دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان بە پیتی (س) دەستپێدەكات و زانیارییان لەسەر كەمە - بەشی یەكەم

سابيطى كوڕی ئەبووحومەيضه(رضي الله عنه)

ناوى سابيطى كوڕی ئەبووحومەيضهی جومەحیە،[1] سابيط دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:(إذا أصيب أحدكم بمصيبة، فليذكر مصيبته بي، فإنها أعظم المصائب عنده[2] (هەركام لە ئێوە تووشی نارەحەتیەك بوو با لە موصیبەتەكەیدا من بیربێنێتەوە، چونكە ئەوە گەورەترین موصیبەت دەبێت لەلاى).

 

سارە (رضي الله عنها)

ناوى سارەیە و خزمەتكارى عەمرى كوڕی هیشام بوو، ئەم ئافرەتە نامەكەى حاطيبى پێ بوو بۆ قوڕەیشیەكان، دواتر لە فەتحى مەككەدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پەناى دا.[3]

سالفى كوڕی عوثمان (رضي الله عنه)

ناوى سالفى كوڕی عوثمانى كوڕی عامیرە، كاتێك وەفدى ثهقیف هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و قسەیان لەگەڵ كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سالفى كوڕی عوثمانى لەسەر كۆكردنەوەى زەكاتى ثهقەفیەكان دانا.[4]

 

سەخبەرەى كوڕی عوبەیدە(رضي الله عنه)

ناوى سەخبەرەى كوڕی عوبەیدەى ئەسەدیە، زۆر زوو موسڵمان بوو و یەكێكیشە لە دەستەى یەكەمى كۆچەران.[5]

سەختەرە(رضي الله عنها)

ناوى سەختەرەى كچی تەمیمى ئەسەدیە، یەكێكە لە كۆچەران.[6]

 

سەدووسی كچی بەطنه(رضي الله عنها)

ناوى سەدووسی كچی بەطنهیە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكانە لە بەنى نەججار، چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[7]

 

سەدیسە(رضي الله عنها)

ناوى سەدیسە یان هەندێ دەڵێن ناوى سودەیسەیە، خزمەتكارى حەفصەی كچی عومەرى كوڕی خەططاب بوو، سەدیسە دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لەو كاتەوەى عومەر موسڵمان بووە شەیتان لە كوێ بە عومەر بگات روو وەردەگێڕێت و رادەكات).[8]

 

سەررائی كچی نەبهان (رضي الله عنها)

ناوى سەررائی كچی نەبهانە، سەررا ْ دەڵێت لە حەجى ماڵئاواییدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وتارى پێشكەش كردین و فەرمووى (ئەمڕۆ چ رۆژێكە؟) وتمان خوا و پێغەمبەرەكەى زاناترن، فەرمووى مەگەر نێوەندى رۆژانى تەشریق نیە؟[9]

 

 

سەریعى كوڕی حەكەم (رضي الله عنه)

ناوى سەریعى كوڕی حەكەمە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى وەقاص كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، سەریع وەك وەفدى بەنى تەمیم چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لە جەنگى یەمامەدا رێنیشاندەرى خالیدی كوڕی وەلید بوو.[10]

سەعیدە(رضي الله عنها)

ناوى سەعیدەیەو هەم لە كۆچەریانە و هەم لە پشتیوانانیشە، سەعدیە ژنى ئەبووصەیفی راهیب بوو، ئەبووصەیفی كاتێك زانى ژن و منداڵی موسڵمان بون، چوو بۆ مەككە و  ماوەیەك لەوێ مایەوە، بەڵام پاش رێككەوتنى حودەیبیە سەعیدە كۆچی كرد بۆ مەدینە، بێباوەڕان داوایان لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد بیانداتەوە دەستیان، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى دانەوە كە ئەوان تەنها مەرجیان لەسەر پیاوان بووە نەك ئافرەتان، بۆیە سەعیدەى نەگێڕایەوە.[11]

 

سەعیدەى كچی بەشیر (رضي الله عنها)

ناوى سەعیدەى كچى بەشیری كوڕی عوبەیدە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وموسڵمان بووەو بەیعەتی پێداوە.[12]

 

سەعیدەى كچی ریفاعە(رضي الله عنها)

ناوى سەعیدەى كچی ریفاعەیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووەو بەیعەتی پێداوە.[13]

سەكبەى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى سەكبەى كوڕی حارثى ئەسلەمیە، چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و فەرموودەشی لێوە گێڕاوەتەوە.[14]

 

سەكینەى كچی ئەبی وەقاص(رضي الله عنها)

ناوى سەكینەى كچی ئەبی وەقاصەو بە ئوممولحەكەم ناسراوە، سەكینە دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسی جیهادى دەكرد، بڕێك ئافرەت وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەی جیهادى ئێمە چیە؟ فەرمووى جیهادى ئێوەی ئافرەتان حەجە.[15]

سەلما كچی زەید(رضي الله عنها)

ناوى سەلماى كچی زەیدیە، لە پشتیوانانە، هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا.[16]

سەلمانى كوڕی ثومامە(رضي الله عنه)

ناوى سەلمانى كوڕی ثومامەى كوڕی شەراحیلى جەعفیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە.

