دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئوصەیلى كوڕی صەفوان (رضي الله عنه)

ناوى ئوصەیلی كوڕی سوفیانى هوذەلیە، دەشوترێ كوڕی عەبدوڵاى هوذەلیە،  یان دەوترێ بەڵكو خوزاعیە، دەشوترێ غیفاریە.[1]

پێش ئەوەى پەردە لەسەر خێزانەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرز بێت، ئوصەیل لە مەككەوە هات بەرەو مەدینە و موسڵمانیش بووبوو، كاتێ هات دایكی باوەڕداران عائیشە هەواڵی مەككەى لێ پرسی و وتى ئەی ئوصەیل كە هاتیت مەككە چۆن بوو؟ ئوصەیلیش باسی مەككەى بۆ كرد، عائیشەش وتى هەستە تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دێتەوە، هێندەى نەبرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوەو هەمان پرسیارى كرد لە ئوصەیل، ئەویش لە وەڵامى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) وەسف و باسی مەككەى بۆ دەگێڕایەوە، لە نێوەندى قسەكانیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (حسبك یا أصیل لا تحزنا)،[2] (بەسە ئیتر ئەى ئوصەیل، دڵتەنگمان مەكە)، لە ریوایەتێكى تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ویها یا أصیل دع القلوب تقر[3] (ئیتر بەسە ئەى ئوصەیل وازبێنە دلآن ئارام بگرن)،[4] لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا تشوقنا)،[5] (تاسەمان مەورووژێنە)، واتە بە بیستنى باس و وەسفی مەككە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیری مەككەى كرد.

بەو پێیەى هاتنى ئوصەیل بۆ مەدینە پێش دابەزینی ئایەتى حیجاب بووە كە تایبەت بوو بە خێزانەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دابەزینی ئەو ئایەتەش لە كاتى هاوسەرگیری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ زەینەبی كچی جەحشدا بووە لە ساڵی سێی كۆچی یان رایەك دەڵێت لە ساڵی پێنجى كۆچیدا،[6] واتە هاتنى ئوصەیل بۆ مەدینە لە پێش ساڵى پێنجەمى كۆچیدا بووە.

خۆشەویستى خاك و شوێنی لەدایكبوون بەشێكى نەبڕاوەیە لە ناخى مرۆڤ، ئیسلامیش رەچاوى ئەو بارەى كردووەو نەك بەری پێ نەگرتووە بەڵكو رێی پێداوەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە پێش هەموانەوە ئاماژەی پێداوە، وەك چۆن لەكاتى كۆچكردنى بۆ مەدینە تاسەی خۆی بۆ مەككە نیشاندا و رووى كردە مەككە و فەرمووى (علمت أنك خير أرض الله، وأحب الأرض إلى الله عز وجل، ولولا أن أهلك أخرجوني منك ما خرجت[7] (دەزانم چاكترین زەوى خوایت و لاى خوا خۆشەویستترین زەویت، وە ئەگەر خەڵكەكەت منیان لەناو تۆدا دەرنەكردایە دەرنەدەچووم)، كاتێكیش چوونە مەككە بە نەخۆشكەوتنى ئیمامى ئەبووبەكر ئاماژەی بەوەدا تاو گەرمی لەشی لەبەر دووریەتى لە مەككە، هەروەها لێرەشدا دەبینین هەر بە بینینی هاتنى كەسێك لە مەككەوە خێرا هەواڵی مەككە دەپرسێت و كاتێكیش هەواڵى مەككە دەبیستێت خێرا پێی دڵتەنگ دەبێت و بیری دەكات، هاوكات ئەمە ئاماژەیەكى گەورەیە بەو راستیەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە دەفەرموێت (لو سلك الناس واديا وسلكت الأنصار واديا - أو شعبا - لسلكت وادي الأنصار،- أو شعب الأنصار[8] (ئەگەر خەڵكى دۆڵێ یان شیوێ بگرنەبەر و پشتیوانانیش دۆڵێ یان شیوێ بگرنەبەر بەدڵنیاییەوە من دۆڵ یان شیوی پشتیوانان دەگرمەبەر)، چونكە بەم هەموو خۆشەویستیەى بۆ مەككە و بیركردنى، كەچی كاتێ فەتحى مەككە كرا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ پشتیوانان گەڕایەوە بۆ مەدینەو لەوێ نیشتەجێ بوو تا هەر لەوێ كۆچی دوایی كرد.



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص92.

[2]  أسدالغابة، ج1، ص155-156.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص92.

[4] - أخبار مكة للأزرقي، دار الأندلس، بيروت 1996، ج2، ص155.

[5] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج 1، ص137.

[6] - أسد الغابة، ج7، ص137.

[7] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18339، سنن النسائي، الرقم 4125، مسند أبويعلى الموصلي، الرقم 5817، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3926.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 6837، صحيح مسلم، الرقم 1822،  السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12101،  مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12701 و 13310، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6508.

 2243
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.