دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عوثمان) بووە - بەشی یەكەم

عوثمانى كوڕی حونەیف(رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی حونەیفە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، كونیەكەی ئەبووعەمر یان ئەبوو عەبدوڵایە، برایەكی هەبوو بە ناوى سەهل[1] كە پێشتر لە پیتی (س) دا بەسمان كردووە.

سەبارەت بە بەشداریكردنى لە غەزاى بەدردا راجیایی هەیە، بەڵام سەبارەت بە غەزاى ئوحود هەموو یەكدەنگن كە تیایدا بەشدار بووە.[2]

عوثمانى كوڕی حونەیف دەڵێت كابرایەك كە بینایی لەدەست دابوو هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى نزام بۆ بكە خوا شیفام بدات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەگەر بتەوێت نزات بۆ دەكەم، ئەگەریش بتەوێت خۆڕاگر بیت ئەوە بۆت باشترە، بەڵام كابرا نزاكەى داوا كرد.[3]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب بوو بە خەلیفەو پاش فەتحى كووفە، خەلیفە عوثمانى نارد بۆ پێوانەى خاكى عێراق و ئەویش ئەركەكەى بە جوانى بەجێگەیاند.[4]

كاتێك عەلى كوڕی ئەبوطاليب بوو بە خەلیفە، عوثمانى كوڕی حونەیفی وەك والى بەصرە دانا، دواتر كە طهلحەو زوبەیر هاتن خەریك بوو جەنگ لەنێوانیاندا رووبدات، هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن بوەستن تا عەلى كوڕی ئەبووطاليب دێت،[5] بەڵام لە دواى روودانى جەنگى جەمەل خەلیفە عەلى كوڕی ئەبوطاليب ئیبن عەبباسی دانا بۆ والیەتى بەصرە و عوثمان چوو لە كووفە نیشتەجێ بوو تا لە سەردەمى موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیاندا كۆچی دوایی كرد.[6]

عوثمانى كوڕی رەبیعە(رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی رەبیعەى كوڕی ئوهبانى جومەحیە، یەكێكە لە موسڵمانبوانى مەككەو بەشدار بوو لە كۆچی حەبەشەدا.[7]

عوثمانى كوڕی طهلحە(رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی طهلحەى كوڕی عەبدوڵایە، دایكی ناوى ئومموسەعیدی كچی ئەوسە، طهلحەى باوكى لە جەنگى ئوحوددا كوژرا، پاش رێكككەوتنى حودەیبیە موسڵمان بوو و هاودەم بە خالیدی كوڕی وەلید كۆچی كرد بۆ مەدینەو دواتر لە فەتجى مەككەدا بەشدارى كرد،[8] پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە عوثمان تا كلیلی كەعبە بهێنێت،[9] كلیلەكەش لاى دایكی بوو، عوثمان چوو وتى كلیلەكەم بدەرێ، دایكی رازى نەبوو، عوثمان وتى بەخوا یان ئەو كلیلەم پێدەدەیت یان ئەم شمشێرە دەكەم بە سكمدا تا لەودیومەوە دەردەچێت، ئیتر دایكی كلیلەكەى پێدا، ئەویش كلیلى كەعبەی هێنا و دەرگاكەیان كردەوە،[10] عوثمان دواتریش لە مەدینە مایەوە، رایەك دەڵێت لە جەنگى ئەجنادەیندا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، رایەكیش دەڵێت بەڵكو هەر لە مەدینە مایەوە تا لە ساڵی چل و دووى كۆچیدا وەفاتى كرد، ئەمەشیان راستە.[11]

عوثمانى كوڕی عامیر (رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی عامیری كوڕی عەمرى قوڕەیشی تەیمیە، بە ئەبوو قوحافە ناسراوە، باوكى ئەبووبەكری صدیقی خەلیفەى یەكەمى موسڵمانانە، دایكی ناوى ئامینەى كچی عەبدولعوززایە.[12]

كاتێك فەتحى مەككە كرا، ئەبووبەكر چوو باوكى هێنا بۆ مزگەوت، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بینی، فەرمووى با وازت لەو پیرە بهێنایە لە ماڵ بوایە تا من بچوومایە بۆ لاى، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو شیاوترە بێت بۆ لات نەك تۆ بچیت بۆ لاى، ئەوەبوو باوكى لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دانیشاند، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى هێنا بەسەر سنگیداو پێی فەرمو موسڵمان بە، ئەویش موسڵمان بوو، ئەوەبوو دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد رەنگى سپی سەرى ئەبووقوحافە بگۆڕن.[13]

ئەبووقوحافە لە ساڵی چواردەى كۆچی و لە تەمەنى نەوەدو حەوت ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.[14]

عوثمانى كوڕی عەبدغەنەم (رضي الله عنه)

ناوى عوثمانى كوڕی عەبدغەنەمى كوڕی زوهەیرى قوڕەیشی فەهریە، لە مەككە موسڵمان بوو، لە كۆچی حەبەشەدا بەشدارى كرد و لەوێ مایەوە تا لە غەزاى خەیبەردا هاودەم بە جەعفەرى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوە بۆ مەدینە.[15]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 597.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 449.

[3] - سنن الترمذي، الرقم 3589، سنن ابن ماجة، الرقم 1381، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 10094، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سن الترمذي، الرقم 3578.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 597.

[5] - أسد الغابة، ج2، ص 58.

[6] - أسد الغابة، ج3، ص 597.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 449.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 450.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 2847.

[10] - صحيح مسلم، الرقم 2434.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 450.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 452.

[13] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4309، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26353، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20096، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[14] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 453.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 455.

 1187
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.