سەلمان دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا كەنارى گرت لە فیتنە.

خەلیفە عەلى پەیوەندى زۆر چاك بوو لەگەڵ سەلماندا و دیارى و بەخششی دەنارد بۆ خۆی و ئەوانەى هاودەمى بوون، هەروەها دەیوت ئەگەر چی ئێوە پشتگیرمان نین بەڵام بەشتان ناخۆین چونكە ئێوە موسڵمانن، با سەریشمان نەخەن.[17]

سەلمانى كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى سەلمانى كوڕی عامیری كوڕی ئەوسە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووە، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا وەفاتى كرد، رایەكیش دەڵێت لە سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیاندا وەفاتى كردووە.[18]

سەلیلی ئەشجەعى (رضي الله عنه)

ناوى سەلیلی ئەشجەعیە، سەلیل دەڵێت شەوێك لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین، پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) لێ ون بوو، دواتر دەنگێكى زۆر بەرزمان بیست و هێندەمان بینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە بۆ لامان، وتمان بە دایك و باوكمانەوە بە قوربانت بین ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەموو ئەمشەو بۆ تۆ گەڕاین، ئەویش فەرمووى (جیبریل هات بۆ لام و سەرپشكی كردم لەوەى نیوەی ئوممەتەكەم بچنە بەهەشت یان شەفاعەتم بۆ بێت، منیش شەفاعەتم هەڵبژارد)، ئێمەش وتمان ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزا بكە خوا لەوانەمان دابنێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد و فەرمووى (خوایە بیانخەرە بەر شەفاعەتم، ئەو شەفاعەتە بۆ ئەو كەسەشە كە شایەتى بدات هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و منیش نێردراوى خوام).[19]

سەمحەجى جنۆكە(رضي الله عنه)

ناوى سەمحەجەو لە جنۆكەكانە، رەبیعە دەڵێت ئێمە لە مەككە بووین و تازە ئیسلام هاتبوو كە دەنگێك لە شاخێكی مەككەوە هات و هاوارى دەكرد و بێباوەڕانى دژ  بە موسڵمانان هاندەدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوە شەیتانێكە، هەر شەیتانێكیش دژبە پێغەمبەرێك خەڵكی هاندابێت، ئەوە خوا كوشتوویەتى، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خواى گەورە ئەو جنۆكەى لەسەر دەستی پیاوێك لە دێوە جنۆكەكان كوشت كە پێی دەوترا سەمحەج، منیش ناوم ناوە عەبدوڵا.[20]

 

سەمرائی كچی قەیس(رضي الله عنها)

ناوى سەمڕاْ  یان سومەیرائی كچی قەیسە، لە پشتیوانانە و دایكی چەند هاوەڵێكی پێغەمبەرە(صلى الله عليه وسلم)، سەمرا ْ چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[21]

سەمعانى كوڕی خالید(رضي الله عنه)

ناوى سەمعانى كوڕی خالیدە، چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش نزاى بەرەكەتى بۆ كرد.[22]

سەمعانى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى سەمعانى كوڕی عەمرى كیلابیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە نێردراوى خۆیدا نامەى بۆ نارد تا موسڵمان بێت، ئەویش موسڵمان بوو و دواتر چوویە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[23]

سەنائى كچی ئەسماْ  (رضي الله عنها)

ناوى سەنائی كچی ئەسمائى سولەمیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوسەری گرت، بەڵام پێش ئەوەى بیگوازێتەوە، سەنا ْ كۆچی دوایی كرد،[24] دەوترێت هۆكارى مردنەكەى لە خۆشیدا بووە، كاتێك بیستوویەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەهاوسەری گرتووە لە خۆشیدا مردووە.[25]

بەڵام ئەمەى سەبارەت بە هۆكارى مردنەكەى هاتووە جێی گومانە، چونكە ئەگەر وابێت، واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بێ پرس كردن بە سەنا ْ مارەى كردووە، ئەمەش تەنها بۆ زەینەب بووە كە راستەوخۆ خوا مارەى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە قورئانیشدا باسكراوەو پێشتریش باسمان كردووە.

