەڵێت حەسسان لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بەشدارى هیچ غەزایەكى نەكرد چونكە كەسێكی ترسنۆك بوو.[13]

بەڵام بەرگرى لێدەكات و دەڵێت بەپێی ئەم بەڵگەیە دەسەلمێت كە حەسسان بەشدارى غەزاى كردووە:

سەعیدی كوڕی جوبەیر دەڵێت بە ئیبن عەبباس وترا وا حەسسانى نەفرەتى هات، ئەویش وتى ئەو نەفرەتى نیە، ئەو بە گیان و زمانى لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) جیهادى كردووە.[14]

ئیبنولكەلبی دەڵێت حەسسان كەسێكی دلێر و نەبەرد بوو، بەڵام حاڵێكی تووش بوو ئیتر بەو هۆیەوە ترسێكی تێدا پەیدا بوو.[15]

 

حەسسان لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)

رۆژێك ئەبووطهلحە بڕێ لە سامانەكەى خۆی كردبە خێر و هێناى بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەویش داى بە كەسە نزیكەكانی خۆی، ئوبەى كوڕى كەعب و حەسانى كوڕی ثابت و شەدادى كوڕى ئەوس و چەندێكى تر، ئەوانیش  نرخى بەشەكەى خۆیان دیارى كرد و حەسسان وەریگرتەوە، بۆیە بوو بە موڵكى حەسسان و ئەویش فرۆشتى بە موعاویە.[16]

بەرائی كوڕی عازب باسی رووداوى بەنى قورەيضه دەكات و دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەو رۆژەدا بە حەسسانى كوڕی ثابتی فەرموو هێرش بكەرە سەر بێباوەڕان-بە شیعر- چونكە جبریل لەگەڵتدایە.[17]

جەنابی كیلابی كە هاوەڵێكی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم) و لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بووە دەڵێت بیستم پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) بە كەسێكی رەبعەی دەفەرموو (جبرەئیل لە راستمەوەیەو میكائلیش لە چەپمەوەیەو فریشتەكانیش سێبەریان كردووە بۆ سەربازگەكەم، دەى شتێ لە وتەى-شیعری- خۆت بڵێ)، كابراش ئەم شیعرەى وت:

يا رُكْنَ معتمدٍ وعصمةً لائذٍ

ومَلاذَ منتجع وجار مجاورِ

 

يا من تَخَيَّرَه الإِله لخلقه

فحباه بالخلق الزكي الطاهر

 

أنت النبي وخير عصبة آدمٍ

يا من يجود كفيض بحڕ زاخرِ

 

ميكال مَعْك وجبريل كلاهما

مَدَدٌ من عزيزٍ قاهرِ

منیش وتم ئەرێ ئەو شاعیرە كێ بوو؟ وترا حەسسانە، بینیم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ دەكرد و فەرمایشتی خێری دەفەرموو.[18]