 

سەندەر (رضي الله عنه)

ناوى سەندەرەو خزمەتكارى زنباع بوو، سەندەر دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لەو سەردەمەدا چوو بۆ میصر لەوێ نیشتەجێ بوو، سەندەر دواتریش تا سەردەمى عەبدولمەلیك ژیا.[26]

سەهلەى كچی سەعد(رضي الله عنها)

ناوى سەهلەى كچی سەعدە، ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانە لە بەنى ساعیدە، خوشكی سەهلى كوڕی سەعدە،[27] سەهلە فەرموودەیەكی لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[28]

سەهلەى كچی سوهەیل(رضي الله عنها)

ناوى سەهلەى كچی سوهەیلی كوڕی عەمرى عامیریە، دایكی ناوى فاطيمهى كچی عەبدولعوززایە، هاوسەری ئەبووحوذەیفەى كوڕی عوتبەیە.[29]

سەهلە زۆر زوو لە مەككە موسڵمان بوو و دواتریش هاودەم بە مێردەكەى كۆچی كرد بۆ حەبەشەو لەوێ منداڵێكیان بوو بە ناوى موحەممەد، سەهلە هاودەم بە مێردەكەى بەشدارى هەردوو كۆچی حەبەشە بوو.[30]

ئەبووحوذەیفە خزمەتكارێكی هەبوو بە ناوى سالیم كە زۆر خۆشی دەویست و وەك كوڕی خۆی تەماشای دەكرد، عائیشە دەڵێت سالیم لەگەڵ ئەبووحوذەیفە بوو و لەگەڵیدا دەچوویەوە بۆ ماڵەوە، جارێك ژنەكەی ئەبووحوذەیفە –سەهلەى كچی سوهەیل-هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى سالم خەریكە باڵغ دەبێ و هۆشی كراوەتەوە، دێتەوە ماڵەوە بۆ ژوورەوە، وادەزانم ئەبووحوذەیفەش نائارامە بەو بارە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (شیری پێ بدە حەرام دەبیت لەسەری و ئەوەش لە ناخى ئەبووحوذەیفەدا هەیە نامێنێت)، ئەویش چوویەوەو شیری دا بە سالیم و بە ئەبووحوذەیفەى وت من شیرم داوە بە سالیم، ئیتر ئەو نائارامیەى لە دەروونى ئەبووحوذەیفەدا هەبوو نەما.[31]

نەوەوى دەڵێت زانایان رایان وایە ئەم بەسەرهات و حوكمە تایبەتە بە سەهلەو سالیمەوەو بۆ كەسانى تر نابێت...قاضى-عياض- دەڵێت لەوانەیە شیرەكەى كردبێتە شتێكەوەو پێی دابێت نەك ئەوەى سالیم مەمكى بمژێت.[32]

سەهلەى كچی عاصم (رضي الله عنها)

ناوى سەهلەى كچی عاصمەو لە پشتیوانانە، سەهلە لە غەزاى خەیبەردا لەدایك بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا سەهلە.[33]

سەوادەى كوڕی رەبیع(رضي الله عنه)

ناوى سەوادەى كوڕی رەبیعە، سەوادە دەڵێت چوومە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، داواى یارمەتیم لێكرد، ئەویش فەرمانى كرد وشترێكیان پێدام، پاشان فەرمووى (ئەگەر گەڕایتەوە بۆ ماڵەوە، پێیان بڵێ با جوان خواردن بدەن بە بێچووى تازەى وشتر و پابەندیان بكە تا نینۆكەكانیان بكەن و گوانى مەڕومالآتەكان لەكاتى دۆشیندا خوێناوى نەكەن).[34]

سەودائى ئەسەدى (رضي الله عنها)

ناوى سەودائی كچی عاصیمی ئەسەدیە، یان دەوترێت ناوى سەودەیە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بەیعەتى پێ بدات.[35]

سەووارى كوڕی هەممام (رضي الله عنه)

ناوى سەووارى كوڕی هەممامە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەشدارى فتووحاتى عێراق بوو.[36]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 3.

[2] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6562.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 690.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 8.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 36.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 693.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص694.

[8] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20605.

[9] - سنن أبي داود، الرقم 1681، ضعفه الألباني في صحيحو ضعيف سنن أبي داود، الرقم 1953.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 45.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 700.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 349.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 699.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 133.

[15] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الاصبهاني، الرقم 7067.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 706.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 137.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، 140.

[19] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3252.

[20] - الإصابة في تمييز الحصابة، ج3، ص 176.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 438.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 182.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 183.

[24] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6872.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 713.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 191-192.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 715.

[28] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 7031.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 716.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8،ص 270.

[31] - صحيح مسلم، الرقم 2715.

[32] - شرح النووي على صحيح مسلم، ج10،ص 31.

[33] - أسد الغابة، ج7، ص 170.

[34] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15655، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 719.

[36] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 222.

 1464
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.