كاتێ وەفدى تەمیم هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەقرەعیش لەگەڵ وەفدەكەدا بوو، كە گەیشتنە مەدینە ئەقرەع هاوارى دەكرد ئەى موحەممەد وەسف و سەنام جوانە و سەركۆنەو لەدژ خوێندنیشم زۆر خراپە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ذلكم الله سبحانه)، لە گێڕانەوەى تردا هاتووە كە هەموو وەفدەكە پێكەوە هاواریان دەكرد و ئەوەیان دەوت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوە بۆ لایان و فەرمووى (ذلكم الله فما تريدون). ئەوانیش وتیان ئێمە خەڵكێكین لە بەنو تەمیم بە شاعیرو وتاربێژمانەوە هاتوین تا لە بەرامبەرت شیعر بڵێین و فەخر بنوێنین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ما بالشعر بعثنا و لا بالفخار أمرنا ولكن هاتوا)، (ئێمە بە شیعر نەنێرداوین و فەرمانمان پێ نەكراوە فەخر بكەین بەڵام ئادەى)، ئەقرەعیش بە یەكێك لە گەنجەكانى وت: فلآنە كەس هەستە و باسی فەزڵی خۆت و هۆزەكەت بكە، ئەویش وتارێكى دا و وتى: سوپاس بۆ خوایەك كە ئێمەى كردۆتە چاكترین دروستكراوى و سامانى پێ بەخشیوین تا چیمان بوێت پێی بكەین، جا ئێمە چاكترین كەسانى سەرزەوین، لە هەموان زۆرترین و زیاترین چەكیشمان هەیە، هەركەس نكوڵی ئەو قسەمان دەكات با هەستێت و قسەیەكى باشتر لەوەى ئێمەو كارێكی باشتر لە كارى ئێمە نیشان بدات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە ثابیتى كوڕی قەیسی ئەنصارى فەرموو وتاربێژی فەرموو: هەستەو وەڵامى بدەرەوە، ئەویش هەستاو لە وەڵامیدا وتى: سوپاس بۆ خوا، سوپاسی دەكەم و پشتى پێ دەبەستم و بڕوام پێى هەیە و پشتم بەو بەستووەو شایەتى دەدەم هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خواى تاك وتەنهاى بێ هاوەڵ، شایەتى دەدەم موحەممەد بەندەو نێردراوى خوایە، كۆچەرانى ئامۆزاى خۆی بانگ كرد كە چاكترین و دیارترینی كەسان بوون و ئەوانیش چوون بەدەم داواكەیەوە، سوپاس بۆ خوا كە ئێمەشی كردە پشتیوان و وەزیرانى پێغەمبەرەكەى و مایەى شكۆمەندى بۆ ئایینەكەى، ئێمە لەگەڵ خەڵك دەجەنگین تا كاتێ شایەتى دەدەن هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا، هەركەس ئەوەى وت گیان و ماڵى لێمان حەرام دەبێت، هەركەسیش وانەكات لەگەڵی دەجەنگین و لەبەرخوا لامان سووك و بێ بایەخ دەبێت، ئەمە دەڵێم و داواى لێخۆشبوون لاى خوا دەكەم بۆ هەموو باوەڕداران چ پیاوان و چ ئافرەتانیان، پاشان زوبرقانى كوڕی بەدر هەستاو بە یەكێك لە كەسەكانى خۆیانى وت ئادەى هەستە و چەند دێڕە شیعرێ بڵێ كە تیایدا فەزڵی خۆت و هۆزەكەت باس بكەیت، ئەویش هەستاو ئەم شیعرەى وت:

نحن الكرام فلا حي يعادلنا... نحن الرؤوس وفينا يقسم الربع

ونطعم الناس عند المحل كلهم... من السديف إذا لم يؤنس القزع

إذا أبينا فلا يأبى لنا أحد... إنا كذلك عند الفخر نرتفع

پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) داواى حەسانى كوڕی ثابتی كرد و ئەویش هات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكرد وەڵامى بداتەوە، ئەویش لە وەڵامیاندا وتى:

نصرنا رسول الله والدين عنوة... على رغم عات من معد وحاضر

بضرب كإبزاغ المخاض مشاشه... وطعن كأفواه اللقاح الصوادر

وسل أحدا يوم استقلت شعابه... بضرب لنا مثل الليوث الخوادر

ألسنا نخوض الموت في حومة الوغى... إذا طاب ورد الموت بين العساكر

ونضرب هام الدارعين وننتمي... إلى حسب من جذم غسان قاهر

فأحياؤنا من خير من وطئ الحصى... وأمواتنا من خير أهل المقابر

فلولا حياء الله قلنا تكرما... على الناس بالخيفين هل من منافر

ئەقرەع هەستاو وتى ئەى موحەممەد سوێند بەخوا ئەوەى من بۆى هاتوم جیایە لەوەى ئەمانە بۆی هاتون، من شیعرێكم وتووە گوێی بۆ بگرە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئادەى، ئەویش وتى:

أتيناك كيما يعرف الناس فضلنا... إذا خالفونا عند ذكر المكارم

وأنا رؤوس الناس من كل معسر... وأن ليس في أرض الحجاز كدارم

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى حەسسان هەستە وەڵامى بدەرەوە، ئەویش وا وەڵامى دایەوە:

بني دارم لا تفخروا إن فخركم... يعود وبالا عند ذكر المكارم

هبلتم علينا تفخرون وأنتم... لنا خول من بين ظئر وخادم

ئەقرەع هەستاو وتى ئەى خزمینە نازانم بۆ وایە، وتاربێژیان لە ئێمە بەهێزتر و شاعیریان لە ئێمە چاكترە، دواتر نزیك بوویەوە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شایەتومانى هێنا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا يضرك ما كان قبل هذا)، (چى پێش ئەمە روویداوە زیانت پێ ناگەیەنێت). ئەم ئایەتەش لەسەر بەنى تەمیم دابەزى (إن الذين ينادونك من وراء الحجرات أكثرهم لا يعقلون[19] دواتر هەموویان موسڵمان بون و ماوەیەك لە مەدینە مانەوە تا فێری قورئان و ئایین ببن، دواتر كە ویستیان بگەڕێنەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جلو بەرگ و بەخششی پێ بەخشین.[20]

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوتى مەدینەدا مینبەرێكی دانابوو بۆ حەسسان و حەسسان لەسەری دەوەستا و بە شیعر بەرگری لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن الله یدافع حسان بروح القدس ما ینافح عن رسول الله)،[21] (خواى گەورە بە روحولقودوس پاڵپشتى حەسسان دەكات تا كاتێك بەردەوام بێت لە بەرگرى كردن لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)).

جارێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە حەسسانى فەرموو ئایا سەبارەت بە ئەبووبەكر هیچ شیعرت وتووە؟ ئەویش وتى بەڵێ، فەرمووى بیڵێ تا بیبیستم، ئەویش وتى:

       وثاني اثنين في الغار المنيف وقد      طاف العدو به إذ صعد الجبلا

       وكان حب رسول الله قد علـــموا       من البريــة لم يعدل به رجــلا

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى بیست پێكەنى تا دانەكانى پێشەوەى دەركەوت، پاشان فەرمووى راستت وت ئەی حەسسان، هەروایە كە تۆ وتووتە.[22]

جارێك حەسسان مۆڵەتى لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) خواست تا بە شیعر هێرش بكاتە سەر بێباوەڕان، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی چی دەكەیت بە رەچەڵەكی من)، ئەویش وتى چۆن موو لە هەویر دەردەكەیت ئاوا جیات دەكەمەوە (مەبەستى ئەوە بوو رەچەڵەكت دەپارێزم).[23]

 

 

 

 

حەسسان و هەڵەیەكى زەق

حەسسان یەكێك بوو لەو كەسانەى لە مەسەلەى ئیفكدا تێكەوت، مەسەلەى ئیفكیش ئەو بوختانە بوو كە كرا بۆ دایكی باوەڕداران عائیشە، گوایە تووشی زینا بووە، ئەوەبوو چەند هاوەڵێكی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە هەڵە كەوتنە ژێر كاریگەرى دوورووان و كەوتنە ئەو هەڵەوە، ئەوانیش بریتی بوون  لە حەسسانى كوڕی ثابتى شاعیری پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و ميسطهح و حەمنە، خواى گەورە لەو بارەوە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە.

سەبارەت بە تاوانباربوونى ئەو سێ هاوەڵەى بەشدارى ئەو بوختانە بوو، لەو مەسەلەدا نابێتە بەڵگەى ئەوەى كە لە هاوەڵبوون دەربچن، چونكە هەركام لەوانە لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پایەی تایبەتیان هەبووە، بۆ نموونە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە حەسسانى كوڕی ثابتی فەرمووە هێرش بكەرە سەر بێباوەڕان-بە شیعر- چونكە جبریل لەگەڵتدایە،[24] هەروەها پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوتى مەدینەدا مینبەرێكی دانابوو بۆ حەسسان و حەسسان لەسەری دەوەستا و بە شیعر بەرگری لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن الله یدافع حسان بروح القدس ما ینافح عن رسول الله)،[25] (خواى گەورە بە روحولقودوس پاڵپشتى حەسسان دەكات تا كاتێك بەردەوام بێت لە بەرگرى كردن لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)).

هەروەها حەسسان لە فەتحى مەككەدا لەلایەن پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) پشتگیری كراوە تا بە شیعر بەرگری لە ئیسلام بكات و پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نزاى خێری بۆ كردوە، ئەوەتا جەنابی كیلابی كە هاوەڵێكی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم) و لە فەتحى مەككەدا موسڵمان بووە دەڵێت بیستم پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) بە كەسێكی رەبعەی دەفەرموو (جبرەئیل لە راستمەوەیەو میكائلیش لە چەپمەوەیەو فریشتەكانیش سێبەریان كردووە بۆ سەربازگەكەم، دەى شتێ لە وتەى-شیعری- خۆت بڵێ)، كابراش شیعرێكی وت، منیش وتم ئەرێ ئەو شاعیرە كێ بوو؟ وترا حەسسانە، بینیم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ دەكرد و فەرمایشتی خێری دەفەرموو.[26]

كاتێك پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، حەسسان زۆر دڵتەنگ بوو و بە شیعر پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەلاواندەوە.[27]

حەسسان دواى وەفاتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)

جارێك حەسسان لە مزگەوتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) شیعری دەهۆنیەوە، عومەر داى بە لایدا و رێگری لێكرد كە بۆچی لە مزگەوتدا شیعر دەهۆنێتەوە، ئەویش وتى من لە مزگەوتى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) شیعرم دەهۆنیەوەو كەسی لە تۆ باشتریشی تێدا بوو (مەبەستى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بوو)، عومەریش وتى راست دەكەیت.[28]

رۆژێك عائیشەى دایكى باوەڕداران دانیشتبوو و خەڵكێك باسی حەسسانیان دەكرد و قسەیان بەرامبەرى دەوت، ئەویش راچڵەكى و وتى باسی كێ دەكەن؟ وتیان حەسسان؟ عائیشە وتى وس،من بیستوومە لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئەوە بەربەستێكی نێوان ئێمەو دوورووەكانە، تەنها باوەڕدار خۆشی دەوێت و تەنها دووروویش رقیەتى لێی).[29]

حەسسان پاش تەمەنێك بینایی لەدەست دا، جارێك چوو سەردانى دایكی باوەڕداران عائیشەی كرد، عائیشەش راخەرێكی بۆ دانا، ئەوەبوو عەبدوڕەحمانى براى عائیشە هاتەژوورەوەو وتى وا لەسەر راخەر دایدەنیشێنیت لەكاتێكدا لە رووداوى ئیفكدا قسەی هەبوو؟! عائیشەش وتى حەسسان لەسەر پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەهاتەوە جواب و بەرگری لێدەكرد و بە لێدانى دوژمنانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئاسوودەیی دەبەخشی بە دڵ و دەروونى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، من هیوام وایە حەسسان لە رۆژی دواییدا سزاى نەبێت.[30]

ئایا حەسسان بەیعەتى دا بە عەلى؟

رایەك هاتووە كە بڕێك لە هاوەڵان بەیعەتیان نەدا بە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، لەوانەش حەسسانى تێدابوو، بەڵام ئەمە راست نیە، چونكە زۆرترین ئەو رێژەى هاتووە كە هاوەڵانى ناو مەدینە بەیعەتیان نەدابێت بە عەلى تەنها ناوى حەوت كەس هاتووە كە ناوى حەسسانى تێدا نیە.[31]

مردنى حەسسان

دەوترێت حەسسان لە تەمەنى سەد ساڵی و لە ساڵی چلى كۆچیدا مردووە، رایەكى تر دەڵێت لە سەد و دە ساڵی و لە ساڵی پەنجاى كۆچیدا مردووە، رایەكى تر دەڵێت لە تەمەنى سەد و چوار ساڵیدا مردووە، راى زۆرینەش لەسەر ئەوەیە كە تەمەنى سەد و بیست ساڵ بووە، شەست ساڵی ژیانى پێش ئیسلام و شەست ساڵیشی لەناو ئیسلامدا بەسەر بردووە.[32]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج 2، ص 63.

[2] - أسد الغابة، ج2، ص 7.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج 2، ص 63.

[4] - أسد الغابة، ج1ص75.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص 342.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 508.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 266.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج2، ص 267.

[9] -

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 64.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 63.

[12] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6933، قال الذهبي عن سنده: عروة لم يدرك صفية.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 512.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 518.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 521.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص320.

[17] - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص131.

[18] - أسد الغابة، ج1، ص 435.

[19] -  الحجرات: 4.

[20] -  أسد الغابة، ج1، ص164-166.

[21] - سنن الترمذي، الرقم 2847، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 25484، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6063، مسند احمد بن حنبل، الرقم 23880، جسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2846، قال شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره، صححه الذهبي في التلخيص.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 174.

[23] - صحيح البخاري، الرقم 3359، صحيح ابن حبان، الرقم 5866.

[24] - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص131.

[25] - سنن الترمذي، الرقم 2847، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 25484، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6063، مسند احمد بن حنبل، الرقم 23880، جسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2846، قال شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره، صححه الذهبي في التلخيص.

[26] - أسد الغابة، ج1، ص 435.

[27] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 321-324.

[28] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 513.

[29] - أخبار أصبهان لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1470، قال الذهبي في (سير أعلام النبلاء، ج2، ص 518) هذا حديث منكر.

[30] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 514.

[31] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 227.

[32] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 64.

 2280
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.